هەواڵ

مەدرەسەی نیزامییە ژیانێکی نوێی بەخشیوە بە ئەفریقای باشور

لە وڵاتی ئەفریقای باشور و لە نێوان هەردوو شاری جۆهانسبێرگ و پریتۆریا منارەی مزگەوتێک بەرز بووەتەوە و لە ناوەوە چەند شوێنێکی وەک مزگەوت و شوێنی لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز و قوتابخانەی پێشکەوتوو لەخۆ دەگرێت. ئەو شوێنە ناوی مەدرەسەی نیزامییەیە. مەدرەسەکە هاوکات لەگەڵ ئەوەی خوێندکارەکان فێری خوێندنەوەی قورئان دەکات، شان بە شانی ئەوە زانستی هاوچەرخ بە خوێندکارەکان دەوترێت.

مەدرەسەی نازمییە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠٩ بەردی بناغەی دانرا و لە ئێستادا بە قەرەباڵخی نوێژی هەینی و نوێژی جەژنەکان، وە سەردانکردنی هەموو چین و توێژەکان و ئامادەکردنی خواردنی بەربانگ لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا دەناسرێتەوە. ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتییە موسوڵمانەکانی ئەفریقای باشور ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەیان لەم مزگەوتەدا ئەنجام دەدەن. بە شێوەیەکی گشتی لەم مەدرەسەیەدا هەموو بابەتێکی هونەری و زانستی و ئایینی دەوترێتەوە. هۆڵی تایبەت بە ئەنجامدانی سیمیناری تێدایە. جێگەی تایبەتی بە ئامادەکردنی ئێوارەخوان بۆ بەربانگی تێدایە. بە شێوەیەکی گشتی بواری ئەنجامدانی چالاکی لە هەموو بوارەکاندا بۆ خوێندکارەکان ڕەخساندووە و چەندین خوێندکاری سەرکەوتووی پێگەیاندووە. کۆلێژی نیزامییە بووە بە یەکێک لە سەرکەوتووترین خوێندنگە لە ناوچەکەدا.

موستەفا تواڵای تەمەن ١٦ ساڵ یەکێکە لە خوێندکارانی بەشی لەبەرکردنی قورئان لە کۆلێژەکەدا و باس لەوە دەکات کە هاوسۆزانی بزافی خزمەت بە هەموو شێوەیەک لە ڕووی مادی و مەعنەوییەوە پشتیوانمان بوون لە لەبەرکردنی قورئان و خوێندنی زانستەکانی دیکە. موستەفا لە قسەکانیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە لەبەرکردنی قورئان مێشکی کردووەتەوە و وتی وانەی بیرکاریش یەکێکە لەو وانانەی کە زۆر حەزی لێیەتی. موستەفا کە بە دەنگێکی زۆر خۆش قورئان دەخوێنێت و خوێندنی ئامادەیی بە سەرکەوتووی تەواوکردووە، لە ئێستادا لە بەشی ئابووری و بازرگانی لە زانکۆ دەخوێنێت و ئومێدی هەیە کە لە داهاتوودا بتوانێت ببێتە بازرگانێکی بەتوانا و خزمەت بە وڵاتەکەی بکات.

مەحمود زەکی کە بە ڕەگەز هاوڵاتییەکی میسرییە و مامۆستایە لە بەشی لەبەرکردنی قورئان، وە هەروەها مامۆستای زمانی عەرەبییە لە کۆلێژی نیزامییە ڕایگەیاند “لە بەشی لەبەرکردنی قورئان ٤٤ خوێندکارمان هەیە و بەسەر سێ گروپدا دابەشمان کردوون. گروپی یەکەم خوێندن لێرە تەواو دەکات و دواتر بێبەرامبەر لە ئامادەیی کۆلێژی نیزامییە خوێندنی ئامەدەیی تەواو دەکات. ئەوان هەم خوێندنی قورئان دووبارە دەکەنەوە و هەم کۆشش لە وانەکانی خوێندنگادا دەکەن. چونکە ئێمە شان بە شانی خوێندنی ئایینی، وانە هاوچەرخەکانیش بە خوێندکارەکان دەڵێینەوە. گروپی دووەم ئەوانەن کە تەنها لە بەشی لەبەرکردنی قورئان دەخوێنن. گروپی سێیەم لەو خوێندکاران پێکهاتوون کە تازە هاتوونەتە مەدرەسەکەوە. لە ئێستادا ئێمە دەمانەوێت کار لەسەر ئەوە بکەین کە خوێندنەوە لە لای خوێندکارەکان خۆشەویست بکەین.”

 

سەرچاوە:  http://www.shaber3.com/nizamiye-medresesi-guney-afrika-da-yeniden-hayat-buluyor-haberi/1307556/

Show More
Back to top button