بیروڕاهەواڵ

لە کوێی ئەی ئەو قارەمانەی چەندین ساڵە بە حەسرەتیەوەین! عەبدوڵا ئایماز

کاتێک مەهمەت عاکیف دەیوت” ئەی ڕۆژهەڵاتی گەورە، ئەی جێنشینگەی ئەبەدی،  دەڵێی بوویت بە کەلاک؟ خۆ تۆ جاران وا نەبوویت!”. کاتێک لەم قسانەدا ڕووی لە گەلانی ئاسیا و بە تایبەت وڵاتانی موسوڵمانان و ڕووداوەکانێتی، ئەوە دەبینین کە بە چ ئازارێکەوە تلاوەتەوە.

 

ئوستاد بەدیعوزەمانیش بەوپەڕی هیواوە دەیوت” بەڵێ هەردەم ئومێدەوار بن، لەم گۆڕانکاریانەی لە ئێستادا ڕوو دەدەن، بەرزترین و زوڵاڵترین دەنگ، دەنگی ئیسلام دەبێت”.

 

م.فەتحوڵا گولەنیش لە وتارێکیدا بە ناوی “لە گێژاوەوە بۆ سیستەم” دەڵێت:

” ماوەی چەند سەدەیەکە کۆمەڵگای ئێمە، لە ڕووی ئەخلاق و فەزیڵەت و بیرکردنەوەی زانستیانەوە، بە تەواوی وێنەی وێرانەیەکمان پێدەدات.

 

بەڵێ کۆمەڵگای ئێمە، لە بابەتەکانی ئەخلاق، پەروەردە، هونەر بە دوای ئەڵتەرنەتیڤی سیستەم و هزرێکی نوێدا دەگەڕێت. یان ڕاستتر وایە بڵێین، لەم جوغرافیا گەورەیەدا، لە بەرامبەر کۆمەڵێک هزری بێ هوودە و ڕۆحی هەتیو کەوتوودا، کە بایەخ نادەن بە هەستی بەرپرسیارێتی، بەها مرۆڤایەتیەکان، زانست، ڕەوشت، بیرکردنەوەی ڕاستەقینە، فەزیڵەت و هونەر؛ پێویستمان بە مێشکگەلێکی بلیمەت و ئیرادەگەلێکی پۆڵاینی وەها هەیە، کە بتوانێت وجود(بوون) بە هەموو قوڵایەکانیەوە، مرۆڤایەتی، ڕەهەندە دونیایی – ئاخیرەتیەکان بە هەموو فراوانیەکانیەوە لە باوەش بگرێت.

 

بەڵێ، لەم دونیا موبارەکدا سەردەمانێکی وەها هەبوون کە ڕۆشنبیرەکان بێدەنگبوون و، زنجیر لە دەمی بیر و هزر دراوە و، ئەوانەی نوێنەری هێز و دەسەڵات بوون، پشتگیریان لە گومڕایی و ناڕەسەنێتی کردووە و نەوە بەدبەختەکانیش، لەناو وڕێنەی سەرسوڕمانیاندا هەمیشە وەک جەنازە بێ گیان و، لە ناو بێ هیوایی و هەستە تاریک و نوتەکەکانیاندا حەشر و نەشر بوون.

لەم سەردەمە سوورەدا، کە هەموولایەک بە هەڵاو و تۆمار تۆماری بێ هیوایی تەوق دراوە، چاوەکان زۆر جار لە ناو بێچارەییدا بە فرمێسکەکانیان هەناسەیان داوە و، دڵەکانیش بە هەندێک وتەی هەڵقوڵاو لە خۆیانەوە هاواریان کردووە و بەرامبەر هەندێک دەموچاوی بێشەرم خۆیان خواردۆتەوە و لە ناخەوە وتوویانە:” ئینجا سەبارەت بەم سەرسامانەی چارۆکەیان بەڕووی ئیلحاد و بێ دینیدا هەڵداوە و،  ئەم نەدانانەی چەپڵە بۆ هەموو کەسێک و قسەیەک لێدەدەن و، ئەو ویژدانە کۆڵەوارانەی ڕاهاتوون بەوەی ملکەچی ئەم هێز و دەسەڵاتە بن، لەم شەرەف و عیزەتە لەکەداربووانە چاوەڕێی چیترمان بکردایە؟!” ئەمەیان لەبەر خۆیانەوە وتووە و ناڵاندوویانە؛ بەڵام ئەوەی شڵەقاوە شڵەقاوە، ئەوەی ڕووخاوە ڕووخاوە و، ئەوەی ڕۆشتووە ڕۆشتووە و هیچی نوێی لە شوێن دانەنراوە.

