بیروڕاگۆشەی م.فتحوڵڵا گولەنهەواڵ

ناسۆری چەشتن چەشنی قوتدانی دڕکەزی

تارق بوراک

 

تورکیا لە ڕێگەی دووبەرەکی کۆمەڵگاوە، بە شێوەیەکی خێرا و هەنگاو بە هەنگاو بەرەو کودەتاکەی ١٢ ی ئازاری ١٩٧١ دەڕۆشت. هەندێک کەسیش بە ئەنقەست زیاتر ئاگرەکەیان خۆش دەکرد. پێکدادان و دووبەرەکی تەنیا لە زانکۆکانی ناو وڵاتدا نەبوو، بەڵکو لەسەر ئاستی هەموو کۆمەڵگا تەشەنەی سەند بوو. سەرئەنجام ڕۆژی هەینی ١٢ ی ئازاری ١٩٧١، لە ڕێگەی خوێندنەوەی بەیاننامەی کودەتا لە ڕادیۆی دەوڵەت، هەواڵی کودەتاکە بە فەرمی ڕاگەیەندرا.

مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن، لە بەرواری ٣ ی ئایاری ١٩٧١ دەستبەسەر کرا و لە بەرواری ٩ ی تشرینی دووهەمی ١٩٧١ ئازاد کرا. لە بەرواری ١١ ی تشرینی دووهەم، بە مەبەستی دەست بەکاربوون، یەکەم داوای خۆی پێشکەشی سەرۆکایەتی کاروباری ئاینی کرد. بە هۆی باری نائاسایی وڵاتەوە، یەکسەر وەڵامی ئەرێنی وەرنەگرت، هەربۆیە ماوەیەک ڕۆشتە شاری ئێرزروم.

وەک خۆی دەڵێت” لە پاش ماوەیەک پشوودان، وەک چۆن پێش ٦ ساڵ بە هەندێک هەستی سەیر و نامۆی دڵتەنگیەوە، لەگەڵ چەند جانتایەکی بچوک ڕووم لە ئیزمیر کرد و میوانداری کردین، دیسان جانتا بچوکەکانم کۆکردەوە و بە هەستێکی دڵشکاوانەوە وتم ” هیچ یارێک وەک دایک نیە” و دیسان ڕووم کردەوە ئێرزروم. باوکی ڕەحمەتیم چەند مانگێک لە ئیزمیر مابوویەوە،  بەشداری لە دانیشتنەکانی دادگادا دەکرد و کاتێک زانی ئەم چیرۆکە درۆیینانە تەواو بوونیان بۆ نیە، وەڕز دەبێت و دەگەڕێتەوە ئێرزروم”.

 

مامۆستا سەبارەت بە یادەوەریەکانی ئەو سەردەمەی دەڵێت:” پاش ماوەیەک مانەوە لە ئێرزروم، دیسان گەڕامەوە ئیزمیر و لە مزگەوتی سەلەپچیئۆغلو دەستم کرد بە وتاردان. لەو کاتەی من دەستبەسەر کرابووم، هاوڕێکانم کەلوپەلی ماڵەکەمیان گواستبوویەوە بۆ خانوویەک لە ناوچەی سادقبەگ. کاتێک لە ئێرزروم گەڕامەوە بە پەلە ماڵێکمان لە ناوچەی مەکتوپچو بە کرێ گرت. نزیکەی ساڵێک لەو ماڵە ژیانم بەسەر برد.

