بیروڕانوسەرانهەواڵ

نامەیەک لە کەمئەندامێکی زیندانەکانی تورکیاوە

 جونەیت ئارات ڕۆژنامەنوسێکی کەمئەندامە  و ڕێژەی کەمئەندامی دەگاتە ٪٩٠، لە ١٠ ی مانگی تەموزی ئەمساڵدا دادگای تورکیا بڕیاری ٨ ساڵ و ١٠ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندانی بۆ دەرکرد.

ناوبراو لە زینداندا گیرۆدەی گرفتی زۆر بووە و بەردەوام سوکایەتی پێدەکرێت لەلایەن کاربەدەستانی زیندانەوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردودا ناوبراو نامەیەکی بۆ ڕای گشتی تورکیا نارد و باسی لە ڕەوشی خراپی ناو زیندانەکەی و مامەڵەی نەشیاوی کاربەدەستانی زیندانەکە کرد.

ئارات باس لە کاتی گواستنەوەی دەکات بۆ زیندان و دەڵێت” سەرەڕای ئەوەی ٪٩٠ ڕێژەی کەمئەندامیەکەمە، بەڵام هێزەکانی جەندەرمە کەلەپچەیان لە دەستم کرد و خۆشیان چاک دەزانن کە من کەسێک نیم بتوانم ڕابکەم یان خۆم بشارمەوە. سکاڵای یاساییم لەسەر ئەو بەرپرسەی هێزەکانی جەندەرمە تۆمار کرد کە بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵ کردم.”

ئارات لە باسی خراپی ژوری زیندانەکەی دەڵێت” لەبەر ئەوەی تەوالێت و گەرماوەکە بە گوێرەی کەمئەندامان دروست نەکراوە ٤ تا ٥ ڕۆژ جارێک دەتوانم بچمە گەرماو. لە ژورێکی ١٠ کەسیدام کە ئێستا ٢٤ کەسی تێدا دەژی. لەبەر ئەوەی کتێبی تایبەت بە نابینایان و کاتژمێری دەنگیم پێ نادەن، ڕۆژانە زۆر بە ئاستەم کاتم لێدەڕوات. داوای نامە دەکەم لە تەواوی خۆشەویستەکانمەوە، ئێوە زۆر خۆش دەوێت و نزام بۆ بکەن.”

ئارات لە کۆتای نامەکەیدا باس لەوە دەکات کە کاربەدەستانی ناو زیندانەکە سوکایەتی پێ دەکەن و دوو بەرپرسی زیندانەکە هاواریان بەسەردا کردوە و پێیان وتوە:” تۆ بەرپرسی کوشتنی ٢٤٩ کەسیت، تۆ بکوژیت.”

http://www.tr724.com/cezaevindeki-engelli-gazeteci-arat-10-kisilik-kogusta-24-kisi-kaliyoruz-tuvalete-4-5-gunde-bir-gidebiliyorum/

 

 

 

Show More
Back to top button