هەواڵ

هاواری پیاوێکی تەمەن ٧٠ ساڵ کە ٨٠٠ ڕۆژە لە زیندانە



ئەو فەرماندانەی لە کاتی کودەتا شومەکەی ١٥ ی تەموزدا دەستبەکاربوون هەتا ئێستا لە شوێنی خۆیان دەستبەکارن، بەڵام ژنان و منداڵان و پیرە پیاوان کە ئاگایان لە کودەتا نەبووە، لە زیندانەکان دانراون.

دەیان هەزار مرۆڤی بێ تاوان فڕێ درانە ناو تورەکەی کودەتاوە و کەس نیە گوێی لە دەنگیان بێت. ئەوانەشی لەسەر ئەو کورسیانە دانیشتوون کە چاوەڕێی بەخشینەوەی دادپەروەریان لێدەکرێت، ڕۆژانە بڕیارگەلێکی نایاسایی وا دەدەن کە خوێنی مرۆڤ دەمەیەنێت.

 

تەنیا یەک بەڵگەش نیە لەسەر ئەوەی بەشداری کودەتایان کردبێت.

دەیان هەزار مرۆڤ بێ ئەوەی تەنیا یەک بەڵگەشیان لەسەر بێت، کەوا بەشداری کودەتایان کردووە، لەودیو پەنجە ئاسنینەکانی زیندانەوە ژیان بەسەر دەبەن.

سەرەڕای ئەوانەی ناو زیندانەکان ماوەی ٢٦ تا ٢٧ مانگە بە بێ هۆ لە زیندان ژیان بەسەر دەبەن، کەسوکار و ئەندامانی خێزانەکانیشیان گیرۆدەی چەندین مامەڵەی نایاسایی و نا مرۆڤانە بوون.

کەسانێکی زۆر کە لە زیندانەکانن و بە چەشنی قەشە برۆنسۆن و دەنیز یوجەل، ئەڵمانیا و ئەمەریکایان لە پشت نیە، حەواڵەی دەستی ویژدانی ئاکەپە و لیژنەی بە دواداچوونی کودەتاکە کراون، کە بە مەبەستی کەنارخستنی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا پێکیان هێناوە.

ئەمڕۆ سەدان کەسی پێگەشتووی تورکیا لە ناو وڵاتی خۆیان و لەبەرچاوی هەموو دونیا، وەک ئاوارەیەک مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. دەست بەسەر سەروەت و سامانیاندا دەگیرێت و هەموو مرۆڤەکان سەیریان دەکەن.

 

“گەر سێزگین تانریکولو لەگەڵ عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغلو نەبووایە”

گەر سێزگی تانریکولو پەڕلەمانتاری جەهەپە و عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغلو کە لە دوای هەڵبژاردنەکانی ٢٤ ی حوزەیرانەوە بۆتە پەڕلەمانتاری هەدەپە نەبووایە، ئەوا یەک کەس نەدەبوو کە مامەڵەی نامرۆڤانەی کاربەدەستانی ناو زیندانەکان بە شێوەیەکی فەرمی تۆمار بکات.

دەبێت لێرەدا حەقی کەسێکی تریش نەخۆین ئەویش کازم گولەچیوزی سەرنوسەری ڕۆژنامەی یەنی ئاسیایە، کە ڕۆژنامەیەکی سەر بە جەماعەتی نوری تورکیایە.

ئەم ٣ کەسایەتیە بە هۆی ڕۆشتنیان بە دوای مافی هاوڵاتیانی بەش خوراوەوە، لەم سەردەمە تاریکەدا مێژوویەکیان بۆ خۆیان تۆمار کرد. تەنانەت وانەیەکی باشیان بە چالاکوانەکانی بواری مافی مرۆڤی ئەوروپا دا، کە لە کاتی قسەکردندا خۆڵەمێش بەسەر مقەڵیەوە ناهێڵنەوە.

 

ئەوان لە سەردەمی زوڵمدا بە هۆی ترسەوە یاخود حیرسی بەرژەوەندیە دونیایەکانەوە دەستیان نەکرد بە یاری سێ مەیمونەکە.

 

” ئەو نامەیەی لە زیندانی بالککەسیرەوە هاتووە”

یەکێک لەو هاوڵاتیانەی لە زیندانی کاپسوتی شاری بالککەسیرەوە نامەیەکی ئاڕاستەی ئەو ٣ کەسایەتیە کردووە، لە هەمان کاتدا ناوی منیش خستۆتە هەمان ئەو ئیمەیلەی بۆ ئەوانی ناردووە.

پیاوێکی تەمەن ٧٠ ساڵ کە ناوی عەلادین گۆکهانە و لە زیندانی کاپسوتی بالککەسیرە، هاوڕێکانی لە زاری خۆیەوە قسەکانیان نوسیوە و بە ئیمەیلێک بۆیان ناردووە.

