بیروڕا

مەردێکی تری هیجرەت بەرەو جەنابی حەق گەڕایەوە

بەخامەی: عیسمەت ماجید

 

 

لە پاریس لەو ماڵەی کە تێیدا دەمێنمەوە، چاوم بە گەنجێکی شەرمنی ڕێکوپێک کەوت و یەکترمان ناسی.

بە زەردەخەنەیەکەوە و بە شێوەیەکی شەرمنانە پێیوتین کەوا ناوی یاسینە و لە وڵاتی مالیەوە هاتووە. ساڵانێکی دوور و درێژ لە وڵاتی مالی خزمەتی کردووە و کاتێک پاسپۆرتەکەیان بۆ تازە نەکردۆتەوە، بەرەو دووهەمین وڵاتی خزمەتکردنی، واتە بەرەو فەڕەنسا بەڕێکەوتبوو.

دواتر زانیم کەوا شێرپەنجەی هەیە… ڕۆژێک بە دەنگە خەمناکەکەی کە جەرگی مرۆڤی دەکرد بە ئاو وتی” برا گەورەکەم، نسیبی من لەوەدا بووە کە لێرەدا چارەسەری پزیشکی وەربگرم”.

٧ مانگ پێکەوە ژیایین، هاوسەرەکەی بوشرا و کورێکی بە ناوی موحسینیش لەگەڵیدا بوون. منداڵە بچوکەکەی زۆر خۆش دەویست. موحسین تازە خەریک بوو دەبێت بە ساڵێک. فێری ئەوە بوو بوو کە لە ناوچەی درانسی پاریس پیاسە بکات، هەروەک گوڵی موهاجیرەکان وەهابوو…

سەرەڕای ئەوەی یاسین چارەسەرێکی سەختی کیمیایی وەردەگرت، بەڵام بە دانیشتنیشەوە بووایە هەر نوێژەکانی نەدەفەوتاند.

یاسین زۆر نزای بۆ کاربەدەستانی فەڕەنسا کرد، ئەو کاتەی لە نەخۆشخانە بوو، زۆر بە باشی چاودێریان دەکرد.

منداڵی خانەوادەیەکی قەرەباڵغ بوو، ساڵانێکی زۆر بوو کەوا چاوی بە مەمەلەکەتەکەی خۆی نەکەوتبوو.

ئیدی ئەوەی پێی دەڵێن “قۆناغی ئێستا”، وەک گەردەلولێک لە خۆشەویستانی جیاکردبوویەوە. یاسین لەو کاتەی لە ژیانی غوربەتدا لەگەڵ نەخۆشی بێ دادی شێرپەنجەدا بەربەرەکانی دەکرد، کاربەدەستانی ئەو وڵاتەی کە زۆری خۆشەویست، بە هاوڕێکانیان دەوت تیرۆریست. یاسین زۆرترین خەفەت و قەهری بەو قسەیە دەخوارد.

شەوێکیان کە خەمی دڵمان بۆ یەکتری بە با دەکرد وتی ” براکەم کە زۆر منداڵ بووم نزام دەکرد و  هیوایەتم ئەوە بوو چاوم بە دوو کەس بکەوێت، یەکەمیان ئەحمەد کەیا و دووهەمیان مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن بوو. ئەحمەد کەیا مرد و نەمبینی، وابزانم تەمەنم بەشی ئەوەش ناکات کە چاوم بە مامۆستاش بکەوێت”. من کەمێک بە توڕەیی و سوعبەتەوە وتم” شتی وا چۆن دەبێت، چاک دەبیتەوە و پێکەوە دەچینە سەردانی مامۆستا”. ئەو شەوە پێکەوە تێر گریاین…

تەمەنی بەشی بینینی مامۆستای نەکرد و پێش هەموومان گەشت بەو شوێنەی کە هەموومانی بۆ دەچین. لەو ڕۆژەی یادی مەولودی پێغەمبەرە گەڕایەوە لای جەنابی حەق …

فرمێسکەکانم خواردەوە و وەک ئەوەی بە چەقۆ پارچەیەکیان لەمن کردبێتەوە کەسێکم لێ ڕۆشت.

خۆیشی وەسیەتی کردبوو” هەر لەو وڵاتەی هیجرەتم بۆی کردووە بمنێژن”…

لەبەر وەسیەتەکەی، لە شاری مارسیلیا کە بە شێوەیەکی مەعنەوی تاپۆی کردبوو لەسەر خۆی، بە خاکمان سپارد. وەک تۆوێک خستمانە ژێر خاک و بە هیوای ئەوەی ڕۆژێک سەوز ببێت و سەرچڵ دەرکاتەوە.

 

ئاخ یاسینەکەم… ئێمەش بە چەشنی سەردارمان کە ئیبراهیمی کوڕی لە تەمەنێکی بچوکدا وەفاتی کرد:” چاوەکانمان پڕ دەبن لە فرمێسک و دڵەکانیشمان خەمبار دەبن، بەڵام یەک هەنگاو لەوەی خودا فەرمانی پێکردووە ناچین بەولاوە”. سڵاومان بگەیەنە بە تەواوی کەسە گەورەکان، تەواوی ئەوانەی لە پێش تۆدا هیجرەتیان کردووە و شەهید بوون.

لە ماوەی ئەو ٧ مانگەی پێکەوە ژیاین، ڕێز و ئەدەبی تۆ وەک کریستاڵێک لەبەردەممدا پەیکەری دروست کردووە و وەک برای خوێنی خۆم خۆشم ویستیت؛ ئێوەش فاتیحایەک بۆ ڕۆحی یاسین بنێرن…

تێبینی سەرنوسەر: ڕەحمەتی ناوی یاسین کەرەمان بوو.

Show More
Back to top button