بیروڕا

نامەیەکی کراوە بۆ زیندان: گەردنم ئازاد بکە خوشکەکەم!

بەخامەی: ئۆسمان ئێرتورک

 

هەندێک کاتی وا هەیە کە وشەکان لە ئاستێکی پێویستدا نین بۆ دەربڕینی هەستەکان. هەر چییەک دەڵێن بیڵێن هێشتا هەر نوقسان دەردەچێت. هەفتەی ڕابردوو بارودۆخێکی لەو شێوەیەم بەسەردا هات. خانمێک کە بریگرتەم بوو پەیوەندی پێوەکردم. هاوسەرەکەی نزیکەی دوو ساڵە لە زینداندایە. ئەو ناچارە هەم دایکایەتی و هەم باوکایەتی بۆ دوو منداڵە کچەکەی بکات. تەواوی ئەرکەکانی ماڵەوەی کەوتووەتە سەر شان. لە ئێستادا خۆشی بە تۆمەتی ‘ئەندامبوون لە گروپی تیرۆریستی’ سزا دراوە.

دەردەکان و ناڕەحەتییەکان هێندە هیلاکیان کردبوو، وەک ئەوە وابوو هەموو دونیا بەسەریدا ڕووخابێت. دەنگی دەلەرزی و غەمێکی قووڵ تێیدا خۆی حەشار دابوو. بە پەلەپیتکەیەک دەکەوتە گریان. زۆر ڕووخابوو، چیتر فرمێسکەکانی بۆ ڕانەدەگیرا. لە گریان و لاڵانەوەکەیەوە و لە تۆنی دەنگییەوە هەستت بە ناخی دەکرد. بە دەنگێکی گریاناوییەوە پرسی “کاکی پارێزەر کەی ئەمە تەواو دەبێت؟”، دووبارە و دووبارە دەیپرسییەوە… دواتر هەر بە دەم گریانەوە وتی “ئێمە هەق نەبوو ئەمەمان بەرامبەر بکرێت. من هەمیشە کاری چاکەم کردووە. من وەک مامۆستایەک شەو و ڕۆژی خۆمم خستبووە سەر یەک بۆ ئەوەی باسی چاکی و جوانی بۆ منداڵەکان بکەم. هەمیشە باسی ئەوەم بۆ دەکردن کە چۆن دەتوانن سوود بە مرۆڤەکان بگەیەنن و دایک و باوکیان خۆش بوێت و خزمەت بە نیشتیمانیان بکەن”. منیش هەستەکانم وەک شەپۆل دەیانهێنام و دەیانبردم. نەشتەرێک پێکامی و لایەک لە لاشەمی لێکردەوە. نەمدەزانی چی بڵێم.

بەڵێ، نەمتوانی هیچ شتێکی پێ بڵێم. وشەکان لە قوڕگمدا گیرابوون. هەموو وتەکانی لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی لەسەر حەق بوون. مرۆڤگەلێک کە بەردەوام خەریکی چاکەکردن بن و وەک فریشتە وابن، چۆن دەکرێت ڕووبەڕووی خراپەکارییەکی لەو شێوەیە ببنەوە؟ لە ناکاو لە ساتێکدا هەزاران کەس بە بێ گوێدانە ماڵ و منداڵ بە دەست زریانێکی خراپەکارییەوە گیریان خوارد.

لە چوارچێوەی پیشەی پارێزەری خۆمدا زۆر جار ڕووبەڕووی حاڵەتی هاوشێوەی ئەوە بوومەتەوە بەڵام هیچیان وەک ئەمە نەبووە. بە هۆی ئەوەی ئەو خانمە و سەدان مامۆستای هاوڕێیم دەناسی و لە ڕووی یاساییەوە پشتیوانیم لێ کردبوون زۆر بە باشی باردودۆخەکەم دەزانی. مەحاڵە بتوانرێت پێناسەی ئەو ستەمە گەورەیە بکرێت کە بەرامبەر ئەو کەسانە دەکرا کە تەنانەت بە ئەنقەست پێیان بە مێروویەکیشدا نەناوە. هەزاران خانمی دیکە، هەندێکیان لەگەڵ منداڵە ساواکانیاندا لە گرتووخانەکاندان و ستەمیان لێ دەکرێت.

