بیروڕاهەواڵ

موستەفا بیرلیک، هێمای ئازایەتی و فیداکاری

بە خامەی/عەبدوڵا ئایماز

ژیاننامە:

 

  لە سەرەتای ساڵانی ١٩٦٠دا…لە قوتابخانەی ‘ئیمام و خەتیب’ی ئیزمیر خوێنکارین. بەڕێوەبەری قوتابخانەکەمان کەسێکە گاڵتە بە بابەتە ئایینییەکان و پیاوانی ئایینی دەکات! هەندێک لە مامۆستاکانیش وەک ئەوەی بەتایبەت هەڵبژێردرابن، کەسانێک بوون کە وەک بڵێی هەموو ڕۆژێک کێشەیان لە قوتابخانەکەدا دروست دەکرد. ڕۆژێک مامۆستای موزیکمان وتی: “ئەم ئیمامانە زۆر نەزانن، لەم ڕۆژانەی پێشوودا وتم با بچم بۆ لایان بۆ نوێژی عیشا کەچی ئیمامەکەیان دوعای ‘سوبحانەکەی’ بە هەڵە دەخوێندەوە”. قوتابییەکانیش لێی دەپرسن: “مامۆستا؛ ئیمام کە سوبحانەکەی لە دڵی خۆیدا خوێندووە، ئێوە چۆن گوێتان لێ بووە هەستان بە هەڵەکانی کردووە؟”. بەڕێوەبەری قوتابخانەی تایبەتی سەرەتایی یوسف ڕەزا (کاک ڕەفیق) دەهات بۆ وانە قورئانییەکان و دەیوت: “ئێمە پێویستە ئەم قورئانە بە پیتی لاتینی بنووسین و بخوێنینەوە”، ئیتر لە پۆلدا مشتوومڕ دەستی پێ دەکرد. بۆ وانەی مێژوومان، پارێزەرێک دەهات کە یەكێک بوو لە دامەزرێنەرانی پارتی کرێکارانی بۆرنۆڤا. لەلایەکی ترەوە قاتی سەرەوەی بینای ئیما و خەتیبییەکە کە لەلایەن خەڵکی خێر خوازەوە دروست کرا بوو، بەڕێوەبەرەکەمان بە ناوی شوێنی حەوانەوەوە بۆ خۆی داگیری کردبوو، دواتریش بە ناوی نەبوونی شوێنەوە بۆ چەندین ساڵ نەیهێشت ژمارەی قوتابیان لە ٢٦٦ قوتابی زیاتر بێت لەو ناوچەی ‘ئێگێ’یە گەورەیەدا کە تەنها قوتابخانەکەی ئێمەی تێدا بوو. زۆر لە خەڵکی بە وتنی: “چ ئیشتان هەیە لە قوتابخانەی ئیمام و خەتیبی”دا دوور دەخستەوە. کاتێک کاک ‘ئیلهان ئیش بیلێن’  لەگەڵ باوکیدا کە ئەفسەری سوپا بوو بۆ ناو نووسین هاتن بۆ قوتابخانەکەمان پێی دەڵێت: “قوربان؛ ئێوە لە سوپاکەی ئەتاتوورکدا ئەفسەرێکی خاوەن ڕێزن، لەبەر چی دەتانەوێت کوڕەکەتان لەم قوتابخانە دوا کەوتووەدا بخوێنێت؟”، بەم قسانە پەشیمانی دەکاتەوە. لەبەرامبەر ئەم هەموو کارە نەرێنییانەدا باش بوو کە بەشە ناوخۆیی “کەستانە پازار” هەبوو زانستە ئیسلامییەکانی بە باشی تێدا فیری خوێندکاران دەکرا.

            لە پاش زانکۆی ‘ئێگێ’، ڕۆژێک چووم بۆ بەشە ناوخۆیی قوتابخانەی ‘لابۆرانت’ بۆ سەردانی کەسێکی نزیکم. دوای هەندێک پرسیاری گاڵتە ئامێز لەسەر خوێندنی ئیمام و خەتیبییەکەم، لەگەڵ خوێندکارەکاندا یەکمان بینی. کاتێک لە شەقامەکانم دەڕوانی غەمبار دەبووم. کە دەمبینی لە ڕۆژانی هەینیدا خوێندکارەکان لە جێی چوون بۆ مزگەوتەکان، بەرەو سینەماکان دەڕۆشتن، بە خۆم دەوت: “دەبێت کۆتایی ئەم ڕیگایە چۆن بێت”.

