بیروڕا

لە ٨ی مارسدا مامۆستایەکی قورئان نامەیەکی بڵاو کردەوە

 

ماوەی ٣ ساڵە دوور لە منداڵەکانی و لەگەڵ هاوژینەکەیدا بە نەداری دەژین، ئەو خاتوونە مامۆستایە کە بە بڕیاری حکومەت لە پاش هەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەمووزی لە کارەکەی دوورخراوەتەوە، لە نامەیەکدا دەردە دڵی خۆی و کۆژانەکانی دەخاتە ڕوو، مامۆستاکە نووسیویەتی” زۆر ماندوو بووم، وادیارە کۆتایی ڕێکەمان لێ دەرکەوتووە…”

نامەی مامۆستاکە بەناونیشانی ” زۆر ماندوو بووم” بۆ ڕاگەیاندنەکانی تورکیا نێردراوە و تیایدا ئاماژەی بەوە کردووە کە پزیشکێکیان بۆ چارەسەرکردنی هاوژینەکەی دۆزیوەتەوە، بەڵام پزیشکەکە داوای ٢٠٠ لیرەی کردووە و ئەمان تەنها ٢٥ لیرەیان پێبووە، هەروەها بۆ چارەسەرکردنیش پێویستیان بە ناسنامە هەیە، کە لەییان سەندراوەتەوە.

 

دەقی نامەکە بەم جۆرەیە:

بانگەواز بۆ هەموو مامۆستایان و دایک و باوکان، لە هەموو کەسێک لە هەر پیشە و پلەیەکدا لە ئەمریکا و ئەروپا و ئەفریقا و هەموو جیهان دەکەم، تکایە گوێم لێ بگرن…

من مامۆستایەکی دایکم، ٣ ساڵە لە تورکیادا لە نەداریدا دەژیم و ستەمدیدەم. بۆیە لە خۆ ناساندنمدا مامۆستایەتیم پێش دایکایەتییەکەم خست، چونکە هەردەم وەک سپاردە و ئەمانەتێکی ئیلاهی و پاشان دایکو باوکەکان سەیری خوێندکارەکانمم کردووە و زیاتر لە منداڵەکانی خۆم گرنگیم پێ داون. هیچ لەو کارەشم پەشیمان نیم.

ئێستاش پاش شانۆییە گێلانەکەی ١٥ تەمووز کە گوایە کودەتابووە، بە ئەندامی ڕێکخراوێک و وەک تیرۆرست تۆمەتبار کراوم لەکاتێکدا ناوی ئەو ڕێکخراوەم بە دەمیشدا نەهاتووە. سەرەتا لە مامۆستایەتی و دواتریش لە دایکایەتی دایانبڕیم.

لە تەمووزی ٢٠١٦دا دەستبەسەریان کرد، و ویستیشیان بە بارمتە بمگرن تا مێردەکەمیان دەستبکەوێت. بەڵام دواتر بەهۆی گریانی زۆری کورەکەمەوە، پۆلیسەکان شەوێک مۆڵەتیان دام، بەو مەرجەی مێردەکەم خۆی بدات بە دەستەوە.

ئەو شەوە بە ناچاری بە خۆم و ٣ منداڵەکەم و جانتایەکەوە ماڵمان جێهێشت و هەڵهاتین. لە ١ی ئەیلولی ٢٠١٦دا لە کارەکەم دوورخرامەوە. بڕیاری گەڕان بەدوامدا و دەستگیرکردن دەرچوو. لەو ڕۆژەوە تا ئەمڕۆ ئیتر من دوور لە ماڵ و منداڵەکانم. بە نهێنی دەژیم و خۆم دەشارمەوە.

لەم ماوەیەدا هەرچەندە مەترسیش بووبێت لەسەر ژیانم، چاودێری ئەو ستەم و پێشێلکارییانە دەکرد کە لە تورکیا بەرپایە. دەمویست بزانم کە باسمان دەکات، ئایا ئەو کەسانەی لە وڵاتانی تر لە ئامێزی دادپەروەریدا دەژین ئاگاداری دۆخی ژیانی ئێمە هەن؟!

