وتار

ناحەق بەسەرتاندا سەرکەوت و قۆڵبەستی کردن و خستنیە زیندانەکانەوە بەڵام…

بەخامەی/ عەبدوڵڵا ئایماز

عەبدوڵڵا ئایماز، نوسەر

زوو زوو ڕوبەڕوی ئەو پرسیارە دەبینەوە کە ئایا ئەم قۆناغە کەی کۆتایی پێ دێت؟ حەزرەتی ئوستاد لە وتارێکیدا بە ناوی ” گوڵەکانی گوڵبەڕۆژە” کە لە ساڵی ١٩١٩ لە کتێبی تیشکەکاندا بڵاویکردۆتەوە وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە.

حەوتەم: ئەو کۆسپانەی تامەزرۆییمان دەشکێنن

لە کاتێکدا سواری ئەسپی تامەزرۆیی بووین و یەکە یەکە کۆسپەکان تێدەپەڕێنین، حەزرەتی ئوستاد ئاگادارمان دەکاتەوە لە هۆکاری حەوتەمی تێکشکاندنی تامەزرۆییمان و دەڵێت “ئەوانەی دەیانەوێت دەست بخەنە کاری خوداوە دوژمنانی بێ دینن، زلـلە لە دەمووچاوی هیممەتتان دەدات و چاویان کوێر دەکات، ئێوەش لە رێگەی ڕێسای ئایەتی ١١٢ ی سورەتی هود کە دەفەرموێت ‘وەک فەرمانتان پێکراوە لەسەر ڕێگەی ڕاستی خۆتان بن’، دواتر ڕێسای ‘ بەسەر کەسی پەروەردەکارتدا فەرمان مەکە و خۆت مەکە بە فەرمانپێکەری’، لە ڕێگەی زانینی ئەرکی خۆتەوە ڕوبەڕوی ئەو دوژمنە ببنەوە و سنوری خۆیی پێ پشان بدەن”.

یەکێک لەو هەڵانەی موسوڵمان بەرەو کاری خراپ ئاڕاستە دەکات، حاشا لێپرسینەوەیەتی لە حیکمەتی کارەکانی خوداو، دواتر بێ ئەوەی حساب بۆ هیچ شتێک بکات کە بەسەری دێت، وەک ئەوەی یاری قومار دەکات دەڵێت ” ئەوەی ڕوو دەدات با ڕوو بدات”، بەرەو گەورەترین مەترسیەکان ملی ڕێدەگرێت و کۆمەڵیکی زۆر لە هاوڵاتیانیش دوای خۆیان دەدەن و، بەرەو گومی مەنگیان دەبات. هەندێک یاسای خودایی هەیە کە ناتوانیت بیانگۆڕیت، تەنانەت سەرداری مرۆڤایەتیش هەندێک جار نەیتوانیوە گۆڕانکاری بکات لەم یاسایانەدا. بۆ نمونە ئەویش لە جەنگدا قەڵغانی لەبەر دەکرد و خۆی دەپاراست لە هێرشی دوژمن. لە بەرامبەر ئەو کەسانەی هانیان دەدا کە دەیانوت” با بجەنگین پێغەمبەری خودا، با بجەنگین”، چاوەڕێی کرد و هەتا خودا مۆڵەتی نەدا، دەستی بۆ بژاردەی جەنگ نەبرد.

 

داگیرکەران سەدان ساڵە زۆر باش دەزانن، کە چۆن هاوڵاتیان بڕژێننە سەر شەقامەکان، باشیش دەزانن کە چەند دەمارێکی هەستیاریان هەیە بتوانیت لە ڕێگەیانەوە بیانبزوێنیت. هەروەها  بە چاکی حسابی ئەوەیان کردووە لە کاتی ڕژانە سەر شەقامدا چۆن بیانکەن بە قوربانی .  هەر بۆیە ئەو بێمێشکە داماوانەی لەم ڕێگەیە دەڕژێنرێنە سەر شەقامەکان،  وەک ئەوەی دەسکەنەی سەوزایی بکەن، لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە کەلەپاچە دەکرێن و یەکە یەکە لە ڕەگەوە هەڵیان دەکێشن.

