گۆشەی م.فتحوڵڵا گولەنهەواڵ

نامەی م. فەتحوڵڵا گولەن بۆ نەتەوەیەکگرتوەکان سەبارەت بە دۆخی قودس

لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2014 و لە سەروبەندی پلاتفۆرمی ئاشتی نەتەوەیەکگرتوەکان لە جنێڤی پایتەختی سویسرا کە لە لایەن دەستەی نوسەران و ڕۆژنامەنووسانەوە ڕێکخرابوو، م. فەتحوڵڵا گولەن سەبارەت بە دۆخی قودس، نامەیەکی ئاڕاستەی نەتەوەیەکگرتوەکان کرد و تێیدا کۆمەڵێک پێشنیاری خستەڕوو.

لە نامەکەیەدا، م. فەتحوڵڵا گولەن ئاماژە بەوە دەکات کە “بەکارهێنانی تێرمە دینیەکان بۆ ئەنجامدانی شەڕ و ئاڵۆزی، زوڵمە. داواکارم دۆخی قودس بە بنەمایەکی نێودەوڵەتی و بنچینەی ئاینەکان چارەسەر بکرێت”.

 

دەقی نامەکەی م. فەتحوڵڵا گولەن:

ئامادەبووانی بەڕێزی کۆنفرانسی ئاشتیی جنێڤ، دەمەوێت دڵتەنگی خۆم بخەمەڕوو کە نەمتوانی لەگەڵتان بم لە کۆنفرانسەکەدا کە کار دەکات لەسەر وەگەڕخستنی کۆمەڵگای مەدەنی بۆ بنیادنانی ئاشتی. بەڵام ئەم دڵتەنگییەم بەوە دەڕەوێتەوە کە دەبینم بیرمەندان و نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە ئاین و زمان و کلتورە جیاوازەکانی جیهانەوە، ئەمرؤ کۆبوونەتەوە لە پێناوی بنیادنانی ئاشتیدا. رێگەم پێ بدەن کە داوەتنامەکەتان بۆ بەشداریکردنم لە کۆنفرانسەکەدا بە جواترین دیاری و مژدەبەخشی ئاشتی وەسفبکەم، لە کاتێکدا کە دڵی من تەواوەتی نوقمی ئازاربووە، بەهۆی ناتەبایی و پێکداچوونەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتەکەم. چونکە، جوانترین دیاری بۆ یەکێکی دڵشکاوی چاو بە فرمێسک کە تەمەنی خۆی بۆ بنیادنانەوەی بەهەشت لەسەر زەوی تەرخانکردووە، ئەوەیە کە ببیستێت هێشتا ئومێدێک ماوە بۆ ئاشتی گەردوونی.
من لە ناخی دڵمەوە باوەڕم وایە، بنیادنانی ئاشتی واتە بنیادنانی مرۆۆڤی ئاشتیخواز. هەتا مرۆڤ بوون نەخرێتە ناوەندی چارەسەرکردنی کێشەکانەوە، وەبەرهێنان لە سیاسەت و سیستەمە یاساییەکاندا تەنها بەفیڕۆدانی کات و سەرچاوەکان دەبێت. خوڵقێنەری مەزن ویستێکی قوڵی جێگیرکردووە لە سروشتی هەموو مرۆڤێکدا بۆ چاکە و جوانی. بەڵام هەندێک جار، مرۆڤ لەئەنجامی زیادەڕەوی، تواناکانی بەخراپ بەکاردەهێنێت. لە راستیدا ئەم بەلارێچوونە لە سروشتدا، خراپترین کارەساتی سروشتییە کە بێتە رێگەی مرۆڤ. لاپەڕە لێڵەکانی مێژوو پڕن لە نموونەی ئەو رووداوانەی کە مرۆڤ لەلایەن مرۆڤی دیکەوە کوژراوە، لەپێناوی دەسەڵاتی زیادتر و خاکی زیادتر، بەشێوەیەک کە ژمارەی ئەو کەسانەی لە کارەساتە سروشتییەکانی وەک زەمینلەرزە و تسونامیدا گیانیان لەدەست داوە، قەت ناگاتەوە بە ژمارەی ئەو مرۆڤانەی بە دەستی مرۆڤ کوژراون. هەتا ئەم بەلاڕێچوونە لە سرووشتی مرۆڤدا چارەسەر نەکرێت، ئەو جۆرەی مرۆڤ کە جێگەی شەرمە بۆ مرۆڤایەتی، بەردەوام دەبێت لە بوون.