لە کاتێکدا بەو هەستانەوە تەواو ماندوو بووبووم، ڕۆژی ٥ی نیسان کە دەکاتە ڕۆژی پارێزەران بووە خوێ و بیبەر بەسەر برینەکانمدا. ڕێگری کردنی لەوەی پارێزگاری لەو مرۆڤانە بکەین مێشکمیان پڕ کردبوو. بە تایبەت لە دوای ١٥ی تەموزەوە، لەو کاتە سەختانەی پێوستە لە پاڵ ستەملێکراواندا ڕابوەستین. کاتێک نەتوانیت لە پاڵ ئەو کەسانەدا بیت کە برینەکانیان هێشتا تازەیە، ئەو دەنگانە نەبیسترێت کە ئاگرێک لە ناخدا هەڵدەگیرسێنن، لە شوێنی خۆت دەخولێیتەوە و خۆت سەرقاڵ کردووە، بەو شێوەیە. ئەم کاتانە ڕێک کاتی ئێمەن. پیشەی پارێزەری پێشەیەکی هاوشێوەی پزیشکییە. پاڵپشتی کردنی مرۆڤەکان لە دادگاکان و بنکەکانی پۆلیس شتێکە واتاکەی ڕوون ناکرێتەوە. هەست بە بەهاکەی ناکرێت هەتا ئەو مروارییە لە چاوەکاندا نەبینرێت. ئەو کاتانەی دەنگێکی جادوویی وەک تاڤگەی ئاوێکی شیرین بەسەر دڵەکاندا دێتە خوارەوە. بوونە شاخ و بەربەست لە بەردەمماندا… ڕێگەیان نەدا بە ئەرکی خۆمان هەستین و پیشەکەی خۆمان جێبەجێ بکەین.

ئەو فرمێسکانە و هاوشێوەکانیان  هەمیشە پارێزەرێکی قارەمانی وەک بەکر بێرک و تاهیر ئێلچی مامۆستامان لەم پیشەیەدای بە بیرم دەهێنایەوە. ئەو دوو ئەستێرە دیارە دوو مامۆستای منن لەم پیشەیەدا. ئەوان دوو مرۆڤ بوون کە ڕووی ئەم پیشەیەیان سپی کردووە و بە بێ گوێدانە شەو و ڕۆژ هەموو توانایەکی خۆیان بۆ پاڵپشتی کردن لە چەوساوەکان و وەرگرتنەوەی مافەکانی چەوساوەکان تەرخان کردبوو. بەکر بێرک کە وەک پارێزەری ستەملێکراوان ناسرابوو، لە سەردەمێکی خراپەکاری وەک ئێستادا، کە ئەوکات ٦٧ پارێزگا لە تورکیادا هەبوو، لە ٦٦ پارێزگادا بە شوێن دۆسییەی ستەملێکراواندا دەچوو بە بێ گوێدانە ماندووبوون. لە ساڵی ١٩٥٨ وە هەتا ١٩٧٣ لە دادگاکاندا بەرگری لە ستەملێکراوان دەکرد. ئەو پارێزەرە جوامێر و قارەمانە بەردەوام پاڵپشتی لە ستەملێکراوان و چەوساوەکان دەکرد لەبەر ئەوە بەردەوام کفنی خۆی لە جانتاکەیدا هەڵگرتبوو.

پاڵەوانەکەی دیکە تاهیر ئێلچییە. ئەو قارەمانە بە بێ وەستان بەردەوام بوو لە خەبات و تێکۆشان لە پێناو دابینکردنی دادپەروەری بۆ ئەو کەسانەی لە باشوری ڕۆژهەڵاتی تورکیا ڕووبەڕووی هەمان ستەمکاری دەبوونەوە و گوندەکانیان دەڕوخێندرا و ئەو مرۆڤانەی دەڕفێندران و دەچەوسێندرانەوە. بە درێژایی چەندین ساڵ پارێزگاری لە مافی ئەو ستەملێکراوانە کرد و لەم دادگاوە ڕای دەکرد بۆ ئەو دادگا. بەڵام لە کۆتاییدا بە گولەیەکی وێڵ شەهیدکرا.