بەڵێ هەر هەموومان، تەنانەت ئەو ڕیالیستانەی(!) کە جگە لە خۆشگوزەرانی خۆیان بیر لە هیچ شتێکی تر ناکەنەوە، کەسانێک بە هۆی بینینی ئەو نیگەرانی و ناڕەحەتیانەی کە ئەوانیش لە حاڵی ئێستایاندا لە  قوڵای دڵیانەوە هەستی پێدەکەن، ڕووخاون و تیاچوون و، هیچی تریش لە شوێنی ئەو ڕووخاوییەیان دروستنەکراوەتەوە و کۆمەڵگا بە هەموو بەهاکانیەوە ژێراوژوور و ئاوەژوو بۆتەوە.

م.فەتحوڵا گولەن لە وتارێکیدا لە لاپەڕە ٢٦ی  گۆڤاری سزنتی کە لە ساڵی ١٩٨١ دەرچووە، واتە ڕێک پێش ٣٦ ساڵ بەر بانگەوازێک دەکات و دەڵێت:

تۆ لە کوێیت؟

تۆ لە کوێی ئەی ئەو قارەمانەی ساڵانێکە بە حەسرەتیەوەین. لە کوێی کۆتری خەیاڵ و قومری ناو خەونەکانمان. تۆ لە کوێی مژدەهێنەری زیندووبوونەوەی پاش مەرگمان. ئەی ئەوەی لە ڕۆژانی پڕ خەم و پەژارە، لە شەوانی بێداریماندا، هەر چاومان لەسەر ڕێگاکەی بوو.

لە ئاسۆماندا هەر بولێڵەیەک دەرکەوت لە بەرخۆمانەوە وتمان “ئەمە خۆیەتی” و بە وتنەوەی  سرودی” ثنیة الوداع” ملی ڕێگەمان گرت.

ئەی ئەوەی بە دەستە و گروپ، چەندین ڕۆژ چاوەڕێمان کردیت و، کاتێک بە قۆڵ و باڵی شکاوەوە گەڕاینەوە ماڵەکانمان، بە خولیای چەشنی گوڵە سەوسەنەوە، دڵی خۆمان دایەوە و بەردەوامبووین لە چاوەڕوانی!

هەر ڕۆژێکی نوێ کە بە شنەبای خەم و تاسە و کەدەرەوە ئامبازی ڕۆحەکانمان بوو، دوژمنانیشمان هەتا بێت نەڕەیان زیاتر بەرزتر دەبوویەوە و هەموولایەکیان لە ژاوەژاویاندا دەخنکاند و دەیانوت: ئەو هەناسە مەسیحئاسایایەی خاوەنی بازوەکانی هەرەقلیتە، هەرگیز نایەت بۆ لاتان.

تۆ لە کوێیت و کەی دەردەکەویت قارەمانی ناو ئەفسانەکانم؟

سوێند بە خودا مۆمی تەمەنی ڕۆحە نیوەمردووەکانمان و دڵە سیسبوەکانمان، خەریکە خامۆش دەبن.

گەر بە هەناسە بێگەردەکانتان کە گیان بە بەری گیاندا دەکات، بە فریامان نەکەویت، لە چاوە وشکبووەکانمان و حەوزە بێ ئاوەکانماندا، پەڕەی گوڵێکی نیلوفەر نامێنێت، هەڵنەوەریبێت.

سەدەگەلێکە باخەوانەکەمان ڕۆشتووە و باخەکانمان وێران بوون.

زەمین وەک عینادی لەگەڵ ئاسماندا بکات، لەو ڕۆژەی بەردەوام داوای ئاوی لێدەکات و ئەویش پێی وت “ئامانجمان وشکبوونەوەی چاوەکانە”،  سەرتاپای زەمین لەمسەرەوە تا ئەوسەر بۆتە چۆڵ و بیابان.

ئێمەش لەم بیابانە وشک و برنگەدا هەر کاروانێکمان بینیبێت، وەک ئەوەی بە دوای کراسەکەی یوسفدا بگەڕێین لە تۆمان پرسی و، دواتر لەبەر خۆمانەوە “فصبر جمیل” ێکی ترمان وتەوە و دەستمان کرد بە چاوەڕوانی لە دایبوونێکی نوێتر.

