هەواڵ

هاوسەری مامۆستا گۆکهان باسی ڕۆژە پڕ ئازارەکانی دەکات

گۆکهان ئاچککۆلو یەکێک لەو مامۆستایانەی لە دوای کودەتا دەستکردەکەی ١٥ ی تەموز دەستگیر کرا و  لە ژێر ئەشکەنجەداندا گیانی لە دەستدا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بێ تاوانی ئاشکرا بوو.

وەزارەتی پەروەردەی تورکیا دوای ئەوەی بێ تاوانی ناوبراو لەلایەن دادگاوە ئاشکرا دەکرێت، بە فەرمانێکی نوسراو دەیگەڕێنێتەوە سەر کارەکەی!

موئمینە ئاچککۆلو هاوسەری مامۆستا گۆکهان لە میانەی لێدوانێکیدا بۆ ڕادیۆیەکی تورکیا وتی” ئەوان گۆکهانیان گەڕاندەوە بۆ سەر کارەکەی، بەڵام ناتوانن خۆیم بۆ بگێڕنەوە”.

خانمە جەرگ سوتاوەکە لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت” ئەم بڕیارە بە نیسبەت مێردەکەی منەوە زۆر درەنگە. بەڵام با ببێتە نمونەیەک بۆ ئەو کەسە بێ گوناحانەی ئێستا لە زیندانەکانن. هیوادارم ببێتە پەندێک بۆ ئەو کەسانەی بە چاوی گومانەوە تەماشای مرۆڤە بێ گوناحەکانی ناو زیندانەکان دەکەن”.

هاوسەری مامۆستاکە ئاماژە بەوە دەکات کە کاربەدەستانی گرتوخانەکە لەبەر ئەوەی هیچ بەڵگەیەکی بەرجەستەیان لەبەردەستدا نەبووە بۆ تاوانبارکردنی ئاچککۆلو، ویستویانە لە ڕێگەی ئەشکەنجەدانەوە قسەی پێ بکەن و پاشان دەڵێت” خۆ گەر لە دەستیاندا بەڵگەیەکی بەرجەستە هەبووایە، بە پشت بەستن بەو بەڵگانە دەستبەسەریان دەکرد. منیش ئێستا وەک ژنەکانی تر سەردانی مێردەکەمم دەکرد لە زیندانی سلیڤری. بەڵام شتێکی وەها نیە و دۆسیەکەی بۆش بۆشە”.

هاوسەری ئاچککۆلو لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کەناڵی ڕادیۆیی RS FM وەڵامی پرسیارەکانی یاوز ئۆگهانی پێشکەشکاری دایەوە.

موئمینە ئاچککۆلو لە میانەی بەشداری لە بەرنامەکەدا، باسی ڕۆژانی دەستگیر کردنی مێردەکەیی و مردنی لە ژێر ئەشکەنجە و پاشان چۆنیەتی ناشتنی گێرایەوە.

 

“وەزارەتی پەروەردە مامۆستاکە دەگەڕێنێتەوە سەر کارەکەی”

یوسف تەکین ڕاوێژکاری وەزیری پەروەردە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە تویتێک گەڕانەوەی مامۆستا گۆکهانی بۆ کارەکەی ڕاگەیاند.

تەکین لە تویتەکەدا دەڵێت” بڕیاری ئەوەمان دەرکردووە کە بڕیاری لە کار دوورخستنەوەی گۆکهان ئاچک کۆلو هەڵبوەشێنرێتەوە”.  فەرمانەکەش لە ژێر ناوی “گەڕانەوە بۆ ئەرکی خۆی” دەرکراوە.

موئمینە سەبارەت بەم بڕیارە دەڵێت” لە بەشی سەرەوەی فەرمانەکە نوسراوە گەڕاندنەوە بۆ ئەرکی خۆی، دواتر دەڵێت بڕیاری لە کار دوورخستنەوەی گۆکهان ئاچککۆلو هەڵوەشێندراوەتەوە بە هۆی ئەوەی وەفاتی کردووە نەک بە هۆی ئەوەی بێ تاوانە. بەڵام گەر کەسێکت گێڕایەوە بۆ کارەکەی کەواتە ئەو کەسە تاوانی نیە”.