چونکە کاتێک دەزانم خەڵکانی ترلە وڵاتانی تر ئاگاداری ستەمدیدەیی و ئێمەن و دەنگمان دەبیستن، ئەوە ئومێدم دەداتێ. دەبێتە هۆکارێک کە هانم دەدات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ناڕەحەتییەکان و ئاڵەنگاریی ژیان. بەڵام بەداخەوە، دەبینین کە سەرۆک و سەرکردەکانی وڵاتانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ کە ئومێدمان لەسەر هەڵچنیبوون، لە خاڵێکدا ئیتر بێدەنگ دەبن. سەرکردەکانی ئەمریکا و ئەوروپا، سیاسییەکانیان و ئەندامانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپی بێدەنگن. ئەوەندەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشەوە تێگەیشتووم، هۆکاری ئەو بێدەنگییە بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکانیانە، ڕێککەوتننامەکانیانە لەبارەی کۆچبەرانەوە لەگەڵ تورکیا. من سیاسیی نیم، نازانم، لەوانەیە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانە، لەپێناو پاراستنی ئارامی و ئاسودەیی هاوڵاتییانی خۆیاندا ئەوە بکەن و مافی خۆیان بێت.

بەڵام من وەک مامۆستایەک، وەک دایکێک، وەک مرۆڤێک ناتوانم ئەو بابەتە لە دڵ و ویژدانم بگەیەنم. لەو کاتەدا کە هاوڵاتییانی ستەمدیدەی سوریا لە وڵاتەکەیان ئاوارە بوون و ڕوویان لە تورکیا کرد، من لە ناوجەیەکی شاری غازیعەنتاب مامۆستای قورئان بووم. لە یەکێک لەو باڵەخانانەدا کارم دەکرد کە یەکەم کۆمەڵی ئاوارەکانیان بۆ هێنا. هەردەم نزام بۆ ئەو ئاوارانە دەکرد، بەردەوام چۆکلاتە و یاریم بۆ منداڵەکانیان دەکڕی، لەگەڵیان دادەنیشتم، کارم لەگەڵ دەکردن، لەگەڵیان دەگریام.

بەڵام بەداخەوە، چەند حەیفە، ئەو ئیرادە سیاسییەی کە وڵاتەکەمی بەڕێوە دەبرد، لە شەوێکدا، لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیدا، چەندەها مرۆڤی وەک منی و مامۆستا و دایک و پزیشک و خاتوونی ماڵەوەی بە تیرۆرست لەقەڵەم دا و ڕاپێچی زیندانەکانی کردن. خستنیە ژێر باری برسیەتیی و مردنەوە. بۆ ئەوەی کە نەشتوانین بچینە وڵاتانی تر، دەستی بەسەر پاسپۆرتەکانماندا گرت. لە فڕۆکەخانەکان کەسوکارمان دەستگیرکران، یاخود ڕێ لە چوونە دەرەوەیان لە وڵات گیرا.

هەر بۆیە من ئێستا ڕووی دەمم لە سیاسییەکان ناکەم، بەڵکو بانگەوازی پشتیوانیی لە مامۆستایان و هاوکاران و دایکانی ئەمریکا و ئەوروپا دەکەم…

من و مێردەکەم هەردووکمان نزیکەی ٣ ساڵە لە یەک ژووردا دەژین. لە ماوەی ئەو ٣ ساڵەدا ڕێک ١٧ شوێنمان گۆڕیوە. ناتوانین بچینە دەرەوە، یەک دوو کەس هەن کە پێداویستییەکانمان بۆ دابین دەکەن. ئەوانیش لەترسی ئاشکرابوون و دەستگیرکردن ناویرن بەردەوام لەلامان بن. تەنها لەو کاتانەدا کە زۆر پێویستمان پێیانە دێن و پێداویستییەکانمان بۆ دەهێنن. ناتوانین بەردەوام منداڵەکانمان ببینین. ٣ مانگ جارێک یەکتر دەبینین، یاخود لە حاڵەتی زۆر پێویستدا، مەترسی دەستگیرکردنمان پشتگوێ دەخەین و چەند کاتژمێرێک یەکتر دەبینین.

ئێمە ئیتر زۆر ماندوو بوین لەوەی کە لە دڵخۆشی و خەمبارییەکانیاندا لە لای منداڵەکانمان نەبین. ماندووبووین لەوەی کە وەک مرۆڤ بە ئازادی نەژین و من وەک ئافرەتێک تەنانەت پێداویستییە زۆر تایبەتەکانیشم لە کەسانی تر داوا بکەم. بۆ نانێک چاوەڕێی کەسێکی تر بکەین.

زۆر ماندوو بووم لە چاوەڕوانکردنی منداڵەکانمان و ئازادیمان. من مرۆڤم، دایکم، ئافرەتم، بڕوا ناکەم من شایەنی هەموو ئەوانە بم.