لەم جیهانە بێ مرۆڤ و بێ پەریەدا کە بێدەنگی و بێ خاوەنی  ناخمانی پڕکردووە لە تەنیایی، چەندین جار مێشەکانمان وەک باز و، پەکەوتە بێ دەست و قاچەکانمان وەک ئەسکەندەر، چەپڵەڕێزان کرد!

هیچ کاروان و قافڵەیەک نەماوە بە دوایدا ڕانەکەین. بەڵام تۆ؛ لە هیچ کامیاندا نەبوویت!

ئەو باڵابەرزانەی چەشنی منارەکان هاتنە سەر ڕێگامان، هێندەی پەنجەیەک خاوەنی هزر و، ئیرادەی هەڵکردنی مۆمێکیان تێدا نەبوو.

دونیای ڕۆحیان وەک کاربۆن و، هزریان هەر وێرانە بوو، چاوەکانیان هەتا بڵێی نزیکبین و ڕوونکردنەوە و بەیاناتیان هەتا بڵێی ڕووت و قوت بوو.

لەواندا تێڕوانینە هەژێنەرەکانی قارەمانەکەمان و، ناسۆر و ئازاری قارەمانەکەمان و، زەردەخەنە و جۆش و خرۆشی ئەومان بەرچاو نەکەوت.

هەموو کاتێکمان هەر مانگی موحەرەم و سەرزەمینمان هەر کەربەلا بوو. سینەشمان هەر بە ئاخ و داخ و فیغانی حوسەینەوە دەناڵێنێت. چاومان هەمیشە لە بولێڵەکانی ئاسۆیە و وەک ئەوەی بە دوای مانگی یەکشەوەدا بگەڕێین چاومان لە ڕێتە و، لە هەموو سیمایەکدا بە خەیاڵی دەموچاوی تۆوەین و، لە هەموو هاوارێکدا بە دوای چریکەی خۆشی تۆدا دەگەڕێین. ئێمە هەمیشە بە حەسرەت و تینوێتی و خولیای تۆوەین.

ئێمە هەمیشە تۆمان بە کەسێکی بە وەفا، جوامێر، بە هەست و شعور و کردە ناسیوە. ئەوەی هاتبێتە ژێر باڵی تۆوە،  خراپەی لێنەبینیویت. تۆ هەردەم بەستە و ئاوازی ڕاستگۆیی و سەمیمیەت بوویت. لەگەڵ گریانی ئەوانەی دڵیان پێدابوویت گریایت و لەگەڵ زەردەخەنەی ئەواندا زەردەخەنە گرتیتی. بۆ ئەوان ناڵاندت و بۆ ئەوان خۆشنود بوویت. دڵە گەورەکەت و ڕۆحەکەت کە لەسەروی دڵتەوە پەروازی گرتووە، هیچ کاتێک گیرۆدەی قولاپی ماددەگەرایی و شتە دونیایەکان نەبوو. تۆ هەمیشە وەفای خام  و لە دڵەوە بوویت.

 

تۆ هەمیشە بە وەفابوویت و، تەنانەت کاتێک دەچوویتە ژێر بارێکی گرانی وەک شاخی کاف، لە ئاستی هەست و شعوری ئەو ئەرکەی سەرشانت بوویت و سووربوویت لەسەری. هەربۆیە نە هەوراز و نشێوی ڕێگاکان، نە ئەو دەریا خوێناویانەی دەهاتنە بەردەمت، لە تۆدا دەستەوسانی و چۆکدادان و بێ وەفاییان بەرامبەر ئەرکەکەت دروست نەکرد.

لە کاتێکدا چاوم لە ڕێتە و،    زمانم سرودەکانی بانگهێشتکردنت دەڵێنەوە، دەمەوێت ڕمە شکاوەکەم بدەم لە تەلەکانی دڵم. هەیهات! تەنانەت لە بچوکترین خاڵی ئەم بێسەروبەریەدا نەمتوانیوە ببم بە تەرجومانیش، من هێندەی خرۆشاوی ئەو ئاوازەی تۆم، ئەگەری چڕین و وتنەوەی ئاوازەکەشم نەماوە.

 

ئەی قارەمانی ناو خەوە شیرینەکان، لەم ڕۆژە ڕەشانەدا کە ڕیا، شۆهرەت، پۆست و پلە و پایە، دەیانەوێت هیوا ڕۆشنەکانمان لە قوڕ بنێن، ئەو دڵانەی ئاتاجی ئیکسیری زیندووکەرەوی زاری تۆن، چیدی لەمە زیاتر چاوەنواڕی مەکە!

بەڵێ لەمە زیاتر چاوەنواڕی مەکە!

Show More
Back to top button