بیروڕاهەواڵ

نوێنەرانی حەق و پاسەوانانی متمانە!

مەهمەت عەلی شەنگوڵ

ئیمان پێویستی بەوە هەیە لەبەردەم دەسەڵات و پۆست و پلە و پایەدا، سەربەرزانە و خۆڕاگرانە بە بێ چەمانەوە بوەستیت. مرۆڤ کاتێک دەستبەرداری ئیمان و باوەڕی بوو، ئیدی مرۆڤایەتی خۆی لە بیر دەکات و ناتوانێت بەردەوام بێت لەسەر ڕێگاکەی.

باوەڕدارێکی ئایدیاڵ کە ئیمانەکەی ناکاتە قوربانی هیچ شتێکی دونیایی، هەمیشە هەوڵ و کۆششی بۆ ئەوەیە لە نێوان دڵی و خودادا هیچ بەربەستێک بوونی نەبێت. لە پێش هەموویانەوە سەردارمان، دواتر خەلیفە ڕاشیدەکان، ئەنسار و موهاجیر و ملیۆنانن دۆستی حەق، لە بۆ دونیایەک کە کۆتایەکەی مردنە، هیچ کاتێک بە هیچ شێوەیەک سازشیان نەکردووە.

ئەوان تەنیا لە پێناو بەدەستهێنانی دونیایەکی جاویدانی و ئەبەدی، تەنیا داواکاری ڕەزامەندی جەنابی حەق بوون، بەم هۆیەشەوە دونیایان بە میوانخانەیەکی کاتی هاتۆتە بەرچاو و لە پێناو ئەوەی ئەم ڕاستیەش بە دڵە ئاتاجەکان بگەیەنن، تەواوی ئەو توانا و ئیمکانەی خودا پێی بەخشیبوون لەم پێناوەدا سەفەربەریان کردووە و ژیانیشیان هەر لەو پێناوەدا بەخت کردووە.

باوەڕدار دەبێت بە بێ ئەوەی سەرقاڵی شتانێک بێت کە بەرەو ئاوابوون دەڕۆن و تیا دەچن، هەمیشە ڕوو لە پەروەردگاری هەموو گەردون بکات. خۆی لە ڕاستیشدا ئەو کەسەی کە قیبلەنمایەکی نەبێت هەرگیز ناگاتە ئامانج. باوەڕدار دەبێت قیبلەی ڕاستەقینەی خۆی کە بە ماڵی خودا یان دڵ ناو دەبرێت، لە پاڵ ئەوەی بە بناغە ئیمانیەکان ڕۆشنی بکاتەوە، لە هەمان کاتدا نوێنەرایەتی ئەو ڕۆحەش بکات کە کەعبەی ماڵی خودا بۆی دیاریکراوە ، واتە لە دڵ و ڕۆحیەوە هەمیشە هەر ڕوو لە خودا بێت.

ئەرکی ڕاستەقینەی کەسی باوەڕدار لە پاڵ ئەوەی کە دەبێت هەوڵی ناساندنی خودا بدات بە ملیۆنان مرۆڤ کە هێشتا بە ڕاستی نەیانناسیوە، نەهێڵێت لە نێوان چێژ و لەزەتە کاتی و ڕاگوزەرەکانی ئەم دونیایەدا نقوم ببن و ژیانی ئاخیرەتیان ڕزگار بکات.

 

لە هەمان کاتدا هەوڵی فەراهەم کردنی ئاشتەوایی و متمانە و خۆشگوزەرانی بدات لە نێوان کەسانی باوەڕداردا و لە پاڵ ئەوەی خۆی ببێتە نمونە و مۆدێل بۆ کەسانی تر لەم بابەتەدا، هەوڵی ئاشتەوایش بدات لەسەر ڕووی تەواوی زەویدا. لە بەرامبەر مرۆڤە ستەملێکراو و غەدرلێکرا و لێقەوماو و داماوەکان، بە بێ ئەوەی سەیری ڕەنگ و زمان و ئاینیان بکات، دەستی سۆز و بەزەییان بۆ درێژ بکات و، هەوڵ بدات ئەوانیش درک بە ڕاستیەکان ببەن و لەم ڕێگەیەوە ببێتە هۆکاری ئەوەی ئەوانیش بەوپەڕی خۆشحاڵیەوە بەرەو ژیانی ئەبەدی بەڕێ بکەون.

