هەواڵ

ناوی نیهان نور لە ڕێگەی بیرێکی ئاوەوە دەژێنرێتەوە

نیهان نور پێش چەند مانگێک بەر لە تەواوکردنی خوێندنی زانکۆکەکەی لە وڵاتی گورجستان، دوای ئەوەی بە مەبەستی ئەنجامدانی نەشتەرگەری بەنج دەکرێت، بە هۆی ئەو هەستیاریەی بەرامبەر دەرمانی بەنجکردن هەیبوو، جارێکی تر چاوی نەکردەوە.
ئەم کچە کە دوور لە دایک و باوکی گیانی لە دەستدا، لە پێش مردنیدا وەسیەت دەکات کە بە ناوی خۆیەوە لە وڵاتە هەژارەکانی ئەفەریقا بیرە ئاوێک لێبدرێت.
ڕێکخراوێکی خێرخوازی بە ناوی Embrace Relief کە ناوەندەکەی لە وڵاتی ئەمەریکایە، بە مەبەستی بەدیهێنانی وەسیەتەکەی نیهان نور، کەمپینێکی کراوەی ڕاگەیاند.
نیهان نور لە پێش خوێندنی زانکۆ، بەهۆی کارەکانی باوکیەوە لە وڵاتە جیاوازەکانی دونیا دەخوێنێت و، پاشان بۆ خوێندنی زمانناسی زمانی ئینگلیزی(فیلۆلۆجیا) لە زانکۆی نێودەوڵەتی قەرەدەنیز وەردەگیرێت. لە ساڵی ٢٠١٥ لەگەڵ باوکیدا دەچێتە تیفلیسی پایتەختی جۆرجیا بە مەبەستی ناو تۆمارکردن و پاش نیشتەجێبوونی لە شوێنی مانەوەی، ئەو ماڵئاوایی کردنەی لەگەڵ باوکیدا ئەنجامیدا، دوا ساتی بینینی باوکی دەبێت بە چاوی دونیا.


مەتین چەتینەری باوکی نیهان، یەکێک دەبێت لە یەکەمینی ئەو کەسانەی لە تورکیادا توشی زوڵم و زۆر دەبێت و بە هۆی ئەو هەلی کارکردنەی لە وڵاتی ئەمەریکا بۆی دەڕەخسێت ، دەست دەکاتەوە بە پیشەی مامۆستایەتی کە ماوەی ٣٠ ساڵ بوو بەجێیهێشت بوو.
نیهان نور لەو ماوەیەی لە تیفلیس خەریکی خوێندن بوو، لە ڕووی دەرونیەوە زۆر توشی ناڕەحەتی دەبێت. دایکی کە بە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران لە کارەکەی دوور دەخرێتەوە و پاسپۆرتەکەی پوچەڵ دەکرێتەوە، ناتوانێت سەردانی بکات. باوکیشی بە هەمان شێوە کە لە وڵاتی ئەمەریکا بوو، توانای گەڕانەوەی نەمابوو.
نیهان جگە لە تەلەفۆن نەیدەتوانی پەیوەندی بە دایکیەوە بکات و بە مەبەستی بینینی باوکیشی ٣ جار هەوڵی بەدەستهێنانی ڤیزەی ئەمەریکا دەدات. هەر سێ جارەکە وەڵامی ڤیزەکەی بە نەرێنی دێتەوە. خانمێکی وڵاتی جۆرجیا کە پێش ساڵێک کچەکەی وەفاتی کردبوو، بەم شێوەیە دڵنەوایی نیهان نور دەداتەوە” بە شێوەیەکی فەرمی دەتکەم بە کچی خۆم و پاسپۆرتی جۆرجیات بۆ دەردەهێنم و دەتنێرم بۆ لای باوکت”.