دەتوانم بڵێم ڕۆژەکانی سەرەتای مانەوەم لەو ماڵەوە، تەنیایی چەشنی قومدان لە ژەهر بوو، بە بۆنەی ترس و تەدبیرەوە هاوڕێکانم نەیاندەتوانی زۆر یارمەتیم بدەن، لەوە دەچێت زۆرێک لەوان هێشتا ئەو ترسەی باڵی بەسەردا کێشابوون بەری نەدابێتن، هەندێک لەوانیش پێیان وابوو کە پێویست دەکات بە تەدبیرەوە! هەنگاو هەڵبگرن.
تەنانەت گەر کەمێکیش بێت لە ناخی هەندێکیاندا هەندێک گرێ هەبوو،  کەسانێک پێیان وەهابوو کە کاری من تەواو بووە و، سەبارەت بەو شوێنەی کە دەبوو منی تێدا دابنێنن، لە گومان و دوودڵیدا بوون. هەندێک لە هاوڕێکانی تریشم، وازیان لە خەڵکی ئیزمیر نەدەهێنا و وردە وردە هەڵمەتی پڕوپاگەندەیان لە دژم پەرە پێدەدا.
لە ڕاستیشدا کۆمەڵێک لە هاوڕێکانم هەر لە سەرەتاوە لە دژی ئەم کارە بوون و، ئەوەی بەسەرمان هات لە ئیزمیر، بە شەپازلەی قەدەر ئەژماریان دەکرد، کە وەک ئاگاداریەک سەبارەت بە هەڵەبوونی ڕێگاکەمان و تاوانباریمان لێماندرابێت.
بەڵام کاتێک وتارەکان دەستی پێکردەوە، ئەو ساردیەی کەوتبوویە نێوانمان وردە وردە بەرەو ڕەوانەوە دەڕۆشت. کەسانێکیش کە هەست و هزریان بەلای کەسانی تردا دەیڕوانی، بە چەشنی جاری جاران دەستیان کردەوە بەوەی بەشداری وتارەکان بکەن. بەڵام تەواوی ئەم هاتووچۆیەی ئەنجام دەدرا، تەنیا لە ڕوانگەی ڕەهەندی مرۆڤانەوە ئەنجام دەدرا و بە شعوری هەستان بە ئەرک و کاری داواکەمانەوە ئەنجام نەدەدران.
لە ڕاستیشدا نەدەکرا بە شێوەیەکی تر ئەمە ئەنجام بدەن، چونکە کاریگەریەکی خراپ، بە تەواوی هێزیەوە برەوی بە کاریگەریەکانی دەدا. گەرچی ئەمە ڕاستیش نەبێت، لەوە دەچێت هەندێک بڵێن ئەمە بە هۆی براگەورەکانەوە بووە، بە شێوەیەک لە شێوەکان کەشوهەوای باری دەرونی هەموو لایەک، کاریگەری بەسەر هزر و بیرکردنەوەی ئەوانەشەوە دانابوو. جگە لەوان کەسانێکیش هەبوون کە لە ئیجتیهادێکی هەڵەدا بوون، خزمەتکارانێکیش هەبوون کە بە ناوی خۆیانەوە قسەیان بەوان دەکرد! واتە گەر بە ناسکترین شێوە گوزارشت لەمە بکەین، ئەمە بە واتای خۆنەناسین دێت. تەنانەت دەشێت ئەمە بە سوکایەتی و ئیهانەتیش ئەژمار بکرێت. کاتێک ئەمە کەشوهەوای گشتی بوو، باسکردنی هیچ شتێک بۆ خەڵک، کاری نەکردە بوو. کاتێک لە مەکتوبچو دەمامەوە، توشی تراڤمایەکی بەهێزی سەرئێشە بووم، سەقفی تەوالێتەکە زۆر نزم بوو، کاتێک چوومە ژوورەوە سەرم بە شێوەیەک پێیدا کێشا، گەر سەقفەکە لەوانە بووایە کە دەشێت بشکێت، ئەوا لەتوپەت دەبوو. لەو کاتەدا ئەمەم بە ڕاڤەی ڕووداوەکانی ئەو سەردەمە لێکدایەوە. لە دوای ئەم تراڤمایەوە چەندین ڕۆژ نەخۆش کەوتم. بە شێوەیەک بوو بەردەوام هێڵنجم دەهات. لەو سەردەمەدا کاک سەباحەدین لەگەڵمدا دەمایەوە و قەت بە تەنیا جێینەدەهێشتم و بە باشی ئاگای لێمبوو. دکتۆر ئەحمەدیش پێیڕاگەیاندم کەوا پیویستە تا ماوەیەک لەگەڵ کەسدا نەدوێم. ئیدی نەیاندەهێشت چاوم بە کەس بکەوێت. هەندێک لە هاوڕێ نزیکەکانیشم لە کاتی سەردانیکردنمدا گەڕێنرابوونەوە و نەیانهێشتبوو بێنە ژوورەوە و چاویان پێمبکەوێت. بێگومان من ئاگام لەمە نەبوو. بەهۆی پێداگری کاک زەفەرەوە، یەک دوو شەو لە ماڵەکەی ئەوانیش لە ناوچەی زەیتونبورنوو مامەوە. لەوێش وەڕز بووم، کەشوهەوای ئەوێش دڵتەنگکەرانە و بە شێوەیەک نەبوو کە ئارامی و دڵنیایی بداتە مرۆڤ.

