بیروڕاهەواڵ

مزگەوتی سەلیمیە و خزمەت!

ڤەیسەل ئایهان

 

لە دایکبوونی هەموو بەرهەمێکی ناوازە ژان و ئازاری زۆری بە دواوەیە. پێویستی بە ئەندازیاری کارامە و خۆڕاگر و بلیمەت هەیە، دەبێت هەموو کەرەستەکان بەوپەڕی دیقەتەوە هەڵببژێردرێن و، بەو پەڕی ئارامگریەوە بیانهۆنێتەوە.

ئەندازیار سینان چەلەبیش بەم شێوەیەی دەکرد لە کاتی دروستکردنی هەموو شاکارەکانیدا. کاتێک مزگەوتی سەلیمیەی دروست کرد، چەندین مانگ کاری لسەر زەمینی مزگەوتەکە کرد ئینجا بناغەکەی بۆ دانا.

لە شوێنی کارکردن ٤٠٠ وەستا و ١٤ هەزار کرێکار هەبوو.

ئەندازیار سینان کە بە میمار سینان ناسراوە، تەواوی ئەو قورساییەی کە بڕیاریدابوو لە دروستکردنی مزگەوتەکەدا بەکاری بهێنێت، چەندین مانگ لەسەر زەمینی مزگەوتەکە داینا، هەتا لە داهاتوودا بناغەکەی دانەتەپێت و لەم ڕێگەیەوە ڕێگەی لە هەموو درز و قڵیشێک گرت کە لە داهاتوودا دروست ببێت.

لە مزگەوتەکەدا بە ڕێژەیەکی زۆر بەردی بڕدراو بەکارهێنرا، کە هەر بەردێک بە ملیم و بە شێوەیەکی ئەندازەییانە تاشرابوون.

 

ئەو خشتانەی لە گومەزەکەدا بەکاریهێنا، چەندین ڕۆژ لە ناو فڕنی ئاگردا سوتێنران.

لە وڵاتانی دوورە دەستەوە چەندین تەن قوڕقوشمیان هێنا، هەموویان تواندەوە و تکاندیان و ئامادەیان کرد بۆ ئەوەی لە گومەزەکەدا بەکاری بهێنن.

لەلایەکەوە مەڕمەڕی گەورە کە لە پایەی مزگەوتەکەدا بەکاردەهێنران، بە هێمنی و بە ڕێکی پارچە پارچە دەکران و دەقرتێنران بێ ئەوەی بشکێنرێن و عەیبدار بکرێن، لەلایەکی ترەوە تەختەیان لە داری ئابانۆس دروست دەکرد و بۆ دەرگا و پەنجەرەکان بەکاریان دەهێنا.

هەروەها چەوی قەراغ دەریایان دەهێناو وەک ئارد دەیانهاڕی و وردیان دەکرد، پاشان ئاویان پێدا دەکرد و لەگەڵ لمی ورد و مووی بزن و کا تێکەڵیان دەکرد و پێکهاتەیەکی لێدروست دەبوو کە لە بەردی ئاسایی زۆر ڕەق و پتەوتر بوو.

کارامەترین وەستاکانی بۆیەکردن ئارەقیان دەڕشت بۆ ئەوەی بۆیەیەک بگرنەوە کە تەمەنی زۆر درێژی هەبێت و جوانترینی بۆیەکانی خۆیان بۆ ئەو مزگەوتە گرتەوە.

دروستکردنی مزگەوتەکە ٦ ساڵی خایاند.

چوار ساڵی یەکەم ئەوەی دەهاتە شوێنی دروستکردنی مزگەوتەکە، تەنیا هەڵکەندنی زەمینی بناغەکە و ئەو ئامێرانەی دەبینی کە کەرەستەکانی ناو مزگەوتەکەیان دروست دەکرد. ئەوەی تەماشای دەکرد توشی بێ هیوایی دەبوو، تەنیا کۆمەڵێک مەڕمەڕی گەورەی لەسەر یەک هەڵچنراویان دەبینی و دەگەڕانەوە. هیچ شوێنەواری شاکارێکی ناوازەی وەهایان نەدەبینی کە سەد ساڵ لە دوای دروستکردنیشی هەر وەک خۆی بمێنێتەوە.

