هەواڵ

مەگەر بەرکەوتنی با بە ڕووخسارت چەند نیعمەتێکی گەورەیە

 

مامۆستا ئێنگین کارا کە نەخۆشی جگەری هەیە سزای ٦ ساڵ و ١٠ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرابوو، بۆ ماوەی ٦ مانگ دواخرا. مامۆستا ئێنگین لە بەرواری ٢ی نیسانی ٢٠١٩ لە نەخۆشخانەی تورگوت ئۆزال لە مالاتیا گواستنەوەی جگەری بۆ ئەنجام دراوە. پێشتر لە ژێر چاودێری جەندەرمەدا چارەسەری پزیشکی بۆ دەکرا بەڵام ئێستا ئیتر بێ ئەوەی سەرباز بەسەرییەوە ڕابوەستێت دەتوانێت چارەسەری پزیشکی وەربگرێت و قۆناغی چارەسەرییەکەی بە پشتیوانی ئۆلجای کارای هاوسەری بەڕێوە دەچێت. مامۆستا ئێنگین دەربارەی دواخستنی سزاکەی وتی “لە ڕووی دەروونییەوە زۆر ئاسوودە بووم. بە پێ ڕۆشتن، پێ دانان لەسەر فەرش، و بەرکەوتنی با بە ڕووخسارت چەند نیعمەتێکی گەورەیە. زۆر سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە پشتیوانم بوون”.

مامۆستا ئێنگین دوای ئازادکردنی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی بۆڵد میدیا ئەنجامدا و بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە:

 

 

مامۆستا ئێنگین کەفارەتت بێت! بڕیاری دواخستنی سزاکەتان دراوە.

زۆر سوپاستان دەکەم، خودا لە هەموو ئەو کەسانە ڕازی بێت کە پشتیوانم بوون. لە ڕاستیدا بە پێی ڕاپۆرتەکەی نەخۆشخانەش هەر دەبوو وابێت. پزیشکەکان وتیان ‘ناتوانێت بچێتەوە ناو گرتووخانە’. بارودۆخەکەشم هەر وای پیشان دەدا. پێشتر نەخۆش هەبووە کە ڕاپۆرتی پزیشکی بۆ نەکراوە و حاڵەتەکەیان گۆڕاوە بۆ شێرپەنجە. ئەو حاڵەتانەیان لەبەرچاو گرت. ئینشاالله ئەو کەسانەش کە ڕاپۆرتیان پێ نەدراوە بە زووترین کات ڕاپۆرتیان پێ دەدرێت. نەخۆشی گواستنەوەی جگەر نەخۆشییەکی هەستیارە.

 

هەست بە چی دەکەیت؟

سوپاس بۆ خوا مێشکم ئاسودە بووە. چوار مانگە هەموو بەیانییەک سەرباز دەهاتە ئێرە. لە هەمان ژووردا لە تەنشتمدا دەمایەوە. دەستیان وەردەدایە هەموو خواردن و هەموو خواردنەوەیەکمانەوە. ناهێڵن هەموو شتێک بخۆین. خواردنی زیادە هەیە کە پێویستە بیخۆین. خوێنمان لێ وەردەگیرێت و دەردەکەوێت کە لە خوێنەکەماندا ڕێژەی پرۆتین کەمە. ڕێگەیان نەدەدا ئەوە لە دەرەوە وەربگرین. سوپاس بۆ خوا هەموو ئەوانە تەواو بوون.

 

 

بۆچی دەستوەردەدەنە خواردنەکانتەوە؟ ئایا پزیشکەکان هەرچییەکتان پێ بڵێن نابێ ئەوە بخۆن؟

لە نەخۆشخانەش هەر کار بە یاساکانی ناو زیندان دەکرێت. هەرچەند نەخۆشیش بیت هەر وەک بەندییەک مامەڵەت لەگەڵ دەکرێت. ناتوانیت لە دەرەوە هیچ شتێک بکڕیت. نەخۆشخانە چیت پێ بدەن هەر ئەوەیە… تەنانەت دەنگم نووسا بوو، من وام دەزانی ئەوە بە هۆی نەخۆشییەکەمەوەیە، بەڵام دواتر بۆم دەرکەوت کە بە هۆی بێزاری  و هیچ قسە نەکردنەوە بووە. دوای ئەوەی بڕیارەکە دەرچوو لە ماوەی دوو ڕۆژدا دەنگم چاک بووەوە. کاتێک کەست لە چواردەور نەبێ وات لێیەت. بە دڵنیاییەوە ئازارم هەیە، بەڵام ئێستا دەمەوێت ساتێک زووتر خۆم کۆبکەمەوە و لەم نەخۆشخانەیە بچمە دەرەوە. ئێستا لە دۆخێکی هەستیاردام وەک منداڵێک، وە بە درێژایی تەمەن بەو شێوەیە دەمێنێتەوە.