بە هۆی ئەو تراڤمایەی توشم بوو لە ناخمەوە توشی ناڕەحەتیەکی زۆر گەورە و “ئەنگواس”  بووم. شەوێکیان بلیتم بڕی و بەرەو بورسا کەوتمە ڕێ، ئیدی نازانم کێم لە بورسا بە مێشکدا هاتبوو، بەڵام لە ڕێگا بڕیارم گۆڕی و چوومەوە ئاکهیسار. کە چووم کتێبی فەرمودە سەحیحەکانی ئیمامی ترمزیشم لەگەڵ خۆم بردبوو. لە ماوەی ئەو هەفتەیەی لەوێ مامەوە بە هەموویدا چوومەوە و تەواوم کرد. ئەوەی لێرەدا جێگەی داخ بوو، لەو ماوەیەی کە لەوێش بووم، هیچ کام لە هاوڕێکانم لە ئەحواڵیان نەپرسیم، تەنانەت هێندە خەمی منیان بوو!، ئەو هاوڕێیانەشی لەگەڵیاندا دەمامەوە، لە کاتی چوون و دیارنەمانمدا بۆ تەنیا جارێکیش بە پێویستیان نەزانی بپرسن کەوا لە کوێم و بۆچی دیارنەماوم. ئەمە لە کاتێکدایە، نەک مرۆڤێک بەڵکو پشیلەی ناو ماڵیش ئەو ماوە زۆرە ون بووبێت، هەر بە دوایدا دەگەڕێن و سۆراغێکی دەپرسن. شوێنێکیشم نەبوو بۆی بڕۆم، بە ناچاری گەڕامەوە ماڵەکەی ناوچەی مەکتوبچوو”.

مامۆستا هەمیشە بە ڕۆحێکەوە ژیاوە کە پشتی بە کەس نەبەستووە لە بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستیەکانی  و ، هەربۆیە لەو ماوەیەی لە ئیزمیر بووە، توشی ناڕەحەتی زۆر بووە و خۆی لەم بارەیەوە دەڵێت:

” لەو کاتەی لە ئیزمیر دەژیام، زۆر دژواربوو ژیانم. هەموو کتێبەکانم کردە تورەکەیەکەوە و فرۆشتم بە کتێب فرۆشێک. هەرچیەک زۆر پێوستم بوو لە کتێبەکان، جیام کردەوە و ئەوانی ترم هەمووی فرۆشت. هەندێک کتێبی وەک مێژووی فەلسەفە و ئینسایکلۆپیدیای فەلسەفەم جیاکردبوویەوە. هەندێک لە هاوڕێکانم دواتر مەراقی ئەو کتێبانە لێیدان و کڕییان، ئێستا دەڵێم خۆزگە نەمفرۆشتنایە، بەڵام کە بیرم دەکەوێتەوە چاوەکانم پڕ لە ئاو دەبن؛ دەبێت دانیش بەوەدا بنێم کە زۆر ناچار بووم، بۆیە فرۆشتمن. من سەردەمانێکی ژیانم بە گوێرەی ئەوەی لە جزدانەکەمدا هەبوو ژیاوم. بە خۆم دەوت: دەتوانم لەم تەمەنەدا چەندین ساڵ بەیانیان بە خواردنی چۆرەکێک ڕۆژ بکەمەوە و بەڵام دەست لە کەس پان نەکەمەوە…

