بیروڕاهەواڵ

لە یادی شەهید کردنی مامۆستا خدر و کەمالەدا عەبدوڵا گۆک

لە قورئانی کەریمدا باسی پێغەمبەر هودمان بۆ دەکات کاتێک بە قەومەکەی دەڵێت” من لە بەرامبە ئەم پەیامەی بە ئێوەی دەگەیەنم هیچ داواکاریەکی ماددیم نیە، پاداشتی من تەنیا لەلای خودای پەروەردگاری هەموو جیهانیانە”. سورەتی هود ئایەتی ٥١.

مامۆستا خدر و کەمالەش، پاداشتی خۆیان تەنیا لە خودا چاوەڕێ دەکرد. تەنیا ڕەزامەندی خودایان بە ئامانج گرتبوو، هەر بۆیە خۆیان بۆ گەیاندنی پەیامەکەی ئەو تەرخان کردبوو. ئەوان نە یەکەم شەهیدی ئەم داوایە بوون، نە کۆتا شەهیدیش دەبن.

هەموو کەس چیرۆکی ئەوان نازانێت، لە کاتی خزمەتکردنی مرۆڤەکاندا لە پێش هەمووانەوە بوون، بەڵام لە کاتی گرتنی وێنەدا هەمیشە لە دواوە دەوەستان. نە چاوەڕوانی شتێکیان لە کەسێک هەبوو، نە ترسیان هەبوو. جلەکانی بەریان بریتیبوو لە ڕەوشتی جوان. دڵنیا بوون. دڵەکانیان وەک فریشتە پاک و بێگەرد، زمانیشیان تەرجومانێکی ڕاستگۆی ناخیان بوو. ڕوویان هەمیشە لە ئاسمان بوو.

دەگێڕنەوە سەعید نورسی لە کاتی وەفاتیدا تەنیا ١٥ لیرە لە گیرفانیدا دەبێت، ئەو پارەیەش لە مەسرەفی کفن و دفن کردنیدا خەرج دەکرێت. ئوستاد لە دونیادا هیچ سەروەت و سامانێکی نەبوو جگە لەو بوخچەیەی لە دەستیدا بوو. کاتێک وەفاتی کرد، تەنیا جوتێک کراس و کەوا و سەڵتەیەکی لێبەجێما، مامۆستا خدریش کە شوێن پێی ئوستادیان هەڵگرتبوو، کاتێک دەچنە سۆماڵ، جگە یەک دوو جانتا هیچی تر لەگەڵ خۆیان نابەن.

کاتێک شەربەتی شەهادەتیان لەو پەرداخە نۆشی کە بە لێزمە بارانی فیشەک پڕ بووبوو، جگە ئەو دوو یان سێ جانتایەی لە سەرەتاوە هێنابوویان، هیچی تریان لە دوای خۆیان جێنەهێشت.

هەرگیز لەسەر ڕووی زەوی خاوەنی موڵک و ماڵ نەبوون، هەربۆیە ماڵیان بەسەر ڕووی زەویدا داخستبوو. بە دەموچاوە ناسک و پڕ زەردەخەنەکەیانەوە دەچوونە ناو دڵان و، بە چەشنی خرۆشانی ئاوی ڕوباری نیلەوە، هەوڵیان بۆ دروستکردنی بەهەشتێک دەدا لەسەر قاڕەی ڕەش.

مامۆستا گوڵناریش، مامۆستایەکی وڵاتی ئازەربایجان بوو. کاتێک لە عێراق لەگەڵ بزاڤی دڵاندا کاری دەکرد، گیرۆدەی نەخۆشیەکی بێچارە دەبێت و، کاتێک چاوەکانی لێکنا تەمەنی تەنیا ٣٤ ساڵ بوو.

چەندین دونیای لەو تەمەنە کەمەیدا کۆکردەوە و توانای لەسەر ڕووی زەوی زۆر تۆوگەلێکی زۆر بچێنێت، هەتا لە داهاتوودا میوە بگرن.

