هەواڵ

مێدیاکانی یۆنان: ئەو فریشتانەی لە ئێردۆغان هەڵهاتبوون، لە دەریای ئیجە گیانیان لە دەستدا

مێدیاکانی وڵاتی یۆنان، گیان لە دەستدانی ٧ پەنابەری هاوڵاتی تورکیایان لە ئاوی دەریای ئەگە(ئیجە) ڕاگەیاند.

ڕووداوی گیان لە دەستدانی ئەم هاوڵاتیە تورکانە، لە مێدیای ئەو وڵاتەدا باسوخواسێکی گەرمی بە دوای خۆیدا هێنا.

مێدیاکانی یۆنان ئاماژەیان بە گیان لە دەستدانی ٧ هاوڵاتی تورکیا کرد، کە لە دەست زوڵم و زۆری ڕژێمەکەی ئێردۆغان، لە وڵاتی خۆیان هەڵهاتبوون.

بە گوێرەی ئەو زانیارانەی بە دەست ماڵپەڕی کرۆنۆسی تورکی کەوتووە، هەریەک لە بەدرخان زەنبیل، یوسف دەنیز، فاتمە ئشیک، نازیر ئشیک لەو هاوڵاتیانەن کە لە ناو بەلەمە نقوم بووەکەدا بوون و ڕزگاریان بووە.

هەروەها دوو منداڵی ڕزگار بووی تر کە هەتا ئێستا ناویان ئاشکرا نەبووە، لە نەخۆشخانەکانی یۆنان، لە ژێر چاودێری پزیشکدا ماونەتەوە.

یوسف دەنیز یەکێک لە ڕزگاربووانی ناو بەلەمەکە، پێشتر یاریدەدەری پزیشک بووە لە زانکۆی سەلجوق و لە دوای کودەتا دەستکردەکەی ١٥ ی تەموزی ٢٠١٦، بە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران لە کارەکەی دوور خراوەتەوە.

دەنیز کە لەگەڵ هاوسەرەکەی بە ناوی ئاریفە یوسف و دوو منداڵی تەمەن (٦،٢) ساڵان، هەوڵی پەڕینەوەیان لە ئاوی دەریاچەی ئیجە داوە، هەتا ئێستا هیچ هەواڵێک سەبارەت بە هاوسەر و دوو منداڵەکەی ئاشکرا نەبووە.

هاوسەرەکەی دەنیزیش بە هەمان شێوە لە کارەکەی دوور خراوەتەوە و پێشتر لە زانکۆی مەولانا مامۆستا بووە.

کەناڵی ANTENNA 1 ی یۆنانی لە هەواڵەکانی سەر لە ئێوارەیدا ئاماژەی بە گیان لە دەستدانی ٧ هاوڵاتی تورکیا کرد٧ هاوڵاتی تورکیا کە پێنجیان منداڵن و لە ناویاندا منداڵێکی ساواش هەیە، لەگەڵ دوو ژن، لە دەریای ئیجە دوا هەناسەکانی خۆیان هەڵمژی. ١٢ کەس لە هاوڵاتیانی تورکیا، بە مەبەستی دابینکردنی ژیانێکی باشتر بۆ خۆیان و منداڵەکانیان، بە سواری بەلەمێک هەوڵی پەڕینەوەیان لە ئاوی دەریاچەی ئیجە دا و، دوای ئەوەی بەلەمەکەیان لە ئاوەکەدا هەڵگەڕایەوە، هەندێکیان گیانیان لە دەستدا و هەندێکی تریشیان توانییان خۆیان ڕزگار بکەن“.

لە هەواڵەکەدا ئاماژەی بەوەش کرد کە زۆرێک لە سەرنشینانی کەشتیەکە، بە شێوەیەکی زۆر باش توانای قسەکردنیان بە زمانی ئینگلیزی و فەرەنسی هەیە و، هەموویان بە مەبەستی داوای مافی پەنابەرێتی سیاسی ڕوویان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە و، ژمارەیان لە ٤ خێزان پێکهاتووە.

لە دوای کودەتا دەستکردەکەی ١٥ ی تەموزی ٢٠١٦، هەڵمەتی ڕەشبگیری دەرحەق بە هاوسۆزانی خزمەت دەستی پێکردووە و، هەتا ئێستا چەندین هاوڵاتی بێ گوناحی تورکیا، لە کاتی هەڵهاتن لەو زوڵم و زۆرەی کاربەدەستانی تورکیا دەرحەقیان ئەنجامی دەدەن، لە ئاوی دەریاچەی ئیجە گیانیان لە دەستداوە.

بە گوێرەی هەواڵی میدیاکانی یۆنان، لە ناو کەشتیەکەدا ٥ پیاو، ٣ ژن، ٤ منداڵی بچوکی تێدا بووە کە سیانیان تەمەنیان لە خوار ٦ ساڵان بووە و یەکێکیشیان تەمەنی ١٢ ساڵ بووە.

هەروەها وەزارەتی کاروباری دەریایی یۆنان، لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئەوەی ڕاگەیاند، کە کەشتیەکانی سەر بە وەزارەتەکەیان، لە نزیک دوورگەی ساکیز، تەرمی ٧ هاوڵاتیان لە بنی دەریا دەرهێناوەتەوە و سەرجەمیان گیانیان لە دەستداوە.

کەنیسەیەکی دوورگەی ساکیز، بە هۆی گیان لە دەستدانی هاوڵاتیەکانەوە پرسەنامەی بڵاو کردەوە

بەرپرسانی کەنیسەی ساکیز، دوای بڵاو بوونەوەی هەواڵی گیان لە دەستدانی ٧ هاوڵاتیەکە، پرسەنامەیەکیان بڵاو کردەوە و، تێیدا بە چەند ئایەتێکی ئینجیل ئاماژەیان بە هاوسۆزی خۆیان کرد و، هیوای ئەوەیان خواست کە جارێکی تر کارەساتی وەها ڕوو نەداتەوە.

بەرپرسانی کەنیسەکە ، هاوخەمی خۆیان بۆ کەسوکاری هاوڵاتیەکەیان دەربڕی و داوایان لە پەروەردگار کرد کە ڕۆحیان بە بەهەشتی بەرین شاد بکات.

لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ٦٤٨ پەنابەر ڕوویان لە یۆنان کردووە

بە گوێرەی زانیاریە ڕاگەیاندراوەکانی هێزە ئەمنیەکانی باشوری یۆنان، ٢٧٣ هاوڵاتی خۆیان گەیاندۆتە دوورگەی میدیلی، ٢٩٩ هاوڵاتی تریش لە کەناراوەکانی سامۆس گیرساونەتەوە. هاوکات ٧٦ هاوڵاتی تریش خۆیان گەیاندۆتە دوورگەی ساکیز.

واتە بە گوێرەی زانیاری هێزە ئەمنیەکانی یۆنان، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، ٦٤٨ هاوڵاتی پەنابەر ڕوویان لە وڵاتی یۆنان کردووە.

Show More
Back to top button