بیروڕا

‘مەدرەسەی یوسوفییە’

بەخامەی: عەبدوڵڵا ئایماز

 

“با تەماشایەکی ئەو شتانە بکەین کە لە ئایەتەکاندا باس کراوە، وە هەروەها با تەماشایەکی حاڵی ئەو کەسانە بکەین کە لەم قۆناغەدا لە لایەن ستەمکارانەوە خراونەتە کونجی زیندانەکانەوە؛ بە دڵناییەوە کۆمەلێک لێکچوونی زۆر دەبینین…”

حەزرەتی یوسف (سەلامی خوای لەسەر بێت) دوای ئەوەی لە بەرامبەر فێڵ و تەڵە و مەکری ژنان، وە لە کۆتاییدا دوای هەڕەشەی ناوزڕاندن و بەندکردن، ڕووی کردە پەروەردگار و ناو زڕاندن و بەندکردنی هەڵبژارد، بەو هۆیەوە بڕیارێکی مەزن لە ئاسمانەوە دابەزی: خودای گەورە پاڕانەوەکانی ئەوەی قبوڵ کرد و لە فێڵ و مەکری ژنان پاراستی. چونکە بە ڕاستی هەر ئەو زاتە بیسەری نزاکانە و زانایە بە دڵ و دەروونەکان. پاشان لە دوای ئەوەی کە بەڵگەی زۆریان بینی لەسەر یوسف وە بۆیان دەرکەوت کە بێتاوانە و بوختانی بۆ هەڵدەبەستن ، وایان بە باش زانی هەتا ماوەیەک هەر بەندی بکەن. (سورەتی یوسف – ئایەتی ٣٤ – ٣٥)

با تەماشایەکی ئەو شتانە بکەین کە لەم ئایەتەدا باسی کراوە، وە هەروەها با تەماشایەکی حاڵی ئەو کەسانە بکەین کە لەم قۆناغەدا لە لایەن ستەمکارانەوە خراونەتە کونجی زیندانەکانەوە؛ بە دڵناییەوە کۆمەلێک لێکچوونی زۆر دەبینین…

دواتر ژیانی ناو بەندینخانە دەستی پێکرد. با بچینە ژوورەوە و چاوێک بەو ڕووداوانەدا بخشێنین کە لە ناو ئەم مەدرەسەیەدا ڕوویاندا:

“ئه‌وکات دوو لاوی تریش به‌تاوانی جیا جیا له‌گه‌ڵ یوسفدا خرانه به‌ندیخانه‌وه‌، (هه‌ریه‌که‌یان خه‌وێکی بینی بوو) یه‌کێکیان وتی: بێگومان من خۆمم ده‌بینی له خه‌ومدا ترێم ده‌گوشی و شه‌رابم لێ دروست ده‌کرد، ئه‌وی تریشیان وتی: به‌ڕاستی من خۆمم ده‌بینی له خه‌ومدا که نانم به‌سه‌ر سه‌رمه‌وه هه‌ڵده‌گرت باڵنده لێی ده‌خوارد، ئاگادارمان بکه به‌لێکدانه‌وه‌ی ئه‌م خه‌ونه‌، چونکه به‌ڕاستی ئێمه ده‌بینین تۆ له چاکه خوازانیت”  (سورەتی یوسف – ئایەتی ٣٦)

بەڵێ، بە بێ شەرم کردن بە بێ زۆرلەخۆکردن، کاتێک هەموو ئەو کارانەی ئەنجامدرابوون دەرکەوتن و ئاشکرا بوون، بۆ ئەوەی خۆیانی لێ بێبەری بکەن، کەسە دەسەڵاتدار و بەهێزەکان هەمووان پێکەوە دەستیان لەناو دەستی یەک دانا و لە ڕێگای فشار و فێڵەوە بێتاوانەکانیان کردە شەیتان و وەک تاوانبار دەریانخست و حەزرەتی یوسفیان خستە زیندانەوە. بەڵام حەزرەتی یوسف زیندانی وەک مەدرەسە و زانکۆیەک دەبینی و ڕاستەوخۆ دەستی کرد بە پەروەردە و فێرکردن، وە وەڵامی پرسیاری هەموو ئەو کەسانەی دەدایەوە کە پرسیاریان دەکرد. بەڵام پێش ئەوەی وەڵامی لێکدانەوەی ئەو خەونانە بداتەوە کە پرسیاری دەربارەیان لێ دەکرا، وانەی یەکتاپەرستی دەوتەوە و زەمینەسازی دەکرد بۆ ئەوەی بانگەوازەکەی بگەیەنێت:

” یوسف وتی: (من ته‌نها لێکدانه‌وه‌ی خه‌ون نازانم به‌ڵکو جگه له‌وه‌ش) هیچ خواردنێکتان بۆ نایه‌ت که ده‌رخواردتان بدرێت که من نه‌زانم چیه و چۆنه پێش ئه‌وه‌ی بگاته لاتان (ئه‌مه‌ش ئازایه‌تی خۆم نیه‌) به‌ڵکو ئه‌وه هه‌ندێکه له‌وه‌ی په‌روه‌ردگارم فێری کردووم و بزانن به‌ڕاستی من به‌رنامه‌ی قه‌ومێکم واز لێهێناوه که باوه‌ڕ به خوا ناهینن و هه‌میشه بڕوایان به قیامه‌تیش نی یه‌. به‌ڵکو شوێنی ئایین و به‌رنامه‌ی باو و باپیرانم ئیبراهیم و ئیسحاق و یه‌عقوب که‌وتووم، هه‌رگیز ڕه‌وا نی یه بۆ ئێمه هیچ جۆره شتێك بکه‌ینه هاوه‌ڵ و شه‌ریك بۆ خوا، ئه‌وه‌ش له فه‌زڵ و ڕێزی تایبه‌تی خوایی یه له‌سه‌ر ئێمه و له‌سه‌ر خه‌ڵکیش، به‌ڵام به‌داخه‌وه زۆربه‌ی خه‌ڵکی سوپاسگوزاری ناکه‌ن. (سورەتی یوسف – ئایەتی ٣٧ و ٣٨)

بە ئەدا و ئسلوبێکی شیرین و نەرم دەچووە ناو بابەتەکانەوە و ڕاستییەکانی دەخستە بەر چاو. ئەوەی بەبیردەهێنایەوە کە کە خۆشی دەستگیرکراوێکە و هاوڕێی قەدەری ئەوانە، وە دواتر دەچووە سەر بانگەوازە سەرەکییەکەی خۆی:

”   (ئه‌وسا ڕووی تێکردن وتی): ئه‌ی هاوه‌ڵانی زیندانم، ئایا چه‌ند خوایه‌کی هه‌مه جۆر و جیاوازی (بپه‌رسترێن)چاکترن، یاخود خوایه‌کی تاك و ته‌نها و زاڵ به‌سه‌ر هه‌موو شتێکدا؟ جا هه‌رچی ئێوه ده‌یپه‌رستن جگه له خوا، ته‌نها خۆتان و باو و باپیرانتان ناوتان لێناون (ته‌نها ناون و ناوه‌ڕۆکیان نی یه‌)، هه‌رگیز خوا به‌وه ڕازی نی یه و هیچ به‌ڵگه‌یه‌کیشی ڕه‌وانه نه‌کردووه له‌سه‌ر په‌سه‌ند کردنیان، به‌ڕاستی حوکم و فه‌رمانڕه‌وایی جگه له خوا شایسته‌ی که‌سی تر نی یه‌، فه‌رمانیشی داوه جگه له خۆی که‌سی تر نه‌په‌رستن، هه‌ر ئه‌وه‌ش ئایین و به‌رنامه‌ی په‌سه‌ند و ڕاست و دروست و به‌نرخ، به‌ڵام زۆربه‌ی خه‌ڵکی ئه‌م ڕاستیانه نازانن و لێی بێ ئاگان.” (سورەتی یوسف – ئایەتی ٣٩ و ٤٠)