یاوز ئۆهانیش دەپرسێت” بەڵام کەسێکی مردوو چۆنی دەگەڕێتەوە بۆ سەر کارەکەی؟”

خانمەکە لە وەڵامدا دەڵێت” من چیدی لە تورکیای ئەمڕۆدا سەرم بەم شتانە سوڕ نامێنێت کە ڕوو دەدەن. ئێمە تووشی ئازارێکی زۆر سەخت بووین، من، منداڵەکانم، کەسوکاری مێردەکەم… بەڕاستی زۆر کاری لێمان کرد. ئێ من هەر ئەمەم دەزانی، دڵنیا بووم لەوەی مێردەکەم بێ تاوانە. ئەم نوسراوەش ئەوەی سەلماند کە مێردەکەم تاوانێکی نەبووە. واتە دەوڵەت قبوڵی کرد”.

 

“ئەو لێکۆڵینەوەیەی هەرگیز ناگات بە ئەنجام”

موئمینە ئاچککۆلو  باسی لەوە کرد کە دوای وەفاتی مێردەکەی سکاڵای یاساییان لەسەر بکوژەکان تۆمار کردووە و پاشان وتی” داواکاری گشتی دۆسیەی لێکۆڵینەوەی کردەوە. خۆمان لە نزیکەوە چاودێری چۆنیەتی بەڕێوەچوونی دۆسیەکەمان دەکرد. سەرەڕای ئەوەی کە بەڵگەی زۆر بەهێزمان پشانی داواکاری گشتی دا، کەوا گۆکهان لە ژێر ئەشكەنجەدا گیانی لە دەستداوە، بەڵام داواکاری گشتی لە کۆتاییدا بڕیاری لەسەر ئەوە دا کە کاربەدەستانی گرتوخانەکە کەموکوڕیان لە ئەنجامدانی کاری خۆیاندا نەکردووە. ئێمە دووبارە تانەمان لە بڕیاری داواکاری گشتی دا، دادگای پێکهاتن و سزاکانیش داواکەی قبوڵ کردین.  لێکۆڵینەوەی ئەوانیش لە مانگی تەموزی ٢٠١٧ بەردەوامە. ئیدی نازانم لێکۆڵینەوە لە چی دەکەن؟”

ئەمینە دەڵێت چەندین شایەتحاڵ و بەڵگەی لەسەر ئەشکەنجەدانی مێردەکەی هەیە و پاشان دەڵێت:

” بێگومان شایەتحاڵمان هەیە لەسەر ئەوەی ئەشکەنجەی گۆکهانیان داوە. هەروەها ڕاپۆرتی پزیشکی دادوەریمان هەیە. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە خوێنبەر بوون، مۆر هەڵگەڕانی لاشەی، شکانی پەراسوەکانی کراوە.  هەروەها ڕاپۆرتێکی تری پزیشکیمان لە بەردەستدایە کە لەلایەن شەبنەم فینانجی سەرۆکی وەقفی مافەکانی مرۆڤ پێمان دراوە. هەرچەندە مێردەکەم بە هۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لە دەستداوە، بەڵام لە ڕاپۆرتی وەقفی مافەکانی مرۆڤدا ئاماژە بەوە کراوە کە بە هۆی ئەشکەنجەوە جەڵتەی دڵ لێیداوە”.