زوو زوو لێمان دەپرسن ئەم قۆناغە چۆن کۆتایی دێت؟

حەزرەتی ئوستاد لە کتێبی تیشکەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە و دەڵێت:

گەر حەقێک وەک هێزێك مابێتەوە، یاخود بێ هێز کەوتبێت، یان ئەوەتا تێکەڵ بە شتی تر کرابێت و هەندێکیش وەک ساختەکەری دراوەکان ساختەیان تێوە ئاڵاندبێت، دەبێت دووبارە بدۆزرێتەوە و هێزێکی تازەی پێبدرێت. هەندێک جار ناحەق خۆی بەسەر ئەو حەقەدا دەسەپێنێت هەتا ئەو کاتەی لای هەموو لایەک حەق و ناحەق جودا دەبێتەوە و، حەقەکە بێ هیچ خڵتەیەک سەر ئاو دەکەوێت و ئاشکرا دەبێت.

گەر قۆناغەکە پێش پێگەشتنی تەواو بێت، ئەوا وەک منداڵێکی لەبار چوو لە دایک دەبێت. سەیرکەن لە کاتێکدا ئاینی ئیسلام و موسوڵمانان لەگەڵ تیرۆردا ناویان دەهێنرا، بزاڤی خزمەت لە ١٧٠ وڵاتی دونیا چالاکی پەروەردەیی گرنگی پشان دەدا، مرۆڤەکان پەروەردە دەکرد و بەها گەردونیەکان لە ڕێگەی کردار و گوفتارەوە فێری هەموو لایەک دەکرد. ئەمانە هەمووی شتی جوانن، بەڵام هەرچەندە تۆ بڵێیت ” ئێمە فیداکارانی ڕێگەی خۆشەویستین، ئێمە جوڵانەوەیەکی ئاشتیخوازانەین بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی لەسەر ڕووی زەوی”، لە کۆتاییدا هەر گروپێکی موسوڵمانان پێک دەهێنیت. هەرچەندە بە نەرمی و دڵسۆزی و گەرمیەوە ڕەفتار و گوفتارت هەبێت وەک مرۆڤێکی باش، سەرەئەنجام تۆ هەر موسوڵمانیت. واتە لە جیهاندا هەر بە گومانەوە تەماشات دەکەن، تەنانەت لە هەندێک شوێن بە ترسەوە لێت دەڕوانن. هەموویان بیر لەوە دەکەنەوە کە تۆ بڵێی ئەمانیش ڕۆژێک دەست بدەنە توندوتیژی، هەموو لایەک نیگەرانیەکی لەو شێوەیەی هەیە. هەموویان خوازیاری ئەوەن تاقیان بکەنەوە و لە تێستێکدا بیانبینن. هەر بۆیە قەدەر مۆڵەتی پێداو، حیکمەتی ئیلاهی خۆی دەرخست، ناحەق بەسەرتاندا زاڵ بوو. دەست و قۆڵیان شکاندان، زیندانەکانیان لێ پڕ کردن، دەستیان گرت بەسەر ماڵ و موڵکی هاوسۆزانی بزاڤی خزمەتدا،  تەنانەت بە شێوەیەکی زۆر زاڵمانە دەستیان گرت بەسەر ئەو سەروەت و سامانەی لە باوک و باپیرانتانەوە بۆتان جێمابوو. ئەمەش بەس نەبوو… دەستیان برد بۆ شوێنێکی هەستیارترتان، کچان و هاوسەرەکانیشتانیان دەستگیر کرد و بە کەلەپچەکراوی لە ماڵەکانتان دەریان هێنان و خستیاننە زیندان. چاوەڕیی ئەوەیان کرد بڕژێننە سەر شەقامەکان، زۆر چاوەڕێیان کرد شتێکی نەرێنی ئەنجام بدەن، بەڵام ئێوە هیچ کارێکی نەرێنیتان ئەنجام نەدا، چونکە مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن لە یەکەم ڕۆژی وتارەکانیەوە بەوپەڕی ڕاستگۆیەوە بە ئێوەی وت” گەر هاتن و لە کاتی وتارداندا منیان کوشت بە بەرچاوی ئێوەوە، هەوڵی تۆڵە سەندنەوە نادەن، گەر گۆشتی من پارە پارە بکەن و لەسەر شەقامەکان فڕیی بدەن، ناڕژێنە سەر شەقامەکان و لە مەیدانەکاندا خۆتان پشان نادەن”، مامۆستا بەم شێوە ڕاستگۆیانە هاواری لە ویژدانی کرد.

