هەواڵ

هاواری هاوڵاتیەکی دەرکراو لە کارەکەی

ڕۆژنامەی یەنی ئاسیای نزیک لە جەماعەتی نوری تورکیا، لە نوێترین ژمارەیدا نامەی هاوڵاتیەکی ستەمدیدەی دوای هەوڵی کودەتا دەستکردەکەی ١٥ ی تەموزی ٢٠١٦ بڵاو کردەوە.

ڕۆژنامەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ناو و ناسنامەی هاوڵاتیەکە لەلای خۆی پارێزراوە و ئەمەی خوارەوە بریتیە لە ڕاز و نیازی هاوڵاتیەکە:

سوپاسی  ئەو کۆرسە دەکەم کە بۆ هاریکاری کەسانی ستەمدیدە کردووتانەوە و منیش یەکێکم لەو هاوڵاتیانەی مەغدور بووم. مومکین نیە بتوانم بە وشە ئەو ئازارەی ناخی خۆمتان بۆ دەرببڕم. هاوسەرەکەم ماوەی ٦١٨ ڕۆژە زیندانیە و، دادوەری دادگا، جارێکی تر باری دەستبەسەری هاوسەرەکەمی درێژ کردەوە،

دانیشتنی داهاتووی دادگا دوای ٧١ ڕۆژی تر ئەنجام دەدرێت. بە ڕاستی هیچ هیوایەکم نەماوە. پێم وایە دوا بڕیاری دادگا لە مانگی ئابی ئەمساڵدا دەردەکرێت. هەتا ئەو کاتە ڕزگاربوونمان بۆ نیە. بە داخەوە توانای تێگەشتنم لە دادپەروەری ئەم وڵاتە نیە.

ئەوانەی بە کودەتای ٢٨ شوبات هەستاون و سزای هەتا هەتاییان بەسەردا سەپێندراوە وەک حوکمی کۆتایی دادگا، فەرمانی دەستبەسەرکردنیان بۆ دەرناچێت، بەڵام کەسانێکی وەک هاوسەرەکەی من کە هیچ تاوانێکی بەسەردا ساغ نەبۆتەوە لە دادگادا، ماوەی دوو ساڵە دوور لە ئازادی و خێزانەکەی، بە دەستبەسەرکراوی دادگایی دەکرێت.

هاوسەرەکەم یەکێکە لە پزیشکە بەناوبانگەکانی ئەم وڵاتە و ماوەیەکیش وەک کەسێکی ئەکادیمی کاری دەکرد، کۆتا خاڵ بەوە گەشتین کە هاوسەرەکەم دوو ساڵە لە زیندانە و منیش هەتا ئیستا ٤ جار ئیشەکەم گۆڕیوە.

دەزانن لەبەرچی؟

لەبەر ئەوەی هاوسەرەکەم زیندانیە، یان بە شێوەیەکی لاوەکی لە کارەکانیاندا بەکارم دەهێنن یاخود هەر کەیفیان لە شتێک نەبوو یەکسەر دەرم دەکەن. ماوەی ٨ مانگ دوور لە منداڵەکانم لە شارێکی تر کارم کرد. چونکە لە شارەکەی خۆم کارم دەستنەدەکەوت و کاریان پێم نەدەدا. هەر بۆیە دواتر گەڕامەوە بۆ شارەکەی خۆم. ئێستا ماوەی دوو مانگە لەگەڵ منداڵەکانم دەژیم و لە شارەکەی خۆمم. بەڵام هەموو ساتێک ترسی ئەوەم هەیە کە لەم کارەشم دەرم بکەن. حەز ناکەم بچمە ناو خەڵکەوە هەتا پرسیاری هاوسەرەکەمم لێنەکەن. تەنیا کاری خۆم دەکەم و دەگەڕێمەوە ماڵەکەم، وام لێهاتووە خۆم لە خەڵک بە دوور دەگرم.

بە داخەوەم کە وەک پێویست ناچم بە دەم منداڵەکانیشمەوە، چونکە هەموو کارێکی ماڵ و دەرەوە بەسەر مندا کەوتووە، گەر وەک ئێستا بەردەوام بم، دروستبوونی  کێشەی ماددی و مەعنەوی بۆ من شتێکی حەتمیە. من وازم لە خۆم هێناوە، بەڵام زۆر خەمی ئەو دوو منداڵەم دەخۆم کە یەکێکیان ١١ ساڵە و ئەوی تریشیان ١٩ ساڵ.

چیدی توانای ئەوەم نەماوە یارمەتی لایەنی مەعنەوی ئەوان بدەم و زۆر دەترسم. دەترسم ئەم بارەی ئێستا کاریگەریەکی وەهایان لەسەر دابنێت کە لە داهاتوودا قەرەبوو نەکرێتەوە.

تکام لە ئێوە ئەوەیە هەرچیەکتان کردووە بە فریای ئەو دوو منداڵەم بکەون. داواتان لێدەکەم پڕۆگرامێکی تایبەت بۆ یارمەتیدانی باری مەعنەویان ساز بکەن. داواتان لێدەکەم ڕێگە چارەیەکیش پشانی من بدەن. من دەتوانم چی بکەم و چۆن ڕێنمووی ئەوان بکەم؟

من ناتوانم هیچیان لەگەڵدا بکەم و خۆشیان ئێستا گوێ لە قسەکانی من ناگرن. ئەوان پێویستیان بە یارمەتی باری دەرونی و مەعنەوی هەیە.

هاواری من شاخەکانیشی کون کرد، دەزانم تەنیا من نیم کە بەو شێوەیەم و بەردیش بیت دێیتە قسە. دەڵێم خودایە هاوار بۆ تۆ شتێک نەڵێین کە ببێتە ناشکوری. چونکە هیچ ڕێگە چارەیەکم نەماوە. چی دەبێت ئەم ئیمەیلەم لە ڕۆژنامەکەتان بڵاو بکەنەوە. منداڵەکانی ئێمە چ تاوانێکیان هەیە؟ گەر ئێمە ئیستا بە هانایانەوە نەچین، ئیدی دوای ١٠ ساڵێک ناتوانین بە هیچ شێوەیەک فریایان بکەوین.

Show More
Back to top button