            لەو ماوەیەدا، ئەگەر هەفتەی ڕۆژێکیش بووە، دەچووم بۆ ماڵی “موستەفا بیرلیک” بۆ گوێگرتن لە گفتوگۆکانی کە لە گەڕەکی “پاتلیجان یۆکوشو” بوو لە ئیزمیر، لەوێ ژیانم دەدۆزییەوە. با بێ ئوومێدی لەولاوە بووەستێت، بە مرۆڤانێک دەگەشتم کە پڕ بوون لە ئومیدی وەک ئەوەی بەیانی هەموو دونیا موسوڵمان ببێت، بەمە زۆر دڵخۆش دەبووم. ئەو شوێنە دوورگەی ئارامی بوو. ئای لەوێ  کێمان نەناسی! هاوشێوەی ئەحمەد فەیزی، خڵووسی و کاک سونگورەکان کە قوتابی حەزرەتی بەدیعوزەمان بوون، لەوی دەمان بینین.

            ئەو پەیامانەشی دەمان خوێندنەوە تەنها دەمان توای لە ‘موستەفا بیرلیک’ و دوکانی هاوبەشەکەی ‘محەمەد ئوسلو’ەوە دەستمان بکەوێت.

            لە کاتە بۆشەکانیشماندا دەچووین بۆ دوکانی فەڕش فرۆشییەکەی خوا لێخۆش بوو ‘حوسێین چاغدار’. چونکە لە دەرەوەی کڕین وفرۆشتندا، لەو دوکانەدا پەرتووکەکان دەخوێنرانەوە و گفتوگۆکان ئەنجام دەدران. ‘کاک ئەحمەد فەیزی’ زوو زوو سەردانی ئەوێی دەکرد. لە قوتابیانی حەزرەتی بەدیعوزەمانیش دوو جار ‘زوبەیر گوندوز ئاڵپ’م لەم دوکانی فەڕشەدا بینی.

            کاک موستەفا بیرلیک، لە ساڵی ١٩٣٢دا، لە گوندی ‘ئێغیللەر’ی شارۆچکەی ‘بێی شەهری’ کۆنیەدا لەدایک بووە. لە تەمەنی یازدە ساڵیدا دێتە ئیزمیر. لە ئیزمیر هەرکات فرسەتی بۆ هەلبکەوتایە لە کەستانە پازار لای ‘حاجی ساڵح تانریبویروو’ هەوڵی فێر بوونی زانستە ئایینەییەکان دەدات.

کاتێک پەرتووکەکانی ‘پەیامەکانی نوور’ی دەکەوێتە دەست، خێرا دەچێت بۆ لای ‘حاجی ساڵح تانریبویروو’ و لێی دەپرسێت: “ئایا ئەم پەرتووکانە بخوێنمەوە؟” ئەویش پێی دەڵێت: “بیخوێنە کوڕم، بیخوێنە. خودا لەو پیاوە ڕازی بێت. کاربەدەستان ئەوەندە سەرقاڵی ئەون، سەر ئێمەیان ناپەرژێت”.

            لە سڵی ١٩٥٠دا، دەچێتە ئەنجام دانی خزمەتی سەربازی. دوای ئەوەی بە دوو ساڵ خزمەتی سەربازی کۆتایی پێ دێت، دەگەڕێتە ئیزمیر و لە دوکانەکەی باوکیدا کار دەکات. دوای ماوەیەک، لەگەڵ کوڕە پورەکەی و ژن براکەی ‘مەحەمەد ئوسلو’دا دوکانێکی شوشەی پەنجەرە بە هاوبەشەی دەکەنەوە. هەر سێ دوکانی سەرووی ئەوان پەرتووک خانەی ‘جەراحئۆڵوو’ هەبوو. خاوەنەکەی ‘عەبدولڕەحمان جەڕاحئۆڵوو’ی بۆردوویی بوو. ڕۆژێک دەڵێت: “وا مانگی ڕەمەزان دێت، با هیچ نەبێت لەم مانگی ڕەمەزانەدا خەتـمێک بکەم”، ئیتر بە مەبەستی کڕینی قورئانی پیرۆز ڕوو دەکاتە پەرتووک خانەکە. جەراحئۆڵوو کەسێکی زۆر خاوێن بوو، خۆ ئەگەر هیچ نەشدواییە، ئەوا هەر بە تێڕوانینێک دەتوانی هەندێک وانەی لێوە فێر ببی. لای ئەو دوو جار ناوی “ئوستاد” و “بەدیعوزەمان” دەبیستێت. عەبدولڕەحمان جەڕاحئۆڵوو زۆر سەردانی حەزرەتی بەدیعوزەمانی کردووە و پەیامەکانی نووریشی بە ئامێری چاپ زیاد کربوو.

