هەواڵ

منداڵێکی ساوای نەخۆش ماوەی ١٠ مانگە لە زیندانە


موعاز ئێرداڵی تەمەن ١ ساڵ، ماوەی ١٠ مانگە لەگەڵ دایکیدا بە ناوی نورهاڵ ئێرداڵە لە زیندانی تارسوسە و، سەرەڕای بوونی نەخۆشی دڵ، ڕێگە نادرێت وەک پێویست چارەسەری پزیشکی وەربگرێت.
موعاز بە هۆی نەخۆشی دڵەوە چاوەکانیشی تێکچووە و لەگەڵ تێپەڕینی کات لە زینداندا، چاوەکانیشی بەرەو خراپتر بوون دەچن.
موعاز لە تەمەنی ٢ مانگیەوە لە زینداندا ژیان بەسەر دەبات و، لە پاش یەک مانگ لە ژیانی ناو زیندان، ئینجا ڕێگە درا چاویلکە و دەرمانی پزیشکی وەربگرێت.
هەروەها موعاز لەم ماوەیەدا، لە چاوی چەپیدا جۆرێک لە “خێل بوون” بەدی کراوە.

موعاز کە یەکێکە لەو ٨٠٠ منداڵە ساوایەی لەگەڵ دایکیاندا لە زیندانەکانی تورکیا ژیان بەسەر دەبەن، چاوەڕێی ئازادکردنی دایکی دەکات.
هەرچەندە دایکی موعاز چەندین جار تانەی لە بڕیاری دەستبەسەرکردنی داوە، بەڵام ماوەی دەستبەسەرکردنەکەی بە بێ هیچ هۆیەک درێژ دەکرێتەوە.
خانمەکە و منداڵەکەی بە هۆی زیندانی کردنیانەوە، نەیانتوانی لە بەرواری ١٩ ی کانونی دووهەمی ٢٠١٩ سەردانی نەخۆشخانەی ئیزمیر بکەن، کە پێشتر سەرەیان بۆ گرتبوو.
باوکی موعازیش وەک دەربڕینی پێزانین بەرامبەر ئەو کەمپینەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بۆ ئازاد کردنی موعاز دەستپێکراوە دەڵێت:
سوپاس بۆ هەموو دۆستان، وشەکان ناتوانن هەستەکانی من دەرببڕن، زمانی حاڵم: چاوەکانم هەمیشە تەڕن… سوپاس بۆ خودا کە ئێوەش هەن، سوپاسی هەموو لایەک دەکەم…

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی تورکیا، لە ڕێگەی هاشتاگی موعاز نابێت لە زیندانی تارسوس بمێنێتەوە، داوا لە کاربەدەستانی تورکیا دەکەن، موعاز و دایکی ئازاد بکەن…

Show More
Back to top button