ئێستا هەموو دونیا باوەڕی پێکردن و لەم تاقیکردنەوەیە بە ڕوو سووری دەرچوون.

من لێرەدا باسی ڕاستیەکان بۆ هەموو مرۆڤەکان و بە تایبەتی ئەهلی ویژدان و ئینساف دەکەم:

لە دوای کودەتای ١٩٨٠، یەکێک لە بەرپرسی بەشە ناوخۆیەکانمان، زلـلەیەک دەدات لە منداڵیکی هاروهاجی ئەو بەشە، ئەویش دەڵێت بەسەرتانەوە ناچێت و دەچێت لای دەسەڵاتی سوپا سکاڵا دکات کە گوایا لە بەشی ناوخۆییە چالاکی کۆنەپەرستانە(ئاینی) ئەنجام دەدرێت. دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیس دەگەنە سەر بەشە ناوخۆیەکە و بەرپرسەکە و خوێندکارەکان و، پزیشک و یاریدەدەرێکیشی دەستگیر دەکەن کە بۆ چارەسەری خوێندکارە نەخۆشەکان هاتبوون. کاسپکارانی بەرپرس لە بەشە ناوخۆیەکە و کەسوکاری خوێندکارەکان زۆر نیگەران دەبن، ئەو کاتە بزاڤی خزمەت زۆر نوێیە، نازانن چی بکەن، هەندێکیان دەڵێن با بەشە ناوخۆیەکە دابخەین، یەکێک لە ڕیش سپیەکانی ئەو کاتە کۆیان دەکاتەوە و دەڵێت” کاتێک لە گوندەکانی قەیسەریەوە هاتین بۆ ئێرە، تەنیا خاوەنی گوریسێک بووین، کاری حەماڵیمان دەکرد. ئێستا خودا ئەم هەموو شتەی بە نسیب کردووین، با بچین بە فەرماندەی ناوچەکە بڵێین، بابەتەکە تەنیا ئەوەیە زلـلەیەک لە منداڵێکی هاروهاج دراوە و خۆزگە لێی نەدرایە، بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەی هەموو بەشە ناوخۆیەکە دەستگیر بکەیت، بە فەرماندە دەڵێین ئێمە خاوەنی کارگەیەکین کە کێبڵی کارەبایی بۆ سوپا دروست دەکات، گەر بە دوای تاوانباردا دەگەڕێت با ئێمەش دەستگیر بکات، چونکە ئێمە ئەم بەشە ناوخۆییەمان کردۆتەوە، کارگەکەمان دادەخەین و با ١٠ ساڵێک زیندان بین”.

دواتر دەڕۆن بۆ لای فەرماندەی سوپا و باسی عەرز و حاڵی خۆیان دەکەن، فەرماندە دەڵێت کەوا ئاگای لە بابەتەکە نیە، کاتێک لە ڕاستیەکە ئاگادار دەبێتەوە، بە فەرمانێک هەموویان ئازاد دەکات.

ئێستاش پێویست بە دڵانێکی ئازایە کە باسی ڕاستیەکان بکات،مرۆڤایەتی هەمیشە بە خێر یادی ئەم جۆرە کەسانە دەکاتەوە، پاشان ئەمە داوایەکی حەقە، خزمەتێکی ئامانجی ژیانی ئاخیرەتە. کەس ناتوانێت کۆتایی پێبهێنێت، ئەوەی ئامانجێکی وەهای هەبێت، خودا کۆتایی بە خۆی دەهێنێت.

 

سەرچاوە:Shabar3

 

 

 

 

Show More
Back to top button