            کاک موستەفا بیرلیک پەیوەندی لەگەڵ سەرۆک وەزیران “عەدنان مەندرێس”دا دروست دەکات و بۆ دروستکردنی مزگەوتێک لە فواری ئیزمیردا نامەیەکی بۆ دەنێرێت. لە ساڵی ١٩٥٩دا لە مەندرێسەوە وەڵام دێتەوە لە تەلەگرافێکدا دەڵێت: “لەگەڵ پارێزگاری ئیزمیردا پەیوەندی دروست بکە”. موستەفا بیرکیکیش دەچێت بۆ لای پارێزگار و لەگەڵ جێگری پارێزگار “کاک کازم”دا یەک دەبینن. کاک کازم پێی دەڵێت: “تۆ چاودێری ئەم کارە دەکەیت؟ زۆریش گەنجیت!”. دواتر پێی دەڵێت: “ڕێکخراوێک بۆ مزگەوتەکە دروست بکەن، با یەکەم بەخشین لە منەوە بێت”، ئەمەی وت و ٢٥٠ لیرەی پێدام. بەڵام کودەتای ساڵی ١٩٦٠ ئەم هەوڵە خێرە بێ بەرهەم دەکات.

            کاک موستەفا بیرلیک لە بەرامبەر نوسینێکی پرۆفیسۆر دکتۆر ‘کەمال کەرهانی’دا کە لە ڕۆژنامەی ‘یەنی عەسر’دا بە ناونیشانی ‘دەبێت بانگ بە زمانی تورکی بێت’، نامەیەکی بۆ دەنووسێی و تێیدا دەڵێت: “بەهەڵەدا چوون، بانگ میللی نییە، بەڵکو ئایینییە، ئەگەر وەک ئەوەی لێ بێت کە ئێوە دەڵێن، ئەو موسوڵمانانەی کە تورکی نازانن، تێناگەن چییە…لەگەڵ ئەوەشدا، کاتێک بانگ وەک ئەوەی ئێوە دەڵێن دەبێت بە تورکی، ئایا ئێوە نوێژ دەکەن؟ ئەگەر ئێوە نوێژ ناکەن، ئایا چیتان داوە بەسەر بانگەکەی ئێمەوە؟”. کەمال کەرهانیش لە بەرامبەردا لە نوسێنێکدا دەڵێت: “لە بارەی بابەتی بانگەوە، کۆمەڵێک نامەی زۆرم بۆ هاتوون. بێگومان زۆربەیان پڕ بوون لە قسەی ناشیرینی پڕ کینە. بەڵام ئەوەیان کە کاریگەری لێکردم، نامەکەی ئێوە بوو. بەڵێ، ئەگەر بانگ تورکیش بێت، من نوێژ ناکەم، کاتێکیش نوێژ نەکەم خۆ هەڵقورتاندن مافی من نییە” . لەسەر ئەم نووسینەی کاک موستەفا بیرلیک نامەیەکی تری بۆ دەنووسێت و دەڵێت: “بە ویژدانیت”.

            لە دوای شۆڕش ٢٧ی مایسی ساڵی ١٩٦٠، موستەفا بیرلیک دەبەن بۆ بنکەی ئاسایش. ئەوەی لەوێدا بینوێتی بەمشێوەیە دەگێڕێتەوە: “بینیم، ئەندامانی پارتی دیموکرات و هەندێک کەس لە ڕێکخستنەکانی ناوەندی شارۆچکەکە… لەسەر جنێو دان بە مەندرێس پێسبڕکێ دەکەن. یەکێک لەو پۆلیسانەی لەو شوێنەدا کاری دەکرد ناوی ‘موستەفا ساریبازلی’ بوو. ئەو پیاوەی کە کاتێک ئوستادیان بردبوو بۆ بەندینخانەی ئافیۆن چوو بوو بۆ لای بەڕێوەبەری بەندینخانەکە و پێی وتبوو: ” بەدیعوزەمان دێنن بۆ ئێرە شوێنێکی خراپ و ناپەسەندی بۆ ئامادە بکەن”. لێمی پرسی: “تۆ بە چ تاوانێک هێنراوی بۆ ئێرە؟”، منیش وتم: “لەسەر نوورجوێتی، ئیتر دەستمان کرد بە مشتومڕ”.

