هەواڵ

لە کوشتنی جۆن کەنەدیشدا فەتحوڵڵا گولەن دەستی هەیە!

بەخامەی: بولەنت کۆروجو

ئەو سیناریۆیانەی بە مەبەستی داخستنی دۆسیەی ١٧ و ٢٥ ی کانونی یەکەمی ٢٠١٣ دەخرێنە سەر تەختەی شانۆ، وا دیارە کۆتاییەکیان بۆ نیە. هەرچەندە بە پەردەپۆشکردنی دۆسیەکە لە تورکیادا کەسیان پێ ڕازی نەکراوە، بەڵام سەرهەڵدانەوەی دۆسیەکە لە دادگایی نیویۆرکدا، جارێکی تر گڕی بەردایە خۆڵەمێشی بابەتەکە. وەک دزێک وان لە پڕ گڵۆپی ژورێکی تاریک هەڵکرابێت و بە کۆڵەپشتی دزیەکەیانەوە گیرابێتن و هێشتا بشیانەوێت هێرش بکەنە سەر خاوەن ماڵ. هەوڵیاندا بە بەڵگەی ساختە دادگا فریو بدەن، ئەمەش دوا شت بوو کە پەنایان بۆ برد.

وەک هەمیشە لە تورکیادا پەنای بۆ دەبەن، هەوڵی ئەوەیاندا تەواوی تاوانەکانیشیان کە لە دادگای نیویۆرک ئاشکرا بووە، ببەستنەوە بە بزاڤی خزمەتەوە. گەر هەواڵێکتان لە چەشنی “کەنەدی فەتۆ کوشتی” هیچ سەرتان سوڕ نەمێنێت. لە ڕاستیدا لە ڕابردودا هەوڵێکی لەم جۆرەشیان تاقیکردۆتەوە. ناوەندی هزری برووکین کە یەکێکە لە ناودارتری و ڕەسەنترین ناوەندە هزریەکانی ئەمەریکا، لە مێدیای سەر بە دەسەڵاتی تورکیادا وەها پشاندرا کە بە پارەی هیممەتی بزاڤی خزمەت دروستکراوە. ئەمە لە کاتێکدایە دەزگاکە تەمەنی ١٠٠ ساڵە  و فەتحوڵڵا گولەنیش تەمەنی نەگەشتۆتە ٨٠ ساڵ، هەڵبەستنی تۆمەتێکی وەها، هیچ نیە جگە لە بۆمبی دەستکردی عەبدوڕەحمان دیلیپاک، کە ئەمڕۆ دەیتەقێنێت و دوێنێی پێ دەکاتە ئامانج. با بگەڕێینەوە سەر بابەتەکەی خۆمان.

 

” هەڵمەتی هەرچی بوو بیهێنە بەسەر خزمەتدا و خۆت قورتارکە”

بە مەبەستی شاردنەوەی گەندەڵیەکانی دۆسیەی ١٧ و ٢٥ ی کانونی یەکەمی ٢٠١٣، بزاڤی خزمەت وەک قۆچی قوربانی هەڵبژێردرا. بۆ شەرعاندنی ئەمەش، وەک ورچێک وان پێش خواردنی بەچکەکەی لە قوڕدا بیگەوزێنێت و ئینجا بیخوات، دەبوو بزاڤی خزمەت بکرێتە بابەتێکی نەفرین لێکراو. لەبەر ئەوەی تاوانیان پێنەدۆزرایەوە و هەرچیشیان دروست کرد کۆمیدی دەرچوو، گەڕانەوە بۆ سەر تۆمەتەکەی جارانیان.

ئەویش هەوڵدانە بۆ سەپاندنی تاوانە ڕاستەقینەکانی خۆیان – بە دانپێدانانی ساختە- بەسەر بزاڤی خزمەتدا.  

سەیری نوێترین هەواڵی ڕۆژنامەی ستار” دەرکەوت ڕووداوی فڕۆکەوانەکەی ٢٠٠٦ کە تێیدا حافز کۆجا گیانی لە دەستدا،  لەلایەن فەتحوڵڵا گولەنەوە ئەنجام دراوە. بکوژی دۆسیەکە بە ناوی موستەفا دەگیرمەنجی دانی بەوەدا نا کە فەرمانی کوشتنەکەی لە جەنەڕاڵی دەستبەسەرکراو سادق کۆرئۆغلوەوە وەرگرتووە”.

