هەواڵ

لە ساڵی ٢٠١٣ وە FBI  چاودێری زەراب دەکات

دوێنێ ڕۆژی سێشەممە یەکەم دانیشتنی دادگایکردنی دۆسیەی رەزا زەراب بەڕێوە چوو، کە تێیدا مەهمەت هاکان ئەتیلا یاریدەدەی بەڕێوەبەری بانکی هەڵک وەک گومانلێکراو دادگایی دەکرێت.

بە پێی ئەو زانیاریانەی لەلایەن دەستەی داواکاری گشتی ئاشکرا کراوە، پۆلیسی فیدڕاڵی ئەمەریکا لە ساڵی ٢٠١٣ چاودێری پەیوەندیە تەلەفۆنیەکانی رەزا زەراب دەکات.

زەراب لە بەشێکی پەیوەندیە تەلەفۆنیەکانیدا ئاماژەی بەوە کردوە کە چاوی بە ئێردۆغان کەوتوە و بە فەرمانی ئەو هەندێک لە کارە نایاسایەکانی ئەنجام داوە.

دوای ئەوەی زەراب لەگەڵ داواکاری گشتی ڕێکەوت و دانی بە تاوانەکانیدا نا، ئێستا هاکان ئەتیلا تەنیا گومانلێکراوی ناو دۆسیەکەیە.

ڕیچارد برێمان دادوەری دۆسیەکە کاتژمێر ٨:٤٥ بە کاتی ئەمەریکا پڕۆسەی دادگایکردنەکەی دەستپێکرد و، داوای پارێزەرانی ئەتیلای سەبارەت بە دواخستنی دانیشتنەکە بۆ ١٥ ڕۆژ ڕەتکردەوە.

بەم شێوەیە دوای ٢١ مانگ لە دادگایکردنی سەرەتایی، قۆناغی دادگایکردن لەبەردەم دەستەی دادوەراندا دەستی پێکرد.

هاکان ئەتیلا کاتژمێر ٩:٠٠ گەشتە هۆڵی دادگا و پاش نیوکاتژمێر دەستەی دادوەران هاتنە ژوورەوە.

لەگەڵ هاتنە ژوورەوەی دەستەی دادوەری، تەواوی هاوڵاتیانی ناو هۆڵی دادگا لەگەڵ دادوەردا هەستانە سەرپێ.

دوای سوێندخواردنی دەستەی دادوەران، دادوەر هەندێک زانیاری لەسەر شێوازی بەڕێوەچوونی دادگایکردنەکە بۆ ڕوونکردنەوە.

کاتژمێر ٩:٤٥ دەیڤد دێنتۆن یاریدەدەری داواکاری گشتی نیویۆرک، کورتەیەکی لەسەر بانگەشەکانی ناو دۆسیەکەپێشکەش کرد و ئەوەی ڕاگەیاند کە زەراب لە دانیشتنی داهاتوودا وەک شایەت لە بەردەم دادگادا ئامادە دەبێت.

لە دانیشتنی ئەمڕۆدا زەراب وەک شایەتی دووهەم لە دژی هاکان ئەتیلا ئامادە دەبێت و، باس لە پەیوەندیەکانی خۆی و ئێردۆغان دەکات کە لەلایەن پۆلیسی فیدڕاڵی ئەمەریکاوە تۆمار کراوە.

داواکاری گشتی دۆسیەکە باس لەوە دەکەن کە تاوانەکان تەنیا تاوانی ئابوری نین و مەترسیان بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا دروستکردوە.

هەروەها دەستەی داواکاری گشتی باس لەوە دەکەن کە بانکی هەڵک و کاربەدەستانی تورکیا  گروپێکیان دروست کردوە و پێکەوە بە هاوبەشی تاوانیان ئەنجام داوە.

 داواکاری گشتی لە میانەی قسەکانیدا بەردەوام بە پەنجەکانی دەستی ئیشارەتی بۆ مەهمەت هاکان ئەتیلا دەکرد و بەوە تۆمەتباری دەکرد کە ‘بەردەوام و بە ئەنقەست’ درۆ دەکات.