            دوای ماوەیەک فەرماندەیەکی سووپا هات و ئەو ناوانەی دەیخوێندەوە داوای دەکرد ببن بە یەک ڕیز و پاشان سواری ئوتومبێکی سەربازی کردن. بەڵام کاک موستەفا ناوی لە ناو ئەو ناوانەدا نابێت کە دەخوێنرێنەوە. فەرماندەکە دەڵیت: “با بزانم بۆ ناوی تۆ نییە”، دواتر دێتەوە دەڵێت: “تۆ سیاسی نەبوویت،، ئازادیت”. کە دێتەوە بۆ ماڵ، باسی خراپی سیاسەت بۆ منداڵەکانی دەکات. ئەو کەسانەی چەند هەفتەیەک پێش ئێستا لە دەور و بەری ‘مەندرێس’ کلکە لەقێیان بوو، ئێستا لە دوای ئەو چۆن قسەی ناشرین و جنێوی پێ دەدەن.

            ئیمامی مزگەوتێک هەبوو ناوی “نەجاتی”بوو. هەرچەندە تواناشی نەبوو، بەڵام دەبێتە جێگری موفتی. ڕۆژێک دوای ئەوەی بە موستەفا بیرلیک دەڵێت: “من تا کتێبخانەی دیجلە دەچم و دێمەوە” و لە دوکانەکەی ئەودا پاکەتێک جێ دەهێڵێت، بەڵام دواتر نایەتەوە. بۆ ڕۆژی دواتر پۆلیس دێت و پشکنین ئەنجام دەدەن و ئەو پاکەتە دەدۆزنەوە. بێگومان لە نێویدا پەیامەکانی نوور دەبێت! بەڵام بڕوانە سەرلێ تێکچوویی ئەم سیخوڕە؛ ئەو پاکەتەی کە بۆ ئەو هاتبوو، نووسراوەکانی سەری هەڵدەگێڕێتەوە و دەیکاتە پاکەتێکی نوێ. کاتێک پۆلیسەکان پاکەتەکە دەکەنەوە، بۆیان دەردەکەوێت کە ناو و شوێنی نیشتەجێ بوونی سیخووڕەکەی لەسەرە. گفتوگۆیەکی لەم شێوەیە لە نێوان بەڕێوەبەری بەشی یەک کە بەشێکی سیاسی بوو لەگەڵ پۆلیسەکاندا دەگوزەرێت:

” پاکەتەمان دۆزییەوە، بەڵام هی نەجاتییە…”

“کام نەجاتییە؟”

“نەجاتی خۆمان ئەڵێی؟”

(هاوشێوەی ئەوەی ئێستا هەندێک کەس دەڵێن؛ ئەوە بزوتنەوەی خزمەت نییە دزەی کردۆتە ناو دەوڵەتەوە…بەڵکو دەوڵەت هەوڵ دەدات دزە بکاتە ناو خزمەتەوە!”.

            دوبارە بەڕێوەبەری ئاسایش لە موستەفا بیرلیک دەپرسێت:

“ئایا قادر ئینجی دەناسیت؟”

“نەخێر نایناسم”

“ئایا سوێند دەخۆیت؟”

“بەڵێ”

“لەبەر ئەوەی وا دەزانیت کە خودا لێت خۆش دەبێت، ئامادەی سوێند بۆ کەسێک بخۆیت کە تەنانەت ناشی ناسیت، بەڵام تۆ کەسێکی بە ئابڕوویت، ئایا کەسێکی خاوەن ئابڕوو قەت سوێندی نا ڕاست دەخوات؟”

“بەڕێوەبەری بەڕێزم، ئایا ئێوە تەنها خەڵکانی خاوەن ئابڕوو دێنن بۆ ئێرە؟ ئێوە منتان بە چ سیفاتێک هێناوە بۆ ئێرە؟”

بەڕێوەبەرەکە بەم وەڵامە زۆر پێدەکەنێت.دواتر پارێزگار دێت و پێیان دەڵێت: “ناونیشانی ژیانی دیارە، ئازادی بکەن. وریاش بن هەواڵەکە بڵاو نەبێتەوە”.

