وتار

هاوڕێکانی لە زیندان: مامۆستا گۆکهان لە ئەنجامی ئەشکەنجەدان گیانی لەدەستدا

ئێجە سێڤیم سەرنوسەری دەزگای میدیای جاغداش ڕایگەیاند، هاوڕێکانی گۆکهان ئاچککۆڵ وتیان کە لە ئەنجامی ئەشکەنجەدان لەکاتی دەستبەسەرکردندا گیانی لەدەستداوە.

ئێجە سێڤیم سەرنوسەری دەزگای میدیای جاغداش نوسینێکی بۆ مامۆستا گۆکهان بڵاوکردەوە کە دوای کودەتاکەی 15 ی تەمووز دەستبەسەرکرا و لە ئەنجامی ئەشکەنجەدانێکی زۆر گیانی لەدەستدا، پاش تێپەڕبوونی ساڵ و نیوێک بەسەر ڕووداوەکە، بەڵگەی بێتاوانی دەرچوو پاشان گەڕێندرایەوە سەر کارەکەی.

ئۆزتەرک چاوپێکەوتنی لەگەڵ هاوڕێکانی ئاچککۆڵ لە زیندان کردووە و ئاماژەیان بەوە داوە کە لە ئەنجامی ئەشکەنجەدان گیانی لەدەستداوە.

شایەنی باسە نوسینەکەی لە سەردانەکەی وەلی ساچڵک ئیلهامەکەی بۆ هاتووە و هەروەها بە ئاماژە بۆ پارێزەرە هاوڕێکەی کەمال ئوچار بە ناونیشانی “بۆ ویژدانەکان” بڵاوکردەوە.

 

 نوسینەکە بەم شێوەیەیە:

وەک هەزاران مامۆستا کە لە کارەکەی دوردەخرایەوە و لە ڕۆژنامەکانەوە هەواڵەکەی دەبیست، ئەمیش لە 23 ی تەمووزی 2016 بە بڕیاری نایاسای 667 کە لە ڕۆژنامەکان بڵاکرایەوە، زانی کە لە کارەکەی دورخراوەتەوە.

هەمان ڕۆژ نزیکەی کاتژمێر 11ی شەو بەشی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر هەڵدەکوتنە سەر ماڵەکەی. لە پشتەوە دەستی ئاچککۆڵ بە کەلەپچە بەسترا و بەڕێوبەری بیناکەش لەگەڵ هاوسەرەکەی وەک گەواهیدەر بانگکران. لەکاتێکدا بەڕێوبەری بیناکە لەوێبوو وەک گەواهیدەر، ئاچککۆڵ لێدانێکی باشێ خوارد و بەبێ ئەوەی دەستی بکرێتەوە، دەرزی ئینسولینیان بۆ دابەزینی نەخۆشی شەکرەکەی لێدا.

 

 

دوای فشارێکی زۆر، مامۆستا گۆکهان دەستبەسەر دەکرێت و لەناو ئۆتۆمبێلی پۆلیسیشدا ئەشکەنجە دەدرێت. لەکاتی پشکنینی پزیشکیشدا، لێدان لە پشت و لاچاوی و سەرشانی بەردەوام دەبێت.

خێزانەکەی لە کۆنیا ڕۆژی 24 ی تەمووز بە تەلەفۆنێکی کارمەندێکی پۆلیس هەواڵی دەستبەسەرکردنی کوڕەکەیان دەزانن. دوای ئەمە مومینە ئاچککۆڵ سەردانی بنکەی پۆلیس دەکات و جلوبەرگ و دەرمانەکانی بۆ دەبات.

گۆکهان ئاچککۆڵ دوای 7 ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی، پارێزەری بۆ دابیندەکرێت. مومینە خانم لەسەر داوای پارێزەرەکەی چاویلکەیەکی بۆ دەبات.