نیهان نور گەشتە دوا قۆناغی زانکۆ، چەند مانگێکی مابوو ببێت بە مامۆستا. لەبەر ترسی زۆری، ساڵانێکی زۆر بوو نەشتەرگەری بۆ ددانەکانی نەدەکرد، کێشەکانی بە تەواوی تەنگی پێهەڵچنی بوو. گۆشتی ددانەکانی بەردەوام خوێنیان لێدەهات و شەوانە لەبەر ئازار خەوی لێنەدەکەوت. دواتر بڕیاری ئەوەیدا لە ڕێگەی بەنجی گشتیەوە نەشتەرگەری بۆ ددانەکانی ئەنجام بدات.
نیهان دوای ئەوەی بەنجی گشتی بۆ کرا، بە شێوەیەکی ئەبەدی خەوی لێکەوت، ئەو حاڵەتەی لە ١٠ هەزار کەسدا تەنیا یەک کەس هەیەتی، لە نیهاندا هەبوو. فشاری خوێنی نیهان دابەزی و دڵی لە لێدان کەوت. لە ڕێگەی مەساجەوە دیسان دڵی خرایەوە کار و پاشان جارێکی تر وەستایەوە. دوای ئەوەی ٢ هەفتە لە بەشی بوژانەوەی دڵ بە بێ هۆشی مایەوە، نیهان بۆ دواجار لە تەمەنی ٢٤ ساڵیدا ماڵئاوایی لە دونیا کرد و ڕۆحی سپارد.
تەرمی نیهان لەلایەن هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت و دراوسێ و هاوڕێکانیەوە ڕەوانەی تورکیا کرایەوە. ئەو کچەی لە ژیانی هیجرەت و لەسەر مێزی نەشتەرگەری گیانی لە دەستدا، لە گۆڕستانی تایبەت بە خانەوادەکەی لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا بە خاک سپێردرا.
دۆست و خزمانی نیهان نور، لە کاتی بە خاکسپاردنی تەرمەکەیدا، هەوڵی پڕکردنەوەی بۆشایی دایک و باوکی نیهانیان دا.
“دوو مانگی کۆتایی ژیانی شەونوێژی نەفەوتاندووە”
ئێستا ئەو خێزانەی لە دوای خۆی جێیهێشتووە، خەفەتی ئەوە دەخۆن کە لە دوا ساتەکانی ژیانیدا لەگەڵیدا نەبوون و دوا ئەرکی خۆیان بەرامبەری وەک پێویست بە ئەنجام نەگەیاندووە. ئێستا باوکی نیهان زۆر بە باشی لەو نزایە تێدەگات کە دەڵێت” خودا ئازاری جەرگ سوتان بە کەس نەدات، مردنی بەسەرەمان بە نسیب بکات”. ئەوەی دڵنەوایی باوک جەرگ سوتاوەکەی دەداتەوە ئەوەیە کچەکەی لە دوو مانگی کۆتایی ژیانیدا شەو نوێژی نەفەوتاندووە. باوکی نیهان دەڵێت” خەفەتبارم، بەڵام دڵیشم ئاسودەیە، پشتیوانی بە خودا ئەو ئەمانەتەی خودا پێی سپاردبووین، بە شێوەیەکی دروست پێمان داوەتەوە”.

“نیهان نور پێش مردنی وەسیەت دەکات بە ناوی خۆیەوە بیرێکی ئاو لە ئەفەریقا لێبدرێت”
نیهان نور لە پێش جێهێشتنی ئەم دونیایە، ئەرکێکی گرنگی بۆ باوکی جێهێشت. نیهان وەسیەتی بۆ باوکی کردووە لە ئەفەریقا بیرێکی ئاو بە ناوی خۆیەوە لێبدرێت. ڕێکخراوی خێرخوازی Embrace Relief بە مەبەستی بەجێگەیاندنی ئەم وەسیەتە، لە وڵاتی ئەفەریقا دەستی بە کارەکانی کرد. ڕێکخراوەکە بە مەبەستی کۆکردنەوەی یارمەتی کەمپینێکی کراوەی ڕاگەیاند و هەرچەندە کەمپینەکە لە یەکەم ڕۆژەکانیدایە، بەڵام ئەو بڕە یارمەتیەی بە دەستی ڕێکخراوەکە گەشتووە، هیوایەکی گەورەی خستۆتە دڵی باوکی نیهان نورەوە…

Show More
Back to top button