 

ئێستا لە کوێیت؟

لە نەخۆشخانەی تورگوت ئۆزال لە مالاتیام. هەر لە هەمان ژووری پێشتردام. تەنها سەربازەکان ڕۆشتوون. هەرکات بمەوێت دەتوانم بچمە دەرەوە و تیشكی خۆر ببینم، دەتوانم بۆ هەموو شوێنێک بڕۆم بەڵام بە وەرگرتنی مۆڵەت لە پزیشکەکان. ئازاد بووم بەڵام هێشتا لە نەخۆشخانە دەرنەچووم.

 

لە ڕووی دەروونییەوە ئاسوودە بوویت؟

بەڵێ بە دڵنیاییەوە. بۆ نمونە پێویست دەکات من زۆر بڕۆم. پێشتر نەمدەتوانی بڕۆمە دەرەوە و لە ڕاڕەوەکاندا پیاسە بکەم، تەنانەت هەندێک جار ڕێگەیان نەدەدا لە ناو ژوورەکانیشدا پیاسە بکەیت. لۆمەی هیچ کەسێک ناکەم، هەمووان ئەرکی خۆیان بەجێ دەگەیەنن بەڵام منیش ئەو کاتانەی نەدەڕۆشتم ئازارەکانم زۆر زیاتر دەبوون. لە ئێستادا مێشکم ئاسوودەیە. هاوسەرەکەش زۆر ئازاری چەشت بەڵام ئێستا ئەویش دڵی خۆشە.

 

ئازادبوونت و باشتربوونی بارودۆخی تەندرووستیت هەستێکی چۆن لە لای تۆ درووست دەکات؟

ئەو شتانەی پێشتر بەهایان نازانیت، لێرە بەهایانت بۆ دەردەکەوێت. هاوسەرەکەم فەرشی لە ژوورەکەدا ڕاخستبوو. بتوانیت پێ لەسەر فەرش دابنێیت چەند نیعمەتێکی گەورەیە. بەرکەوتنی با بە ڕووخسارت چەند شتێکی خۆشە، چەند نیعمەتێکی گەورەیە. سوپاس بۆ خودا گەڕامەوە بۆ ژیانێکی ئاسایی. بەڵام تا ئێستاش بە ژیانی ئاسایی ڕانەهاتوومەتەوە و بەردەوام لە ناخمدا هەست دەکەم کە سەربازێک لەگەڵمدایە و چاودێریم دەکات، یاخود ئەگەر بڕۆم بۆ شوێنێک شتێک ڕوو دەدات. خودا لە هەموو ئەو کەسانە ڕازی بێت کە هەوڵیانداوە و پشتیوانم بوون.

مامۆستا ئێنگین کارا دوای ٢٢ ساڵ لە مامۆستایەتی، دوای هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی ١٥ی تەمووز لە چوارچێوەی ئەو ڕەشبگیرەی بەرامبەر بە هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت ئەنجام درا لە بەرواری ٥ی شوباتی ٢٠١٧ دەستگیر کرا. بێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک هەبێت کە بیسەلمێنێت پەیوەندی بە هەوڵی کودەتاکەوە هەبووە یاخود پەیوەندی بە گرووپی تیرۆریستییەوە هەبووە، ئێنگین کارا سزای ٦ ساڵ و ١٠ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا. دواتر لە زینداندا تووشی نەخۆشی جگەر بوو و بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری گواستنەوەی جگەر گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە.

 

http://m2.shaber3.com/meger-ruzgrin-yuzunuze-degmesi-ne-buyuk-nimetmis-haberi-1328889.html

Show More
Back to top button