هەواڵ

مێرکڵ: بۆ ئەوەی بزاڤی خزمەت وەک گروپی تیرۆرستی ئەژمار بکەین پێویستە تورکیا بەڵگەی زیاترمان پێ بدات

ئەنگێلا مێرکڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیداکە لەگەڵ ڕەجەب تەییب ئێردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ئەنجامیدا، سەبارەت بە قەدەغەکردنی چالاکیەکانی بزاڤی خزمەت لە وڵاتەکەی وتی” هەموو کارو چالاکیەکی هێزەکانی پەکەکە لە ئەڵمانیادا قەدەغەیە، پێشتر باسی ئەم بابەتەمان کردوە و بۆ ئەوەی جەماعەتی گولەنیش بهێنینە ڕیزی هێزەکانی پەکەکەوە و یەک مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین، پێویستمان بە بەڵگەی زیاتر هەیە”.

ئێردۆغان لە میانەی گەشتە ٣ ڕۆژیەکەی بۆ وڵاتی ئەڵمانیا، دوێنێ چاوی بە ئەنگێلا مێرکل ڕاوێژکاری ئەڵمانیا کەوت.

مێرکڵ و ئێردۆغان لە دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکەیان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشیان ئەنجامدا و وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنوسانیان دایەوە.

زۆرینەی پرسیاری ڕۆژنامەنوسان سەبارەت بەو کەسانە بوو کە لە لایەن حکومەتی هەردوو وڵاتەوە داواکراون هەتا ڕادەستی یەکتری بکەنەوە.

ئێردۆغان لە بەشێکی قسەکانیدا سەبارەت بەم بابەتە وتی” لە ئەڵمانیادا هەزاران ئەندامی پەکەکە هەیە، هەروەها جەماعەتی گولەنیش سەدان کەسیان لێرە هەیە، دەزگای هەواڵگری وڵاتەکەمان دەتوانێت یارمەتی دەزگای هەواڵگری ئەڵمانیا بدات کەوا کێ لە چ شوێنێک دەستگیر بکات. کارێکی لەمە ئاسانتر بۆ ئەڵمانیا نیە کە پەکەکەی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆرستی قبوڵ کردووە”.

مێرکڵ سەبارەت بەم قسانەی ئێردۆغان ئاماژەی بەوەدا کە سەبارەت بە بزاڤی خزمەت لە هەمان خاڵدا کۆک نین و پێویستیان بەوە هەیە کە تورکیا بەڵگەی زیاتریان بخاتە بەردەست.

مێرکڵ لە درێژەی قسەکانیدا وتی” ئێمە نیگەرانیەکانی تورکیا بە جددی وەردەگرین، بەڵام بۆ ئەوەی جەماعەتی گولەن و ئەندامانی پەکەکە بخەینە هەمان شوێنەوە، پێویستمان بە بەڵگە و زانیاری زیاتر هەیە، هەندێک کەسی سەر بە جەماعەتی گولەن لێرە بوونیان هەیە، بەڵام هەندێک لەو کەسانەی داواکراون لەلایەن تورکیاوە، هەتا ئێستا دڵنیایی تەواومان نیە کەوا لێرەبن یاخود نا”.

http://www.tr724.com/merkel-gulen-yapilanmasini-teror-orgutu-ilan-etmemiz-icin-daha-cok-kanita-ihtiyacimiz-var/

Show More
Back to top button