هەواڵ

“مووکێشی” بە گوێرەی ئارەزوو و بەرژەوەندی

 

خودای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: “ئایا جووتێک چاومان پێنه‌به‌خشیووه‌؟  هه‌روه‌ها زمان و دوو لێوه‌شمان پێ نه‌به‌خشیووه‌؟ ئایا ڕێگاکانی خێر و شەڕمان پیشان نەداوە؟” (سورەتی البلد – ئایەتی ٨ – ١٠)

پرۆفیسۆر دکتۆر مەهمەت گۆرمەز، سەرۆکی پێشووی دەزگای کاروباری ئایینی تورکیا، لە چاوپێکەوتنێکیدا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بە هیچ شێوەیەک ناکرێت مووکێشی لە قسە و نووسینەکانی کەسێکدا بکرێت و هەندێک لە دەربڕینەکانی بە مووکێش هەڵببژێردرێت و بەو هۆیەوە قسەکانی بشێوێندرێت و چەواشەکاری ئەنجام بدرێت. ئەم قسانەی مەهمەت گۆرمەز لە کاتێکدایە کە لەو ڕاپۆرتەی دەزگاکەی بە سەرۆکایەتی مەهمەت گۆرمەز سەبارەت بە مامۆستا فەتحوڵا گولەن ئامادەیکردووە بە ناونیشانی “بزووتنەوەی گولەن لە زاری خۆیەوە” تەواو دژی ئەو قسانەی خۆی کاریکردووە و لە ڕێگەی ئەنجامدانی مووکێشی لە قسەکانی مامۆستا فەتحوڵا گولەندا یەکپارچەیی قسەکانی تێکداوە و چەواشەکاری ئەنجامداوە.

ساڵی ٢٠١٣ کاتێک “کۆنفرانسی ئیجماع و هەستی بە کۆمەڵ” لە تورکیا ڕێکخرا، عەبدوسەلام کەمال ئەبو حەسەن نووسەری بەناوبانگی جیهانی ئیسلامی یەکێک بوو لە بەشداربوونی کۆنفرانسەکە و شاهێد بوو لەسەر قسە جوان و کاریگەر و پیاهەڵدانەکانی مەهمەت گۆرمەز سەبارەت بە مامۆستا فەتحوڵا گولەن و بزاڤی خزمەت. بەڵام هێشتا کاتێکی زۆر بەسەر ئەو قسانەدا تێنەپەڕیبوو کاتێک ئەو ڕاپۆرتە پڕ لە چەواشەکارییەی مەهمەت گۆرمەزی بینی و بە سەرسامییەوە وتی:

“ئایا دوای ئەو هەموو قسە جوان و پیاهەڵدانانە بەسەر مامۆستا فەتحوڵا و بزاڤی خزمەتدا بۆتان لەناکاو بۆتان دەرکەوت کە گرووپێکی لە دین دەرچوون و لەڕێ لادەرن؟”

بەڵێ، چەند مانگێکی کەم پێش ئەو ڕاپۆرتە خودی مەهمەت گۆرمەز کاتێک کتێبێک بە دیاری دەنێرێت بۆ مامۆستا فەتحوڵا گولەن واژۆی لەسەر دەکات و ئەم چەند ڕستەیەی لەسەر دەنووسێت:

“من وەک تەلەبەیەکی دەستەوەستانی ئەهلی حەدیس لەگەڵ گرووپێک لە زانا گەنجەکان، ئەم بەرهەمەمان ئامادەکردووە و تێیدا باس لە پێغەمبەرایەتی ڕەسولی ئەکرەم دەکەین و بۆ ئامادەکردنی ئەم بەرهەم زۆر سوودمان لە بەرهەمەکانی بەڕێزتان وەرگرتووە. هیوای تەمەندرێژی و لەشساغیتان بۆ دەخوازم.    مەهمەت گۆرمەز،    25.04.2013 “

 تەواوی وتار و نووسین و قسە و خزمەتەکانی مامۆستا فەتحوڵا گولەن کە ماوەی زیاتر لە ٥٠ ساڵە ئەنجامیداوە، هەمووی ئاشکرایە و هەموو کەسێک بە مەهمەت گۆرمەزیشەوە بە ستایش و پیاهەڵدانەوە باسی دەکات، ئاخۆ چی ڕوویدابێت کە لەناکاو بەو شێوەیە هێرش بکەنە سەر مامۆستا فەتحوڵا گولەن و هەوڵی ناشرینکردنی بدەن…

مامۆستا سابر عەبدولفەتاح کە یەکێکە زانا دیارەکانی جیهانی ئیسلامی و بەشداربووە لە زۆرێک لەو پرۆگرام و چالاکییانەی گۆڤاری حیرا و یەنی ئومید لە شارەکانی ئەستەمبوڵ و گازی عەنتێب و ئیزمیر ڕێکیانخستبوو، وە لەو بارەیەوە دەڵێت: “چەندین ڕاپۆرتم سەبارەت بەو جۆرە کۆنفرانسانەی ئامادەکردووە. لایەنی زۆر سەرنجڕاکێشی ئەو جۆرە پرۆگرام و چالاکییانە بریتییە لە بەشداری کردنی زانایان لە سەرجەم وڵاتانی جیهانەوە”.