کاتێک نامەکەم خوێندەوە چاوەکانم پڕبوون لە فرمێسک و دڵم کسپەی لێوە دەهات.

لەبەر ڕێزم بۆ تەمەنەکەی بە مام عەلادین ناوی دەبەم…

بە بۆنەی نامەکەی مام عەلادینەوە زیاتر بیرم لە حاڵی ئەو زیندانیانە کردەوە کە نەخۆشی و پیرێتی لە زیندان تەنگی پێهەڵچنیون و هەلومەرجی زیندانیش هێندەی تر پەرێشانی کردوون.

ئەم بارە هێندە سەختە، کە تەنیا لەسەر شانی ٣ کەسە ڕاستگۆکەی سەرەوە نیە و، بەڵکو لەسەر شانی هەموو مرۆڤێکە کەوا باوەڕی بە ویژدان و شەرەف و حەیسیەتی مرۆڤ بوون هەیە.

لە هەموو کەسێکش زیاتریش لەسەر شانی ئێمەیە کە هەڵگری هەمان پەیامی ئەو هاوڕێ مەزڵوم و ستەمدیدانەی ناو زیندانەکانین.

 

“٨٠٠ ڕۆژە زیندانیە”

مام عەلادین لە بەرامبەر ئەو زوڵمەی بەرامبەری ئەنجامدراوە هاواری لێهەستاوە. ٢٦ مانگ واتە نزیکەی ٨٠٠ ڕۆژە لە زیندانە. تەنیا تاوانی ئەوەیە پەیوەندی لەگەڵ بزاڤی خزمەتدا هەبووە.

بە درێژایی ژیانی لە تیرۆر و کاری توندوتیژی خۆی بەدوور گرتووە. بەمەبەستی ئەوەی گەنجەکانی وڵاتەکەشی بە هەمان شێوەی خۆی پەروەردە ببن، هەمیشە یارمەتی ماددی ڕێکخراوە خێرخوازیەکانی داوە.

لە وڵاتانی پێشکەوتووی دونیا، ڕێکخراوە مەدەنیەکان و کەسانی خۆبەخش هەمیشە بایەخێکی گەورەیان پێدەدرێت، بەڵام لە تورکیا ئەندامبوون لەو ڕێکخراوانەد،ا وەک بەهانەی تۆڵەسەندن و بەڵگەی تاوانبارکردن بەکاردەهێنرێت لە دژی چینێکی کۆمەڵگا.

 

دەرچووی بەشی ئەندازیاری زانکۆی تەکنیکی یڵدزە

مام عەلادین لە ساڵی ١٩٧٠ وەک تەکنیکزانێک لە هێڵی تەلەفۆنی تورک تەلەکۆم دەستبەکار بووە و ساڵی ٢٠١٣ خانەنشین بووە. واتە ٤١ ساڵە خزمەت بە دەوڵەت دەکات. تەواوی ئەو بەڵگەنامەی ڕێز و پێزانینانەی لە شوێنی کارکردنی وەریگرتووە، بەڵگەن لەسەر ئەوەی فەرمانبەرێکی ئاسایی نەبووە.

مام عەلادین دەڵێت:” تەواوی ژیانم لە خزمەتی دەوڵەت و نیشتیمان و گەلەکەم بەسەر بردووە. بەڵام ڕۆژێک دوای کودەتا خائینەکەی ١٥ ی تەموزی ٢٠١٦ دەستگیر کرام و دواتر دەستبەسەریشیان کردم”.

تەنیا هۆکارێک بۆ دەستبەسەرکردنی مام عەلادین پەیوەندیەتی لەگەڵ بزاڤی خزمەت و یارمەتیدانێتی بۆ ڕێکخراوە مەدەنیەکان.

ئەو تۆمەتانەی لە دۆسیەکەیدا درابوونە پاڵی، ناتوانیت لە دەوڵەتێکی سادەی یاسایشدا بە تاوان ناوزەندی بکەیت و سەرەڕای ئەمەش دادگا سزای ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاندووە.

 

” ئەو داواکارە گشتیانەی هەوڵی ئازادکردنیان دەدا لە کارەکانیان دوور خرانەوە”

مام عەلادین دەڵێت” هەرچەند دەکەم ئەوەم پێ هەزم ناکرێت کەوا بە تۆمەتی ئەندامێتی لە گروپی تیرۆرستیدا تاوانبار کراوم. هەموو ڕۆژێک لە خەفەتدا دەتلێمەوە. لەعنەت لەو کەسە بێت کە کودەتاکەی ئەنجامداوە”.