تەنیا ئەوانەی ئەندازیاری کارامە بوون، لەوە تێدەگەشتن کە مزگەوتێکی زۆر گەورە دروست دەکرێت.

ئەندازیارەکەیان دەناسی و وەستاکانیش یەک لە یەک کارامەتر بوون. هەروەها ١٤ هەزار کرێکاری شارەزاش بێ ئەوەی بوەستن کاریان دەکرد.

 

“ئەمانەی سەرەوەم لەبەرچی نوسی؟”

لە یاری تۆپی پێدا دەستەواژەیەکی زۆر جوان هەیە، “خوێندنەوەی یاریەکە”. ئەوانەی زۆر بە باشی لە یاری تۆپی پێ تێدەگەن، کاتێک ڕاهێنەرەکە دەبینن کەوا کام یاریزان دەردەهێنێت و چۆن بڕیارێک دەدات، یەکسەر لەو ڕێگەیەوە دەتوانن یاریەکە بخوێننەوە و سەرئەنجامەکەی پێشبینی بکەن.

بینینی شاکاری گوڵێک یان ئەو نەخشەی لەسەر باڵی پەپولەیەکە، زۆر کارێکی گران نیە، بەڵام بینینی دانایی خودا و هونەری ئەو لە چنینی پلانی قەدەردا، وابەستەی ئەوەیە کە تا چەندە خودات ناسیوە.

بینینی هونەری خودا یان گەر جائیز بێت بڵێین خوێندنەوەی یاریەکەی، وابەستەی ناسینی خودا یان “معرفة الله” یە.

پێویستە عارف بیت.

 

“تاقیکردنەوەی چۆنیەتی خوێندنەوەی یاریەکە”

ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا ڕوویدا، هەریەکە و بە ئاستی ماریفەتی خۆی دەیخوێنێتەوە، هەموو کەس بە چاوی خۆی بە شێوەیەکی سوبێکتیانە لە بابەتەکان دەڕوانێت و دەیانخوێنێتەوە.

ڕاست یان هەڵە ئەوە خوێنەرە کە حوکمی بەسەردا دەدات.

ڕووداوە کۆمەڵایەتیەکان بە شێوەیەکی لەسەرخۆ دێنە مەیدان، گەر خۆت بە وردەکاریەکانەوە خەریک بکەیت، ئەوا ناتوانیت خوێندنەوەیەکی نەخشەخوێنەرەوانە یان بە چاوی باڵندە لە سەرەوە تێیبڕوانیت.

وەرزەکان چۆنی گۆڕانکاریان بەسەردا دێت، ڕووداوە کۆمەڵایەتیەکانیش بە هەمان شێوە، بێگومان دەگۆڕێن، بەڵام لەم بابەتەدا کاتی هەموو وەرزێک کتومت لەیەک ناچێت، گۆڕانکاریەکان لەلایەن خواستی خودا و ئیرادەی ڕێژەیی یان لاوەکی مرۆڤەکانەوە دروست دەبێت.

هەورە تروسکە و تریشقەی وەرزی زستان، باران، شەستە و ڕەهێڵە و لێزمە و تۆفان و لافاو، بەفر و قوڕ و چڵپاوی، هەموو وەرزەکان بەردەوامی نیە.

هێزی مرۆڤ هیچ کات ناتوانێت ڕێبگرێت لە هاتنی بەهار! بەڵام گەر لە ناوەڕاستی زستاندا باسی هاتنی بەهار بکەیت بۆ ئەوانەی ئاگایان لە ڕێچکە و تەوەری ڕووداوە کۆمەڵایەتیەکان نیە، بە کەسێکی کاڵفام دێیتە پێش چاویان.

ئەوانیش حەقی خۆیانە بڵێن هەموولایەک بەفر و چلۆرە و زوقمە، باسی هاتنی چ بەهارێک دەکەیت!