 

کاتێک ئەم شتانەی سەرەوە خەم و دەردی کەسانی باوەڕدارە، بەڵام زۆرێک لە زاڵمان و ستەمکاران و خراپەکاران، لەبەر بەرژوەندی خۆیان و حەسودیان و چاوهەڵنەهاتنیان بە کەسانی تردا، خەریکی کۆمەڵە کردار و ڕەفتارێکیان کە هیچ سوودێکی بۆ مرۆڤایەتی نیە و، کۆمەڵگایان وەک دوژمنی یەکتری لێکردووە و خێزانەکان پەرتەوازە دەکەن، لە ڕێگەی دابڕاندنی منداڵانی ساوا لە دایک و باوکیانەوە کە لەو تەمەندا زیاتر لە هەموو کاتێک موحتاجی سۆز و بەزەیین، خراپەگەلێکیان بەرامبەر ئەنجام دەدەن کە تەنانەت هیچ سوودێکی بۆ خۆشیان نیە جگە لە زەرەر و زیان.

 

حەسودی و چاوپێهەڵنەهاتن و ڕق بوون لە کەسانی تر نەخۆشیەکی وەهایە کە جگە لەوەی باوەڕی تەواومان هەبێت بە بناغە و ئەرکانە ئیمانیەکان، هیچ چارەیەکی ترمان لەبەردەمدا نیە. لە ڕاستیشدا چاوی عینادی و نکوڵیکردن کوێرە و شەیتانت لێ دەکاتە فریشتە و فریشتەش بۆ دەکاتە شەیتان.

حەزرەتی ئوستادیش دەڵێت: چاوی عیناد فریشتە بە شەیتان دەبینێت. ئیشی عینادی ئەوەیە: گەر شەیتان یارمەتی کەسێکی وەها بدات ئیدی بە فریشتە دێتە بەرچاوی و ڕەحمەتی بەسەردا دەخوێنێت. گەر کەسێکی ڕەخنەگریشی بەرامبەر خۆی بینی، تەنانەت گەر فریشتەش بێت، وا دەزانێت شەیتانە و جلی فریشتەی لەبەر کردووە، هەربۆیە دوژمنایەتی دەکات و بەر نەفرینی دەخات”.

ڕاستیەکانی ئیمان وەک ئەندامانی پێکهێنەری لاشەی مرۆڤ وەهان. گەر ئیسلام بە تەواوی نەژیەنرێت، ئەوا ناتوانیت چاوەڕیی ئەو ئەرکەی لێبکەیت کە دەبێت ئەنجامی بدات. دین وەک چۆن ئەوەی جەنابی حەق لە قورئانی موعجیزە لە بەیان و ڕووکردنەوەدا دیاری کردووە و فەرمانی پێداوە، هەروەها چۆنی لە پێغەمبەری خوداوە بۆ ئێمەش گواستراوەتەوە، ئەو ئیسلامەی هەتا ڕۆژی قیامەت بەردەوامە، دەبێت بە هەمان شێوە بژیەندرێت. بە پێچەوانەوە وەک ئەوە وەهایە قۆڵ و قاچی قرتابێت و لە ڕێگا بەجێمابێت.

ئایەتی ١١١ سورەتی حەج :”  مرۆڤگەلێکی وەها هەن کە تەنیا لەبەر بەرژەوەندیەک لە نێوان کوفر و ئیماندا عیبادەتەکانیان ئەنجام دەدەن. خۆ گەر بەو هۆیەوە ئەوەی خوازیارێتی دەستی بکەوێت، ئەوا دڵخۆش و شادمان دەبێت، بە پێچەوانەوە گەر توشی ناڕەحەتی و تاقیکردنەوەیەک ببێت، ئەوا پشتهەڵدەکات و هەڵدەگەڕێتەوە، بەو هۆیەشەوە دونیا و ئاخیرەتی لە دەستدەدات، بەڕاستی دۆڕانی ئاشکراش هەر بەو جۆرەیە”.