لەبەر ئەوەی لە ژێر سایەی پەروەردەی پێغەمبەرێکدا پێگەشتبوو، کە سدق و ڕاستگۆیی سیفەتێتی، دەبوو وەک حەزرەتی مەریەم بژی، کاتێک لە ئێوارەیەکی خەمگینی مانگی تشرینی دووهەمی پایزدا کفنی لەبەر کرد، خوشکەکەی بە ناوی مامۆستا کەمالە، لەگەڵ کاک ئەفلاتون هاوسەرگیری کرد. مامۆستا کەمالەش بە چەشنی حەزرەتی موسا هەمیشە دەیوت” خودا موحتاجی هەموو لوتفی هەموو نیعمەتێکی تۆم”، دوای ئەوە مامۆستا کەمالەش ملی ڕێگای هیجرەت دەگرێت و، دەگاتە بیابانی بێبەشی و هەژاری کە وڵاتی سۆماڵە. نیەتی ئەوەی هەبوو بۆ لای خودا و پێغەمبەرەکەی بگەڕێتەوە، هەر ئەو شوێنەشی بۆی ڕۆشت، بووە ئەو جێگایەی کە تێیدا دەگات بە خودا و پێغەمبەرەکەی.

لە ڕێگەی سەیر و سلوکی ڕۆحیدا، بڕیاری ئەوەی دابوو مرواریە ڕەشەکانی دڵە سپیەکانی قاڕەی ڕەش خەرمانە بکات و لەگەڵ خۆی بیبات. کاتێک بەر دەستڕێژی فیشەکی دەدەن، لەشی خۆی دەکاتە قەڵغانی دوو منداڵەکەیی و جارێکی تر لە پێناو ژیاندنی کەسانی تر، ژیانی خۆی بەخت دەکات. هاوسەرەکەی دەڵێت” تەنیا یەکجاریش لە ژیانمدا دەنگم بە سەردا بەرز نەکردۆتەوە”. مامۆستا کەمالە لەو شارە بچوکەی هیجرەتەکەی، کە زۆر دڵی پێ دەکرایەوە، لە نێوان ئەو خوێندکارانەی کە زۆر خۆشی دەویستن، گەڕایەوە بەرەو لوتکەی ڕۆحی خۆی.

مامۆستا کەماڵەش بە چەشنی مامۆستا گوڵنار، لە تەمەنی ٣٤ ساڵیدا بەرەو ژیانی ئەبەدی بەڕێکرا. لە حەزرەتی ئادەمەوە هەتا ئێستا، سەخترینی تاقیکردنەوەکان بۆ کەسە گەورەکانە، مامۆستا کەمالەش بە چەشنی شەهیدەکانی ئوحود کە لە نێوانیاندا حەزرەتی حەمزەش لاشەی پارچە پارچە کرا، بە دەستڕێژی فیشەک هەموو لاشەی کون کون کرا.

بێجگە بەشی ناوخۆیی خوێندنگەکەی هیچ ماڵێکی تری نەبوو بۆی بڕوات، تەنانەت لەو خاکی غوربەتەش ماڵێکی نەبوو تا تەعزێکەی تێدا بەڕێوە ببرێت. لە کاتی فەتحی مەککەدا بە سەردارمان دەڵێن ” ئەی پێغەمبەری خودا، حەز دەکەیت لە چ ماڵێکدا بحەوێیتەوە؟”. ئەویش لەو کاتەدا بیری ماڵەکەی وێرانکراوەکەی جارانی دەکەوێتەوە و دەڵێت ” جا عەقیل ماڵێکی بۆ ئێمە جێهێشت هەتا تێیدا بحەوێمەوە؟”. عەقیلەکانی سەردەمی ئەمڕۆشمان، شوێنێکیان بەو دڵە پاکەی مامۆستا کەمالە بە ڕەوا نەبینی لەم دونیا گەورەیەدا.