خوشکەکەم ئایا دەزانیت بۆچی باسی ئەم دوو مرۆڤە قارەمانەت بۆ دەکەم؟ وەرگرتنی بریکارنامەی ئێوە و هاوارکردن بۆ ئەوەی کە ئێوە ستەمتان لێدەکرێت و دەچەوسێندرێنەوە دەبووە شەرەفێکی گەورە بۆ ئێمە. کاتێک هەوڵماندا بەرگری لە چەوساوەکان بکەین، ڕێگرییان لێ کردین لەوەی وەک تاڤگە ڕاستییەکان هەڵڕێژین. ڕێگەیان نەدا بەرگری لە تۆ و هەزاران ستەملێکراوی دیکەی وەک بکەین. ستەمکاران دەیانزانی قەڵا لە لم درووستکراوەکانیان بە تەواوی دادەڕمێت. لەبەر ئەوە ڕێگەیان نەدەدا. جگە لەوەش نە متمانەیان بە خۆیان هەبوو، نە بە بەڵگەنامەکانی بەردەستیان هەبوو. لە خۆم و هاوکارەکانمەوە دەزانم، دە هێندەی ئەو توانایەی لە دۆسییە و دانیشتنەکانی دیکەدا خەرجمان دەکرد، لە دۆسییە و دانیشتنەکان بۆ پاڵپشتی لە ستەملێکراوان خەرج دەکرد بەڵام هێشتا ماندوو نەدەبووینەوە. نەماندەتوانی لە هۆکارەکەی تێبگەین، بەڵام کاتێک بەرگریمان لە ئێوە دەکرد ماندووبوونمان نەدەزانی.

 

لە پشت ئەو دیوارە بەرزانەوە حاڵتان چۆنە؟

من نامۆ نیم بە زیندانەکان، ئەو شوێنەی هەلومەرجەکان تێیدا سەختە. زۆرجار هەبووە کە پاڵم داوە بە دیوارەکانی زیندانەوە. هەندێک دیوار لە بەردەمتان هەیە کە ڕاڕەوی تێدا نییە و بەزاندنی ئەو دیوارانە شتێک نییە بتوانرێت بکرێت. دەرگاکانی لە چەند لایەکەوە داخراوە و چاودێری دەکرێت. چەند باش دەبێت ئەگەر باڵ بگریت و ئەو دیوارانە تێپەڕێنیت. خۆزگە دەکرا، دەست بەو باڵندانەوە بگرن کە بەسەرتاندا دەفڕن و دواتر بە خۆشەویستانتان شاد ببونایەتەوە.

دەزانم کە دوای یەکتربینینە کراوەکان چ هەستێکی ناخۆش لەلات درووست دەبێت. ئەو کاتەی خۆشەویستانت لە لاکەی دیکە جێدەهێڵیت و دووبارە بەرەو تەنهایی و نامۆیی و بێکەسیی دەگەڕێیتەوە… ڕەنگە چوونەوە بۆ لای هاوڕێکانی قاوشەکەت هەستێکی جیاواز بێت بەڵام ئەو کەسانەی بەجێیان دەهێڵیت وەک ڕووناکییەکن لە تاریکایی شەودا بۆ هەموو ساتێکی ژیانت. ئەوان بەشێکن لە تۆ، تەواوکەری تۆن… هەر لە یەکەم ساتەوە حەسرەتێک لە نوکی پێتەوە هەتا تەوقی سەرت دەستپێدەکات، وا نییە؟ جیابوونەوە لە خۆشەویستانت، لە کوڕە گەنجەکەت و کچە گەنجەکەت، لە باوک و دایکە پیرەکەت، و جیابوونەوە لە چەندین خۆشەویستی دیکەت… لەو کاتانەدا بێدەنگییەکی سامناک هاوشێوەی ناڵەیەکی بێوێنە باڵ بەسەر مرۆڤدا دەکێشێت… ئەو نزا و پاڕانەوانەی بە عەشقەوە دەکرێن بەرد دەهێنێتە ناڵە و بە خێرایی ڕوناکی بەرەو ئاسمان بەرز دەبێتەوە.

کاتێک تاریکی دادەبەزێت بەسەر زینداندا، دەرگای جیهانێکی زۆر جیاواز دەکرێتەوە، وا نییە؟ هەستەکان چەند هێندە چڕتر دەبنەوە، کاتی هاوارکردن بۆ خاوەنی دڵەکان و کلیلی ڕۆحەکان دەستپێدەکات. لە لایەک لە شوێنی خۆت دەتلێیتەوە و لە لایەکی دیکەوە هەمیشە نیگاکان لە ئاسۆ دەڕوانن. ئارامگری دەوێت. پێیوستە ئارامگرییەکت هەبێت کە تەواوبوون و کۆتایی هاتنی نەبێت. هەندێک دانیشتوون و سەرقاڵی یاد و زیکری خودای گەورەن، هەندێک چووەتە ناو جیهانی ناخییەوە و سەرقاڵی تەفەکورە، یەکێکی تر لەسەر بەرماڵەکەی لە جیهانێکی جیاوازدایە.