مومینە خانم ڕایگەیاند کە هەستی کرد مامۆستا گۆکهان ئەشکەنجە دراوە، ویستویەتی داوای یاسای تۆمار بکات. بەڵام پارێزەرەکە دەڵیت لەو شوێنانەی کە دیارە نیشانی ئەشکەنجەی پێوە دیار نییە و ناتوانین داوای یاسای تۆمار بکەین.

مامۆستا گۆکهان 13 ڕۆژ لە زیندان دەستبەسەرکرا و لەو ماوەیەدا 3 جار جەڵدە لێیداوە. مامۆستاکە بە کەلەپچەی پێچەوانەوە بەنێو خەڵکیدا دەبرێت و بەسوکایەتییەوە دەڵین کە ‘ئەم پیاوە کودەتاچییە، ئەم پیاوە تیرۆرستە، خائینی وڵاتە’.

مامۆستا گۆکهان لەکاتی هەموو پشکنینێکی پزیشکیدا، باسی ئەشکەنجەدانەکەی دەکات و بێدەنگ نابیت. لە ڕاپۆرتە پزیشکییەکاندا بە ئاشکرا ئاماژە بە ئەشکەنجەکانی دراوە. مۆربونەوە و سوربونەوە و خوێن بەربوون بەردەوام بوو. لە چوارەم ڕۆژی دەستبەرکردنەکەیدا، لەکاتی کۆنترۆڵی پزیشکیدا، باسی هەموو ئەو ئەشکەنجانە دەکات کە ڕوبەڕوی بۆتەوە و سەری بە دیوارەکەدا کێشراوە. لەکاتی پشکنینەکەدا لە چاوی ڕاستیدا نیشانەی لێدان، برینداری لە نێوچاوانیدا، پشتی سەریشی ئاوساوی و لە ژێر چاوی ڕاستیشی برین دەستنیشان کراوە.

 

 

دوای ئەوە لە ڕۆژی پێنجەمی دەستبەسەرکردنیدا ڕەوانەی کۆما دەکرێت، بەڵام سەرەڕای نەخۆشی شەکرە و پانیک دوبارە ڕەوانەی زیندان دەکرێتەوە.

مامۆستا گۆکهان دوای 13 ڕۆژ لە مانوەی لە ژووری ژمارە 3 لە بنکەی پۆلیسی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، لە 5ی ئابی 2016 گیان لەدەستدەدات. دوای ئەوەی دڵی وەستا، بۆ ماوەی 40 خولەک دڵیان بۆ شێلا، بەڵام نەتوانرا ڕزگار بکرێت.

 

 

مومینە خانم دەڵێت، لەکاتی وەرگرتنەوەی کەلوپەلەکانی، دەرکەوت کە هیچ لە دەرمانەکانی پێنەدراوە. دوای هەموو نانخواردنێک، دەبوایە دوو ئینسولین بەکار بهێنێت، بەڵام لە 100 دەرزی هەست دەکات کە تەنها 4 دانە کەمی کردووە. تەنها دەرمانەکانی بردەوە لەگەڵ چاویلکە شکاوەکەی.

لەکاتێکدا مامۆستا گۆکهان دەستبەسەر کرابوو، لەگەڵ ئەویشدا پارێزەر ئێمرا بیچیریش لەسەر دۆسیەیەکی جیاواز دەستبەسەر دەکرێت، و لە 20 ی ئەیلولی 2016 دا داوایەک بە دەستنوسی خۆی پێشکەش دەکات و گەواهی دەدات لەسەر ئەوەی کە مامۆستا گۆکهان بە ئەشکەنجە کوژراوە.

لە نامەکەی پاڕێزەر بیچێر هاتووە “لەکاتی دەستبەسەرکردنمدا نزیکەی بۆ ماوەی 13 ڕۆژ لەگەڵ مامۆستا گۆکهان ئاچککۆڵ مامەوە کە لەسەر دۆسیەیەکی دیکە زیندانی کرابوو. مامۆستا لە ئەنجامی لێداندا مردووە. نزیکەی 15 کەس گەواهی ئەمە دەدەن. بەڵگەکان جێگیرن. ئەگەر دۆسیەیەک بۆ ئەم کەسە کراوەتەوە، داوا دەکەم ژمارەی دۆسیەکەم پێڕابگەیەنرێت. لەگەڵ ڕێزمدا”.