هەربۆیە ئەم وتارە لەوە دەچێت ڕاست یاخود هەڵە بێت، بەڵام هەوڵێکە بۆ خوێندنەوەی یاریەکە.

 

“پەیکەری ڕۆحی داهاتوو”

چەرخی قەدەر هەمیشە لە کارکردنێکی چڕدایە بۆ تەنینی تەونی داهاتوو. ئەوەی بە ڕواڵەت لە ڕووداوەکان دەڕوانێت تەنیا زوڵم، ئاژاوە و قەیران دەبینێت.

بەردەکانی داهاتوو یەک لە دوای یەک دادەنیشن. پەیکەری ڕۆحی داهاتوو دادەمەزرێنرێت. کاتێک تەمومژی قەیرانەکە ڕەویەوە، هەموو کەس پەیکەرەکە دەبینێت.

ئەو دەنگەی دەبیسترێت دەنگی تاشین و ڕێککردنی ئەندازەگیریانەی ئەو بەردانەیە کە دەبێت دابنرێن، مشار و ئامێرە زەبەلاحەکانی داربڕینەوە، خەریکی ئەوەن شکڵ بدەن بەو دەرگا و پەنجەرە و پردانەی لە داهاتوودا دادەنرێن.

بەڵام دەمی مشارەکە زۆر تیژ و بڕندەیە، بۆیە بێ هیوایی دەخاتەوە.

مەڕمەڕەکان یەک لە دوای یەک دەقرتێنرێن و دەکرێن بە دوو پارچەوە هەتا لە پایەکەدا باشتر جێگایان ببێتەوە، ئەو تۆزەی لە بڕینی مەڕمەڕەکان دەبێتەوە بەرچاوی هەموو لایەکی گرتووە و چاو نیە چاو ببینێت.

سەرمایەی خزمەت نە بەردە نە خاک، نە خوێندنگەیە نە ماڵ و موڵک.

تەنیا بەها و سەرمایەی بزاڤی خزمەت مرۆڤە.

هەر لەبەر ئەوەشە پڕۆژەی “داهاتوو” پێویستی بەوە هەیە پێکهاتەی مرۆڤ سەرلەنوێ و لە سفرەوە دابڕێژێتەوە.

 

” لە جوغرافیایەکی بریندارەوە تەنیا پڕۆژەیەکی بریندار دێتە مەیدان”

لە جوغرافیایەکی بریندارەوە تەنیا پڕۆژەی بریندار دێتە مەیدان.

هەربۆیە تەواوی هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت، یەکە بە یەکە لە ژێر پەروەردەدانی پەروەردگاردا سەرلەنوێ پەروەردە دەکرێنەوە.

سەدان هەزار مرۆڤی پاک و بێگەرد، بە هەستی ئەم بانگەوازە خوداییەوە تیژ دەکرێنەوە.

سەدان هەزاریان مرۆڤی ڕەنجکێش، بە چەشنی حەزرەتی یوسف لە زیندانەکاندا وەک ئەوەی لە کەمپێکدا بن،  دەخوێنێتەوە و فێر دەبێت، بە هەزار دەرد و چەرمەسەری کامڵ دەبێت. لە ڕێگەی بوون بە مرۆڤی کامڵدا ڕێگە تەی دەکات.

هەریەک لەوان دەگاتە نرخ و بەهایەک کە بە هەزار و دەیان هەزار کەسی تری نەگۆڕیتەوە.

هەر تەلارێک لە بناغەکەیدا ڕەنج و کۆڵکێشان و ماندوویەتی تێدا نەبووبێت، تەمەنی درێژ نابێت. داهاتوو لەسەر بناغەیەکی لەو شێوەیە دادەمەزرێت.

هەریەکەیان جێگای شانازین و سەدان شەهید و خەباتکەر، سەدان هەزار ژن و پیاو و منداڵ کە لە زیندانەکان بوون و دەیان هەزار موهاجیر. هێندەی ئەوانیش کەسانی پاڵپشتیکەر و ئەنسار.

