بیروڕاهەواڵ

لە لوتکە ئەو هەبوو!

بە خامەی: عەبدوڵڵا ئایماز

“لە ژیانمدا هەشت جار زیندانی کراوم و جارێکیش بوومەتە پەڕلەمانتار”، ئەمە قسەی عوسمان یوکسەل سەردەنگێچتیە. جارێکیان سەردەنگێچتی هەوڵ دەدات پەیامی مامۆستا سەعید نورسی بۆ کەسێکی خوێندەواری “دوور لە خرۆشان و بێ پەیام” ڕوون بکاتەوە، هەرچیەک دەکات ناتوانێت قەناعەتی پێ بکات. سەردەنگەچتی هەر ئەو شەوە خەوێک دەبینێت و خەوەکەی بەم شێوەیە دەگێڕێتەوە:

مەیدانێکی گەورەی پڕ سەوزایی بوو. لەو مەیدانەدا هەزاران یاخود سەدان هەزار هاوڵاتی جەم بوو بوون. ئەم مرۆڤانە بە درێژایی و پانتایی مەیدانەکە بڵاو بوو بوونەوە. شان بە شانی یەکتری بەرەو ئاسمان بەرز بوونەتەوە.  هەر مرۆڤە و لەسەر شانی ئەوی تر وەستاوە و پێکەوە شاخێکی زۆر بەرز و قەبەیان دروست کردووە. سەعیدی نورسیش لەسەرو  هەموو ئەم مرۆڤانەوە دانیشتبوو. وەک ئاڵای سەر منارەکان بوو.  منیش لە بەرامبەری وەستابووم. سەیرێکی کردم، زەردەخەنە گرتی و بە هەردوو دەستی و سڵاوی لێکردم. منیش وەڵامی سڵاوەکەیم دایەوە.  سەری دەیدا لە ئاسمان. قژی بە هۆی باکەوە دەجووڵایەوە. هەموو مرۆڤەکان لە ژێر قاچی ئەودا بوون. شان بە شانی یەکەوە وەستابوون و وەک کۆڵەکەی ژێری ئەو وابوون. لە خەوەکەمدا زۆر خرۆشام، ئیدی بە ئاگا هاتمەوە. کاتێک دواتر ئەم خەوەی خۆمم بۆ ئوستاد گێڕایەوە، زۆر ئیحساسی جوڵا. وتی ئەوە نورە، نوری پەیامەکانی نورە. من خزمەتکارێکی بچوکی ئەو پەیامانەم.

سەردەنگەچتی لە وتارێکیدا لە ژێر ناوی ” سەعید نور و خوێندکارەکانی” دەڵێت:

پیری زۆر بەختیار دەبینم. لە چواردەوریدا پیرە پیاوی هەشتا ساڵ هەتا منداڵی هەشت ساڵ کۆبوونەتەوە. تەمەنیان جیاوازە و ئیش و کاریان جیاوازە.  بەڵام لەم جیاوازیەی نێواندا دژایەتی نیە. هەموویان باوەڕیان بە شتێک هەیە: بە الله… بەو الله یەی خودای هەموو جیهانیانە. بە پێغەمبەرانی گەورەی ئەو. بە کتێبە گەورەکەی ئەو. وەک ئەوەی قورئان تازە دازیبێتە سەر زەوی، حاڵیان بە چەشنی کەسانێکە ئەوەی بە دوایدا گەڕاون دۆزیبێتیانەوە. کاتێک سەیری سەعید نور و خوێندکارەکانی دەکەیت، مرۆڤ وا دەزانێت لە سەردەمی سەعادەتی سەردارمانە. دەموچاویان نورە، ناخیان نورە و دەرەوەیان نورە. هەموویان دڵخۆشن. هەموویان وابەستەی شتێکی بەرز و باڵا و بێگەردن، هەموو کات وابەستەی خودایەکن کە لە هەموو شوێنێکدا حازر و چاودێریانە، لە ڕێگەی ئەودا ملی ڕێگەیان گرتووە و دێوانەی ئەون. بەڵێ، وای لەو سەعادەت و خۆشبەختیە.