            دوای کودەتای ٢٧ی مایس، لەو دەنگدانەی سەربازەکان بۆ دەستوور ئەنجامیاندا، موستەفا بیرلیک بە دروشمی “با بڵێین نەخێر، لە نەخێردا خێر هەیە” زۆر دەگەڕێت. ئاسایش بە شوێنییەوە دەبن. لە ئیزمیر لەم ماڵ بۆ ئەو ماڵ دەگەڕێت و لای خزمەکانی دەمێنێتەوە. دواتر لە سەر گۆڕی دایکی دەمێنێتەوە و لەوێ شەو و رۆژ دەکاتەوە. دوای ئەنجامدانی دەنگ دان بۆ دەستوور لە ٩ی تەمووزی ساڵی ١٩٦١دا دەردەکەوێتەوە. لە ١٢ی تەمووزدا کۆبوونەوەی نوێنەری شارەکانی پارتی (جەهەپە) ئەنجام دەدرێت. نوێنەرەکان بە سەرۆکی پارتەکە دەڵێن: “نەتانتوانی پیاوێک بە ناوی موستەفا بیرلیکەوە بێدەنگ بکەن. ئەو پیاوە لە بارەی دەستوورەوە دروشمێکی هەڵدا شوێنی گرت”.

            خەڵکانی پێشەوەی پارتی دادپەروەری ئەو کات، لە ماڵی موستەفا بیرلیک کۆ دەبنەوە و دەیانەوێت بەرەو سیاسەتی ببەن و بیکەن بە بەربژێر بۆ پەرلەمان. بەڵام کاک موستەفا پەسەندی ناکات. دەڵێت؛ ئەگەر دەتانەوێت لە جێی من پارێزەر ‘عومەر لوتفی بۆزجالی’ بکەن بە نوێنەری پەرلەمان. لە ئەنجامدا، لە ساڵی ١٩٦١دا پارێزەر بۆزجالی لە ئیزمیرەوە بە ئەندامێتی سیناتۆری ئیزمیر هەڵدەبژێردرێت و حەوت ساڵ لەم پیشەیەدا دەمێنێتەوە.

            کاک موستەفا هەندێک لە پایامەکانی نوور وەردەگێڕێتە سەر زمانی ئینگلیزی و دەینێرێت بۆ ئەمریکا و چاپیان دەکات. ناسیاوێکی لە ئەمریکاوە دە دانە لەو چاپە ئینگلیزیانە دەنێرێتەوە بۆی، کاک موستەفا یەکێک لەمانە دەنێرێت بۆ”جۆن کەنەدی” سەرۆکی ئەو کاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. نامەی سوپاس گوزاری لە سەرۆکەوە پێ دەگاتەوە. بەڵام نامەکە لە ئاسایش دەگیرێت. لە کاک موستەفا دەپرسن: “ئەمانەت لە کوێ چاک کردووە؟”، ئەویش پێیان دەڵێت کە لە ئەمریکا چاپی کردوون، بەڵام باوەڕی پێ ناکەن. کاتێک پاکەتی ئەو دە نووسخەیەیان پیشان دەدات کە لە ئەمریکاوە بۆی هاتبوو دەڵێن: “تەواو ڕاستە!”. دواتر کاتێک وتەکانی وەردەگرن لێی دەپرسن: “بۆچی ناردووتە بۆ کەنەدی؟”. ئەویش دەڵیت: “ئەگەر ئەم پیاوە بیخوێنێتەوە و موسوڵمان ببێت، چ زەرەرێکی دەبێت؛ ئەو سەرۆی وڵاتێکی بەهێزە!”. ئەمجارە لێی دەپرسن: “بۆچی پەرتووکی ترت بۆ نەنارد بەس پەیامەکانی نوورت بۆ ناردووە؟”. لە وەڵامیاندا دەڵێت: “من ئەمانەم دۆزییەوە و بۆم نارد. کاتێک ئێوە پەرتووکی ترتان بۆ نارد، ئایا من لە ئێوەم پرسی بۆچی ئەو پەرتووکانەتان بۆ ناردوون و پەیامەکانتان بۆ نەناردوون؟”.

