هەواڵ

نەخۆشێکی شێرپەنجە لە زینداندا ئەشکەنجە دەدرێت

 

کارمەندێکی پێشووی هێزەکانی پۆلیسی تورکیا بە ناوی موستەفا کۆرای مەهیرلی کە ماوەی نزیکەی ١٠ ساڵە تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووە و ماوەی سێ ساڵە لە گرتووخانەدا بەندکراوە، لە نامەیەکیدا باس لەو مامەڵە خراپە دەکات کە لە گەرمای شاری مێرسیندا لە ناو ئوتومبێلی گرتووخانەدا بەرامبەری ئەنجام دراوە. موستەفا کاتێک بە مەبەستی ئەنجامدانی پشکنین پزیشكی برا بۆ نەخۆشخانەی مێرسین لە بەردەم نەخۆشخانەکەدا ڕووبەڕووی ئەشکەنجە بووەوە.

موستەفا لە نامەیەکدا کە پێش جەژنی قوربان بۆ خانەوادەکەی ناردبوو، باسی لەو شتانە کردبوو کە بەسەریدا هاتبوون. موستەفا لە نامەکەیدا باس لەوە دەکات کە لەگەڵ هاوڕێیەکیدا بە مەبەستی پشکنینی پزیشکی کرانە ناو ئوتومبێلێکی گرتووخانەوە و بێ ئەوەی تەنانەت ئاویشیان پێ بدرێت و پێداویستی تەوالێتیان بۆ دابین بکرێت و لە کاتێکدا پلەکانی گەرما لە ٤٠ پلەی سەدیدا بوو، بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لە ناو ئوتومبێلەکەدا هێڵدرانەوە.

ئوتومبێلی گرتووخانە کە لە شێوەی زیندانی تاکە کەسیدایە و ناوی لێنراوە ‘تابوت’ ئەشکەنجەیەکی زۆر گەورەیە بە تایبەت بۆ کەسانی نەخۆش و ئافرەتە دووگیانەکان. بەجێهێشتنی نەخۆشێکی شێرپەنجە لە کاتێکدا پلەکانی گەرما لە سەروو ٤٠ پلەوە بێت بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر پێچەوانەی یاسای سزادانی ژمارە ٥٢٧٥ ی تورکیایە.

موستەفا لە نامەکەیدا دەڵێت: “هاوڕێیەکمان نەشتەرگەری بۆ کرابوو، بەڵام من دەرزی و تەداویم بۆ دەکرد، ئەوەندەی کە لە دەستم بێت. ڕۆژێکی چوارشەمە بوو کە لە نەخۆشخانە پێکەوە هاتینەوە، ئای ئەو ڕۆژە چەند ڕەزالەتمان بینی. ڕەنگە بە خراپترینی ئوتومبێلەکانی گرتووخانە ڕۆشتبێتین. وەک ئەوەی ئەوەندە بەس نەبێت کە بەو ئوتومبێلە خراپە ڕۆشتین، تا چووین بۆ نەخۆشخانە و هاتینەوە لە ناو ئوتومبێلەکەدا هێڵدراینەوە. کاتێک براین بۆ لای پزیشکەکە لە ئوتومبێلەکە دابەزێندراین و بە خێرایی پیشانی پزیشکەکەیان داین و خێرا سواری ئوتومبێلەکەیان کردینە و لە چاوەڕوانیدا بووین. ئای لەو گەرمایەدا چەند ئازارمان چەشت. ئیشاالله خودای گەورە تۆڵە و حەقی ئێمە لەو کەسانە دەکاتەوە کە بەو شێوەیە ئازاری ئێمەیاندا. بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر بە کەلەپچە کراوی و لە شوێنێکی تەسکدا و بێ ئەوەی تەنانەت ئاوێکمان پێ بدرێت یان پێداویستییەکی تەوالێتمان بۆ دابین بکرێت لەو گەرما زۆرەدا لە چاوەڕوانیدا بووین. تەنها بە یارمەتی خودای گەورە توانیمان بەرگەی ئەو دۆخە سەختە بگرین.”

موستەفا کۆرای مەهیرلی لە چوارچێوەی دۆسییەی لێپێچینەوە لە بزاڤی خزمەت لە بەرواری ٢٩ ی تەموزی ٢٠١٦ دەستگیر کرا، و دوای ئەوەی لە لایەن دادگاوە سزای ٧ ساڵ و ١٣ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، ڕەوانەی گرتووخانەی مێرسین کرا.

شایانی باسە موستەفای تەمەن ٤٧ ساڵ لە ساڵی ٢٠٠٩ دا تووشی شێرپەنجەی غوودە بوو، و لەو کاتەوە تا ئێستا بە بەردەوامی دەرمان و چارەسەری پزیشکی وەردەگرێت، بەو هۆیەوە لە ماوەی ئەم سێ ساڵەی لە زینداندا ماوەتەوە پێویستی بەوە هەیە کە بە بەردەوامی سەردانی نەخۆشخانە بکات و پشکنینە پزیشکییەکانی ئەنجام بدات.

 

http://www.shaber3.com/tutuklu-kanser-hastasina-cezaevi-aracinda-iskence-haberi/1330368/

Show More
Back to top button