هەموویان بە قۆناغی ئەنجامدانی “خزمەتی سەربازی” خۆیاندا تێدەپەڕن، ئیدی هەریەکەیان بە گوێرەی  نزیکیان لە الله.

 

“ئەو چەرمەسەریانەی مرۆڤ بەرگەی ناگرێت”

با لە دەرەوە حوکم نەدەین بەسەر ئەو دەرد و چەرمەسەریانەی کە لە هێزی مرۆڤدا نیە هەڵگرتنیان.  دەتوانم بگریم بۆ حەزرەتی یوسف کە لە تەمەنی ٥ تا ٦ ساڵیدا فڕێدرایە بیرە ئاوێکەوە. هەروەها کاتێک بیر لە مرۆڤێکی وەها ناوازەی مێژوو دەکەمەوە کە ٧ ساڵ لە زیندانێکی وێرانە و سیخناخ لە پیسایدا ماوەتەوە، جەرگم ژان دەکات.

بەڵام لە پاڵ ئەمەدا گەر لێپرسینەوە لە ئیرادەی خودا بکەم کەوا بۆ وای لە حەزرەتی یوسف کرد، دەکەومە حاڵێکی جێگەی پێکەنین و کۆمیدیاوە.

گەر لێپرسینەوە لە خودا بکەم لەسەر بەسەرهات و میحنەتی ئەو هاوەڵانەی سەردارمان کە لە داهاتوویاندا بە چەشنی “مانگەکان” و “ئەستێرەکان” وەک جۆلانە لە ئاسمان دیلانێیان دەکرد و دەدرەوشانەوە، ئەوا دەبمە جێگەی پێکەنین.

بناغەی مزگەوتەکە لە شوێنی کۆشکی پێشووی ئیدیرنە لێدرا، بناغەی خزمەتیش ئەم مرۆڤانەیە کە ئاماژەمان پێدا.

گەر بمانویستایە پڕۆژەیەکی گەورە لە مرۆڤەکانی پێش ٥ ساڵ دروست بکەین کە دەستێکیان لە هەنگوین و دەستێکیان لە ڕۆندا بوو، یاخود بەو مرۆڤانەی پێش ٥ ساڵ کە هێشتا لە بێژنگ و هێڵەک نەدرابوون، یان ئەوانەی هێشتا بە تاقیکردنەوەدا تێنەپەڕی بوون، ئەوا نەماندەتوانی بە سەرکەوتووی ئەنجامی بدەین.

گەر حەزرەتی یوسف لە زینداندا نەژیایە، لەوە دەچوو دیسان هەر بگات بەو پایەی کە بتوانێت بە دادپەروەرانە فەرمانڕەوایی میسر بکات.

بەڵام ناتوانم هەمان شت سەبارەت بە هاوسۆزانی خزمەت بلێم، گەر بە هەمان دەرد و چەرمەسەری حەزرەتی یوسفدا تێنەپەڕینایەتەوە.

“پارە و پۆست” ئەو تاقیکردنەوانەن کە دەهاتنە بەردەممان و ئایا دەمانتوانی بە سەرکەوتووی تێیانپەڕێنین، لەوەیاندا دڵنیا نیم.

ئەوانەی نەیانتوانی بیبڕن، دەتوانێت بیرێکمان بداتێ سەبارەت بەوانەی کە نەماندەتوانی لە داهاتوودا بیبڕین.

هەر بۆیە قەدەر بە مەبەستی ئەنجامدانی “پڕۆژەکە”ی خۆی هەرکەسێکی لە بەردەستایە لە هێڵەکی دەدات.

    خشتەکان لەناو ئاگردا دەبرژێنرێن.

بەردەکان دادەتاشرێن.

مەڕمەڕەکانیش جەلایی و سمارتە دەکرێن.

پەنجەرە و شوشەکانیش بە ڕەنگی محمدی بۆیە دەکرێن.

