بیروڕاهەواڵ

لە زیندانەوە بۆ فەرمانڕەوایی (بەشی دووەم)

عەبدوڵا ئایماز

 

لە بەشی یەکەمی ئەم وتارەمدا باسی چیرۆکی قەشەنگی حەزرەتی یوسفمان کرد و، وەک دەزانن چیرۆک بۆ پەند لێ وەرگرتنە. هەربۆیە ئێمەش بەردەوام دەبین:

کاتێک خانمەکە داوا لە حەزرەتی یوسف دەکات کە لێی نزیک بێتەوە، حەزرەتی یوسف بەرەو دەرگاکە ڕا دەکات. بەڵام خانمەکە لە دواوە پەلاماری دەدات و جلەکەی بەری دەدڕێت. لەو کاتەدا سەرداری یوسف دێتە ژوورەوە و هەردووکیان دەبینێت. خانمەکە لەوێدا دەڵێت ” سزای کەسێک کە بە خراپەوە لە خێزانی تۆ نزیک بۆتەوە جگە لە زیندان و سزایەکی زۆر سەخت دەبێت چی بێت!؟”.

حەزرەتی بەدیعوزەمان، لە بەشی هەشتەمی مەکتوباتدا باس لە حیکمەتی ناوهێنانی خودا دەکات بە ناوەکانی ڕەحمان و ڕەحیم و ئاماژە بەوە دەکات کە بەزەیی هەستێکی سەر عەشقە و، پاشان دەڵێت” قورئانی حەکیم لە ڕێگەی موعجیزەیەکی درەوشاوە، بە شێوەیەکی زۆر درەوشاوە ئەوەمان پشان دەدات، ئەوەی بووە هۆکاری ئەوەی کە حەزرەتی یەعقوب سەلامی خودا لەسەر بێت، بگات بە ناوی ڕەحیمی خودا، بریتی بوو لە هەستەکانی کە لە پلەیەکی بەرزی سۆز و بەزەیدا بوو. هەروەها هەستی عەشقیش کە دەبێتە هۆکاری ئەوەی بە ناوی “ودود” ی خودا بگەیت، لە بابەتی خۆشەویستی زولەیخا بۆ حەزرەتی یوسف ئاماژەی پێکراوە. کەواتە لە ڕێگەی موعجیزەی قورئانەوە کاتێک ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە هەستی حەزرەتی یەعقوب چەندین قات لە سەروی هەستی زولەیخاوە بووە، ئەمە بە واتای ئەوە دێت کە هەستی سۆز و بەزەییش چەندین قات لە سەروی هەستی عەشقەوەیە”.

کاتێک حەزرەتی یوسف زۆری لێدەکرێت بۆ ئەنجامدانی تاوان لەلایەن ژنەکانەوە، لە وەڵامدا دەڵێت ” خودایە چوونە ناو زیندان بەلامەوە زۆر باشترە لەو کارەی ئەوان بانگهێشتی منی بۆ دەکەن”. هەر بۆیە خودا نزاکەی گیرا کرد و چووە زیندانەوە.

لەگەڵ یوسفدا دوو گەنجیش چوونە زیندانەوە و هەردووکیان داوای ڕاڤەی ئەو خەوانەیان لێکرد کە بینیویانە” من لە خەومدا ئەوەم بینی کە بۆ دروستکردنی شەراب ترێم دەگوشی، گەنجەکەی تریشی پێی وت کەوا لە خەویدا هەندێک نان لەسەر سەری بووە و باڵندەکان خواردوویانە. چی دەبێت ڕاڤەی ئەم خەوانەمان پێ بڵێ، بە ڕاستی ئێمە تۆ لە کەسە چاکەکان دەبینین”. (سورەتی یوسف ئایەتی ٣٦).