پێی دەوتن “ئەی دۆست و هاوڕێیانی زیندانم کە قەدەر پێکەوە کۆی کردووینەتەوە”، وە بەوەش ئەوانی بۆ لای خۆی ڕادەکێشا و خۆشەویستی ئەوان بەدەست دەهێنا. دواتر بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر کە بیروبۆچوونەکانی خۆیانی تەختی زەوی کرد، دەستی کرد بە باسی هاوبەش پەیداکردن بۆ خودای تاک و تەنها، وە هەموو کرۆک و بنەماکانی بانگەوازەکەی بۆ ڕوون دەکردنەوە. بە شێوەیەکی تێروتەسەل هەموو بابەتەکانی بۆ ڕوون دەکردنەوە. وە دواتر ڕاستەخۆ لێکدانەوەی خەونەکانی بۆ دەگێڕانەوە:

” ئه‌ی هاوه‌ڵانی زیندانیم، ئه‌وه‌تان له خه‌ونیدا ترێی ده‌گوشی ئه‌وه ده‌بێته ساقی پاشا و ڕزگاری ده‌بێت و شه‌رابی پێشکه‌ش ده‌کات، ئه‌وی تریشیان له خاچ ده‌درێت و باڵنده له‌سه‌رو ڕووخساری ده‌خوات، ئیتر ئه‌مه‌ش وه‌ڵامی لێکدانه‌وه‌ی خه‌ونه‌کانتانه و هه‌ر ئه‌وه‌ش بڕیار دراوه‌.” (سورەتی یوسف – ئایەتی ٤١)

وە لە دوای ئەو لێکدانەوەیەش، داوای لەو کەسەیان کرد کە ئازاد دەبێت و دەبێتەوە بە ساقی پاشا، بارودۆخی ئەم بۆ پاشا بەیان بکات. چونکە بە پێ لێپێچینەوە و بەدواداچوون بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە خرابووە کونجی زیندانەوە:

” ئه‌وسا یوسف به‌و که‌سایانی وت: که‌وای ده‌زانی ڕزگاری ده‌بێت و ده‌بێته ساقی پاشا، باسم بکه لای پاشات (که به‌بێ تاوان من به‌ند کراوم)، به‌ڵام شه‌یتان بیری کابرای بردووه که له‌لای پاشا باسی بکات، ئیتر چه‌ند ساڵێك (یوسف به بێ تاوان) له به‌ندیخانه‌دا مایه‌وه‌.” (سورەتی یوسف – ئایەتی ٤٢)

بەڵام ئەو بەندییەی کە ئازاد بوو، وە بوو بە ساقی پاشا کاتێک گەڕایەوە بۆ کۆشک ژیانی ناو کۆشک باسکردنی حەزرەتی یوسفی (سەلامی خوای لەسەر بێت) بۆ پاشا لەبیر بردەوە. لە ڕاستییدا خودای گەورە دەیویست پیشانی حەزرەتی یوسف بدات کە جگە لە خۆی هیچ کەسێک ناتوانێت یارمەتی بدات و ڕزگاری بکات؛ وەک پێویستییەکی ئەو پێگە و مەرتەبەیەی ئەوی تێدا بوو، خودای گەورە دەیویست جگە لە خۆی یوسف داوای یارمەتی و ڕزگاری لە هیچ کەسێکی دیکە نەکات. پاش ئەوەی بەو پەروەردە کردنە، بەرز بووەوە بۆ ئەو هەستە بەرزە، خودای گەورە ئامادەکارییەکانی بۆ ڕزگاربوونی حەزرەتی یوسف لە زیندان دەستپێکرد:

” (شه‌وێك پاشا خه‌ونێکی سه‌یری بینی و بوو به مه‌راقی و له کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا) وتی: به‌ڕاستی من له خه‌ومدا بینیم که حه‌وت مانگای قه‌ڵه‌و له‌لایه‌ن حه‌وت مه‌نگای له‌ڕو لاوازه‌وه خوران، حه‌وت گوڵه گه‌نمی سه‌وز و جوان و حه‌وتی وشکیشم بینی، ئه‌ی زاناو شاره‌زایان ئه‌م خه‌وه‌م بۆ لێك بده‌نه‌وه ئه‌گه‌ر خه‌ون لێك ده‌ده‌نه‌وه‌… ئه‌وانیش وتیان: ئه‌م خه‌ونه تێکەڵ و  بێ سه‌رو بنه و هیچ نی یه‌، ئێمه له لێکدانه‌وه‌ی خه‌ونی بێ سه‌رو بن شاره‌زا نین.” (سورەتی یوسف – ٤٣ و ٤٤)