حکومەت و دەسەڵاتداران هەندێک جار پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن دەکەنە قوربانی بەرژەوەندییەکانی خۆیان، بەشێوەیەک کە پەروەردە و فێرکردن دەکەن بە ئامرازێک بۆ پێگەیاندنی نەوەیەک کە گوێ لەمشتی خۆیان بێت بۆ پارێزگاریکردن لە پارت و ئایدۆلۆژیا و دەسەڵاتی خۆیان. ئەم کردە خۆپەرستانەیە قەت نابێتە مایەی بنیادنانی مرۆڤی ئاشتی دۆست. لەبەر ئەم هۆکارەیە کە بنیادنانی مرۆڤی نوێ دەبێت کاری کۆمەڵگەی مەدەنی بێت. وەگەڕخستنی کۆمەڵگەی مەدەنی، بابەتێکی حەیاتییە بەتایبەتی لەو کۆمەڵگەیانەدا کە دیموکراسییەت تەنها بریتییە لە سندوق خستنە بەردەم خەڵک بۆ دەنگدانێک کە ئەنجامەکەی پێشتر دیاریکراوە. رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە سروشتدا هەڵگری تایبەتمەندی خۆنەویستی و فیداکارین. چالاکییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیش لە بوارەکانی پەروەردە و میدیادا زامنی دیموکراسییەتن و گەرەنتین بۆ پێگەیاندنی نەوەکان لە کەشوهەوای دایەلۆگ و لێبوردەییدا.
هەموو ئەو ئاین و دسیپلینە ئەخلاقییانەی من دەیانزانم، ئامانجی سەرەکییان بنیادنانی مرۆڤی ئاشتیخوازە. ئەم ئاشتییە دەکرێت ئاشتی جیهانی بێت، ئاشتی نێوان مرۆڤەکان بێت، ئاشتی بێت لەگەڵ سرووشت یاخود ئاشتی مرۆڤ بێت لەگەڵ خودی خۆی. دان بەوەدا دەنێم کە دەکرێت گۆشەنیگای ئاشتیانە بنیادبنرێت لەڕێگەی وەگەڕخستنی ژیری و ویژدانەوە، بەڵام باوەڕم وایە درووستکردنی کاریگەری لەسەر کۆمەڵگەکان و ژمارە زۆرەکانی مرۆڤ، بە ئاراستەی خۆشویستنی ئاشتیدا، لەڕێگەی ئاینەوە سەرکەوتووتر دەبێت، کە خاوەنی تایبەتمەندییەکی گشتگیر و کۆلێکتیڤە. لەم ناوەندەدا، زۆر جێگەی داخە کە کەسانێکی توندئاژۆ زۆربەی ئاینەکانی جیهان خراپ بەکاردەهێنن و دەیکەن بە بەرگێک بۆ پەردەپۆشکردنی ئامانجە سیاسییەکانی خۆیان و رەوایەتی پێ دەدەن بەو ململانێ و شەڕانەی بۆ بەرژەوەندی خۆیان ئەنجامی دەدەن. ئەمە وەک ئەوەی ئەمڕۆ بەم شێوەیەیە، بەدرێژایی مێژووش هەروا بووە. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، پێویستە ئەوە بگوترێت کە پەیامە راستەقینە پیرۆزەکانی هەموو ئاین و دسپلینە ئەخلاقییەکان خاوەنی بیر و کەرەستەی پیویستن بۆ بنیادنانی ئاشتی. بەپێی ئاینەکان ئاشتی بنەڕەت و ئامانجە، هەر هەوڵێکیش بۆ بەخراپ بەکارهێنانی تێکستە ئاینەکان بۆ رەوایەتی دان بە جەنگ و ململانێ، نەک تەنها وەحشیگەرایەتییە بەرامبەر بە مرۆڤەکان، بەڵکو ئەنجامدانی وەحشی گەرایتییە بەرامبەر بە خودی تێکستە ئاینییەکان. لەبەر ئەوە پێوسیتە شوێنکەوتوانی هەموو ئاینەکان، بەتایبەتیش ئاینەکانی یەهودییەت و کریستیانەت و ئیسلام، کە هەرسێکیان لە ترادیسیۆنی ئیبراهیمییەوە دێن، کۆببنەوە و چالاکی هاوبەش ئەنجام بدەن بۆ بنیادنانی ئاشتی لە جیهاندا. هاوکات وەک ئەوەی لەم کۆبوونەوەیەی ئەمڕۆدا ئەنجام دەدرێت، بیروڕا بگۆڕنەوە بۆ تەرجومەکردنی ئەم بیرانە بۆ جێبەجێکاری و پراکتیزەکردن. ئەمە هێندەی ئەوەی گرنگە بۆ زامنکردنی ئاشتی جیهانی، ئەوەندەش گرنگە بۆ پارێزگاریکردن لە ئاینەکان لە فۆرمە راستەقینە و رەسەنەکەی خۆیاندا. پێشتر پێشنیازێکم خستبووەڕوو سەبارەت بە کێشەی قودس و فەلەستین، کە بە سەرچاوەی زۆربەی ململانێکانی نێو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەزانرێت؛ پێشنیازەکەی من ئەوەبوو کە