بیروڕاهەواڵ

موستەفا ئوناڵ: ئەوان خاوەن دەسەڵاتن و منیش خاوەن حەق

 

موستەفا ئوناڵ نوێنەری پێشووی ڕۆژنامەی زەمان لە ئەنقەرە، ٢٧ هەمین مناگی خۆی لە زیندان تەواوکرد. کەسە نزیکەکانی و پارێزەرەکەی ئاماژە بەوە دەکەن کە ورە و باری تەندروستی زۆر باشە.

بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی ئەو ڕۆژەیە کە سیفاتی دەوڵەتی یاسا و دادگایەکی دادپەروەرانە خۆی بەدەردەخات. بەڵام دڵشکاوی بەرامبەر ئاکەپە بەردەوامی هەیە.

ئوناڵ لە نامەیەکدا بۆ ڕای گشتی گلەییەکانی خۆی دووبارە دەکاتەوە و لە هاوپیشەکانی و ڕۆژنامەنوسانی تورکیا دەپرسێت:

من چ جیاوازیەکم لەگەڵ شاهین ئاڵپای و ئەحمەد توران ئاڵکان و عەلی بوڵاچ هەیە؟

ئەمەی خوارەوە نامەکەی ئوناڵە:

ئەو بریارەی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا لەسەر شاهین ئاڵپای داوێتی وەك پێشڕەو وەهایە لە بۆ دۆسیەکەی منیش و دەبێت بە نیسبەت منیشەوە جێبەجێ بکرێت. هەروەها گەر سەیری بڕیاری دادگای دەستوری تورکیا و دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا بکەین، دەبێت هەمان بڕیاریان سەبارەت بە مەهمەت ئاڵتان بەسەر منیشدا جێبەجێ بکردایە و نەدەبوو تەنیا یەک ڕۆژیش لە دوای ئەو بڕیارەوە لە زیندان بمێنمەوە.

مانەوەم لە زیندان پێشێلکردنی یاساکانە و دۆسیەکان لەبەر بوونی نادادپەروەریەکی زۆر بە تەواوی شکستیان خواردووە.

ئۆکسیجین بە نیسبەت زیندەوارانەوە هەرچیەک بێت، دادپەروەریش بە نیسبەت دەوڵەتەوە هەمان شتە.

لە گەردونی ئێمەدا خەریکە ئۆکسیجین واتە دادپەروەری تەواو دەبێت.

زەنگی ئاگاداری بۆ دەوڵەت دەمێکە لێ دەدات و زیندانیکردنی کەسانێکی وەک من، بەری هەناسەی دەوڵەتیان گرتووە.

دەوڵەت خەریکە دەخنکێت، دە گوێیەک لە دەنگی بگرن!

ئەحمەد توران ئاڵکان، موستەفا ئوناڵ، مومتەزەر تورکئۆنە، ئیبراهیم کەرەیەغەن، کە هەموویان نوسەری ڕۆژنامەی زەمانن، بە کەلەپچەکراوی هێنرانە بەردەم دادگا.

هیچ پاساوێکی یاسایی نیە کەوا درێژە بە باری دەستبەسەرکردنم بدات.

ئایا تەنیا منیان بە هۆی ئەو ٩ وتارەوە دەستگیرکردووە کە تەواوی وشەکانی ناوی پاکوبێگەردن؟

نەخێر. من تەنیا بە هۆی هەلومەرجی ئێستاوە دەستبەسەرکراوم، ئەوەش کارێکی یاسایی نیە.

تەنانەت بڕیارێکی سیاسی نیە و بڕیارێکی پۆلیتیکانەیە.

هەرگیزا و هەرگیز هەلومەرجی ئێستای تورکیا نابێتە پاساوی یاسایی ئەوەی من لە زینداندا بهێڵێتەوە.

من ڕۆژنامەنوسی ئەنقەرەم، شایەتی مێژووم، من تاوانێکم ئەنجام نەداوە و قوربانی هەلومەرجی ئیستای تورکیام.

لە زیندانی سلیڤریەوە، لە پەنجەرەی مێژوەوە بە سەرسامی و عیبرەتەوە سەیری ڕووداوەکانی ئیستای تورکیا دەکەم. ئاکەپە لە دەسەڵات، دۆستەکانم پەڕلەمانتار و کاربەدەست… منیش زیندانیم. لە نێو چوار دیواردا بە چەشنی یوسف لە بنی بیرێکی قوڵدا فەرامۆش کراوم!

ئەوان خاوەنی دەسەڵات و منیش خاوەن حەق، ئەوان ئەمڕۆیان هەیە و منیش بەیانی.

چونکە بێ تاوان و ستەملێکراوم. حەق و یاسا و دادپەروەری و ویژدان هەموویان پشتگیری لە من دەکەن. من زیندانیم، بەڵام ئەوانەی چەپڵەڕێزانی بڕیاری داخستنی ئاکەپەیان کرد ئێستا لە گۆشەی سەرەوە دانیشتوون و سەرنوسەرن.

من چەشنی ئەو یوسفەم کە لەلایەن براکانیەوە فڕێ درایە ناو بیرەکەوە، لە پێگەی یوسفدام.

ئەو دەستانەم کە قەڵەمی دەگرت کەلەپچەتان تێکردووە، ئەوە بزانن کە ئەم هەلومەرجە کاتیە، من وەک ڕۆژنامەنوسێکی ئەنقەرە چەندین جار لە نزیکەوە شاهیدی ئەو گۆڕانکاریانە بووم.

لە دەوڵەتی یاسادا هەرگیز کاری ڕۆژنامەنوسی نابێتە تاوان.

هەرگیز گونجاو نیە ئاوەها سزای هزر و فکر بدرێت.

سەرئەنجامی ئەم دۆسیەیە وەک ڕۆژی ڕوون ئاشکرایە، ئەم کۆڵانە ئەو سەری دەرچوونی تێدا نیە. لە ئێوە دەپرسم ئایا بینینی ئەمە پێویست دەکات کە هەتا ئەوسەری کۆڵانەکە بڕۆین؟

گەرچی هەلومەرجی زیندان سەختە بەڵام ویژدان ئاسوودەیە و دڵم خۆشە، ئیمانیشم بەهێزە. چونکە بێ گوناح و ستەمدیدەم. تەنیا لاشەم زیندانیە و لە قۆناغی “صبر جمیل” دام. باوەڕی تەواوم بەوە هەیە کە دروێنەی میوەی ئارامگری دەکەم لە کۆتایدا.

 

 

Show More
Back to top button