ئەوەش زۆر بە باشی دەزانم کە گوناهی ئەو کەسانەی ئێوەیان لەوێدا بەندکردووە لەناو تەرازوویەکدا لەگەڵ سەرجەم چیاکان و بەردەکان دابنرێت هێشتا تای گوناهەکانیان لە جێی خۆی ناجوڵێت. بەردەوام بیر لەوە دەکەمەوە کە ئەوە چەند گوناهێکی گەورەیە. مێشکم وەری ناگرێت. چ عەقڵ و ژیرییەک ئەو ستەمکارییە قبوڵ دەکات؟ هیچ ڕوونکردنەوەیەکی متمانەپێکەر نادۆزمەوە بۆ ئەو ستەمکارییەی ئەنجام دەدرێت. چ جۆرە سزایەک، ئەگەر خۆیان دەزانن کە چ جۆرە تووڕەییەکی پەروەردگار چاوەڕێیانە، بە بێ ڕاوەستان خۆیان دەدا بەسەر قاچەکانتاندا و داوای لێخۆشبوونیان دەکرد.

 

دەی وەرنە دەرەوە و وەرن!

کاتێک هەواڵی ئازادبوونم پێگەیشت، دڵخۆشی بە جۆرێک ناخی پڕکردم و بە تەواوی خانەکانی لەشمدا بڵاوبووەوە کە ناتوانم باسی بکەم. وشەی ئازادبوون خۆشەویستترین وشەیە لە لای پارێزەر. نازانیت چەند ئارەزووی ئەوەی دەکەم لەم سەردەمەدا کە بۆنی بەهاری لێدێت لە زیندان بێیتە دەرەوە. ئەگەر دارێکی جادووییم پێ دەبوو و دەمکێشا بەو دیوارە بەرزانەدا و هەموویم ورد و خاش دەکرد! یاخود وشەیەکی جادوویم بووتایە و هەر یەکێک لە ئێوەم بناردایە بۆ لای هاوسەرەکەتان و منداڵەکانتان و دایک و باوکتان و خۆشەویستانی دیکەتان لە هەر شوێنێکی جیهان کە بتانەوێت. نازانن کە تا چ ڕادەیەک ئەوەم دەوێت. درێژکردنی دەستی یارمەتی بۆ چەوساوە و ستەملێکراوان چەند ئاسوودەیی بە دەروونی مرۆڤ دەبەخشێت. بەڵام ناکرێت. خوشکەکەم هێز و دەسەڵاتمان بەش ناکات! هیچ کارێکمان لەدەست نایەت. هەموو چەوساوە و ستەملێکراوان گەردنمان ئازاد بکەن! لەم کاتە سەختانەدا نەمانتوانی پاڵپشتیتان بکەین.

دەرگایەک دەکرێتەوە لەو شوێنەوەی کە ئێمە نایبینین! هیچ گومانم لەوەدا نییە. باوەڕی تەواوم بەوە هەیە کە بەفیڕۆ ناچن. “زانا” دەزانێت لە بنەڕەتدا چی خێری تێدایە و چی شەڕی تێدایە. واتە هەتا ئێستا کاتی نەهاتووە. لەژێر چ پارێزگارییەکدان پێناسە ناکرێت. ئەو بارودۆخەی ئێستا تێیدا دەژین ڕەنگە ژانی لەدایکبوونی سەردەمێکی درەوشاوەتر بێت. جموجوڵێک لە ئاسۆدا هەیە بەڵام هێندە ڕوون نییە کە من بتوانم هەڵیبژێرم. ڕەنگە ئێوە لەوێوە بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکراتر ئەوە ببینن.

خەونێکی دواخراو هەیە. دەبێت ئەوە تەواو بکەین. دەی وەرنە دەرەوە و ورن. ڕەنگە ئەو نەوەی یەزیدە کە ئێوەیان لەوێدا بەندکردووە، وا بزانن دەتوانن هەڵهاتنی خۆر دوابخەن. ڕەنگە کاتێک دەیانەوێت دوای بخەن، چەند گێڕێک بەرزتری بکەنەوە و هەڵهاتنی تیشکی خۆر خێراتر بکەن. هیچ بە دووری مەزانن. لە ناکاو تەماشا دەکەن بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو هەموو شتێک تەواو بووە. تەنانەت دەستکراوە بە بنیادنانی دونیایەکی نوێ. چ شتێک لە هێز و دەسەڵاتی ئەو بەدەرە؟

 

سەرچاوە: http://www.tr724.com/zindana-acik-mektup-hakkini-helal-et-bacim/

Show More
Back to top button