ئەم تاوانبارە ماوەی ١٠ ساڵە لە هیچ دان پێدانانێکیدا باسی شتی وەها نەکردووە، لە پڕ دێتە قسە و شتی زۆر گەورە ئاشکرا دەکات.

دیارە تەکلیفی ” بیهێنە بەسەر خزمەت و خۆت قورتار بکە” یان خستۆتە بەردەم بکوژەکە. بەڵام گەر تەنانەت سەرپێیش لە بابەتەکە بڕوانیت، مرۆڤ ناتوانێت بە بێ ئەوەی نەڵێت ” ئاه برا” خۆی بگرێت، هێندە بۆشایی هەیە لەم بابەتەدا.

بکوژەکە قسەی زۆر سەیر دەکات، دەڵێت کۆرئۆغلو پێی وتووە” لەبەردەم ماڵی بولەنت ئارنچ دوو تەقە دەکەیت، دواتر دەستگیرت دەکەن و دوو ساڵ لە زیندان دەبیت و ئازادت دەکەین”.  

بە حسابی قسەی بکوژەکە، ئەم تەکلیفەی قبوڵ نەکردووە و پێی وتوە” بولەنت ئارنچ زۆر گەورەیە، گەر شتی وەها بکەم ڕزگار بوونم ئەستەمە”.

بەڵام هەمان بکوژ باسی ئەوە ناکات ئەی چۆن تاوانی کوشتنی فڕۆکەوانێک دەگرێتە ئەستۆ، کە بۆ هەتا هەتایە لە زیندان بە مەحکومی دەمێنێتەوە.

هەروەها دەڵێت ” پێم وتن باشە ئامادەم کەسی داواکراو بکوژم، بەڵام نامەوێت کەس خۆی بکات بە خاوەنم و دەمەوێت وا دەرکەوم کە تەنیا خۆم بووم، ئەوانیش قبوڵیان کرد”.

دیارە ئەو کەسانەی ئیشەکەیان پێکردووە  دەیانەوێت خۆیان لە بابەتەکە قورتار بکەن، ئەگینا تۆ گەر بکوژ بیت دەبێت بڵێیت” بە تەنیا جێم مەهێڵن، گەر شتێکم بەسەر هات دەبێت ڕزگارم بکەن”.

“تاکتیکی کەسێک کە ئیشەکانی سەر ناگرن”

هەر بەمەوە نەوەستان تاوانی کوشتنی هرانت دینک و سابانجیشیان خستە ملی بزاڤی خزمەت کە بکوژەکانیان ئاشکرایە و گروپی DHKP-C تیرۆرستی بە شانازیەوە باسی لێدەکات.

هەروەها تۆمەتەکانی حەنەفی ئاڤجیشیان لەبیر نەکرد، کە خوی گرتوە بە دوژمنایەتی بزاڤی خزمەتەوە و، تاوانی کتێبخانەی زیرڤە و  سانتۆرۆشیان خستە ملی بزاڤی خزمەت.

ئاکەپە دەیەوێت پێستەیەکی باش لەم بەرخە بگرێت کە بەر دەستی کەوتووە، ئیدی بڕۆن سەیری ئەرشیڤ بکەن، لە خراپی کشتوکاڵەوە بیگرە هەتا کەمی گەشتیار لەم وڵاتە، بە قسەی ئەوان هەمووی دەسیسەی بزاڤی خزمەتە.

ئێردۆغان و داوتئۆغلو کە تا دوێنێ ڕکابەریان دەکرد لەسەر ئەوەی کامیان فەرمانی خستنە خوارەوەی فڕۆکە ڕوسیەکەیان دەرکردوە و قەیرانێکی گەورەیان لەگەڵ ڕوسیا دروست کرد، ئێردۆغان کە وتی ” فەرمانەکە من دەرمکرد، گەر ئەمڕۆش فڕۆکەکان بێنەوە هەمان فەرمان دەردەکەم”، دواتر فڕۆکەوانەکەیان تۆمەتبار کرد و خۆیان کەناریان گرت.