سەعید نور پیرە پیاوێکە بە ٣ سەردەمی جیاوازدا تێپەڕیوە. پیرێکی دونیا دیدەیە و ڕۆژگاری زۆری تێپەڕاندووە. ٣ سەردەمی وەک: مەشروعیەت، سەردەمی ئیتیحاد و تەرەقی، سەردەمی دروستبوونی کۆماری تورکیا. ئەم ٣ سەردەمە پڕە لە شۆڕش و ڕووخان و هەوراز و نشێوی. کەس نەماوە نەڕووخێت. تەنیا پیرە پیاوێک بە پێوە ماوە!

لە پێ دەشتەکانی ڕۆژهەڵاتەوە هەتا ئسیتەنبول هاتووە. ئیمانی بە خودا، وەک شاخەکان مەحکەم و پتەوە. ئەم پیاوە بەرامبەر خراپەکارانی ٣ سەردەم، سنگی پڕ ئیمانی خۆی کردۆتە قەڵغان. هەمیشە هەر ناوی الله و پێغەمبەرەکەی لەسەر زار بووە و هیچی تری لەدەم نەهاتۆتە دەر. هەموو کات سەری وەک شاخەکانی ئاگری بەرز و قنج ڕاگرتووە. ئیرادەی وەک تاشەبەردەکان چەتوون و و پۆڵاین بووە. زیرەکێتی ئەو وەک چەخماخەیە. بەڵێ ئەوە سەعید نورە، دیوانی جەنگ و دادگای مەدەنی و داگیرکاری و کودەتای زۆری دیوە. ئەو پەتی قەنارە و سێدارانەی بۆیان هەڵخست، ڕاگواستن و ئاوارەکردنی  ئەو پیاوە مەعنەوییەیان، لە ڕێگەی خۆی پاشگەز نەکردەوە. ئەو، بەو هێزە بێ کۆتاییەی لە ئیمانیەوە سەرچاوەی گرتبوو، بە غیرەتەوە بەرەنگاریان بوویەوە. وەک لە ئایەتی ١٣٩ ی سورەتی ئالی عیمراندا هاتووە”  گەر باوەڕدار بیت، بێگومان تۆ سەردەکەویت”، ئەم کەلامی خودایە لە سەعیدی نورەدا بەرجەستە بووە.

هەموومان بەرگریەکانی ناو هۆڵی دادگایکردنیمان بینیوە، ئەوانە بەرگری نین لە خودی خۆی، ئەوانەی بەرگرین لە پەیامێکی زۆر گەورە. ئەوانە داستانی قارەمانێتی و غیرەت و بلیمەتین…

لەبەرچی سوقرات کەسایەتیەکی گەورەیە؟ ئایا بە هۆی ئەوە نیە کە لە پێناو بیرۆکەیەکی باڵا ژیانی بە سوک سەیرکرد؟ سەعید نور لایەنی کەم سوقراتێکە بۆ خۆی. بەڵام لەلایەن دوژمنانی ئیسلامەوە وەک کەسێکی کۆنەپەرست لە قەڵەمدرا. بە ڕای ئەوان کەسی گەورە دەبوو کەسێکی بیانی بێت! هەر بۆیە لەم دادگاوە بۆ ئەو دادگا دەڕۆشت. لە کاتێکدا مەحکومیشیان دەکرد، بەڵام ئەوە  ئەو  بوو دادگایی ئەوانی دەکرد. ئەو لە زیندانەوە فڕێ درایە زیندانی تر. زیندانەکان لە سایەی ئەوەوە بوون بە مەدرەسەی یوسفی.  سەعید نور، نوری بردە ناو زیندان و دڵەکانەوە. چەندین بکوژی خوێنمژ، چەندین دوژمنی ناموس و یاساکان، لە بەرامبەر ئەم بەندە ناوازەی ئیماندا توانەوە. وەک ئەوە وابوو سەر لە نوێ دروست بکرێنەوە. هەموویان بوونە ئیماندارێکی پاک و بێگەرد و گۆڕان بە هاوڵاتیەکی پڕ خێر بۆ وڵاتەکەیان. پێمان بڵێن کام خوێندنگە و سیستەمی پەروەردەی ئێوە شتی وههای کردووە یاخود دەتوانێت بیکات؟