داواکاری گشتی باسی لەوە کرد کە هاکان ئەتیلا شارەزاییەکی باشی لە سیستەمی بانکی نێودەوڵەتی هەیە و، لە بابەتی ئەنجامدانی کاری ساختە و نایاساییدا ڕابەری زەراب و هاوکارەکانی بووە.

داواکاری گشتی باسی لە کرد کە ئاڵوگۆڕێکی گەورەی پارە لە نێوان تورکیا و ئێران و هەندێک وڵاتی تری دونیا ئەنجام دراوە و، هەوڵی ئەوەیان داوە کە هەموو شتێک لە ڕووکەشدا بە یاسایی ئەنجام بدەن.

بۆ ئەو مەبەستەش هەندێک جار ئاڵوگۆڕی خەیاڵیان لەسەر کاغەز ئەنجام داوە.

هەروەها دەستەی داواکاری گشتی باسیان لەوە کرد کە کاربەدەستانی ئەمەریکا چەندین جار کاربەدەستانی تورکیایان لەو کارە ساختانە ئاگادار کردۆتەوە، بەڵام کاربەدەستانی تورکیا سەرەڕای ئەو هەموو ئاگاداریە، بەردەوام بوون لە ئەنجامدانی تاوان.

داواکاری گشتی کاربەدەستانی تورکیای بەوە تۆمەتبارکرد کە بڕێکی زۆری بەرتیلیان وەرگرتوە و تەواوی ئەو کارانەش لەلایەن پۆلیسی فیدڕاڵی ئەمەریکاوە بە بەڵگە سەلمێندراوە.

داواکاری گشتی لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە پۆلیسی فیدڕاڵی ئەمەریکا، تەواوی پەیوەندی تەلەفۆنی و نامە و ئیمەیلی ئەو کەسانەی تۆمار کردوە، کە یاساکانی سیستەمی بانکی جیهانیان پێشێلکردوە و، پۆلیسێکی تورکیاش وەک شایەت لەسەر ئەو بابەتە لەبەردەم دادگادا ئامادە دەبێت.

پارێزەرەکانی ئەتیلا دانیان بە ‘بەرتیل’ وەرگرتنی بانکی هەڵک دەنێن

 

ڤیکتۆر ڕۆکۆ یەکێک لە پارێزەرەکانی ئەتیلا، دانی بەوەدا نا کە کاربەدەستانی بانکی هەڵک پارەیان سپی کردۆتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش هەریەک لە زەراب و بەڕیوەبەری بانکی هەڵکی تۆمەتبار کرد.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەتیلا ئاگای لە تاوانەکانی زەراب نیە و، تەواوی کارە نایاسایەکان لە نیوان زەراب و سولەیمان ئاسلان بەڕێوەبەری پێشووی بانکی هەڵک بەڕێوە چووە.

رۆکۆ زەرابی بەوە تۆمەتبار کرد کە شارەزایەکی باشی لە پارە سپیکردنەوە و بەرتیل دان هەیە و، ئاماژەی بەوەدا کە زەراب بەرتیلی بە پاسەوانەکانی زیندانی ئەمەریکاش بەخشیوە.

رۆکۆ وەک بەڵگە لەسەر بێ گوناح بوونی بریگرتەکەی، ئاماژەی بەوە کرد کە لە دۆسیەی گەندەڵی ١٧ ی کانونی یەکەمی ٢٠١٣ ناوی ئەتیلای تێدا نەبووە و تەنها زەراب تۆمەتبار بووە.

 

لە بەرامبەر ئەم قسانەی پارێزەرەکەی ئەتیلادا، داواکاری گشتی باسی لەوە کرد  وڵاتی ئێران بە مەبەستی شکاندنی ئابڵوقەی ئابوری ئەمەریکا بڕیاری “جیهادی ئابوری” داوە و هاکان ئەتیلا ڕۆڵی سەرەکی بینیوە لە جێبەجێکردنی پلانەکەی ئێراندا.

http://www.tr724.com/zarrab-tum-suclamalari-kabul-etti-abddeki-cezaevinde-bile-gardiyanlara-rusvet-vermis/

Show More
Back to top button