ئەوەی جوانی دەبینێت و بە باشی یاریەکە دەخوێنێتەوە، بە باشی ئەوەی بۆ دەخوێنرێتەوە کە قەدەر یەکە بە یەکەی هاوسۆزانی بزاڤی خزمەتی گرتۆتە دەستی و هەڵیاندەشێلێت. دەبینێت کەوا هەموو ڕۆژێک دەستەیەکی نوێ لە چەرخی میحنەتدا کەرت کەرت دەکرێت و شکڵێکیان پێدەدرێت.

ئەوەی جوانی دەبینێت و بە باشی یاریەکە دەخوێنێتەوە، دەبینێت کەوا هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت بە تەواوی تێشووی خۆیانەوە بە هەر چواردەوری دونیادا بڵاو دەبنەوە و، دەڕۆنە هەر شوێنێک وەک تۆو سەوز دەبنەوە و، لەوەش تێدەگات کە منداڵەکانی ئەوان بە نیسبەت داهاتوەوە لە بەرامبەر چیدایە.

 

“کاتێک دەڵێین دەنگی زوڵاڵ…”

بە هەڵە لێم تێمەگەن، کاتێک باسی پڕۆژە دەکەم مەبەستم لە “هێز” و ” دەسەڵات” نیە.

مەبەستم لە نوێنەرایەتیکردنی باشی، جوانی، حەق و دادپەروەریە بە دەنگێکی زوڵاڵ.

مەبەستم لەوەیە هەر تاکێک بە چەشنی ئەستێرەی جەمسەرەکان درەوشاوە و دیار بێت لە شوێنی خۆیەوە.

مەبەستم لەوەیە لە هەموو شارێکدا خۆرێکی وەک مەولانا هەڵبێت و چواردەوری خۆی ڕۆشن بکاتەوە.

مەبەستم لە کەسانێک نیە کە بە قسە و مناقەشە خەریکی خزمەت بن، بەڵکو کەسانێک کە بە هزری درەوشاوە و بێگەردیانەوە، خەریکی نوێنەرایەتی بەرزکردنەوەی ناوی الله بن.

لە ڕێگەی زەبر و زەنگەوە نا، بەڵکو بە نەرم و نیانی و بە دەنگێکی زوڵاڵەوە ئەمە بە هەموو دونیا بگەیەنن.

هەر کەسێک بیەوێت دەتوانێت دەست لە غیرەت و قودرەتی خودا بشۆرێت و بڵێت ” هەموو شتێک تەواو”؛ توشی هیوابڕاوی بێت.

هەندێکێکیش دەتوانێت لە ڕێگەی ئەوەی بڵێت ” ئەمان فڵان شتیان کرد و ئەوان فیسار شتیان کرد” زمان و دڵی خۆی پیس بکات.

ئەمانەش ئەو کەسانەن کە خۆیان بە ئاگری فڕنەکەوە سەرقاڵ کردووە، لە جیاتی ئەوەی بیر لەو خشتە پتەوانە بکەنەوە کە لەو ئاگرەوە دێتە دەر.

بیر لە بەدەستهێنانی خۆڕاگری و پتەوی ناکەنەوە و ئارامگریان نیە، بەڵکو لە بەرد و چەکوش و ماوەی مانەوە لە ئاگرەکەدا خنکاون.

ئەوەی نزا و شەونوێژ و تێکۆشانی نیە دەلەرزێت و دەڕوا بەدەم باوە.

لە ڕۆژانێکی سەختدا دەژین.

پڕۆژەکە بە شێوەیەکە ئەوەی باوەڕی پێینەبێت لە خۆی ناگرێت و پاڵفتەی دەکات.

ئەوەی خوازیار بێت دەتوانێت بڕوات، ئەوانەشی خوازیاری پڕۆژەکەن دەتوانن بە ڕاستگۆیانە تاقیکردنەوەی خۆیان تێپەرێنن.

یەکێک لە ئامانجەکانی ئەم قۆناغەش هەر ئەمەیە.