 سەرەڕای ئەوەی بەم شێوەیەش دەژیام، سەردەمانێکی وەهام بەسەردا هات کە ناچاری فرۆشتنی کتێبەکانمم ببم. سەبارەت بە مەراقی خۆم بۆ کتێب، با شتێکی تریشتان عەرز بکەم،  بە هۆی کودەتاکەی ١٢ ی ئازاری ١٩٧١، ٦ مانگێک لە زیندان بووم. من لەو کاتەدا وتاربێژی مزگەوت بووم، وامزانی موچەکەم پێنادەن لەبەر ئەوەی لە زیندان بووم، بەڵام کە هاتمە دەرەوە لە زیندان، موچەی ٦ مانگیان پێدام، هێندە دڵم خۆش بوو مەپرسە، بە خۆمم وت من چی لەم هەموو پارەیە بکەم!، هەربۆیە ڕۆشتم و بەو پارەیە، وابزانم ٦ هەزار لیرە بوو، هەر هەموویم لە کڕینی کتێبدا خەرج کرد”.

مامۆستا لە بەرواری ٢٣ ی شوباتی ١٩٧٢، دەستی بە هاتوچۆی ناوچەی ئێدرەمیت کرد.

“ئیدی دەستم کرد بەوەی لە ماڵەکەی ناوچەی مەکتوبچوەوە هاتوچۆی ناوچەی ئێدرەمیت بکەم. گەرچی ئەم هاتوچۆیەش بۆ خۆی کارێکی سەخت بوو. هەم هۆکارەکانی هاتوچۆ ڕێکوپێک نەبوون، هەم هیچ کام لە هاوڕێکانم ئۆتۆمبیلیان نەبوو.  لەو ماوەیەی سەردانی ئێدرەمیتم دەکرد، بەردەوام لە ڕێگەی هۆکارەکانی هاتوچۆی گشتیەوە دەهاتم و دەچووم. لەوە دەچێت یەک دوو جار بە ئۆتۆمبیلی تایبەت هاتبێتم و ڕۆشتبێتم.

دۆستان تەنانەت گەر گوڵیشت تێبگرن بریندارت دەکەن، بەڵام من زۆر جار لە جیاتی گوڵ بە پیک بەسەریاندا کێشاوم. لەم حاڵەدا بەردەوام ناچاری ئەوە بووم کە ئازار و ناسۆری ناخم بخۆمەوە. هەربۆیە زەردەخەنە دەکەیت و لە ناخیشتەوە خوێن و زوخاو هەڵدەقوڵێت. یاخود دەبێت شەربەتی شیرین دەرخواردی ئەوانە بدەیت کە زوخاوت پێ دەڕێژن. ئەمانە هێندەی ئەوەی بە دەم دەوترێن کارێکی ئاسان نیە، بەڵام دەبوو لەبەر ئەو داوایەی لەسەر شانمانە بەرگەی هەموو ئەمانە بگرین”. ئەوانەی ئێمەش لە ناو خۆیاندا خەریکی ڕاوێژ بوون و بڕیارگەلێکیان دەردەکرد. درێژەیان بە بۆشاییەکەی دوای ١٢ ی ئازار دەدا، تەنانەت جارێکیان پێیان وتم:” هاوڕێکانی ئێمە خەریکی ڕاوێژکردنن، گەر حەز دەکەن ئێوەش دەتوانن بەشداری بکەن” ئەم قسەیە لەلای من زۆر لە زیندان سەختتر بوو”…

حاڵی هەندێک کەسی تریش کە لە شوێنی ترەوە هاتبوون، چەشنی کەسانێک بوون کە دەیانەوێت خواردنێک لە ئاگر دەربێنن و بیخۆن. هەرکەسێک هەڵدەستا و دەهاتە ئیزمیر، کۆمەڵێکی پێش خۆی دەخست و دەیبردن. ئەو شتە خراپانەی لێوەیان باس دەکردن، تەنانەت هاوڕێ نزیکەکانی ئەو کەسانەشی دەلەرزاند. پێموایە زۆرێک لەوان سەبارەت بە من ئیماژی ” پیاوێکی تیاچووە کە هیچی پێناکرێت و دەبێت سەری خۆی بنێتەوە و بڕوات” لەلای  زۆر کەس دروست کردبوو. هاوڕێکانیش لە بەرامبەر ئەم جۆرە قسانەدا، هەندێکیان چەشنی کا دەبوون بە دەم لافاوی هەموو شەپۆلێکی تازەوە”…