حەزرەتی یوسف یەکسەر دەستی نەکرد بە ڕاڤەی خەوەکانیان. چونکە گەورەترین ئامانجی ئەو ناساندن و باسکردنی تاک و تەنهابوونی خودا بوو، بۆ خۆشەویستکردنی ڕێبازی خودا بەم شێوەیە دەستی کرد بە قسەکانی” ئەمە یەکێکە لەو زانستانەی خودا پێی بەخشیوم. بەڵام پێش هەموو شتێک گوێم لێبگرن: من شوێنکەوتەی ئەو کەسانە نیم کە وازیان لە باوەڕ بە خودای تاک و تەنیا و لێپرسینەوەی ڕۆژی دوایی هێناوە. من شوێنکەوتەی ئاینی بابوباپیرانمم لەئیبراهیم و ئیسحاق و یەعقوب. هەرگیز ڕاست نیە کە شتێک بکەینە هاوەڵی خودا. ئەم باوەڕی یەکتاپەرستیە، ئیحسان و چاکەی خودایە لە بۆ مرۆڤەکان و ئێمە. بەڵام بە داخەوە زۆرێک لە مرۆڤەکان بەرامبەر ئەم نیعمەتە سوپاسگوزار نین. ئەی براکانم بیر لەوە بکەنەوە کە پەرستش کردن بۆ خودایەکی تاک و تەنیا باشە یان بۆ چەند خودایەکی جیاواز؟ ئەو خودایانەی ئێوە و بابوباپیرانتان جگە لە الله دەیپەرستن، کۆمەڵە ناوێکی دروستکراون کە خۆتان ناوتان لێناون. خودا هیچ بەڵگەیەکی لەسەر ئەوان دانەبەزاندووە کەوا خودا بن. الله تەنیا فەرمانی بە ئێمە کردووە کە پەرستش بۆ خۆی ئەنجام بدەین، نەک کەسانی تر. ئەمە دینە ڕاستەقینەکەیە بەڵام زۆرێک لە مرۆڤەکان بەمە نازانن”. (ئایەتی ٣٧ – ٤٠).

ئەم بابەتی سەرەکی قسەکانی حەزرەتی یوسف بوو، دواتر دێتە سەر ڕاڤەی خەوەکانیان.

هەروەها ڕۆژێک فەرمانرەوای میسر خەوێک دەبینێت و دەڵێت” لە خەومدا ٧ مانگی قەڵەوم بینی، لەلایەن ٧ مانگی لاوازەوە خوران، حەوت گوڵە گەنمی جوان و سەوزم بینی لەگەڵ ٧ گوڵە گەنمی وشک و لاواز، ئەی شارەزایان ئەم خەوەم بۆ لێک بدەنەوە گەر لە ڕاڤەی خەو دەزانن”.

کاتێک کاهینەکان نەیانتوانی ڕاڤەی بکەین، ئەو کەسەی لەگەڵ یوسف لە زینداندا بوو، بیری حەزرەتی یوسفی کەوتەوە و لەلای فەرمانرەوای میسر باسی کرد.

کاتێک حەزرەتی یوسف بە شێوەیەکی گونجاو ڕاڤەی خەوەکەی کرد، فەرمانڕەوای میسر بانگهێشتی لای خۆی کرد. بەڵام حەزرەتی یوسف بۆ ئەوەی تەواوی گومانەکانی لەسەر بڕەوێتەوە داوای لێکۆڵینەوەی کرد. کاتێک لای هەموو کەس بێ تاوانی ئاشکرا بوو، فەرمانڕەوای میسر لە زیندان دەریهێنا و کردیە ڕاوێژکاری خۆی. دواتر وەک وەزیری بەرپرس لە گەنجیەی وڵات دیاریکرا و بووە خاوەنی یەکێک لە گەورەترین پایەکانی هێز و دەسەڵات.

جەنابی حەق لێرەدا ئەوەمان بیر دەهێنێتەوە کە ئەم ڕووداوانە هیچیان ڕێکەوتی جوان نیە لە خۆڕا ڕوویاندابێت، بەڵکو هەموویان پڕن لە حیکمەتی ئیلاهی و، سەبارەت بەمەش دەفەرموێت” ئێمە بەم شێوەیە یوسفمان کرد بە خاوەنی دەسەڵات لە میسر. دەیتوانی بە هەر شێوەیەک کە بیخوازێت کاروباری وڵات ب بەڕێوە ببات. ئێمە لوتفی خۆمان پشانی هەرکەسێک دەدەین کە دەیخوازین و پاداشتی چاکەکاران ون ناکەین. پاداشتی ڕۆژی دوایی بۆ ئەوانەی باوەڕیان هێناوە و خۆیان لە کاری خراپە بە دوور گرتووە، بێگومان لە پاداشتی دونیایی زۆر باشترە”.

