هەواڵ

هەدەپە سکاڵا لەسەر گومانلێکراوەکانی ناو دۆسیەی رەزا زەراب تۆمار دەکات

پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، لە ئۆفیسی داواکاری گشتی ئەنقەرە، سکاڵای یاساییان لەسەر ئەو کاربەدەستانەی پارتی داد و گەشەپێدان(ئاکەپە) تۆمار کرد کە لە دۆسیەکەی رەزا زەرابدا ناویان هاتووە.

ئەحمەت یڵدرم و فلیز کەرەستەجیئۆغلو کە هەردووکیان سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپەن لە پەڕلەمانی تورکیا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەوەیان ڕاگەیاند، کە سکاڵای یاساییان لەسەر کاربەدەستانی ئاکەپە تۆمارکردووە، کە لە دۆسیەی رەزا زەرابەوە تێوەگلاون.

زەراب لە ماوەی ڕابردودا لەبەردەم دادگای نیویۆرکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا دانی بە تاوانەکانیدا نا و، ناوی چەند بەرپرسێکی ئاکەپەشی ئاشکرا کرد کە بەرتیلی پێداون.

پەڕلەمانتارەکانی هەدەپە دوای ئەوەی سکاڵای یاساییان تۆمار کرد، لەبەردەم ئۆفیسی داواکاری گشتی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدا.

کەرەستەجیئۆغلو لەبەردەم ڕۆژنامەنوساندا وتی” ئێستا ئێمە بە ساڵیادی ١٧ و ٢٥ ی کانونی یەکەمی ٢٠١٣ تێدەپەڕین کە هیچ خێرێکی پێوە نەبوو، ئەو بەڵگانەی لە ئەمەریکا پشاندراوە، پێویستە لێرەش لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت. لە پەڕلەمانی تورکیا باسی بودجە دەکرێت و، هەموو پەڕلەمانتارەکان وەک ئەوەی هاوڵاتیانی ئەم وڵاتە لە یابان و کەنەدا بژین، باسی خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان دەکەن، بەڵام ئەو بەرپرسانەی لە ئەمەریکا ناوەکانیان ئاشکرا بووە، وەک ئەوەی بابەتێکی نەتەوەیی بێت نادرێن بە دادگا. بابەتی نەتەوەیی ئەو پارانەیە کە لە گیرفانی هاوڵاتیان دزراوە. هەربۆیە پێویست بە دادگایەکی کارا و دادپەروەرانەیە. دەبێت لێرەش لێکۆڵینەوەیەک ئەنجام بدرێت، هەرکەسێک لە بەرپرسە باڵا و بیرۆکراتەکان لەم بابەتەوە تێوەگلاون، دەبێت ئاشکرا بکرێن. هەروەها بۆ بەڕیوەچوونی ئەم پڕۆسەیە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە تر، پێویستە بەوە دەکات لە پەڕلەمانیش لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە دروست بکرێت، پێشتر ئاکەپە دروستکردنی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی رەت کردەوە. بەڵام ئێستا کاتی بەسەردا ڕۆشتوە و وەزیرەکانی دەوڵەت لە ژێر تۆمەتدان. بەڕێوەبەری بانکەکان لە ژێر تۆمەتدان. زەراب یەکەم جار گومانلیکراو بوو، دواتر دانی بە تاوانەکانیدا ناو بوو بە شایەت لەسەر دۆسیەکەی خۆی، دەبێت لەبەر خاتری داهاتووی خەڵکی ئەم وڵاتە لێکۆڵینەوە ئەنجام بدریت”.

سەرچاوە: ماڵپەڕی TR724

 

Show More
Back to top button