مام عەلادین سەبارەت بە گۆڕینی ئەو داواکاری گشتیانەی کە هەوڵی ئازادکردنیان داوە دەڵێت” لە کاتی دادگایکردنمدا توشی شتی زۆر ناڕەوا بووم. لە دانیشتنی سێهەم و چوارەمی دادگایکردنمدا ئەو داواکاری گشتیەی داوای ئازادکردنی کردم لە دۆسیەکەی من دوورخرایەوە، بە هەمان شێوە داواکاری گشتی دووهەمیش هەوڵیدا ئازادم بکات و ئەویشیان گۆڕی، دواتر داواکاری گشتی سێهەم فەرمانی درێژکردنەوەی ماوەی دەستبەسەری بۆ دەرکردم”.

 

کارەساتێکی تری شایەتی شاراوە

یەکێک لە دیاردە ناشرینەکانی ناو دادگاکانی تورکیا بریتیە لە شایەتی شاراوە. کەسێک لە دژی گومانلێکراو شایەتی دەدات و ناو و نازناویشی بە شاراوەیی دەمێنێتەوە.

مام عەلادین سەبارەت بەو شایەتە شاراوەیەی کە لە دژی شایەتی داوە دەڵێت” شایەتەکە بە بیانوی ئەوەی نەخۆشە بەشداری لە دانیشتنی ناو هۆڵی دادگا نەکرد. لەو ڕێکخراوەی پەیوەندیم پێوەیان هەبوو وانەی قورئان و حەدیسمان دەخوێند و پێکەوە چالاکی کۆمەڵایەتیمان ئەنجام دەدا. بە گوێرەی قسەی شایەتەکە من یاریدەدەری ئیمامی ئەو ناوچەیە بووم. ئەمەش بە تەواوی درۆیە، تەنانەت ژمارەی تەلەفۆنی یەکترمان لەلا نیە و پەیوەندیمان بە یەکەوە نەکردووە. شایەتەکە لەبەردەم دادگادا ئامادە نەبوو هەتا بتوانین قسەکای بە درۆ بخەینەوە”.

مام عەلادین باس لەوە دەکات کە سەرەڕای ئەوەی چەندین جار باسی نەخۆشیەکانی خۆی کردووە بۆ دادوەر و داواکارە گشتیەکان، بەڵام ڕەتکردنەوەی داواکانی مام عەلادین ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەو دادوەر و داواکارە گشتیانە هیچیان ویژدانیان نەبووە.

 

“پێویستە نەشتەرگەری پەردەی دڵی بۆ ئەنجام بدرێت”

مامەڵەی خراپ لەگەڵ مام عەلادیندا هەر لە سەرەتای دەستگیر کردنیەوە دەستی پێکردووە. ٨ ڕۆژ بە دەستگیر کراوی ماوەتەوە و گواستراوەتەوە بۆ بەشی نەخۆشیەکانی شەکرە. لە زیندان ڕۆژانە ٥ دەرمان بەکاردەهێنێت و پێویستی بە ئەنجامدانی نەشتەرگەری دڵ هەیە.

سەرەڕای ئەوەی نەخۆشی فشاری خوێن و پرۆستات و چەندین گرفتی دەرونی هەیە، بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانی ڕۆژانەی خۆیشی توانای ڕۆشتنی نەماوە.

ئەم چەند دێڕەی ناو نامەکەم هەر وەک خۆی دەرهێناوە” پێویستە نەشتەرگەری کڵاوی ئەژنۆم بکەم، بەڵام لەم هەلومەرجەی ئێستادا ناتوانم، زۆر بە ناڕەحەت توانای دابینکردنی پێداویستی ڕۆژانەی خۆمم هەیە، ئێستا ٣٨ کەسین لە قاوشەکەدا و ماوەیەک ٤٢ کەس بووین، لە ڕاستیدا نابێت لە ٢٨ کەس زیاتر بین، ١٠ کەسمان لەسەر زەوی دەخەوێت”.

 

“لە ژوورێکی ٢٨ کەسیدا ٤٢ کەس دەژی”

ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا باس دەکرێت سەبارەت بە هەلومەرجی نالەباری زیندانەکانی تورکیا، هەمووی بەسەر زیندانی کاپسوتدا جێبەجێ دەبێت.

ئایا پێویست بە پێناسەی ویژدانی ئەو داواکاری گشتیە دەکات کە ڕێگە بە زیندانیکردنی ٤٢ کەس دەدات لە ژوورێکی ٢٨ کەسیدا؟

لە سایەی ئەم کۆلکە مرۆڤانەوە، تورکیا لە ڕووی مافەکانی مرۆڤەوە لە دوای وڵاتانی ئەفەریقایە، وەک چۆن لە ماوەی ڕابردوودا لەسەر ئاستی ئازادی ڕۆژنامەکان، هەتا پلەی ١٥٧ دابەزی.