ئەو باوەڕدارەی کە ژیانی لە ڕێچکەی قورئان و سونەتدا دەگوزەرێنێت، زۆر گرنگە خۆڕاگربوونی لە بابەتی ئیمان و خزمەتکردن بە قورئاندا پشان بدات و لە بەرامبەر هەموو تاقیکردنەوەکاندا خۆڕاگر و ئارامگر بێت. گەر هەموو کەس بە گوێرەی ڕاستیەکانی خۆی هەنگاو هەڵبگرێت و تەنیا بەرژەوەندی خۆیی لەبەرچاو گرتبێت، هیچ کەسێک ڕاستی ڕاستەقینەی بۆ نادۆزرێتەوە.

دەبێت ڕاوێژی ڕاستەقینەمان لەگەڵ ئەو کەسانەدا بێت کە دونیا و ئاخیرەت لە ئێمە باشتر دەزانن، کەسانێکیش بن کە ئیخلاس و ڕاستگۆیی ناو دڵیان لە ڕێگەی کردارەکانیانەوە سەلماندبێت و ئەقڵ و ئیرادەیان لە پێش هەستەکانیانەوە بێت، لە هەموو ئەمانە گرنگتر ئەوەیە کردار و مامەڵەکانی بە گوێرەی ترس لە خودا ڕێکخستبێت، کەسانێکی بە توانابن کە لە کاتی ئەنجامدانی هەڵەشدا توانای ڕەخنەگرتنیان لە خودی خۆشیان هەبێت و، هەمیشە خۆیان ڕادەستی حەق و ڕاستیەکان بکەن.

 

ئایەتی ٣٨ سورەتی شورا دەفەرموێت: ئەوانە کەسانێکن بە دەم بانگەوازی خودای خۆیانەوە دەچن و نوێژەکانیان وەک پێویست ئەنجام دەدەن و کارەکانیان لە ڕێگەی ڕاوێژەوە ئەنجام دەدەن. ئەو توانا و ئیمکانەی پێمان بەخشیون لە کاری چاکدا بەکاری دەهێنن”.

 

لە ئایەتی ١٥٥ و ١٥٦ سورەتی ئالی عیمرانیشدا هاتووە:

ئەو کەسانەی لە یەکە ڕۆژی ڕووبەڕووبونەوەی دوو سوپاکەدا پشتیان هەڵکرد و ڕایانکرد، ئەوانە کەسانێک بوون کە بە هۆی هەندێک کاری هەڵەیانەوە شەیتان فریویدابوون، بەڵام خودا لەوانیش خۆش بوو، چونکە خودا زۆر لێخۆشبوو میهرەبانە بەرامبەر بەندەکانی”.

ئەی ئەوانەی ئیمانتان هێناوە وەک کەسانێک مەبن کە سەبارەت بەوانەی لە غەزادا شەهید بوون وتیان : گەر لەلای ئێمە بوونایە نە دەمردن نە دەکوژران. ئەم قسانەیان کرد هەتا خودا ئەمانە  لە دڵی ئەواندا بکاتە برین و حەسرەت ، ئەوەی ژیان دەدات و دەیسێنێتەوە تەنیا الله یە، الله هەموو ئەو کارانە دەبینێت کە ئەنجامی دەدەن”.

 

خودا لە ئایەتی ١٥٩ سورەتی ئالی عیمرانیشدا دەفەرموێت:

لێبوردەیی تۆ بەرامبەر مرۆڤەکان شوێنەواری ڕەحمەتی خودایە بەسەر تۆوە، خۆ گەر کەسێکی دڵڕەق و قسە ڕەقبوویتایە ئەوا لە چواردەورت بڵاوەیان دەکرد، هەربۆیە لە کەموکورتیان خۆش ببە و داوای لێخۆشبوونیان بۆ بکە لە پەروەردگارت، گەر عەزمی ئەنجامدانی کارێکیشت کرد ئەوا تەنیا پشت بە خودا ببەستە، بێگومان خودا ئەو کەسانەی خۆش دەوێت کە متمانەیان پێیەتی و پشتیان تەنیا بەو دەبەستن”.

 

سەرداریشمان دەفەرموێت: هاوەڵانی من وەک ئەستێرە وەهان، دەست بە هەرکامیانەوە بگرن ڕێگەی هیدایەت دەدۆزنەوە”.

