هەواڵ

لە پاش ئێردۆغان میدیاکەشی سەرۆکوەزیرانی کۆسۆڤۆ دەکاتە ئامانج

 

 

ڕاموش هارادینای سەرۆکوەزیرانی کۆسۆڤۆ دوای ئەوەی ناڕەزایی دەربڕی دژی ڕفاندنی ٦ هاوڵاتی تورک لە وڵاتەکەی لە ناوجەرگەی ئەوروپادا و وەزیری ناوخۆی وڵاتەکەی و بەرپرسی هەواڵگری بە هۆی تێوەگلان لە ڕووداوەکە و پێنەدانی زانیاری بە سەرۆکوەزیران لە کارەکانیان دوورخستەوە. لە ئێستادا بە هۆی ئەو هەڵوێستانەوە لە لایەن ئێردۆغان و میدیاکانییەوە کراوەتە ئامانج. ڕاموش هاردینای ڕۆژی پێشتر لە لایەن ڕەجەب تەییب ئێردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکەپە و هەڕەشەی لێکرا و لە ئێستاشدا لە لایەن ڕۆژنامەی سەباح کە لە لایەن سێرهات ئاڵبایراک برای بێرات ئاڵبایراکی زاوای ئێردۆغانەوە بەڕێوە دەبرێت کراوەتە ئامانج.

یەکێک لە مامۆستاکانی کۆسۆڤۆ لە ڕیپۆرتاژێکدا ئاماژە بەوە دەکات کە منداڵەکانی سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆمار و سەرۆکی پەرلەمانی کۆسۆڤۆ لە کۆلێژی مەهمەت ئاکیف دەخوێنن. بەڵام ئەم وتانە لە لایەن ڕۆژنامەی سەباحەوە شێوێندراوە و وا لێکدراوەتەوە کە منداڵەکەی هارادینای بێبەرامبەر لە کۆلێژەکانی بزافی خزمەتدا دەخوێنێت و بەمەش ناچارە پشتگیری لە کۆلێژەکانی بزافی خزمەت بکات. واتە دیسان لە درۆکانی ڕۆژنامەکەدا ڕاموش هارادینای کراوەتە ئامانج.

 

ئێردۆغان هەڕەشەی لە سەرۆکوەزیرانی کۆسۆڤۆ کرد

ئێردۆغان ڕۆژی پێشتر لە کۆبوونەوەیەکی پارتەکەیدا لە ئەستەمبوڵ هەڕەشەی تۆڵە کردنەوەی لە سەرۆکی کۆسۆڤۆ کرد و ڕایگەیاند “سەرۆکوەزیرانی کۆسۆڤۆ هەر لە خۆیەوە وەزیری ناوخۆ و بەرپرسی هەواڵگری کۆسۆڤۆی لە کارەکەی دوورخستۆتەوە. باشە من ئێستا دەپرسم، ئەی سەرۆکوەزیرانی کۆسۆڤۆ، بە فەرمانی کێ تۆ هەنگاوێکی لەم شێوەیەت ناوە؟ لە کەیەوە ئەو کەسانەی هەوڵی کودەتایاندا لە تورکیا دەپارێزیت؟ بێگومان خەڵکی کۆسۆڤۆ تۆڵەی ئەمەت لێدەکەنەوە”.

 

سەرچاوە: TR724

Show More
Back to top button