هەواڵ

ناوەڕۆکی یاسای ٦٩٦ چیە؟

بە گوێرەی یاسای ژمارە ٦٩٦ کە لە چوارچێوەی باری  نائاسایی وڵاتدا دەرکرا، تەواوی ئەو کەسانەی لە شەوی ١٥ ی تەموزی ساڵی ڕابردوو لایەنگری ئاکەپە بوون و تاوانیان ئەنجامداوە، بەر لێبوردنی گشتی دەکەون.

لە یاساکەدا هاتووە” ئەو هاوڵاتیانەی ڕووبەڕوی کردەیەکی تیرۆرستی یاخود هەر کردارێکی تر کە لە چوارچێوەی تیرۆردا دەبنەوە، دواتر ڕوبەڕوی هیچ لێپرسینەوە و سزایەکی ماددی و ئیداری نابنەوە”.

یاساکە بەم شێوەیەی ئێستا دەتوانرێت بەسەر هەموو کردەیەکی ئاسایشدا جێبەجێ بکرێت و خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی مەدەنیانەش، بخاتە چوارچێوەی تیرۆرەوە.

حکومەت لە ڕێگەی ئەم یاسایەوە، هەنگاوێکی تری دژ بە بنەما دیموکراسیەکان هەڵگرت.

لە شەوی ١٥ ی تەموزدا هەندێک لە سەربازەکان لە کاتی خۆ ڕادەستکردنیاندا بە هاوڵاتیان، هەندێکیان فەلاقە کران و دواتر بە چەقۆ سەری سەربازەکانیان بڕی. بە گوێرەی ئەم یاسایە، ئەو هاوڵاتیانەی ئەم جۆرە تاوانەیان ئەنجامداوە بەر لێبوردن دەکەون و ڕووبەڕوی هیچ سزایەک نابنەوە. هەروەها لە داهاتووشدا هەر تاوانێکی هاوشێوە ئەنجام بدرێت، بە گوێرەی ئەم یاسایە ئەنجامدەرانی بەر لێبوردن دەکەون.

یاساکە بە شێوەیەکی شلگیرانەی(مەطاطی) وەها داڕێژراوە، کە دەتوانرێت هەر خۆپیشاندانێکی مەدەنیانەی هاوشێوەی پارکی گێزی، لەلایەن کەسانی چەکدارەوە هەڵبکوترێتە سەریان و لە ڕوی یاساشەوە نەتوانیت هیچ لێپرسینەوەیەکیان لەگەڵدا بکەیت.

هەروەها بە گوێرەی هەمان یاسا، هەر هاوڵاتیەک لە چوارچێوەی تۆمەتی “ئەنجامدانی کاری تیرۆرستی” دەستبەسەر کرابێت، لە کاتی بردنیاندا بۆ دادگا، یەک جۆر جلیان لەبەر دەکەن.

بە گوێرەی یاساکە ” هەرکەسێک هەوڵی ڕووخاندنی حکومەت و لەکارخستنی دەستور بدات” بە بەدلەیەکی ڕەنگی نارنجیەوە دەبرێتە بەردەم دادگا و، هەر هاوڵاتیەکی تریش لە چوارچێوەی تۆمەتی “ئەنجامدانی کاری تیرۆرستی” دەستبەسەر کرابێت، بە ڕەنگی ڕەساسیەوە دەبرێتە بەردەم دادگا.

هەر زیندانیەکیش لەبەر کردنی ئەو جۆرە ڕەنگە ڕەت بکاتەوە، قەدەغەی سەردانی کەسوکاری لێدەکرێت کە هەفتانە لە زیندان چاویان پێی بکەوێت. ئەمە لە کاتێکدایە کەسانی تۆمەتبار بە تاوانی “دزی، کوشتن، دەستدرێژی” ئەم یاسایە نایانگرێتەوە.

هەروەها بە گوێرەی هەمان یاسا، دادگا دەتوانێت بەردەوامی بە کارەکانی خۆی بدات لە ئەگەری ئەوەی پارێزەری گومانلێکراو ئامادە نەبێت و دەتوانێت بڕیاریش لەسەر گومانلێکراو بدات. لە حاڵێکی وەهاشدا کەسی گومانلێکراو بە پاساوی “بەرتەسککردنەوەی مافی بەرگریکردن”، ناتوانێت لە دادگای تێهەڵچوونەوە تانە لە بڕیاری دادگا بدات.

“یەک ڕەنگی جل بۆ زیندانیە دەستبەسەر کراوەکان”

سەپاندنی یەک ڕەنگی جل بەسەر زیندانیە دەستبەسەرکراوەکاندا، ڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر بڕیاری دادگاکان بەرامبەر کەسانی گومانلێکراو.

بە گوێرەی یاسا نوێکە هەرکەسێکی گومانلێکراو کە لە چوارچێوەی یاسای ژمارە ٣٧١٣ دەستبەسەرکرابێت، لە کاتی چوونیان بۆ دەرەوەی زیندان، ئەم جۆرە جلەیان لەبەر دەکرێت.

بە گوێرەی ئەم یاسایە، ئەو کەسانەی بە ماددەی ٣٠٩ یاسای ژمارە ٥٢٣٧ دادگایی دەکرێن، کە تایبەتە بەو کەسانەی هەوڵی لە کارخستنی دەستور و ڕوخاندنی حكومەت دەدەن، لە کاتی بردنیاندا بۆ دادگا، بەدلەیەی ڕەنگ نارنجیان لەبەر دەکرێت.

بە گوێرەی ئەم یاسایە هەریەک لە ڕۆژنامەنوسان ئەحمەت ئاڵتان، مەهمەت ئاڵتان، نازڵی ئڵیجاک کە بە تۆمەتی کودەتا و لەکارخستنی دەستور دادگایی دەکرێن، ئەم جۆرە جلەیان لەبەر دەکرێت.

سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی هەدەپە و هەریەک لە ڕۆژنامەنوسان ئەحمەت شک، مورات سابونجو، ئاکن ئەتەڵای، کە بە تۆمەتی ئەنجامدانی کاری تیرۆرستی و پاڵپشتیکردنی دادگایی دەکرێن، ناچار دەکرێن بەوەی ڕەنگی ڕەساسی لەبەر بکەن.

 

Show More
Back to top button