 

“گەر بەڵگە هەبووایە مێردەکەم ئێستا لە زیندانی سلیڤری دەبوو”

موئمینە ئاماژە بەوە دەکات مێردەکەی لە دوای ١٤ ڕۆژ لە دەستگیرکردنی لە بەرواری ٢٣ ی تەموز وەفاتی کردووە و پاشان دەڵێت” مێردەکەم بە هۆی هەواڵدانی کەسێکەوە دەستگیر کرا. کەسێک ناوی مێردەکەمی بە هێزەکانی پۆلیس دابوو. بێجگە لەمە هیچ بەڵگەیەکیان لەبەردەستدا نەبوو. خۆ گەر بەڵگەیەکیان لەبەردەستدا بووایە، پێویست بەوە نەدەبوو بە زۆر قسەی پێ بکەن، بە زۆر دەیانویست لە دەمی مێردەکەم شتێک دەربهێنن. بێگومان گەر کەسێک ئاگای لە هیچ نەبێت، ناتوانێت باسی هیچیان بۆ بکات. ئەویش چونکە هیچی نەدەزانی قسەی نەدەکرد، ئەوانیش زیاتر سوور دەبوون لەسەر ئەوەی ئەشکەنجەی بدەن.  لە کۆتایدا دەستیان لێهەڵنەگرت هەتا مێردەکەم گیانی لە دەستدا”.

موئمینە لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت” خۆ گەر لە دەستیاندا بەڵگەیەک هەبووایە، ئەوا بە پشتبەستن بەو بەڵگانە دەستبەسەریان دەکرد. منیش ئێستا سەردانی زیندانی سلیڤریم دەکرد و وەکو خانمەکانی تر چاوم بە مێردەکەم دەکەوت. بەڵام شتێکی لەو شێوەیە نەبوو. دۆسیەکەی بۆشە و هیچی تێدا نیە. هیچ بەڵگە و زانیاریەکی تێدا نیە کەوا بیسەلمێنێت تاوانبارە یاخود گومانێکی لەسەرە. تەنیا بە هۆی هەواڵدانی کەسێکەوە دەستگیر دەکرێت و دواتر گیان لە دەست دەدات”.

“هاوسەرەکەم ئەندامی سەندیکای مامۆستایانی سەر بە دەوڵەتە”

موئمینە سەبارەت بە وەڵامی پرسیارێکی پێشکەشکاری بەرنامەکە وتی” مێردەکەم ئەندامی سەندیکای ئاکتیڤ سەنی سەر بە بزاڤی خزمەت نەبوو، ئەندامی سەندیکای ئەگیتیم سەنی سەر بە دەوڵەت بوو. هەروەها کارتێکی بانکی ئاسیای هەبوو، کە پێش ٥ ساڵ دەریهێنابوو. ٥ ساڵە بە هیچ شێوەیەک بەکاری نەهێناوە. کارتەکەی پووچەڵ کردبوویەوە. ئیدی نازانم کێ شکاتی لێکرد و لەسەر چ بنەمایەک تاوانباریان کرد. هەردەڵێن ئەندامی سەندیکای ئاکتیڤ بووە، بەڵام شتی وەها دوورە لە ڕاستیەوە”.

یاوز ئۆهان ” ئایا هیچ داوایەکتان بەرز کردۆتەوە کەوا مێردەکەت بێ تاوانە؟”، موئمینە لە وەڵامدا دەڵێت” خۆ مێردەکەم هەر تاوانبار نەکراوە هەتا من بڵێم بێ تاوانە، پێش ئەوەی لە بنکەی پۆلیس دانپێدانانی لێ وەربگرن گیانی لە دەستداوە. هیچ دۆسیەیەکی تاوانی لەسەر نیە. لە دۆسیەکەیدا نوسراوە : بە هۆی ئەوەی وەفاتی کردووە دۆسیەی لێکۆڵینەوەی لەسەر نەکراوەتەوە.  دوای ئەوە دۆسیەکەیان داخستوە”.

 

“هەردووکمان لە ماوەی یەک کاتژمێردا لە کارەکەمان دوورخراینەوە”

موئمینە باسی ئەو ڕۆژە دەکات کە خۆیی و مێردەکەی بە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران لە کارەکەیان دووردەخرێنەوە و دەڵێت” ڕۆژێکی هەینی بوو، زۆر باش بیرمە کە گۆکهانیان لە کارەکەی دوورخستەوە. دوای یەک کاتژمێر هەمان بڕیاریان سەبارەت بە منیش دەرکرد”.  