ماندویەتی و کارەساتەکان کە مرۆڤی ئەمڕۆیان مەحکوم بە زەلیلی و سوکێتی کردووە، هەروەها نەفس و شەیتان کە زۆربەیانیان بە دیل و کۆیلە گرتووە، زۆرێک لەو ڕووداوانەی لە ڕواڵەتدا وەک شەر دەردەکەون بزاڤی خزمەتیان بە هەموو دونیا ناساند. ئەوەی ئەرکە لەسەر پیاوانی دڵ ئەوەیە بە شێوەیەکی سیستەماتیزەکراو بیر بکەنەوە و لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئامرازی گونجاوەوە لەو وڵاتانەی تێیدا دەژین بە شێوەیەکی متمانەپێکراو بژین و، هەوڵی ئاوێتەبوونی ناو ئەو کۆمەڵگایانە بدەن بە شێوەیەک کە سوودی بۆ هەموو لایەک هەبێت.

خزمەتی ئیمان و قورئان بریتیە لەوەی بێ هیچ چاوەڕوانیەک بەردەوام بیت لە خزمەتکردن. واتە ڕۆحی خۆ تەرخانکردن لەم بابەتەدا زۆر گرنگە. ئەو ڕۆحانەی ئەمڕۆ خۆیان تەرخان کردووە دەبێت بە چەشنی حەزرەتی ئوستاد بن کە فەرموویەتی:” من ئامادەم لە پێناو سەلامەتی ئاخیرەتی کۆمەڵگاکەمدا ژیانی ئاخیرەتم بەخت بکەم، لە چاوی مندا نە خۆشەویستی بەهەشت و نە ترسی ئاگری دۆزەخ هەیە، کۆمەڵگای من بریتیە نیە لەو ٢٥ ملیۆن کەسەی لە وڵاتی مندا هەن، لە پێناو ئیمانی سەدان ملیۆن ئەندامی کۆمەڵگای موسوڵماناندا، نەک یەک سەعید، هەزار سەعید بە قوربانیان بێت. گەر قورئان لەسەر ڕوی زەوی بە بێ خاوەن بمێنێتەوە، ئەوا بەهەشتیشم ناوێت و بەهەشتیش لە بۆ من وەک زیندان دەبێت، گەر ئیمانی گەلەکەم لە سەلامەتیدا ببینم ئەوا ڕازیم بەوەی لە ئاگری دۆزەخدا قرچەم لێهەستێت. چونکە لەو کاتەدا گەر لاشەشم بسوتێت، دڵم دەبێتە باخ و بێستانی پڕ گوڵ”. هەربۆیە لەگەڵ کەسدا دوژمنایەتیان نیە. بێ ئەوەی سەرکەشی و عینادی بکەن، لەو ڕێگەی بە حەقی دەزانن ڕاست و ڕەوان دەڕۆن و، قارەمانگەلێکن کە هەمیشە خۆڕاگر و چۆک دانەدەرن.

لە ئایەتی ٤٦ سورەتی ئەنفالیشدا هاتووە:

“گوێڕایەڵی خودا و پێغەمبەرەکەی بکەن. هەرگیز لەگەڵ یەکتریدا مەکەونە ناکۆکیەوە، دواتر لاوازیتان تێدەکەوێت و هێز و گوڕتان لەبەر دەبڕێت. ئارامبگرن بەو شێوەیە پێویست دەکات، چونکە خودا لەگەڵ کەسانی خۆڕاگر و ئارامگردایە”.

 

لە ئایەتی ٣٠ سورەتی “فصلت” دا خودا دەفەرموێت:

کەسانێک کە دەڵێن خودامان الله یە و بەردەوام دەبن لە ڕۆشتن لەسەر ڕێگای حەق، ئەوانە فریشتەکانیان بەسەردا دەبارێت و پێیان دەڵێن: هەرگیز نیگەران مەبن و خەفەت مەخۆن، مژدەی ئەو بەهەشتەتان لێبێت کە بەڵێنتان پێدرابوو”.