سەرەڕای ئەوەی یوسف کوڕی پێغەمبەری یەعقوب بوو، کە نەوەی حەزرەتی ئیسحاقی کوڕی پێغەمبەر بوو، لە میسردا بووە وەزیر، لە بەرچی؟ چونکە لەو ڕۆژگارەدا میسر لانکەی مەدەنیەت بوو، هەتا بتوانێت تۆوی یەکتاپەرستی لەو لانکەی مەدەنیەتە بچێنێت خودا کردیە وەزیرێکی باڵادەستی ئەو وڵاتە. زۆر گرنگە لەو پێشنیارەی ورد بینەوە کە باسی لە چۆنیەتی تێپەڕاندنی ٧ ساڵی گرانی و قاتوقڕی کرد، ڕێکارەکانی حەزرەتی یوسف بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە ئابوریەی بەرۆکی هاوڵاتیانی میسری گرتبوو، نیعمەتێک بوو کە هەرگیز لە بیری نەکەن، لە ڕێگەی ئەم خزمەتەوە حەزرەتی یوسف لە دڵی هەموویاندا جێگەی خۆی کردەوە و یەکتاپەرستی بە هەموو لایەک ناساند.

هەر بۆیە دوای چەندین سەدە، کاتێک فیرعەون بە زاڵمانە ڕەفتار لەگەڵ حەزرەتی موسا دەکات، یەکێک لە خانەوادەی فیرعەون لێی ڕاست دەبێتەوە و دەڵێت” چیە دەتانەوێت کەسێک بکوژن تەنیا لەبەر ئەوەی دەلێت خودای من الله یە؟ ئەمەش لە کاتێکدایە بەڵگەی ڕوون و ئاشکرای لەلای خوداوە بۆ ئێوە هێناوە. هەروەها پێش ئەو یوسفیش بە بەڵگەی ڕوون و ئاشکراوە هاتبوو، بەلام ئێوە کەوتنە شک و گومان لە زۆرێک لە بەڵگەکانی ئەویش”. واتە هەناسە و سەدای یوسف، چەندین سەدە لە دوای خۆشی لە کۆشکی فیرعەوندا هەر دەنگی دەدایەوە.

سەرئەنجام خودا لە بنی بیرێکەوە دەریهێنا و بەرزی کردەوە بەرەو گرنگترین پایەی دەسەڵات لە میسر، دواتر بە باوک و براکانیشی شاد کردەوە.

کاتێک دایک و باوکی یوسف هاتن بۆ میسر، یوسف پێشوازی لێکردن و هەردووکیانی لە ئامێز گرت، پاشان پێی وتن ” پشتیوان بە خودا بە سەلامەتی و ئاسودەییەوە دێنە ناو میسرەوە”. دواتر هەردووکیانی لەسەر تەختی پاشایەتی دانا و دایک و باوک و براکانی سەری ڕێز و نەوازشیان بۆ دانەواند.

یوسفیش لەو کاتەدا بە باوکی وت” ئەمەی دەیبینن ڕاڤەی ئەو خەوەیە کە بە منداڵی بۆتم گێڕایەوە. خودا خەوەکەی هێنایە دی”.

حەزرەتی یوسف لە دوا نزایدا دەڵێت” خودایە تۆ دەسەڵات و فەرمانڕەوایت بە من بەخشی، ڕاڤەی دەقە پیرۆزەکان و خەوەکانت فێری من کرد، ئەی ئەو خودایەی ئاسمانەکان و زەویت دروست کردووە، تۆی ئەوەی لە دونیا و ئاخیرەتیشدا یارمەتی من دەدەیت. لە کاتێک بە تەواوی بەندایەتی بۆ تۆ ئەنجام دەدەم ڕۆحم بکێشە و لە ڕیزەی چاکەکاراندا دامبنێ”.

وەک دەبینن خۆشی و ئاسوودەیی دونیا تا ڕادەیەکە و خۆشنوودی ئەبەدی لە ژیانی ئەولایە. دەبێت پلانی ژیانمان بە گوێرەی ئەمە دابڕێژین. زۆر پەند و ئامۆژگاری لەو چیرۆکەدا هەیە، من هەوڵمدا هەندێکی لە بۆ ئێوە بگوازمەوە. ئەم سورەتە چۆن بۆ سەردارمان مایەی دڵدانەوە بووە، لە هەمان کاتدا دڵی ئێمەش دەداتەوە. دەبێت لە ڕوانگەی ئەم چیرۆکەوە ڕووداوەکانی ئەمڕۆمان بخوێنینەوە و خۆمان بۆ لێبوردەیی ئامادە بکەین.

دەبێت ئەوەش لە یاد نەکەین کە ژیانی دونیا تەنیا لاپەڕەی یەکەمی ڕۆمانێکی ئەبەدیە.

 

Show More
Back to top button