موئمینە لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت” مێردەکەم سەرەتا لە کارەکەی دوور خرایەوە، بەڵام پێش ئەوەی لە کارەکەی دەربکرێت وەفاتی کرد. من لە بەرواری ٢٩ ی مانگی ١٠ ی ٢٠١٦ بریاری دەرکردنم بۆ دەرچوو. سکاڵامان لەلای کۆمیسیۆنی بە دواداچوونی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران بەرز کردۆتەوە. پێش ئەوەش لە دادگای ئیداری، دادگای دەستوری، دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا سکاڵامان بەرز کردۆتەوە. بەڵام هەتا ئێستا کۆمیسیۆن بەسەر دۆسیەکەی ئێمەدا نەڕۆشتووە، وەک دەزانن هەتا ئێستا لەسەر دۆسیەی هەزار هاوڵاتی دەرکراو،  بڕیاری کۆتاییان دەرکردووە.  خۆشتان دەزانن ١٥٠ هەزار مامۆستا لە کارەکانیان دەرکراون، ئیدی نازانم کەی سەرەی دۆسیەکەی من دێت”.

” پزیشکی دادوەری پێی وتین دەبێت لە گۆڕستانی خائینانی نیشتیمان دەینێژن”

موئمینە لە میانەی قسەکانیدا ئەوەی دووپات کردەوە کە پێیان وتووە دەبێت مێردەکەی لە گۆڕستانی خائینانی نیشتیمان بنێژێت و سەبارەت بەو ڕووداوە تراژیدیە وتی” بۆ ئەوەی لاشەی مێردەکەم وەربگرینەوە سەردانی پزیشکی دادوەریمان کرد. ئێمە چەندە هاوارمان کرد و قیژاندمان کەوا مێردەکەم تاوانبار نیە و دانپێدانانیشی لێوەرنەگیراوە، تەنیا بە هۆی گومانەوە دەستگیر کراوە، بەڵام پزیشکەکان پێیان وتین گەر لە ناوخۆی ئیستەنبوڵدا بینێژین، لاشەکەیمان پێنادەنەوە، چونکە لەسەروی خۆیانەوە فەرمانێکی لەو شێوەیە هاتووە. پێیان وتین گەر لە ئیستەنبوڵدا بینێژن، دەبێت لە گۆڕستانی خائینانی نیشتیمان لە ناوچەی پەندیک بینێژن. وتیان نابێت نوێژی مردووشی لەسەر بکرێت لە کاتی ناشتنیدا. وتیان خۆیان دەیبەن و دەینێژن، ئێمەش سوور بووین لەسەر ئەوەی کە خۆمان لاشەکەی وەبگرینەوە و نەیدەین بەوان بینێژن، ئەوانیش لە وەڵامدا وتیان دەبێت لەلایەن داواکاری گشتیەوە نوسراوێک بهێنن کەوا پشانی بدات ناوبراو تاوانبار نیە و دانپێدانانی لێ وەرنەگیراوە”.

خانمەکە لە درێژەی قسەکانیدا وتی” کاتێک چووین بۆ لای داواکاری گشتی و باسی وەرگرتنەوەی تەرمی مێردەکەمم کرد، داواکاری گشتی وتی شتی وەها بێ واتا نیە، خۆ ئێمە دانپێدانانمان لێوەرنەگرتووە، دەبێت تەرمەکەیتان بدەنەوە، ئێمەش چووین و قسەی داواکاری گشتیمان پێ ڕاگەیاندن، ئەمجارەیان وتیان دەبێت لەلایەن هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریشەوە نوسراو بهێنن، ئینجا نوسراو دەکەین بۆ بەڕێوەبەرایەتی گۆڕستانەکان هەتا مۆڵەتی ناشتنی بدەن”.