لە ئایەتەکانی ٣١ هەتا ٣٥ هەمان سورەتیشدا هاتووە:

ئێمە لە ژیانی دونیا و ئاخیرەتیشدا دۆستی ئێوەین. لەو بەهەشتەی خودا بەڵێنی پێداون، گیانتان خوازیاری هەرشتێک بێت لەلایەن خودایەکی بەخشندە و لێبوردەوە بۆتان فەراهەم کراوە. لەوێدا بەهەموو ئاواتەکانتان دەگەن. پێویست ناکات فریشتەکان لە کاتی دابەزینیاندا خۆیان بۆ مرۆڤەکان دەرخەن، چونکە ئەوان لە کاتی دابەزینیاندا غیرەت و هێزیان پێدەدەن و خۆشی دەخەنە ناو دڵەکانیانەوە، کێ هەیە لەو کەسە قسەیەکی باشتر بکات کە بانگەوازی ڕێگەی خودا دەکات و کاری چاکە و باش ئەنجام دەدات و بە خۆی دەڵێت “من لە موسوڵمانانم”. هەرگیز کاری چاکە و خراپە وەک یەک نین، هەربۆیە تۆ بە چاکە وەڵامی کاری خراپە بدەرەوە و ئەمەش وات لێدەکات ئەوەی ئەمڕۆ دوژمنایەتیت دەکات لە پڕێکدا ببێتە دۆستت. بەڵام وەڵامدانەوەی خراپە بە چاکە تەنیا کاری ئەوانەیە کە ئارامگرن و ئەوانە بەشێکی گەورەیان لە ڕەوشتی بەرز و فەزیلەت پێدراوە”.

هەروەها خودا لە ئایەتی ٤٦ دەفەرموێت” هەرکەسێک کاری چاکە بکات لە بۆ خۆیەتی و هەرکەسێک کاری خراپە بکات لەسەر خۆیەتی، الله هیچ کاتێک زوڵم لە بەندەکانی خۆی ناکات”.

پاشان لە ئایەتی ٥٣ دا دەفەرموێت:

“بێگومان ئێمە لە داهاتوودا بەڵگە و نیشانەکانی خۆمان لە گەردون و تەنانەت خودی خۆیاندا پشان دەدەین هەتا بۆیان دەرکەوێت ئەم قورئانە لەلایەن پەروەردگاریانەوە هاتووە. ئیدی شایەت بوونی پەروەردگارت بەسەر هەموو شتێکەوە بەس نیە؟”.

 

مرۆڤەکان لە دونیادا، یان ژیانی ئاخیرەتیان بەدەستدەهێنن یاخود لە دەستدەدەن.    ئەوانەی گوێڕایەڵی دوا پێغەمبەری جەنابی حەق دەکەن، ئەوانەی وەڵامی بانگەوازەکەی دەدەنەوە و سواری کەشتی محمدی دەبن ژیانی ئاخیرەت دەبەنەوە و ئەوانەشی سەرکەشی دەکەن لە دۆڕاوەکان دەبن.

کەشتی دونیا لە ڕێگەی ئەوەوە دەگات بە کەناری ئارامی، مرۆڤەکان لە ڕێگەی ڕابەرایەتی ئەوەوە دەتوانن ڕزگاریان ببێت، ئەوانەی دەرمانی ناو ئەو ڕەچەتەیە دەخۆن کە ئەو پێشکەشی کردوون چارەسەریان دەستدەکەوێت و ئەوانەی لە کانیاوی ئەو ئاو دەخۆنەوە، ئاوی ڕاستەقینەی ژیانیان دەست دەکەوێت. لەو دونیاش لەگەڵ خۆشەویستانیاندا حەشر دەکرێن.

 

مرۆڤەکانی خزمەت، بانگەوازخوازانی ڕێگای حەق، نوێنەرانی ئاشتەوایی سەر ڕووی زەوی، پاسەوانانی متمانە و دڵنیایی بوون،  بێ ئەوەی فیتنە و فەساد هەڵگیرسێنن، بێ شکاندنی دڵی هیچ کەسێک لە ڕێگەی خۆشەویستکردنی خودا و پێغەمبەرەکەی، هەرچی ئەرکی سەرشانیانە ئەنجام دەدەن و خۆیان لە کار و بڕیارە خودایەکان هەڵناقورتێنن. خەباتیان لە ڕێگەی ڕق و کینەوە ئەنجام نادەن و، لە ڕێگەی خۆشەویست و زمانی شیرین و دەموچاوی پڕ زەردەخەنەوە بەردەوامی دەدەن بە دادپەروەر و حەقانیەت و سۆز و بەزەییان بەرامبەر هەموولایەک.

 

 

Show More
Back to top button