بێگومان لە کۆمەڵگایەکدا کە هێندە شەپۆلی جیاواز جیاوازی تێدا بەرز ببێتەوە، فەراهەمکردنی سەقامگیری کاری نەکردە بوو، بە تایبەت شاندان بە شانی یەکەوە لەگەڵ ئەم جۆرە کەسانە شتێک نەبوو جێگەی باس بێت. چونکە دیارنەبوو هەریەک لەو کەسانەی شانت بە شانیانەوە داوە کەی دەخلیسکێت و کە خلیسکاش چی کارێک ئەنجام دەدات. چاوپێکەوتنم لەگەڵ تاکە بە تاکەی هاوڕێکان تا ڕادەیەک سوودی هەبوو، دواتر لە نێو خۆماندا هزرێکی ڕاوێژکارانەمان لە نێوان خۆماندا پێکهێنا. یەکەم چاوپێکەوتنی جددی کە بڕیاری ئەوەماندا هەمیشە ڕاوێژی یەکتری بکەین، لە ماڵی کاک حوسەین ئەنجامماندا. ماڵی ئەویش لە شوقەی براکەی بوو. هەریەک لە کاک ئیسماعیل و کاک حوسەین و کاک عەلی، کە ئەم چاوپێکەوتنەیان ڕێکخست، وای لە من کردووە  هەمیشە بە چاکە یادیان بکەمەوە و ئەم جوامێریەی ئەوان، وای  لە من و ئەوانەی وەک من بیریان دەکردەوە، بووە جێگەی ئەوەی هەمیشە بە چاکە یاد بکرێنەوە.

یەکێک لە دەرەوە کە سەیری دەکرد، لەوە دەچێت تێبینی بکردایە کە خزمەت بە قۆناغێکی دژواردا تێدەپەڕێت. کێش دەزانێت لەوە دەچێت ئەمە ژانی لە دایکبوونی پێکهاتەیەکی نوێ بوو بێت. گەرچی من لە تەواوی ئەم ڕووداوانەدا هەموو کاتێک دەبووم بە دوو کەرتەوە. بۆ نمونە کاتێک لەگەڵ هاوڕێکاندا کۆ دەبووینەوە، هەندێک لەوان تا ڕادەی ئەوەی چاو لە یەکتری دابگرن، بە کاری نا بەرپرسیارانە هەڵدەستان. بێگومان لە کەشوهەوایەکی وەها ناجددیدا نەدەتوانرا باسی کێشە جددیەکانی جیهان بکەین و منیش هەڵدەستام و دانیشتنەکەم جێدەهێشت.

دەتوانم ئەوە بڵێم کەوا لە منداڵیمەوە بە شێوەیەکی هەستیارانە بەرامبەر نوێژەکانم ژیان بەڕێ دەکەم. هەرچیەک بووبێتە هۆیان زیان لێدان لە نوێژ، تا پێمکراوە خۆم لێی بە دوور گرتەوە و لە دەستی هەڵهاتووم. وەک چۆن بایەخم بە دەستنوێژەکانم دەدا و بە دیقەتەوە لێم دەڕوانی، لە هەمان کاتدا دیقەتی هەموو شتێکم دەدا کەوا دەیخۆم و دەیخۆمەوە. سەرەڕای هەموو ئەمانە، هەمیشە کەسانێکی ترم پێش دەخست لە کاتی ئیمامەت کردندا. بێگومان دڵیشم ئەوەی قبوڵ نەدەکرد لە دوای هەموو کەسێکیشەوە نوێژ بکەم. هەندێک لەوان لە دەستنوێژ و هەندێک لە بابەتی خواردن و خواردنەوەیدا وەک پێویست بە دیقەت نەبوو. منیش خۆم لە هەموو شتێکی گوماناوی بە دوور دەگرت. هەر بۆیە هەرکەسێک بە شیاوم بزانیایە لەو ڕووانەوە ڕێگەم پێدەدا پێشنوێژی بکات. تەنانەت ئەمەش وای لە هاوڕێکانی ترم دەکرد توشی ئیرەیی بردن ببن. ئیدی هەندێکیان بۆ ئەوەی لە ئیمامەتدا پێشی بخەم، سەیری ناوچاویان دەکردم. ئەمەش منی زۆر نیگەران کردبوو.