دەزانن بۆچی؟ چونکە زۆر ماندوو بووم… لە هەڵهاتن و ژیان لە یەک ژووردا، لە دووری منداڵەکانم و نەبینینیان. لە بێپارەیی و قەرزکردن، لە کاری دەستیی و دواتر پاڕانەوە لە ناسیاوەکان تا بۆم بفرۆشن، لە خۆشکاندنەوە و تکا کردن و بێوەفایی ناسیاوەکان، لە داواکردنی شتێک و ڕەتکردنەوەی بە یەک کۆمەڵ بیانوو، لەو ئامۆژگارانەی دەڵێن” بڕۆ سزاکەی خۆت وەرگرە و بگەڕێرەوە بۆ سەرپەرشتیکردنی منداڵەکانت.”…

ئیتر نەک تەنها لەلایەنی دەروونییەوە، لە لایەنی جەستەیشیەوە زۆر ماندووم. توشی شەکرە بووم. قاچ و پێیەکانم زۆر دێشن. دەرمانی نەخۆشی پارکینسۆن(لەرزینی جەستە) بەکاردەهینم. بەهۆی ئەوەی کە ناتوانم سەردانی پزیشک بکەم و چارەسەر وەربگرم، دوو برین لە گەدەمدا هەن. ئەوانەش پێکەوە بەهۆی زۆر گریان و کاری دەستیی و شەکرەوە بوونە هۆی نەخۆشیی چاو و جگە لەوەش نەخۆشیی ئافرەتانە. ٣ مانگە بەردەوام خوێنبەربوون و ئازاری سکم هەیە، ئێستاش لەبەر کەمخوێنی زۆر لاوازم و ناتوانم جوڵە بکەم. هەموو ئەو حەب و دەرمانانەم بەکارهێناوە کە لە ئینتەرنێت بینیومن، یاخود چەند کەسێک پێشنیاریان بۆ کردووم. هەرچییەکم بینیبێت و بە گونجاوم زانیبێت و توانیبێتم جێبەجێم کردووە، بەڵام نەگەیشتووم بە هیچ ئەنجامێک. لەبەر نەبوونی ناتوانم بچمە نەخۆشخانە، بەر لە ٣ مانگ پەیوەندیمان کرد بە خانمە پزیشکێکەوە کە نۆرینگەی تایبەتی هەیە و پسپۆری منداڵبوونە، بەڵام نەمانتوانی پێی بگەین. لە کۆتاییدا دوێنێ هاوڕێیەک پزیشکێکی دۆزیوەتەوە و کاتێکی بۆ وەرگرتووم. بەڵێ… زۆر باشە وانییە؟!! زۆرمان پێ خۆشبوو، وتمان ئیتر ئەمە کۆتاییە، تەواو.. بەڵام ئەو دڵخۆشییە زۆری نەخایەند، بۆچی؟!! دیارە ئەمەش تاقیکردنەوەیەکە، قەدەرە، هاوڕێکەم وتی” پزیشکەکە بۆ هەر بینینێک داوای ٢٠٠ لیرە دەکات و پێویستە ناسنامەشت پێبێت.” بەڵێ، کێشەکە ئەوەیە کە، ئێمە تەنها ٢٥ لیرەمان پێیە… هاوکات پێویستم بە ناسنامەیەکیشە، کەس هەیە ناسنامەکەیم بداتێ، تا بەکاری بهێنم؟!! نییە…

دوو ساڵ نیوە منداڵەکانم لە دووری ئێمە ژیان بەسەر دەبەن و پێداویستییەکانیشیان لەلایەن چەند ناسیاو و خزمێکی نزیکەوە دابین دەکرێت، پارەی خوێندن و پێداویستییەکانیان لە چەند کەسێک قەرز دەکەین ومن هەموو جار کۆڵێ بۆ ئەو دۆخە دەگریم.

باوکم شێرپەنجەی کۆڵۆنی هەبوو، گیانی لەدەست دا، بەڵام نە لە نەخۆشخانە بینیم و نە توانیشم بەشداری مەراسیمی ناشتنەکەی بکەم. خەزوورم ئێمە و ٣ منداڵەکەشمی لە ماڵەکەی دەرکرد، دایکیشم سەرەڕای زۆر پاڕانەوەمان، چەند ڕۆژێک دەریکردین و بە تەلەفون وتی” من پێویستم بە منداڵ نییە…”

بەهۆی ئەو هەموو نەهامەتیی و بێوەفایی و نەدارییەوە کە بینیومانە، جگە لە باری دەروونیمان، ئیتر کاری لە جەستەشمان کردووە، دووجار دڵەخورپەی زۆر قورسم گرتووە. بەهۆی بەرزیی شەکرەکەمەوە ٢ جار توانای قسەکردنم لەدەست داوە. ددانم ئێشاوە و چارەی نەبووە، ویستوومە بە پلایس دەریکێشم، بەڵام نەبووە…

چەندین جار کێشەی ئارامگری و توڕەبوونم بۆ دروست بووە، سەرشێت بووم، بەڵام هێشتا ئومێدم لەدەست نەدابوو..