 

 

پرۆفیسۆر د. شێبنێم  کۆرور فنجانی سەرۆکی وەقفی مرۆیی تورکی و ئەندامی سەندیکای پزیشکان لە ڕوونکردنەوەیەکی 14 لاپەڕەیدا کە لە 8ی تشرینی یەکەمی 2017 بڵاوی کردۆتەوە، هاتووە کە دەبێت هۆکاری مردنەکەی بە ئەشکەنجەدان بنوسرێت.

بەڕێوبەرایەتی پزیشکی دادوەری لە ڕاگەیەنراوێکدا کە 29ی ئابدا بڵاویکردۆتەوە، هاتووە ‘دەرکەوتووە کە لە ملی و پشتیدا خوێن بەربوون ڕویداوە، کە ئەمەش پشتراستی ئەشکەنجەدانی ئاچککۆڵ دەکاتەوە لەکاتی دەستبەسەرکردنیدا.

داواکاری گشتی بەبێ ئەوەی ئیفادەی پارێزەرەکە وەربگرێت، دۆسیەکەی داخست.

دوای بڵاوبونەوەی بەڵگەیەک کە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە بڵاوکراوەتەوە تێیدا گۆکهان ئاچککۆڵ بەهۆی بێتاوانییەوە دەگەڕێنرێتەوە سەر کارەکەی و ئەمەش داخستنی دۆسیەکەی لەلایەن داواکاری گشتییەوە دووبارە سەرهەڵدەداتەوە، منیش قسەم لەگەڵ گوڕاڵ بەربەر شارەزا لە دادوری پزیشکی کرد کە لەگەڵ مامۆستا گۆکهان لەیەک ژوری زینداندا ماوەتەوە.

 

ترسناکی ئەو ڕۆژانە بە قسەکانی دکتۆرەکەوە دیاربوو

بەبێ ئەوەی دادگایی بکرێت و ئیفادەی لێوەربگیرێت، بەبێ ئەوە بزانرێت کە تاوانی ئەنجام داوە یاخود نا، مامۆستا گۆکهانی 42 ساڵ لە ئەنجامی ئەشکەنجە گیان لەدەست دەدات، بە ڕەحمەتەوە یادی دەکەینەوە، بڕیارەکە بۆ ویژدانەکانتان بەجێدەهێڵم، لەکاتێکدا بێجگە لە ویژدانەکانتان باوەر بە هیچ دادپەروەریەک ناکەم.

وتەکان بۆ ئەو کەسە بەجێدەهێڵم کە لەگەڵ مامۆستا گۆکهان لە یەک ژوری زینداندا ماوەتەوە:

“بارودۆخێکی سەخت بوو بۆ هەموومان. منیش دەستگیر کرام و نێردرام بۆ زیندانی سیلیڤری، گەر ئەوێ ببینن دەڵین بووە بە ئەکادێمی، هەر ئەکادیمییەک کارەکەی جوان کردووە، کۆکراوەتەوە و براوە بۆ ئەوێ. سەربازەکان نازانم بەڵام ئەوێش بەهەمان شێوە بوو. بەدڵنیاییەوە ڕۆژانی دەستبەسەرکردنم، ڕۆژانێکن کە لەبیر ناکرێن.

کاتێک گۆکهان دەستگیرکرا و هات بۆلامان، ئەو ئەشکەنجانەی گێڕایەوە کە لە ماڵەکەیدا و لە بنکەی پۆلیس بەرامبەری کراوە. زۆر دەترسا و دوودڵبوو. دەترسا کە دووبارە بیبەن و ئەشکەنجە بدرێت. ئێمەش دڵنەوایمان دەدایەوە و دەمانوت خەفەت مەخۆ، ئەوەی بووە تازە ڕۆشت، ئیتر کەس هیچت لێناکات. بەڵام نەیدەتوانی بخەوێت، زۆربەی کاتەکانی لە جێگەدا دەجوڵایەوە. ئێمە چاکماندەکردەوە لە جێگەکەیدا بەڵام دووبارە وەک خۆی لێدەهاتەوە.