لە کاتی قۆناغی ئاشتیدا کاتێک کامێراکانی چاودێریان کوژاندەوە بە مەبەستی ئەوەی هێزەکانی پەکەکە تێپەڕێت، کاتێک فەرمانیان دەرکرد کە سوپا لە بنکە سەربازیەکانیان دەرنەچێت، دواتر لە وتارێکی گولەن دێڕە شعرێکیان دەرهێنا و ویستیان هەڵکەندنی خەندەقەکانیش بهێنن بەسەر بزاڤی خزمەتدا.

ئەوەیان بیرچوو کە ئەو دێڕە شعرە: ” لە (سور) دا کەلێنێک دروست بوو هەتا بڵێی موقەدەس بوو موقەدەس”، یەکێکە لە هۆنراوەکانی نەجیپ فازڵ کە هەمیشە بە شانازیەوە باسی دەکەن و بە شان و باڵیدا هەڵ دەدەن.

ئەوە هەر ئاکەپە نیە کە دەیانەوێت گۆزەکانیان پڕ بکەن لە کاتێکدا کانیاوەکە ئاوی پێدا دێت.

کەسانێکیش کە تاوانی سادە و قۆڵبڕینیان ئەنجامداوە، سەرەیان گرتووە بۆ ئەوەی دەستی چەوریان بە بزاڤی خزمەتدا بسڕن.

فازیل ئاکگوندوز کە بە درۆی شوقەکانی گاپریس گۆڵد و مالدیڤ، ملیۆنان دۆلاری لە هاوڵاتیان کۆکردەوە، نامەیەکی پڕ سکاڵای بۆ ئێردۆغان نووسی. باسی لەوە دەکات کە لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا، لە کاتێکدا خەریکی ئەوە بوو بڕوات بۆ شارێک و پڕوپاگەندەی ئاکەپە بکات، هەوڵی کوشتنیان داوە!

تاوانبارەکەش مانگایەکە! مانگاکە خۆی فڕێداوەتە بەردەم ئۆتۆمبیلەکەی…

تەنانەت تاوانی کوشتنی جەلالەدین ئۆزدەمیریش مامۆستای زانکۆی سەلجوقیش خرایە ئەستۆی بزاڤی خزمەت کە بە هۆی کێشەی عەشقەوە کوژرا. سکرتێری ناوبراو کە بە شێوەیەکی ناشەرعی دوو گیان دەبێت و دواتر مامۆستاکە دەکوژێت، لە بەردەم دادگادا باس لەوە دەکات کە بزاڤی خزمەت تاوانەکەیان پێ ئەنجامداوە. تەنانەت دادوەری دادگا بەو قسانە توڕە دەبێت و دەڵێت” هەر ئەمە مابوو بیلکێنن بە دەوڵەتی هاوتەریبەوە، بەڕاستی دەستان خۆش بێت”.

تەنانەت پۆلیسێکیش کە دەستدرێژی کردبوویە سەر خانمێک و بەو هۆیەوە لە کارەکەی دوور خرایەوە، سکاڵا لەسەر بزاڤی خزمەت تۆمار دەکات و بانگەشەی ئەوە دەکات کە خانمەکەیان لەلایەن بزاڤی خزمەتەوە نێدراوە تاکو لە کارەکەی دووری بخەنەوە.

پۆلیسەکە لە کۆنسوڵخانەی ئەمەریکا دەستبەکاردەبێت و بە هۆی ئەوەی هەوڵی دەستدرێژی دەدات بۆ سەر خانمێک، سەرەتا لە کارەکەی دوور دەخرێتەوە دواتر دەستگیر دەکرێت. بەڵام پاش ئازاد بوونی سەردانی  ئۆفیسی داواکاری گشتی ئەنقەرە دەکات و سکاڵا لەسەر بزاڤی خزمەت تۆمار دەکات کەوا خانمەکە دەسیسەی ئەوان بووە!

هەروەها ئەو پارانەی لەلایەن پۆلیسەوە لە ماڵی کوڕی وەزیرەکانی ئاکەپە دۆزرایەوە، هێنرا بەسەر پۆلیسەکاندا و وتیان ئەوان خستویانەتە ماڵی کەسە دەستگیر کراوەکانەوە؛ بەڵام دواتر داواکاری گشتی هەموو پارەکەی بە سووی بانکیەوە بۆ گێڕانەوە!

نمونەکانی تریش زۆر جیاواز نین، تەنیا چاوەڕێی کاتی خۆیان دەکەن!

 

سەرچاوە: ماڵپەڕی TR724

 

Show More
Back to top button