ڕۆژێکیش کاک موستەفا سەبارەت بەم بابەتە پێی وتم:” کەسە گەورەکان هەمیشە خۆیان پێشنوێژیان دەکرد و گەر حاڵەتێکی پێویست نەبووایە ئەم یاسایەیان نەدەشکاند، بۆ ئێوەش هەمان شت جێبەجێ ناکەن؟’.

لە ڕاستیدا منیش جگە لەمە چارەیەکی ترم نەمابوو، ئەمەش هەندێکی هاوڕێی تر نیگەران دەکرد. ئیدی بە هەر هۆیەک بێت ئەمەیان پێ قبوڵ نەدەکرا. تەنانەت وای لێهاتبوو پێش ئەوە من لە ژوورەکەم بچمە دەرەوە – من سونەتەکانم لە ژووری خۆم دەکرد – قامەتیان دەکرد و کەسێکی تریان بۆ ئیمامەت پێش دەخست. گەر ئەو کەسەی پێشیان دەخست لە ڕوی زوهد و تەقواوە کەسێکی شیاو نەبووایە، ئەوا منی زۆر نیگەران دەکرد. ئەم جۆرە کارە نامۆیانە، منیان توشی نیگەرانیەکی لە ڕادەبەدەر کرد. لە تاو ترسی ئەوەی بە تایبەت لەگەڵیاندا دانیشم و باسی هەندێک شتیان لەگەڵدا بکەم و لەمەشەوە فیتنە دروست ببێت، هەڵدەلەرزیم.

هەروەها ئەوانەی جارانیش وازیان نەدەهێنا، هەندێکیان دەهاتن و چاویان بە هەندێک لە هاوڕێکانمان دەکەوت. چاویشیان بە هەریەکێک لەوان دەکەوت، بەرامبەر ئێمە توشی لێڵی و سەرلێشێوانیان دەکردن.

 

هەروەها لە نێوەند ئەم کەین و بەینەدا، هاوڕێی بە ئەمەک و بە وەفا کەم نەبوو. سەرەڕای هەموو شتێک، تەنانەت گەر کەمێکیش بێت هەندێک لە هاوڕێکان جیابوونەوە. خۆ گەر بە پەلە فریای هەندێکیان بکەوتینایە و هەر ئەو شەوەی جیا دەبوویەوە بمانگێڕایەتەوە ئەوا نەدەڕۆشت، مەگەرنا تا ماوەیەکی زۆر ساردوسڕی لە نێوانمان دروست دەبوو. بەڵام سوپاسی خودا دەکەم، ئێستا هەموو هاوڕێکانمان لەسەر هەمان ڕێچکەن.

 

بردن و جیاکردنەوەی هەندێک لە هاوڕێکانمان، لەو سەردەمەدا بوو کە خزمەت لە ئیزمیر جێگای خۆی گرتبوو. لەو ڕۆژانەی بە ئیهانەت کردن بە خزمەتی ئیمانی و قورئانی تۆمەتبار دەکراین، وەک ئەوەی دڕکەزی(کاکتوس) قوت بدەین، تاڵاوی ناسۆریمان دەچەشت. بەڵام جگە لە ئارامگری چیمان لە دەست دەهات؟ هەربۆیە نهێنیەکانمان لە نێوەندی چوار دیوار هێشتەوە و نەمانکردە دەر.