هاتن گۆکهانیان بردوو ئەشکەنجەیاندا و دووبارە هێنایانەوە. ئێمەش نەماندەتوانی دووبارە پێی بڵێنەوە مەترسە ناتبەنەوە. ئەویش دەیوت بە من دەڵین خائین، من براکەم پۆلیسە، تەحەمولی ئەم قسانە ناکەم، زۆر ئازار دەدرا.

نەماندەویست بچین بۆ نەخۆشخانە، چونکە گاڵتەیان پێدەکردین و دەیانوت بۆ ڕۆیشتن لێرە بەدوای بیانوەوەن و بە کەلەپچەوە دەیانبردین و لەڕێگە قسەی ناخۆشیان پێدەوتین.

کاتێک گۆکهانیان هێنا، پارێزەر ئێمرا لەوێبوو، باوەشی پیاکرد و بوو بە قەڵغانێک بۆ مامۆستا. گۆکهان 15 خولەک گریا، پاشان دەستی کرد بە گێڕانەوە، باسی ئەشکەنجەکانی دەکرد. بەقاچ بە پشتیان کێشاوە، تا ئەو شەوەی کە مرد، دەستی بە سنگیەوە گرتبوو، ئازارێکی زۆری هەبوو.

پێیان وتبوو ناومان پێ بڵێ و با ئازادت بکەین. باسی ناوێکیان دەکرد بەناوی حەبیبی دەرمانخانە، کە ناوی ئەمی دابوو ئازادکرابوو.

پێشتر دووجار جەڵدەی لێدابوو کە لە ژووری زینداندا بوو. کێشەی شەکرەی هەبوو، شەکرمان دەداپێی. پاشان توشی توڕەی بوو، تۆزێک پیاسەمان پێکرد و باش بوو. ئەگەر کارمەندەکە لەوێبوایە دەیتوانی دەرمانەکان بەکار بهێنرێت، باری دەرونی ئێمەش تێکچووبو، باوەڕ بکەن ئەم ڕوداوانە زۆر سەخت بوو.

ئەو شەوەی گۆکهان وەفاتی کرد، منیش خەوم نەدەهات، درەنگ خەوتم. گۆکهانیش ئەو شەوە بە دەستی سنگی دەگوشی  و دەجوڵایەوە. من هەستم کرد بەم هۆیە گیانی لەدەستدا، وتیان جەڵدەی دڵ بووە.

هەندێک دەیانوت ئەشکەنجە نییە بەڵکو جەڵدەی دڵە، قسەیەکی پڕوپوچ بوو. ئایا کەسێک کە ئەشکەنجە دەکرێت و بە جەڵدەی دڵ گیان لەدەست دەدات، کاریگەری ئەشکەنجەکە نەبووە لەسەری؟ بۆ نمونە ئەگەر لەقە لە ئافرەتێکی دووگیان بدرێت و منداڵەکەی لەبار بچێت، دەتوانین بڵێین کە ئەم ئافرەتە منداڵەکەی هەر لەبار دەچوو؟ ئایا کە لەژێر ئەشکەنجە و ئازاردبوو، گرنگە بۆ ئەوەی بزانرێت چۆن مردووە؟

ئەگەر 10 ڕۆژ یاخود 20 ڕۆژیش دوای ئەو ڕۆژە بمردایە، کاریگەری ئەو ئەشکەنجەیەی لەسەر دەبوو، چونکە بابەتی لێکچوو وەک ئەمە زۆر هەیە.”

 

سەرچاوە: Haberdar

Show More
Back to top button