“هیوا پێش هەموو شتێک کاری باوەڕە”

گەر هیواداربین و بەهەڵەدا بچین ئەوا ژیانی ئاخیرەتمان لەکەدار ناکات، بەڵام ڕەشبینی وەک کونە رەشەکانی ئاسمانە و هەموو بەهاکانی مرۆڤ قوت دەدات و لەوەش خراپتر ژیانی ئاخیرەتیش ڕەش دەکاتەوە.

کاتێک هیجرەتی ئەوانە تەواو دەبێت کە هیجرەت دەکەن، کاتێک ئەوانەی دەبێت بڕۆن دەگەنە ئەو شوێنانەی کە دەبێت پێیان بگەن، ئەم تۆوانەی بە چواردەوری دونیادا بڵاوبوونەتەوە کاتێک لەگەڵ ئەو خاکانەدا یەک دەگرن، کاتێک بە ئۆکسیجینی ئەو خاکانە گۆش دەکرێن و ڕەگ دادەکوتن، لە هەموو شارێکی ئەو وڵاتانە لێدانی بناغەی مزگەوتێکی سەلیمیەی تر دەست پێدەکات.

ئەوەی لەسەر شانی مرۆڤە ئەوە نیە کە لایەنی “پەروەردەیی” پەروەردگارەکەی هەڵبسەنگێنێت و لێیبپرسێتەوە، بەڵکو تەنیا سوپاسگوزاری لەسەرە.

میمار سینان دوای چەندین ساڵ لە کۆکردنەوەی ستافەکەی، واتە کۆکردنەوەی بەرد و قوڕقوشم و خشت و مەڕمەڕەکانی، تەنیا یەک دوو مانگی ویست هەتا مزگەوتەکەی دروست بکات.

ئەوانەی پشتیان بە قودرەتی ئیلاهی بەستووە دەزانن کە بۆ هاتنی بەهار، کاتێک تەواوی کەرەستەکانی کۆ دەبێتەوە، هیچ شتێک هێندەی زستان خێرا کۆتایی نایەت و بە چەشنی بارانی مانگی نیسان بە سوپریز و لە پڕ و بە پرتاو دێت.

با بە وتەکانی خاوەن دەنگ و سەدا زوڵاڵەکە کۆتای بەم وتارە بهێنم:

هیوا پێش هەموو شتێک کاری ئیمانە. ئەوەی مرۆڤی باوەڕدارە هیواشی هەیە، هیواکەی هێندەی ئیمانێتی. کەسانێکی زۆر مەرد و کارامە کەوتنە ڕێ، بەڵام بە هۆی لاوازی هیوا و ئیمانیانەوە لە نیوەی ڕێگا بەجێمان. بومەلەرزەیەکی بچوک، گەردەلولێکی کاتی و تێپەڕ، لافاوێکی کاتی عەزم و ئیرادەی ئەوانیشی لەگەڵ خۆیدا توڕدا و بردی.

ئێمە پێویستمان بەو و بەم نیە، بەڵام هێندەی ئاو و خۆراک و هەناسە، پێویستمان بەو کەسە ڕێپشاندەرانەیە کە کۆڵ نادەن و زیزنابن، عەزمیان هەیە و چۆک دانادەن، هەروەها هەرگیز توشی نائومێدی و هیوابڕاوی نابن.

سەبارەت بەوانەی بە هەوەسێکەوە ملی ڕێگەیان گرتووە و کاتێک بە گوێرەی هەوەسی خۆیان ئەوەی بەدوی کەوتبوون نەیاندۆزیەوە، یان ئەوەتا بێ هیوا بوون یاخود لەگەڵ پەروەردگاردا کەوتوونەتە ململانێ و،  ئەوان چەندین فەرسەخ لە ئێمە و ئێمەش چەندین فەرسەخ لەوان دوورین.

لە ئانی ئێستادا کە هەزاران تۆوی هیوا زەردەخەنە گرتوونی، هەزاران تۆویش لە ژێر خاکدا چاوەڕێی هاتنی گەرمای بەهارن، ئومێدی هیوا  بۆ تەواوی ئەو دڵانەی لە هیوا بێبەشن دەخوازم…

      

Show More
Back to top button