هەواڵ

مەیدانەکانی ئەوروپا پڕبوون بۆ پشتیوانی لە منداڵە دەستگیرکراوەکان لە تورکیا

 

بە بۆنەی ڕۆژی ٢٠ی تشرینی دووەمەوە کە ڕۆژی جیهانی مافەکانی منداڵانە، لە زۆرێک لە شارەکانی ئەوروپا، بە تایبەت لە شارە گەورەکانی وەک برۆکسل، بەرلین، شتوتگارت، ستراسبۆرگ، پاریس، خەڵکی بۆ دەربڕینی پشتیوانی بۆ ئەو ٨٦٤ منداڵە ساوایەی لەگەڵ دایکیان لە گرتووخانەکانی تورکیادا بەندکراون چوونە سەر شەقامەکان و چەندین چالاکی جۆراوجۆریان پێشکەشکرد.

لە ڕۆژی جیهانی مافەکانی منداڵاندا، دەبینین لە تورکیادا بارودۆخی منداڵان و داهاتوویان لە تاریکیدایە. هاوشێوەی زۆرێک لە بوارەکانی دیکە، تورکیا لە پێشێل کردنی مافەکانی منداڵاندا لە بارودۆخێکی زۆر خراپدایە. بە تایبەت لە کاتێکدا ژمارەیەکی ئێجگار زۆر منداڵی ساوا لەگەڵ دایکیاندا لە گرتووخانەکاندا بەند کراون.

هەرچەندە تا ئێستا هیچ ئامارێکی فەرمی بۆ ئەمساڵ لەبەردەستدا نییە، بەڵام بە گوێرەی ئامارەکانی ساڵی ڕابردوو نزیکەی ٢ هەزار و ٥٠٠ منداڵ لە گرتووخانەکاندا بەند کراون. ئەو گرتووخانانەی منداڵانی تێدا بەندکراون بە شێوەیەکی بەردەوام لەگەڵ ڕووداوەکانی ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپدا باس دەکرێن. لە دوایین ڕووداودا، لە ڕاپۆرتی دەزگای مافەکانی مرۆڤ و یەکسانی لە تورکیادا باس لەوە کرا کە لە گرتووخانەی سینجانی منداڵان بە سەختی ئەشکەنجەی منداڵان دراوە. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە کرا کە لە گرتووخانەکەدا دوای کوژاندنەوەی گڵۆپەکان منداڵان بە سەختی لە لایەن پاسەوانەکانی ناو زیندانەوە ئەشکەنجە دراون.

 

 

بەندکردنی منداڵانی تەمەن ٠ بۆ ٦ ساڵ لە گرتووخانەکاندا یەکێکی دیکە لە پێشێلکارییە گەورەکان بەرامبەر بە مافەکانی منداڵان. ئەو منداڵە ساوایانەی لەگەڵ دایکیاندا بەند کراون لە گرتووخانەکاندا دوور لە پارک و شوێنی یاریکردن ناچار دەبن بژین. ئەوەش جگە لەوەی دەبێتە هۆی درووستبوونی کێشەی دەروونی لە هەمان کاتدا کێشەی تەندرووستیشیان بۆ درووست دەکات. ژمارەیەکی زۆر منداڵ کە لە ئێستادا لە گرتووخانەکاندان کاتێکدا دایکیان لە زینداندا بووە لەدایکبوون و یەکەم ڕۆژی تەمەنییان لە گرتووخانەدا بەسەر بردووە و بەو شێوەیە دەستیان بە ژیان کردووە.

لە ئێستادا ٨٦٤ منداڵی ساوا کە تەمەنییان لە نێوان ٠ بۆ ٥ ساڵدایە، لەگەڵ دایکیان لە گرتووخانەکانەکانی تورکیادا دەمێننەوە. ئەوەش بووەتە جێی ڕەخنە لە سەرانسەری جیهاندا و لە کاتی بەڕێوەچوونی چالاکی و خۆپیشاندانەکان لە دژی ئەو بارودۆخە خەڵکی درووشمی “ئەگەر تۆ بێدەنگ بیت منداڵان لە زینداندا گەورە دەبن” و “با بێدەنگ نەبین” یان بەرزکردبووەوە.

http://www.samanyoluhaber.com/turkiyedeki-tutsak-bebekler-icin-avrupanin-meydanlarini-doldurdular-haberi/1338443/

Show More
Back to top button