            کاک موستەفا بۆ ئەم چاو نەترسییەی دەیگووت: “بێ گومان لەم بابەتەدا وتەی ئوستاد کە دەیفەرموو؛ مەترسن” کاریگەری بێگوومانی هەبووە. لای هەموو کەس وەک قوتابییەکی پەیامەکانی نوور ناسراوم. لەو سەردەمانەدا کە سەرقاڵ بووم بە رێکخستنی کاری کاسپکارەکانەوە، لە پشووی نیوەڕوانمدا جانتاکەمم دەبرد و بەرەوە ناوچەی ‘کۆناک’ دەڕۆشتم و سەرم لە هەموو دووکانەکان دەدا. کاسانێکیش دەبوون کە چاودێریان دەکردم. لە ڕاستیدا ئەوان دەترسان لەوەی گوایە ‘کاریگەری لەسەر هەموو کەس دانەوە’.

            لە کودەتای ١٢ی مارتی ساڵی ١٩٧١دا لەگەڵ هۆجا فەندی “فەتحوڵا گولەن”دا دەست گیر دەکرێن. لە ٩ی کانوونی یەکەمی سالێ ١٩٧١دا هەردووکیان پێکەوە ئازاد دەکرێن.

            حاجی موعەمەر یادگارییەکی لەگەڵ موستەفا بیرلیکدا بەمشێوەیە دەگێڕێتەوە:

“لە ئایدن دواناوەندیم تەواو کرد و بۆ خوێندنی زانکۆ لە بەشی ئابووری وەک خوێندکار هاتم بۆ ئیزمیر. گفتوگۆی خوێندکارەکان لەسەر بابەتی “گەشە سەندن” مێشکمیان ئاڵۆز کردبوو. منیش پەیوەندیم کرد بە بەشی موفتی ئیزمیرەوە. موفتی ئەوکاتیش ‘بەڕێز مامۆستا ئەحمەد کاراکوڵوکچوو’ وتی: لەم جۆرە بابەتانەدا وتارخوێنمان کە لە مزگەوتی ‘کەستانە پازار’ کار دەکات بە ناوی “فەتحوڵا گولەنەوە”، بۆ قوتابی هاوشێوەی تۆ، دەتوانێت یارمەتی دەری باشتر بێت. ئەمەی وت و منی ئاڕاستەی ئەو کرد. ڕۆژێکی هەینی چوو بووم بۆ مزگەوتی ‘کامێڕاڵتی’. مامۆستا ‘هاروون توویلوو ئۆغڵو’ وتاری دا و داوای کرد هاوکاری کۆرسی فێربووی قورئانی پیرۆز بکرێت. لە دەرەوە پارچە قوماشێک ڕاخرا، هەر کەس دەهات ٥٠ قوڕوش یاخود یەک لیرەی فڕێ دەدایە سەری. من ٢٥ لیرەم خستە سەر پارچە قوماشەکە و چوومە کەنارەوە و چاودێریم دەکرد. کاس نەبوو زیاتر لە دوو لیرە و نیووە بدات. ئەگەر کەسێک هەبووایە ٢٥ لیرەی بدایە، من دەمکرد بە ٣٠ لیرە. کەس نەبوو لە من زیاتر بدات. لەو ڕۆژانەدا لە “بوجا کایناکلەر” کۆرسێکی هاوینە بۆ قوتابییەکان ئەنجام دەدرا. مامۆستا زۆر لە مەراقدا بوو. کاک موستەفا و مەحەمەد ئوسولو لە هۆکارەکەیان پرسی. مامۆستا وتی: “ئەم ژمارە قوتابییە زۆرە هاتوون، چی بکەین؟”، وتیان: “تێچووەکەی چەند دەبێت؟”. کاتێك وتی: لە نێوان ٤٠ بۆ ٥٠ هەزار دەبێت. ئەوان وتیان: “جا ئەی ئێمە ئیشمان چییە. ئەگەر پێویست بکات دوکانەکەمان دەفرۆشین و ئێمە دابینی دەکەین. ئێوە سەرقاڵی فێرکاری زانست بن، با ئەم جۆرە ئیشانەش کاری ئێمە بێت”. کاتێک فیداکاری ئەم دوو کەسەم بینی کە لە گوزەرانێکی مام ناوەندیشا بوون، بیرم لەو ٢٥ لیرە دەکردەوە کە دابووم.

            بەڕیز موستەفا بیرلیک لە ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٢دا ڕۆحی بەرەو ئاسۆی خۆی کەوتە ڕێ. جەنابی حەق ڕەحمی پێ بکات و لە خزمەتەکانی ڕازی بێت.                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                      

Show More
Back to top button