هەواڵ

مانگی ڕەمەزان لە شوێنی مانەوەی مامۆستا فەتحوڵا گولەن

نووسینی: مامۆستا فاروق مەرجان

 

ڕۆژی ڕابردوو لە شوێنی مانەوەی مامۆستا فەتحوڵا گولەن میوان بووین. پێش نوێژی ئێوارە (مەغریب) بەشداریمان کرد لە خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز بە کۆمەڵ (المقابلة). میوانەکان بە ڕەچاوکردنی ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا دووری نێوانیان دەپارێزن. مامۆستا فەتحوڵا گولەن لەگەڵ تەلەبەکانی بازنەیەک درووست دەکەن و بە نۆرە قورئانی پیرۆز دەخوێنن و لەگەڵ خوێندنەوەی هەر لاپەڕەیەکدا واتاکانی ئەو لاپەڕەیەی قورئانی پیرۆز دەخوێننەوە.

مامۆستا فەتحوڵا زۆر بە وردی گوێدەگرێت کاتێک تەلەبەکانی قورئان دەخوێنن و هەندێک جاریش خوێندنەوەکەیان بۆ ڕاست دەکاتەوە. کاتێک واتاکان دەخوێندرێتەوە، ئەگەر پێویست بکات پەنا بۆ تەفسیرێک دەبرێت. کاتێک ئەو بەشەی سورەتی (التوبة) خوێندرایەوە کە باس لە دووڕووەکانی سەردەمی پێغەمبەر (ﷺ) دەکات، تەفسیرەکەی ئەلمالیلی حەمدی خوێندرایەوە بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتری بابەتەکە.

لە زاناکانی وەک مامۆستا فەتحوڵا گولەندا زاکیرەیەکی زۆر باش بوونی هەیە کە خودا پێی بەخشیون. بە دڵنیاییەوە مامۆستا سەعید نورسی (بەدیعوزەمان)یش هەمان تایبەتمەندی هەبووە…

پێشتر لە کاتی نووسینی کتێبێک لەسەر ژیاننامەی مامۆستا فەتحوڵا دەرفەتی ئەوەم بۆ ڕەخسا کە دوو ڕەمەزان لێرە بەسەر ببەم. لەم شوێنەدا بە تەواوی تێگەیشتم لەوەی مانگی ڕەمەزان لەپاڵ ئەوەی مانگی عیبادەتە، مانگی عیلم و عیرفانیشە. ئەو ڕوونکردنەوانەی مامۆستا فەتحوڵا پێشکەشی دەکات لە موفەسیرە گەورەکانەوە لە کاتی خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز و ئەو وانە و حەدیسانەی باسیان دەکات ئاسۆیەکی نوێ دەکەنەوە…

قسەیەکی ئەو ڕۆژانەی مامۆستا فەتحوڵام لای خۆم بە تێبینی نووسیوە کە دەڵێت: “خۆزگە لە هەموو مزگەوتەکاندا وەک چۆن ئێمە بە کۆمەڵ قورئان دەخوێنین قورئان بخوێندرایە”. کاتێک ڕەمەزان دەهات وەک نەریتێک لە هەموو مزگەوتێکی گەورە و بچووکدا کە نوێژە تەراویحەکانی تێدا ئەنجام دەدرێت بەو شێوەیە بە کۆمەڵ قورئان بخوێندرایە، ئەوکات ئەو نەوەیەی بەو شێوەیە پێدەگات خاوەن زانیارییەکی تەواو دەبێت لەسەر قورئان. جگە لەوە لە تەواوی ١١ مانگەکەی دیکەدا هەموو ڕۆژێک پێش نوێژی ئێوارە بۆ ماوەی “٤٥ خولەک” دوعای بە کۆمەڵ دەکرێت. دەبێت هەموو کاتێک عیلم و عیبادەت بەو شێوەیە پێکەوە بن…

دوای خوێندنەوەی قورئان کە ماوەی نزیکەی کاتژمێرێک و ١٥ی خولەکی پێدەچێت، بانگی ئێوارە دەدات. بەو ئاو و خورمایەی پێشکەش دەکرێت ڕۆژووەکانمان دەشکێنین. مامۆستا فەتحوڵا دوای ڕۆژوو شکاندن وتی:

“پێویستە لەسەر ڕێبازی بەدیعوزەمان سەرلەنوێ موسوڵمانێتی بە سەرجەم مرۆڤایەتی ڕابگەیەنین. موسوڵمانان نازانن لە موسوڵمانێتیدا قوڵ ببنەوە. موسوڵمانێتی لە بنەڕەتدا بریتییە لە کردەوە.”

دوای نوێژی ئێوارە و تەسبیحات، دەچینە سەر سفرەی بەربانگ. لەو شوێنەدا تەنها لە ڕەمەزاندا نا بەڵکو لە هەموو ڕۆژێکدا خواردن هەیە بۆ میوانەکان. وەک لانەکانی عیلم و عرفان لە سەردەمانی کۆندا…

پێش بەجێگەیاندنی نوێژی خەوتنان و تەراویحەکان، مامۆستا فەتحوڵا چەند وتەیەکی کورت پێشکەش بە میوانەکان دەکات. دوو میوان کە لەوێ ئامادەبوون باسیان لەو کرد کە سەردانی دوو کەسایەتی گرنگیان کردووە و بیروڕای ئەوانیان سەبارەت بە بزاڤی خزمەت لەم قۆناغەدا گەیاند بە مامۆستا فەتحوڵا. یەکێکیان وتبووی: “لە دوای ئەم ستەمکارییەی بەرامبەر بە بزاڤی خزمەت ئەنجامدرا بیروڕاکانم سەبارەت بە بزاڤی خزمەت بەهێزتر و زیاتر بووە”. مامۆستا فەتحوڵا خۆشحاڵی خۆی بەو هەواڵە دەربڕی و وتی “فێردەبین کە لە ژێر ئەم هەلومەرجەی ئێستادا چۆن خزمەت بکەین. ئینشاالله ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی سبەی هەنگاوی گەورە بنێین”. ئەم وتەی مامۆستام پێشتر بە تێبینی لای خۆم نووسیبوو کە دەڵێت: “بڵاوبووینەوە بە هەر چوارلای دونیادا، بەڵام سەرەنجامی بڵاوبوونەوەکەمان وەک گوڵەگەنمێک چەکەرەمان کرد و چەکەرە دەکەین”.