“پاشان چووینە لای هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ئەوانیش پێیان وتین پێویستە بەڕێوەبەرایەتی گۆڕستانەکان بە فەرمی داوای نوسراومان لێ بکەن، ئینجا نوسراوتان پێ دەدەین. ئیدی مەسەلەکە درێژ بوویەوە و تەرمەکەیان پێ نەداینەوە. پاشان پشووی هەفتەی بەسەردا هات، ئێمە لەو نێوەندەدا بە ئازاری مردنی گۆکهانەوە دەتلاینەوە و ئەوانیش تەرمەکەیان پێنەدەداینەوە. دواجار بڕیارماندا بیبینەوە بۆ شوێنی لە دایک بوونی و لە دەرەوەی ئیستەنبول بینێژین”.

 

“لە گوندەکەی خۆشیان مۆڵەتیان نەدەدا بینێژن!”

موئمینە بەم شێوەیە باسی ناشتنی مامۆستا گۆکهان دەکات لە گوندەکەی خۆیان” گوندەکەی ئێمە شوێنێکی بچوکە، بە ئاسانی دەتوانیت مردوو بنێژیت. بۆ هەڵکەندنی هەر گۆڕێک، شارەوانی خۆی ئۆتۆمبیلێکی تایبەت بە زەوی هەڵکەندنت پێ دەدات، بەڵام خزمەکانی خۆمان سەرەڕای ئەوەی دەچنە لای دوو سەرۆک شارەوانی ئەو ناوچەیە،  بە پاساوی ئەوەی ئۆتۆمبیلەکانیان شکاوە، هیچیان پێنەداین. دواتر ناسیاوێکی خۆمان ئۆتۆمبیلێکی زەوی هەڵکەندنی هێنا بۆمان. دواتر بیستمانەوە کەوا قائیمقامی ناوچەکە موختاری گوندەکەی بانگ کردووە و لێی پرسیوە کەوا بۆ مۆڵەتی بە ئێمە داوە تەرمەکەی لەو گوندە بینێژین. موختاریش لە وەڵامدا پێی وتووە” هەموو کاتێک لە دەرەوەی گوندەکەمان مردوو دەهێنن، هەتا ئێستا مۆڵەتمان بۆ ناشتنی کەس وەرنەگرتووە”. ئەوانیش لە وەڵامدا پێیان وتووە : ئەمەیان جیاوازە، دەبوو مۆڵەتتان وەربگرتایە. خۆ گەر پێش ناشتنی هەواڵیان پێبگەشتایە، دڵنیام لەوەی لەوێش ڕێگەیان نەدەدا بینێژین”.

خانمەکە لە کۆتایدا سەبارەت بە بڕیاری گەڕاندنەوەی مێردەکەی بۆ سەر کارەکەی لە دوای ساڵ و نیوێک لە وەفات کردنی دەڵێت” خۆ ئێمە هەر خۆمان دەمانزانی گۆکهان بێ تاوانە. ئەم نوسراوە فەرمیەش بەڵگەیەکی ترە لەسەر بێ تاوانی مێردەکەم. ئەمە ببێتە پەندێک بۆ ئەو کەسانەی کە سەبارەت بە مرۆڤە بێ تاوانەکانی ناو زیندانەکان دەڵێن ” گەر شتێکی نەکردبێت، لە خۆڕا کەس زیندانی ناکرێت”.

موئمینە لە کۆتایی قسەکانیدا دەڵێت” ئیدی زۆر درەنگە بۆ گەڕانەوەی مێردەکەم. ئەوان مێردەکەی منیان گەڕاندەوە بۆ سەر کارەکەی، بەڵام ناتوانن خۆیم بۆ بگەڕێننەوە. بەڵام هیوادارم ئەمە ببێتە نمونەیەک بۆ ئەو کەسە بێتاوانانەی لە زیندانەکاندا دەژین. ئەمە ببێتە پەندێک بۆ ئەو کەسانەی بە چاوی گومانەوە تەماشای کەسانی بێ گوناحی ناو زیندانەکان دەکەن”.

http://www.shaber3.com/gokhan-ogretmenin-acili-esi-o-gunleri-anlatti-haberi/1299974/

 

 

 

Show More
Back to top button