دیسان ڕۆژێکیان گەورەکان لە نێو خۆیاندا بڕیاریانداوە و پاشان هاتنە لای من و وتیان ” ئێمە لە نێو خۆماندا ڕاوێژمان کردووە و گەر تۆ چەند کەسێکی تریش دەخوازن دەتوانن بێن و قسەمان سەبارەت بە فڵان و فیسار بابەت لەگەڵدا بکەن”، ئەو کەسانەشی ناویان برد هەموویان لە دەرەوەی خزمەت بوون، ئیدی لەو کاتەدا ئارامم نەماوە و قسەی توندم کرد، پێموایە هێندەی بیرم مابێت وتم:

” بۆ خاتری خودا قسە بکەن! ئێوە چیتان فیدای ڕێگای بەدیعوزەمان کردووە! کام شۆرەت و زانایی و پلە و پایەتان فیدای ڕێگەی ئەو کرد هەتا ببنە خوێندکاری ئەو. بە پێچەوانەوە لەم ڕێگەیە بوونە خاوەنی شەرەف و خرانە سەر شان، ئێستا وەک ئەوەی تەنیا ئێوە خاوەنی قسە و مامەڵە بن، دێن و دەڵێن فڵان و فیسار شت دەکەین. ئەمە یەکەم و کۆتا قسەم بوو بەرامبەر ئەو کەسانەی بە درێژایی ژیانم ڕێزم لێگرتبوون. خۆزگە ئەم قسانەشم بەرامبەر نەکردنایە و دڵی کەسیانم زویر نەکردایە.

بێگومان بەم قسانەم هیچ لە ئەسڵی بابەتەکە نەگۆڕا، هەموو کەس بە گوێرەی خۆی دەڕۆشت بەڕێوە و  بە ناوی خزمەتەوە غەیبەت دەکرا و ئیجتیهادە هەڵەکان، یەک بە دوای یەکدا دەهاتن. هەروەها بۆ سوکایەتی کردن بە کەسانێکی تر، لە لێکچواندن و نمونە هێنانەوەکانیاندا ڕەچاوی هیچ چوارچێوەیەکی شەرعیان نەدەکرد و ئیزمیر بەم شێوەیە بەردەوام بوو لەسەر ڕێچکەی خۆی. هەندێک جاریش دەموت چۆن ئەم مرۆڤە کە زیاتر لە هاوڕێ نزیکەکانم جوان و پڕ ئیخلاسترن، ڕەچاوی ئەم تایبەتمەندیانە ناکەن و نایبینن. هەندێک جاریش دەموت ئەمە کەفارەتی هەندێک لەو گوناحانەیە کە کردوومە و لەم ڕێگەیەوە دڵنەوایی خۆمم دەدایەوە. هەندێک جاریش بە خۆمم دەوت: تۆ نەبوویت بە خۆتت دەوت گەر هەموو دونیا بە شێوەیەکی ڕێکخراو هێرشم بۆ بهێنن من هەر لە خزمەتی خۆم بەردەوام دەبم، ئیدی بۆ بەرگەی شتێکی بچوکی لەو شێوەیەش ناگریت؟!

لە ڕێگەی ئەم جۆرە بیرکردنەوانە پێداچوونەوەم بە خۆمدا دەکرد و هەمیشە دەموت خەمێکی ناو دڵ لە کێشە گەورە دەرەکیە شاخئاساکان سەختترە و منیش لە ژێریاندا دەمناڵاند.

سەرەڕای هەموو ئەمانە من هەر دەچمە ئێدرەمیت و هاتوچۆی دەکەم، نیەتی ئەوەم هەبوو کە بەردەوامی بدەم بە وتارەکانی ئەوێم. بەڵام من دەمویست لەگەڵ هاوڕێ تایبەتەکانمدا دابنیشم و باسی بابەتە ئیمانی و قورئانیەکان بکەم. بەڵام لە کەسیانەوە وەڵامێکی ئەرێنیم وەرنەگرت، دەبوو کەمێک زیاتر چاوەڕێ بکەم…

 

ئەنگواس: نارەحەتیەکی جەستەیی و دەرونیەوە کە دەبێتە هۆی گرژبوونی ماسولکەکانی سەرو سک هەتا دەگاتە قوڕگی مرۆڤ.

 

 

Show More
Back to top button