هەواڵ

لە زیندانەکانی تورکیادا ئەشکەنجەی زیندانییەکان دەدرێت

ئەو زیندانیانەی کە ئامادە نەبوون بەپێوە سەرژمێری بکەن(بەپێوە ڕاوەستن و یەک بە یەک ژمارەکان بژمێرن بەدوای یەکدا)، ڕۆژانە دوو جار لەلایەن پاسەوانەکانەوە دەکەونە بەر لێدان و داپڵۆسین. زۆریک لە زیندانییەکان ناتوانن بە ئاسانی بڕۆن بە ڕێوە.

 

پێشێلکردنی مافی زیندانییەکان و توندوتیژییەکان لە گرتوخانەکانی تورکیادا بەردەوامی هەیە. لە کۆتا مانگی ساڵی ٢٠١٧دا دەنگوباسەکان سەبارەت بە خراپی ژیانی زیندانییەکان و مامەڵەی نەشیاوی پاسەوانەکان لە گرتوخانەی العزیز بڵاوبوویەوە. لەم ڕۆژانەشدا دەنگوباسی خراپی مامەڵەی پاسەوانەکان لە گرتوخانەی عوسمانییەدا بڵاوبوویەوە.

 

بەپێی لێدوانی کەسوکاری زیندانییەکان، زیندانییەکان بەیانیان و ئێواران ئەشکەنجە دەدرێن چونکە بەپێوە سەرژمیرییان نەکردووە. ئەو ئەشکەنجانە بەجۆریکن، لەشولاری زیندانییەکان شین و مۆر بووەتەوە.

 

کورسییان لە پشتی کوڕەکەمدا شکاندووە

جومعە یڵماز کە دوێنێ سەردانی مێهمێت ناجی یڵمازی کوڕی کردووە، پاش سەردانەکە لە لێدوانیدا بۆ ئاژانسی ئاڕتی گێرچێک وتی، کە کوڕەکەی بە زمانی خۆی باسی ئەشکەنجەجەکانی کردووە و وتوویەتی کە، لە ڕۆژی هەینی پێشووەوە ڕۆژانە هەموو بەیانی وئێوارەیەک ٦٠-٧٠ پاسەوان دەکەونە گیانی زیندانییەکان. هۆکاری ئەو لێدانانەش ئەوەیە کە داوایان لەو زیندانیانە کردووە کە بە پێوە سەرژمێری بکەن و ئەوانیش کە هەموویان زیندانی سیاسین، ئامادە نەبوون کە ئەو داوایە قبوڵ بکەن، بۆیە بە خراپترین شێوە ڕۆژانە ئەشکەنجە دەدرێن. باسیشی لەوە کرد کە کورسییان لە پشتی کوڕەکەیدا شکاندووە و زیندانییەکیتریشیان بە قۆڵەکانی هەڵواسیوە و قۆڵ و لەشولاری زیندانییەکان شینومۆر بوونەتەوە. جومعە یڵماز وتیشی کە ژیانی ڕۆڵەکانیان لە مەترسیدایە.

 

بە فەرمانی بەڕێوبەرانی گرتوخانەکە ئەو ئەشکەنجانە ئەنجام دەدرێن

بەپێی قسەکانی ئەو باوکە، و گێڕانەوەی کوڕەکەی، سەرەتا بە فەرمانی بەڕێوبەرانی گرتوخانەکە بڕیاردراوە زیندانییەکان سەرژمێری ڕۆژانەیان بەپێوە بکەن، پاش ئەوەی زیندانییەکان قسەیان لەگەڵ بەڕێوبەرانی گرتوخانەکە کردووە و ویستویانە بڕیارەکە ڕابگیرێت، بەڕێوبەران فەرمانەکەیان دووپات کردۆتەوە و فەرمانیان داوە کە هەرکەس هەڵنەستایە سەرپێ، بەزۆر هەڵێبستێنن. ئیتر دوای ئەو فەرمانە لێدان و ئەشکەنجەدان دەستیپێکردووە. و ڕۆژانە بەیانیان و ئێواران پیادە دەکرێت.

 

زۆربەی زیاندانیەکان ناتوانن بەرێدا بڕۆن

بەپێی قسەکانی جومعە یڵماز هەمان ئەو هەڵسوکەوتانەی قاوشەکانی  T-1 و T-2 ی گرتوخانەی عوسمانییە، لە قاوشەکانی ژنانیش پیادە دەکرێت. هەروەها ئاماژەی بەوەدا جگە لە پاسەوانەکان، هەندێک لە سەرۆک بەش و بەڕێوبەرانی گرتوخانەکەش بەشداری ئەو داپڵۆسینانە دەکەن.

Show More
Back to top button