چیرۆکەکانیان زۆر جیاواز نین، وەک چۆن حەزرەتی ئوستاد لە بەرامبەر زوڵم وەستایەوە و وتی ” گەر دونیا بکەنە ئاگر و بەسەر سەرمدا بیبارێنن، ئەم سەرەی فیدای ڕاستیە قورئانیەکانە، بۆ ئێوەی دانانەوێنم”، مامۆستا حوسەین مادەنیش بۆ ئەوەی سەر نەوی نەکات، خنکانی لە دەریای ئیجەدا لەبەرچاو گرت، یاخود کاتێک قورئان چیرۆکی زیندەبەچاڵکردنی کچانی منداڵمان بۆ دەگێڕێتەوە و دەفەرموێت” سوێند بەو ڕۆژەی پرسیارتان لێدەکرێت، کە بۆچی کچی منداڵی ساواتان بە زیندوویی زیندەبەچاڵ کرد”، یاخود چیرۆکی منداڵەکانی مامۆستا عائیشە عەبدوڕەزاق، کەس نازانێت تاوانیان چی بوو، کاتێک لە دەریاچەی مەریچ لەگەڵ خێزانەکەیان پەڕینەوە و بەرەو ژیانی ئەو دونیا بەڕێکەوتن. ئەمانە هەموویان چیرۆکی هاوشێوەن.

 

هاوەڵێتی پێغەمبەر ئەوەیە خۆت بکەیتە میراتگری ئەو شتانەی خودا و پێغەمبەرەکەی بۆ ئێمەیان جێهێشتووە. ئەمەش قەدەری ئەم ڕێگایەیە، ئەوانەی لەم ڕێگەیەدا شەهید بوون هەرگیز نیگەران نەبوون لەو قەهر و زوڵمەی لەم دونیایەدا چەشتیان، دڵیان نەڕەنجا لە بێ وەفایی دۆستانیان، دڵیان نەڕەنجا لە دایک و باوکیان، لە دوورییان لە نیشتیمان.

گەر دڵیان لە شتێک ڕەنجابێت ئەوەیە بە ناڕەوا لەزگەی تیرۆریان لێداون، یاخود کاتێک حەقیان بینیوە کە کراوە بە قوربانی بەرژەوەندی بچوک، یان کە بوختانی “دەستەیەکی گومڕا” یان بۆ هەڵبەستوون.

جەرگیان سووتا،  خوێن لە ناخیان هەڵچۆڕا، لە غوربەتی بێ وەفایدا لەبەرچاوی خۆشەویستانیان توانەوە و ڕۆشتن.

بە چەشنی ئەو حەزرەتی مەریەمەی کە لە باوەشیدا منداڵێکی ساوای سەر بێشکەی قسەکەری وەک حەزرەتی عیسای هەڵگرتبوو، دووچاری چەندین بوختان بوونەوە. گەرچی بە تیری دۆستانی ٤٠ ساڵەیان بریندار کران، بەڵام ئەوان ڕێگەی هابیلیان گرت و زوڵمیان لە برا زاڵمەکانیان نەکرد.

بە چەشنی حەزرەتی ئاسیا کاتێک لە کۆشکی فیرعەوندا بوو لە دژی زوڵم وەستایەوە و بوونە جێگەی پەسنی قورئانی کە دەفەرموێت” لە نێوان باوەڕداراندا مەردگەلێکی وەها بوونیان هەیە…”، هەمیشە وابەستەی سدق و ڕاستگۆیی بوون و لەم ڕێگەیەدا گیانیان بەخت کرد.

 

ئەو ڕێگەیەی بەسەریدا دەڕۆشتن ڕێگەی پێغەمبەر بوو، ڕێگەی پێشینە چاکەکان بوو. لەسەر زاریاندا هەمیشە بەستەی ” ئەی یار گەر لێت جوودابم” دەکرا بە ئاواز.

 

من عاشقێکی بێچارەم ئەی یار گەر لێت جودا بم

عاشقێکی جەفاکێشم ئەی یار گەر لێت جودا بم

گەر وەک زەکەریا سەرتا بە خوار دوو قاشم کەن

گەر بمسوتێنن و خۆڵەمێشم بە بادا دەن

ئەی سەتتار من لە تۆ جودا نابم…

 

http://www.tr724.com/somalide-2-yil-once-sehit-edilen-hidir-ve-kemale-ogretmen-ile-tum-dava-sehitleri-anisina/

 

Show More
Back to top button