هەتا ئەم ئایەتە سێ خەون باسکرا. لە سەرەتای هەموویاندا خەونەکەی حەزرەتی یوسف سەلامی خوای لەسەر بێت… وە دواتر خەونەکانی دوو کەسەکەی ناو زیندان، وە لە کۆتاییدا خەونەکەی پاشا …

مامۆستا سەعیدی نورسی کاتێک باسی ئەو خەونانە دەکات دەڵێت: “خەون سێ جۆرە. دووانیان بە تەعبیری قورئانی پیرۆز (أضغث أحلام) (خەونی تێکەڵ و بێ سەروبن) کە بە شێوەیەکی گشتی لە ئەنجامی خەیاڵ و ئەو شتانەی ڕوو دەدەن دێنە ئاراوە. ئەگەر واتایەکیشی هەبێت گرنگییەکی ئەوتۆی نییە. یان لە تێکچوونی میزاج و بارودۆخەوە، یاخود بە گوێرەی خەیاڵی کەسەکە وێنایەکی و شتێکی ئاڵۆز پیشان دەدات، یاخود ئەو ڕۆژە یان پێشتر، وە تەنانەت یەک یان دوو ساڵ پیشتر ڕووداوێکی سەرسوڕهێنەرت تووشبووە، وە هەستی خەیاڵت ئەو ڕووداوەت بەبیر دەهێنێتەوە و بە کەمێک گۆڕانکارییەوە لەبەرچاوت وێنای دەکات. ئەو دوو بەشە پێیان دەوترێت (أضغث أحلام) (خەونی تێکەڵ و بێ سەروبن) وە لێکدانەوە هەڵناگرن. بەڵام جۆری سێیەم بریتییە لە خەونی ڕاستی (صادق)”

جگە لەوە پێویستە ئەوە بزانین کە لە کاتی لێکدانەوەی خەوندا چەند تایبەتمەندییەکی دیکە هەیە کە دەبێت سەرنج بدرێت، ئەوانیش بریتییە لە ئەو کەسەی خەونەکەی بینیوە، وە پێگەی ئەو کەسە، وە تەنانەت ئەو وەرزەی خەونەکەی تێدا بینراوە، وە بە پێی ئەو تایبەتمەندییانە ئەگەر هەمان خەونیش بێت لێکدانەوەکانی گۆڕانکاری بەسەردا دێت. لێکدەرەوە ڕاستەقینەکانی خەون ئەو تایبەتمەندییانە لەبەرچاو دەگرن.

لەبەر ئەوە کاهینەکانی چواردەوری پاشا بێدەسەڵات بوون لە ئاست لێکدانەوەی خەونەکەی پاشا و ناچار بوون بڵێن: ” ئه‌م خه‌ونه تێکەڵ و  بێ سه‌رو بنه و هیچ نی یه‌، ئێمه له لێکدانه‌وه‌ی خه‌ونی بێ سه‌رو بن شاره‌زا نین”… بە دڵنیاییەوە تەنها زاتێکی وەک حەزرەتی یوسف (سەلامی خوای لەسەر بێت) کە لە لایەن خودای گەورەوە زانستی تێگەیشتن لە ڕووداوەکان و لێکدانەوەی خەونەکانی پێدرابێت، دەتوانێت لێکدانەوە بۆ خەونێکی هێندە گەورە بکات کە پەیوەندی بە تەواوی خەڵکی و ناوچەکانی میسر و دەوروبەرییەوە هەبێت.

ئینشاالله لە بەشەکانی دواتردا، باس لە لێکدانەوەکەی حەزرەتی یەعقوب (سەلامی خوای لەسەر بێت) دەکەین.

 

سەرچاوە: http://www.shaber3.com/medrese-i-yusufiye-haberi/1317767/

Show More
Back to top button