هەواڵ

نامەی باوکێک لە زیندانەوە بۆ منداڵە ساواکەی

لە دوای هەوڵی کودەتا دەستکردەکەی 15ی تەمووزی ساڵی 2016، دەیان هەزار هاوڵاتی تورکیا لە زیندانەکان قەتیس کراون و لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە.

تا ئێستا نزیکەی ٦٠ هەزار هاوڵاتی بە دەستبەسەر کراوی لە زیندانەکاندا ماونەتەوە، کە نزیکەی ١٨ هەزار خانم و ٧٠٠ منداڵی ساوایان لە ناودا هەیە.

یەکێک لەو هاوڵاتیانە کە تازە منداڵێکی کوڕی هاتۆتە دونیاوە، لە زیندانەوە نامەیەک بۆ کوڕەکەی دەنێرێت.

نامەی هاوڵاتیەکە بەم شێوەیەیە؛

نامەیەک بۆ یوسف:

کوڕم ئەمڕۆ ٨ ی ئازارە، ڕۆژی جیهانی ژنان، دوو مانگ جارێک بە شیوەیەکی ڕاستەوخۆ چاوم بە دایکت دەکەوێت. باوکت ماوەی ٥ مانگە بە بێ هیچ هۆیەک لە زیندانە. پشتیوان بە خودا بە شێوەیەکی ساغ و سەلامەت هاتوویتە دونیا. بەڵام من هەواڵی تۆم پێناگات، چۆنی کوڕەکەم باشی؟ دایکت چۆنە؟ کوڕم هەرگیز ئەم ڕۆژانە لە یاد ناکەین. پشتیوان بە خودا کاتێک فێری خوێندنەوە بوویت ئەم نامەیەم دەخوێنیتەوە. ئەو کاتە دەزانیت چی لەم ڕۆژگارە ڕوویداوە و فێریان دەبیت. دایکت ئەم جارەیان نەهات بۆ چاوپێکەوتنم، تەنیا باپیرت و نەنکت توانیان بێن. سوپاس بۆ خودا هەواڵی تۆیان هێنا بۆم، بەڵام دواتر لە خەفەتدا دەستم کرد بە گریان، هێندە گریام دەمووچاوم ئاوسا و بریندار بوو، برینەکە دواتر توشی هەوکردن بوو، لە ئازاریدا ٣ شەو خەوم لێنەکەوت. کوڕم ئەم ڕۆژانەت لە بیر نەچێت، تۆ لە بارودۆخێکی وەهادا هاتیتە دونیاوە. دایکت بە تەنیایە و باوکت بە بێ هۆ لە زیندانە، نەمان توانی لەگەڵ دایکتدا بچینە بازاڕ و شتت بۆ بکڕین، دایکت بە تەنیا هەموو ناڕەحەتیەکانی خستە سەر شانی خۆی، هەموو شتێکی بە تەنیا کرد، کوڕم هیچ کاتێک با دڵی دایکت نەڕەنجێنیت، با قەت دڵی نەشکێت. دایکت باشترین و جوانترین دایکی دونیایە. هەرچیەک بێت دەبێت من و تۆ دایکتمان زۆر خۆش بوێت. زۆر سەختە کە لای ئەو نیم، زۆر سەختە کە بێ تاوان لە ژوورەوەم. لەوە دەچێت بڵێی باوکە لەسەر چی زیندانی کرایت.

کوڕم لە کاتێکدا پەیوەندیم بە کودەتاوە نەبوو، ڕۆژێک لە کاتی چوونمدا بۆ کارەکەم، کاتژمێر ٦:٣٠ بەیانی بوو، پۆلیس هاتنە سەر ماڵەکەم و بردیانم، بێ ئەوەی هیچ تاوانێکم هەبێت، خستیانمە زیندان…

کوڕم پشتیوان بە خودا کەسێکی باشت لێ دەردەچێت، کەسێک کە هەڵە و تاوان ئەنجام نەدات و حەڵاڵ و حەرام لەیەک جیا بکاتەوە، کەسێکی دادپەروەرت لێ دەردەچێت. لەم ژوورەی من ٤٣ کەس زیندانیە، پێش ئەوەی تۆ لە دایک ببیت هەموومان بە ناوی خۆتەوە نزامان بۆ کردیت.

کوڕم ئەمڕۆ ٨ ی ئازارە و چوارشەممەیە، ئەمڕۆت لە بیر نەچێت، ئەمڕۆ یادی لە دایک بوونی تۆیە و کۆتایی پێنجەمین مانگی دیلێتی باوکتە، من ئێوەم زۆر خۆش دەوێت…

Show More
Back to top button