هەواڵ

نەتەوە یەکگرتووەکان ئیدانەی ڕفاندنەکانی تورکیا دەکات: تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە

لیژنەی کاری ڕفاندن و بێسەروشوێنکردن لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (WGEID) لە ٤٨ هەمین دانیشتنی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ڕاپۆرتێکیان سەبارەت بە ڕووداوی ڕفاندن و بێسەروشوێن کردنەکان خستەڕوو، وە تێیدا ئیدانەی ڕووداوەکانی ڕفاندن و بێسەروشوێن کردنەکانی حکومەتی تورکیایان کرد کە لە ڕێگەی دەزگای هەواڵگری میتەوە لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات ئەنجام دەدات.

لە ڕاپۆرتەکەدا ڕەخنە لە لێدوانەکانی ڕەجەب تەییب ئێردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا گیراوە بە هۆی ستایش کردنی دەزگای هەواڵگری وڵاتەکەی لە بەرامبەر ڕفاندنی زیاتر لە ١٠٠ کەس لە دەرەوەی تورکیا و گەڕاندنەوەیان بۆ تورکیا و دەڵێت: “ڕفاندن و بێسەروشوێن کردن بە شێوەیەکی سیستەماتیکی بە ئەنجامدانی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی هەژمار دەکرێت”.

لیژنەکە لە چوارچێوەی ڕاپۆرتەکەیاندا لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوی ڕفاندن و بێسەروشوێن کردنانە کردووە کە لە ماوەی نێوان ١٦ی ئایاری ٢٠٢٠ بۆ ٢١ی ئایاری ٢٠٢١ ڕوویانداوە. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە زیاتر لە نیوەی ڕفاندنەکان لە لایەن دەزگای هەواڵگری میتی تورکیاوە لە وڵاتانی کینیا، کازاخستان، ئەفغانستان، کۆسۆڤۆ، ئازەربایجان، نەمسا، پەنەما، لوبنان، ئۆزبەکستان و پاکستاندا ئەنجامدراون و دواتر ڕفێندراوەکان بەرەو تورکیا براون.

لیژنەکە ڕاستەوخۆ حکومەتی تورکیای بە ئەنجامدانی ئەو کارە نایاساییانە تۆمەتبار کردووە و ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە لە دوای هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەوە ئەو جۆرە ڕووداوانە بە شێوەیەکی زۆر خێرا و مەترسیدار ڕوویان لە زیادبوون کردووە.

Show More
Back to top button