ستاتویەکی (پێگەیەکی) سەروو نەتەوەیی و سەروو ئاینی بدرێت بە قودس، بەشێوەیەک کە چوونەژوورەوەی شوێنکەوتوانی هەر سێ ئاینەکە بەبێ ڤیزە بێت بۆ شارەکە و ئیدارەیەکی هاوبەش لە هەرسێ ئاینە ئیبراهیمییەکە، لەژێر چاودێری راستەوخۆی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کاروباری شارەکە بەڕێوەبەرن. ئەمڕۆ کە دەبینم رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەناڵێنێت بە دەستی تیرۆری داعشەوە، باشتر دڵنیا دەبمەوە کە ئەم پێشنیازە چەندە گرنگە بۆ چارەسەرکردنی ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەگەر ئەم پێشنیازە جێبەجێبکرابا، قودس کە سەرچاوەی زۆربەی ململانێ و پێکدادانەکانە، پێ دەچوو ببوایە بە سیمبڵی ئاشتی، هەر وەک ناوە مێژووییەکەی خۆی کە (دارالسلام) ە و بەمانای خاکی ئاشتی دێت.
لەلایەکی دیکەوە، زۆر دڵخۆشم بەوەی کە بەشێکی کۆنفرانسەکەتان تایبەتکردووە بە رۆڵی میدیا لە بنیادنانی ئاشتیدا. لە سەردەمی جیهانگیریدا کە پێشکەوتنەکان بە خێراییەکی سەرسوڕهێنەر بەڕێوە دەچن، پەیوەندییەکان بە شێوەیەکی گشتی و ئینتەرنێت و تۆڕەکانی پەیوەندیکردن بەشێوەیەکی تایبەتی، رۆڵێکی گرنگ دەبینن لە درووستکردنی کاریگەری لەسەر نەوە گەنجەکان. میدیا کاتێک راستییەکان هەڵدەگێڕێتەوە و کلتوری ململانێ و کەرتکردنی کۆمەڵگە لەسەر بنەمای (ئێمە و ئەوان) دەکاتە بنەما بۆ کارەکانی، دەبێت ئەوە بزانێت کە ئەو کاولکارییەی ئەنجامی دەدات، کاریگەری نەرێنی تەنها لەسەر کۆمەڵگە نابێت، بەڵکو کاریگەرییە نەرێنییەکە دەگەڕێتەوە بۆ خودی خۆی و چارەسەرکردنی ئەو دۆخەش، پێدەچێت نەک تەنها چەند ساڵێک، چەند نەوەیەکیشی بوێت. ئومێد دەکەم کۆنفرانسەکەتان بانگهێشتی میدیای جیهانی بکات کە کار بە بەها ئەخلاقییەکان بکەن بە شێوەیەک لە خزمەتی بنیادنانی مرۆڤی ئاشتی و ئاشتیخوازدا بێت.
دەزانم ئەو کەسانەی کە ژیانی خۆیانیان تەرخان کردووە بۆ چاکە و ئاشتی و خزمەتکردنی مرۆڤ، چاوەڕێی ئەوە نین سوپاسبکرێن، بەڵام من پێم وایە کە هەریەکێک لەو رێکخراو و کەسایەتییە بەڕێزانەی بەشداربوون لە رێکخست و بەڕێوەبردنی ئەم کۆنفرانسەدا، مافی ئەوەیان هەیە لەناخی دڵەوە سوپاسبکرێن و دەستخۆشییان لێبکرێت بۆ ئەو خزمەتەی پێشکەشی ئاشتی جیهانی دەکەن. رۆژی ٢٤ ی تشرینی یەکەم کە ئەم کۆنفرانسەی تیادا ئەنجام دەدرێت، رۆژێکی پڕمانایە، بەوپێیەی هاوکاتە لەگەڵ رۆژی نەتەوە یەکگرتووەکان. بۆیە ئەم بۆنەیە بە دەرفەتێک دەزانم کە بانگهێشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بکەم بۆ بنیادنانی ئاشتی جیهانی، ئامانجێک کە خودی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پێناویدا دامەزرێنراوە. پیرۆزبایی لە رێکخراوی رۆژنامەنووسان و نووسەران، پەیمانگای دایەلۆگ و هەماهەنگی نێو کلتورەکان، پەیمانگەی میدیا لاب لە زانکۆی جنێڤ و ئەو ٣٣ رێکخراوەی دیکە دەکەم کە لە ٢٥ وڵاتی جیاوازی جیهانەوە بەشداربوون لە ئەنجامدانی ئەم کۆنفرانسەدا.
م. فەتحوڵا گولەن

 

سەرچاوە: ماڵپەڕی فەرمی م. فەتحوڵڵا گولەن

Show More
Back to top button