 

مام عەلادین باس لەوە دەکات کە زۆر بە ناڕەحەت پێداویستیە پزیشکیەکانی بۆ دابین دەکرێت و پاشان دەڵێت” لێرە هەموو بابەتێک کێشەیەکە بۆ خۆی، زۆر بە ناڕەحەت دەهێڵن چاوت بە پزیشک بکەوێت، ئاوی گەرم لە هەفتەیەکدا تەنیا دوو ڕۆژ دێتەوە بۆ ماوەی ٣ کاتژمێر. هەمیشە سەرە بۆ تەوالێت و خۆشۆرین گیراوە. وابزانم پێویست بەوە ناکات کە باسی ناڕەحەتی و ئەشکەنجەی وەستان لە سەرەی تەوالێتدا بکەم، بە نیسبەت کەسێکەوە کەوا نەخۆشی پرۆستاتی لەگەڵدایە. جگە لەوە زیندانەکە زۆر ساردە و هەمیشە سەرمامە”.

 

مام عەلادین ڕوو دەکاتە ئەو کەسانەی کاروباری دەوڵەت بەڕێوەدەبەن و ناوی دادپەروەریان لە پارتەکەیان ناوە و دەپرسێت” دادگاکانی ئەم وڵاتە سەبارەت بەو کەسانەی تاوانباری کردوون بە کودەتای ٢٨ شوبات فەرمانی زیندانیکردنی دەرنەکردووە، بەڵام ئایا هیچ ڕوونکردنەوەیەکی هەیە بۆ دەستبەسەرکردنی کەسێکی وەک من کە هیچ پەیوەندیەکی بە کودەتاوە نیە؟ ئەمە نایەکسانی و جیاوازیکردنێکی ئاشکرا نیە؟!”.

هەرچەندە مام عەلادین دۆسیەکەی ڕەوانەی دادگای باڵا کراوە، بەڵام هێشتا هیوای بەو پەندە هەیە کە دەڵێت کاتژمێری شکاویش ڕۆژی دوو جار ڕاستی پشان دەدات.

 

مام عەلادین بە چوار چاو چاوەڕێی ئەو ڕۆژەیە کە دادگای باڵا ئەم ناحەقیە دەوەستێنێت و دەڵێت” باوەڕی تەواوم بەوە هەیە کە بێ تاوانم و ئەمەش لە  دادگای تەمیز یاخود دادگای مافەکانی مرۆڤ دانی پێدا دەنرێت”.

 

مام عەلادین پاشان پرسیارێکی جەرگبڕ دەکات و دەڵێت” بە هۆی ئەوەی تەمەنم زۆرە و نەخۆشیەکانم تەنگیان پێهەڵچنیوم، گەر بمنێرنەوە ماڵەوە هەتا ئەو کاتەی دادگای باڵا دوا بڕیاری دەردەکات سەبارەت بە دۆسیەکەم، ئایا ئەمە شتێکی زۆر سەختە بۆ ئەوان؟”.

دوا بە دوای ئەم نامەیە ئەوەم بیست کەوا مام عەلادینیان ڕەوانەی ژوورێکی تر کردووە و لە هاوڕێ دڵسۆزەکانی زیندانیشی دابڕاوە.

هەروەها هاوسەرەکەشی نامەیەکی هاوشێوەی نوسیوە و دەستیان بە هەر شوێنێک گەشتبێت گەیاندوویانە.

لیژنەی مافەکانی مرۆڤی پەڕلەمانی تورکیا بە کەڵکی چی دێت

سەرۆکی لیژنەی مافەکانی مرۆڤ لە پەڕلەمانی تورکیا کەسێکە بە ناوی هاکان چاوشئۆغلو کە پەڕلەمانتاری ئاکەپە لە بازنەی بورسا.

 

هەروەها یاریدەدەرەکەشی سەر بە هەمان پارتە بە ناوی حوسەین یایمان لە بازنەی شاری هەتای.هەریەک لە گەرگەرلیئۆغلو تانریکوڵوش لە هەمان لیژنەدا ئەندامن و لە دوو پەڕلەمانتارەکەی ئاکەپە دەپرسین: ئایا قەت بیرتان لەوە کردۆتەوە کە نامەکەی عەلادین گۆکهان بخوێننەوە؟

بۆ کۆتایی هێنان بەم زوڵمە چاوەڕی مردنی چەند نەخۆشی تری ناو زیندانەکان دەکەن؟

www.tr724.com/70-yasindaki-alaattin-amcanin-adalet-feryadi/

 

 

 

 

 

 

 

 

 

Show More
Back to top button