هەواڵ

نەهامەتی دوو دایکی ناو ١٧ هەزار خانم لە زیندانیەکانی تورکیادا

پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیادا ژمارەی پێوانەیی شکاندووە. ئیدی لە ڕفاندنی هاوڵاتیان لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە بیگرە، هەتا دەگاتە نانبڕاوکردنی هاوڵاتیان و دەستگرتن بەسەر سەروەت و سامانیاندا بە شێوەیەکی نایاسایی، دەستگیرکردنی دایکان لە کاتی ئەنجامدانی نەشتەرگەری منداڵبوون و ناردنیان بۆ زیندان ڕاستەوخۆ لە دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری منداڵبوونەوە، دەیان هەزار هاوڵاتی داماو چاوەڕێی هاتنی “دادپەروەری” دەکەن.

خانەوادەی گۆرمەز و چەلیک، یەکێکن لەو دەیان هەزار خانەوادەیەی ئەم نەهامەتیەیان بەسەر هاتووە.

نەهامەتی ئەم دوو خێزانە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی ئینتەرنێت و کەناڵی یوتیوب دووبارە هاتە ڕۆژەڤەوە.

بە هۆی کودەتایەکی ساختە و دەستکردەوە، دەیان هەزار باوک و دایک، لە منداڵەکانیان دابڕاون لە کاتێکدا لە دوور و نزیک بە هیچ شێوەیەک پەیوەندیان بە هەوڵی کودەتا ساختەکە نیە.

هەربۆیە دەیان هەزار خێزان، بە شێوەی خانەوادەی پەرتەوازە درێژە بە ژیانیان دەدەن.

“سەرەتا لە پیشەی مامۆستایی دووریان خستەوە، دواتر ژیانێک لە ڕاڕەوی نەخۆشخانەکان”

خانەوادەی گۆرمەز یەکێک لەو خانەوادانەی بە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران نانبڕاو کراون و، سەرەتا فاتمە گۆرمەز لە کارەکەی دوور دەخرێتەوە و دواتر بەکر گۆرمەزی هاوسەری بە بێ هۆ زیندانی دەکرێت. فاتمە بە هۆی تێکچوونی باری تەندروستی گورچیلەکانیەوە، لە نەخۆشخانەیەکی شاری کۆنیا کەوتووە و کێشی بۆ ٣٥ کیلۆ دابەزیوە. ئەم خانەوادەیە پێش ماوەیەک منداڵێکیان  بە ناوی بێرکی (١٤) ساڵ لە دەستدا بە هۆی نەخۆشیەوە و، کچێکی تەمەن ١١ ساڵیان هەیە بە ناوی ئەزیزە، کە ئیستا بە تەنیا ماوەتەوە.

“١٧ هەزار خانم لە زینداندایە”

بە گوێرەی ژمارە فەرمیەکانی تورکیا، ١٧ هەزار خانمی ئەو وڵاتە لە زینداندا ژیان بەسەر دەبەن. هەروەها ٧٠٠ منداڵی ساوا کە زۆربەیان تەمەنیان خوار ٦ ساڵە، لەگەڵ دایکیان لە زیندانن و هەندێکی تریشیان بە هۆی خراپی زیندانەکانەوە لەگەڵ کەسوکاریان، دوور لە دایکیان دەژین.  ئێمراهـ چەلیک یەکێکە لە دەیان خانمی زیندانی کە بێبەش بووە لە بینینی جگەرگۆشەکەی.

 

“٣ منداڵ لە نێوان دوو زینداندا ڕێگە دەپێون”

ئیمراهـ چەلیک کە دەرچووی کۆلیژی زانستە ئیسلامیەکانی زانکۆی ٩ی ئەیلولە، لە کۆرسێکی قورئان خوێندندا بەڕێوەبەر بوو. بە هۆی تێکچوونی باری تەندروستیەوە مانگێک پێش کودەتاکە مۆڵەت وەردەگرێت و لە کارەکەی جیا دەبێتەوە. بەڵام مانگێک پاش کودەتاکە، خۆی و هاوسەرەکەی بە ناوی خەلیل چەلیک، بە تۆمەتی ئەندامێتی لە بزاڤی خزمەتدا دەستبەسەر دەکرێن. ئێستا ٣ منداڵی ئەم خانەوەدەیە بە بێ دایک و باوک ماونەتەوە و منداڵەکانیان بۆ ماوەیەک لە خانەی بێ نەوایان مانەوە. دواتر مامی منداڵەکان بەخیوکردنی هەموویانی لە ئەستۆ گرت.تەمەنی هەریەک لە یوسف جەمیل (١٦)، مەهمەت تاریق(١٢)، عومەر سەعید(٣.٥) ساڵە. دایک و باوکی ئەم منداڵانە لە دوو زیندانی جیاوازن و، منداڵەکان دوو مانگ جارێک بۆ ماوەی ١٠ خولەک چاویان بە دایک و باوکیان دەکەوێت. منداڵەکان هەموو مانگێک چەندین کیلۆمەتر دەبڕن بە مەبەستی بینینی دایک و باوکیان.

سەرچاوە: ماڵپەڕی TR724

Show More
Back to top button