چەندین جار پۆلیس داویەتی بەسەر ئەو شوێنانەدا کە لێیان ماوینەتەوە، بە ناچاری جێمان هێشتووە و تکا و پاڕانەوەمان لە هاوڕێیان کردووە کە بۆ چەند کاتژمێرێک جێمان بکەن. کەس لای خۆی داڵدەی نەدەداین، ئێمەش دەمان وت قەیچێکە!! ئەوانیش مافی خۆیانە…

 

 

من ئیتر زۆر ماندوو بووم، ژیان تەنها دوو ریی لەبەردەم هێشتوومەتەوە. یان ئەوەی کە بچم خۆم ڕادەست بکەم و بچمە زیندانەوە. کە دوایش ڕاپێچی شوێنێکم دەکەن کە ١٤-١٥ کاتژمێر لە منداڵەکانمەوە دوور دەبم، چونکە دۆسیەکەم لەوێیە. دۆسیەی مێردەکەشم لە کارادێنیزە، جگە لەوەش لە ٧ شوێنی تر داوای لەسەر تۆمار کراوە. شوێنی ئەویش ١٣ کاتژمێر لە منداڵەکانەوە دوورە.

ئایا مافی ئەوەمان هەیە کە منداڵەکانمان بخەینە ئەو دۆخەوە، کە دایکو باوکیان لەو شوێنە دوورانە زیندانیی بن؟!

جگە لەوەش، لەوانەیە لە زینداندا خۆمان بۆ تەڵە و داوی شەیتان نەگرین و بکەوینە دۆخێکەوە کە مافی ئەوانیتر پێشیل بکەین، بەرگە نەگرین و ئەوانیش توش بکەین… خوا لەم ڕێیە بمانپارێزێت…

ڕێی دووەمیش ئەوەیە کە دانیشین و بەرگە بگرین، کە لەوانەیە بەهۆی ئەو نەخۆشیانەوە چاوم کوێر بێت، بمرین، یاخون خۆکوژیی بکەین.. بە دڵنیاییەوە لەو دنیا لێمان دەپرسرێتەوە، بەڵام خوداش خۆی لێبوردەیە، لەوانەیە بمانبورێت..

 

چەندین جار ویستوومە بمرم

هیچ نەکردن و لە ژوورێکدا دانیشتن جەرگم دەستوێنێت. ئیتر زۆر کەسم لە ژیاندمدا لەدەست دا، چەندین جار ویستوومە بمرم، ئەگەر دینەکەم خۆکوژی حەرام نەکردایە، چەندین جار خۆکوشتنم بەسەر ئەم ژیانیی ڕەزالەتەدا هەڵدەبژارد. من مافی ئەوەم نییە ئەو ژیانە نەهیڵم کە خودا پێی بەخشیوم، بۆیە هەوڵ دەدەم کە دەنگی خۆم بە ئێوە بگەیەنم، تا یارمەتیم بدەن و پشتیوانم بن بەپێوە بمینمەوە.

دڵنیام کە ڕۆژێک یارمەتی خودایی دێت و بە ئازادی مافی خۆمان شاد دەکاتەوە و بە هانای ستەمدیدەکانەوە دێت. من پڕ بە دڵم بڕوام بەوە هەیە. چونکە مرۆڤایەتی واتە ئەوەی کە بە دڵخۆشبوونی هەموو مرۆڤەکان ئینجا دڵخۆش بیت. ئەگەر خۆمان لە مرۆڤە نائازاد و دڵتەنگەکان کەڕ بکەین، ئیتر ڕۆژێک سەرەی ئێمەش دێت.

بۆیە ئیتر وەرن بە هانای ئێمەوە، تا ڕۆژێک سەرەی ئێوە و منداڵەکانیشتان نەیات. با هەموومان پێکەوە بە ستەمکاران بڵێین، بەسە. با منداڵەکانمان بێدایک و باوک نەبن. با منداڵ و دایکەکان نەچنە زیندانەکانەوە. لەوانەیە بەبێ نان بتوانین بژین، بەڵام بەبێ ئازادی ژیان نابێت. تکایە پشتیوانییمان بکەن تا بە ئازادی شادبینەوە، ببنە دەنگی ئێمە…

 

٨ی ئازاری ٢٠١٩

Show More
Back to top button