شار بە شار ڕاوەدوویان نا، چووە هەر شوێنێک وەک شار و مەملەکەتی خۆیی لێکرد. بۆ کوێ ڕۆشت و بۆ کوێیان نەفی کردبێت، چواردەوری بە کەسانێکی پاک و خاوەن ئیمان دەگیرا.

یاساکان و قەدەغەکان و پۆلیس، جەندەرمە، دیوارە ئەستورەکانی زیندان، هیچ کاتێک ئەویان لە برا ئیماندارەکانی جیا نەکردەوە.  چڕی ئەو ماددانە خۆی دەخستە نێوان مورشیدێکی گەورە و موریدەکانی ، لە سایەی  وابەستەبوونیان بە دین و عەشق و ئیمانەوە، بە چەشنی لوتفێکی خودایی بوو بۆ ئەوان، کە لەیەکی زیاتر نزیک دەکردنەوە.

هەڕەشە و گوڕەشەی هێزێکی کوێر و ماددەیەکی مردوو، لە دەریای عومانی ئەواندا شەپۆلی بەرزی دروست کرد. ئەم شەپۆلانە لە ژوری گوندەکانەوە دەستی پێکرد و هەموو لایەکی تەنیەوە، هەتا بەر دەرگای زانکۆکانیشی گرت.

ئەوانەی نوری چاویان نەمابوو، تیشکی جیهانی ناوەوەیان خامۆش بوو بوو، ئەوانەی ناخیان بوو بوو بە وێرانە، لەم نور و تیشکە ترسان. ئەم پیاوە ئازیزەیان گرت بە دەمیانەوە و جار لە دوای جار بە تۆمەتی ” کودەتا، دژ بوون بە سیستەمی عەلمانی” ڕەوانەی دادگایان کرد. ژەهرەکانی دەرخواردیان دا بوونە دژە ژەهر و، زیندانەکان بوونە قوتابخانە. نوری ئەو، نوری خودا و قورئان، سنورەکانی وڵاتی تێپەڕاند.  نوری ئەو گەشت بە هەموو جیهانی ئیسلام. ئێستا هەموو چینەکانی کۆمەڵگای تورکیا و هەرکەسێک ئەم نیشتیمانەی خۆش بوێت، لەبەردەم هێزێکدا دەبێت بە ڕێزەوە بوەستێت، سەعیدی نور و خوێندکارەکانی. ئەمانە ڕێکخراویان نیە، ئۆفیسیان نیە، شوێنیان نیە، بەشی ناوخۆییان نیە، پارتی سیاسی و میاسیان نیە، وتار ومەراسیم و خۆ ئارایشتکردنیان نیە. ئەم کەسە نەزانراوانە، ئەمانەی گەشتوون بە حەقیقەت، دەستە و تاقمی ئەوانەن کە بە تەواوی ئیمان و باوەڕ و شعوریانەوە خۆیان بۆ پەیامێکی باڵا تەرخان کردووە.

ئێستاش کوڕانی خزمەت، لە ژێر باری وەرزێکی سەختی زستاندا، وەک نێرگز و تەنانەت گوڵی گەورەتر لە نێرگز، بە تەواوی ڕەنگ و بۆیانەوە لە هەموو گوڵدانێکدا سەریان دەرهێناوە و ڕەنگ بە چواردەوریاندا پەخش دەکەن…

 

 

 

Show More
Back to top button