ئەو زانایانە زۆر بە باشی لێکۆڵینەوەیان لە بەرهەم و بیروبۆچوونەکانی مامۆستا فەتحوڵا گولەن کردووە. ئەگەر بچووکترین هەڵە و نەگونجانێکیان لە بەرهەم و وتارەکانی مامۆستا فەتحوڵا گولەندا بەدی بکردایە، بێگومان باسیان دەکرد، خۆ ئەگەر لەوێشدا باسیان نەکرایە کاتێک گەڕانەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان باسیان دەکرد.

ئەو زاتە زانایە سەبارەت بەو پرۆگرام و چالاکییانە دەڵێت: “لە دیارترین بەشداربووانی ئەو پرۆگرام و چالاکییانەی بزاڤی خزمەت بریتییبوون لە کەسایەتییە گرنگەکانی دەزگای کاروباری ئایینی تورکیا و کەسایەتییە سیاسییە گرنگەکانی تورکیا. ئەوان وتاری دەستپێکیان دەخوێندەوە و بە ستایش و پیاهەڵدانەوە باسیان لەو پرۆگرام و چالاکییانە دەکرد کە لە لایەن بزاڤی خزمەتەوە ئەنجام دەدرا”…

بەڵام، دەزگای کاروباری ئایینی تورکیا کە لە ژێر فشاری سیاسیدا ئەو ڕاپۆرتەی ئامادەکردووە، وەک ئەوە وایە بڵێت: “ئێمە پەنجا ساڵە نابیست و نابینا بووین و تێنەگەیشتووین. ئێستا سەرلەنوێ هەڵسەنگاندن بۆ وتە و بەرهەمەکانی مامۆستا فەتحوڵا گولەن دەکەین و ڕاپۆرتی لە بارەوە ئامادە دەکەین.

یەکێک لە دۆستانی حەق لە پەیامێکیدا بۆ مەهمەت گۆرمەز نووسیویەتی:

“بەڕێز سەرۆکی دەزگای کاروباری ئایینی!

دەمەوێت وەک ئامۆژگارییەکی موسوڵمانانە ئەمەتان بەبیربهێنمەوە: تۆمەتبارکردنی کەسێک بە بێ بوونی بەڵگە و بێ هیچ بنەمایەک، یاخود شێواندنی وتەکانی و هەڵبژاردنی بەشێک لە وتەکانی بۆ ئەوەی وەک بەڵگە لە دژی بەکاربهێندرێت، کارێکی نەشیاوە کە لە پێگەی دەزگایەکی ئایینی ناوەشێتەوە…

بەڕێز سەرۆکی دەزگای کاروباری ئایینی! چاوەڕێی ئەوەم لە ئێوە دەکرد وەک سەرۆکی دەزگایەکی فەرمی لە ساڵی ٢٠١٣ دا بیروڕای خۆتان دەرببڕیایە سەبارەت بە دزی و گەندەڵی و بەرتیلدان، وە ئێستاش چاوەڕوانی ئەوەم لێدەکردن وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە کە “ئایا بەندکردنی کەسانی بێتاوان لە ئیسلامدا حوکمی چییە؟”… دەمویست حوکمی بەندکردنی کەسانی نەخۆش و بەساڵاچوو و منداڵان و ژنانی بێتاوان لە ئیسلامدا چییە…

من دەمویست بەڕێزتان بێدەنگ نەبن لە ئاست جیاکردنەوەی منداڵێکی ساوا لە دایکی یاخود بەندکردنی منداڵێکی ساوا لەگەڵ دایکی لە گرتووخانەکاندا بە بیانووییەکی درووستکراوی وەک “تیرۆر” ەوە.

من دەمویست کە بەڕێزتان بڵێن داخستنی ٢٠٩٩ خوێندنگە و زانکۆ و بەشە ناوخۆیی و دوورخستنەوەی ٧٣١٧ کەسی ئەکادیمی و مامۆستای زانکۆ لە کارەکانیان کارێکی درووست نییە.

بەڕێز سەرۆکی دەزگای کاروباری ئایینی!

لە کۆتاییدا دەمەوێت پێتان ڕابگەیەنم کە ڕۆژێک دێک ئەو ڕاپۆرت و بیروڕایەی ئێوە بڵاوتانکردووەتەوە وەک بابەتێکی گاڵتەجاڕی و جێی پێکەنین یاد دەکرێت. چونکە زانایانی جیهانی ئیسلامی  و کەسانی ئەکادیمی وەک ئێوە جاهیل نین کە بەو شێوە بەپەلەیە حوکمی کافربوون لەسەر کەسێک بدەن، بەڵکو بە پێچەوانەوە تەواوی بەرهەمەکانی مامۆستا فەتحوڵا گولەن دەخوێننەوە و بۆیان دەردەکەوێت کە ڕاپۆرتەکەی جەنابتان چەند جێی گاڵتەجاڕییە.

https://hizmetten.com/menfaat-ve-hevese-gore-cimbizlama-fikret-kaplan/?fbclid=IwAR1s5gYK1bZXlJknPL_cmbh5cFr8Jq8FBGAy21EZ8q-uKNGPrrR6Qkbwexo

 

27 جار بینراوە 2 جار ئەمرۆ بینراوە
Show More
Back to top button