ئەمە یەکەمین جارە بزاڤی خزمەت ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی هێندە گەورە ببێتەوە. هەوڵ دەدرێت بەو هۆکارانەی لەبەردەستدان دیسان لە دەرگاکان بدرێتەوە و برینەکان ساڕێژ بکرێن و هاوکاری ئەو کەسانە بکرێت کە ناچاربوون ماڵ و حاڵیان جێبهێڵن.

مامۆستا فەتحوڵا گولەن هەست بە ناسۆرێکی زۆر قوڵ دەکات بە هۆی ئەو کەسانەی بێدەنگن یاخود ڕەزامەندی نیشان دەدەن بەرامبەر بەو هەموو ستەمکارییەی ئەنجام دەدرێت و دەڵێت “ئایا لەو کاتەی لە تورکیادا بووین توانیمان بچین بۆ لای هەموو ئەو کەسانەی کە دەکرا بچین بۆ لایان، ئایا توانیمان گفتوگۆ لەگەڵ هەموو ئەو کەسانە بکەین کە دەمانتوانی گفتوگۆی لەگەڵ بکەین؟”

هەموومان شاهێدین کە مامۆستا فەتحوڵا سەردانی هەموو چین و توێژەکانی لە تورکیادا کرد. وێنەیەکی مامۆستا فەتحوڵا لەگەڵ پرۆفیسۆر تۆکتامیش کە دەستیان لە دەستی یەکدایە لە ئێوارەی ٤ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٩٦ لە کۆشکی چراغان لە ئەستەمبوڵ گیراوە. وێنەی گەورەتری ئەو ئێوارەیە لە ئینتەرنێتدا هەیە. تەنها ئەو وێنەیە دەریدەخات کە مامۆستا فەتحوڵا سەردانی هەموو چین و توێژێکی کردووە.

بەڵام سەرەڕای ئەوە مامۆستا فەتحوڵا لە بەردەم میوانەکانیدا لێپێچینەوە لە خۆی دەکات و دەڵێت “تۆ بڵێی سەردانی هەموو لایەکم کردبێت؟”، پێم وایە بەوەش پەیامێک بە ئێمە دەدات.

مامۆستا فەتحوڵا ساڵانێکی زۆر پێش ئێستا وەک ئەوەی ئەم ڕۆژانەمان ببینێت دەیوت “پێویستە پاکی و بێتاوانی خزمەت بۆ هەمووان باس بکەین”. بەڵێ ئەرکی ئێمەیە ئەمڕۆ ئەو پاکی و بێتاوانیە بە هەمووان ڕابگەیەنین.

بە درێژایی مێژوو بزاڤە کۆمەڵایەتیەکان هەمیشە نەیانتوانیوە پارێزگاری لەو ڕێچکەیە بکەن کە لەسەری بوون. نەوەکانی داهاتوو و مێژوونووسانی داهاتوو بە جیا تەماشای ئەوە دەکەن کە بزاڤی خزمەت چۆن ئەم تاقیکردنەوە گەورەیەی تێپەڕاندووە. وەک ئەوەی مامۆستا فەتحوڵا گولەن جەختی لەسەر دەکاتەوە ئەوەش ناوی “ڕێبازی بەدیعوزەمانە”…

دواتر لەگەڵ مامۆستا فەتحوڵا نوێژی خەوتنان و تەراویحمان ئەنجامدا و ئەوەش نزیکەی کاتژمێر و نیوێکی خایاند. دیسان بە هۆی ڕەچاوکردنی ڕێنماییەکان لە کاتی بەجێگەیاندنی نوێژەکاندا مەودای دووری لە نێوان کەسەکان دەپارێزرا. هەموو شەوێک جوزئێک لە قورئانی پیرۆز لە تەراویحەکاندا دەخوێندرێت… لە دوای تەراویحەکانیش تەسبیحات ئەنجام دەدرێت.

لە دوای تەواوبوونی نوێژ و تەسبیحات مامۆستا فەتحوڵا پێش ئەوەی بچێتە ژوورەکەی خۆی ڕوو دەکاتە میوانەکان و دەڵێت: “ئەمڕۆش تەواوبوو. ئەگەر تاجی ئیخلاص و عەشقی الله ی لەسەرنرابێت بە فیڕۆ نەچووە. ئەوە ئەسڵی بابەتەکەیە… جەم کاراجا چەند جوانی وتووە: الله یار، الله یار، ئەوی دیکە ئەغیارە… پێویستە دڵەکانمان هەردەم بە بەهێزی ڕابگرین. خودا تەماشای دڵەکانمان دەکات…”

شەوی ڕابردوو بەو دەستکەوتانەوە شوێنەکەی مامۆستامان بەجێهێشت. ڕێگەی خزمەت “ڕێبازی بەدیعوزەمان” و “الله یار”…

http://www.samanyoluhaber.com/hocaefendinin-mekaninda-ramazan-haberi/1368014/

 

1059 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە
Show More
Back to top button