بیروڕاهەواڵ

لەم قۆناغەدا چەندە ئاتاجی یادکردنەوە و یادکرانەوەین؟!

جەمیل تۆکپنار

 

 

 

بزاڤی خزمەت، لە بەرامبەر ئەو ئازار و ناسۆرەی لە ٥ ساڵی ڕابردوودا چەشتوویەتی، هیوای بە هەر هۆکارێکدا هەڵواسیبێت بۆش دەرچووە؛ هەر هیوا و چاوەڕوانیەک کە بە ” تۆ بڵێی” دەستی پێکردبێت، بێ هوودە و بە بەلاش بووە.

بێ چارەیی تەواوی هۆکارەکان، هەموویان چەشنی ئاگادارکەرەوەیەک وەهابوون کە پێمان بڵێن: ڕووتان لە هۆکردی هەموو هۆکارەکان بکەن و چاوەڕێی ئەوە بکەن کە نهێنی تاکێتی خودا لە نوری یەکتاپەرستی خۆیدا دەرکەوێت.

باشە، تەنیا لە ڕیگەی ڕووکردنە خوداوە، چۆنی دەتوانین یارمەتی و پاڵپشتی و پاراستن و پارێزگاری ئەو بۆ لای خۆمان ڕابکێشین؟ تۆ بڵێی چ کارێک ئەنجام بدەین، کەوا خودا بمانباتە پاڵ لەگەڵ خۆیدا بوون و لەگەڵمان بێت؟

دەشتوانین ئەم پرسیارە بە شێوەیەک بکەین کە تەواوی سەردەمەکان بگرێتەوە و بڵێین: تۆ بڵێی لەبەر چی هەندێک لە مرۆڤەکان زیاتر سەرکەوتووتر و خاوەن فەزیڵەتتر و زیاتر دەبنە جێدەرکەوتی پاڵپشتی خودایی؟ لەبەرچی موعجیزە بە پێغەمبەران، کەرامەت بە ئەولیاکان و چاکانیش ئیکرامیان پێدەبەخشرێت؟

 

حیکمەت و پێوانەی ئەوە چیە کە بەخشش و چاکە و چاودێری و لوتفی خودا زیاتر لەسەر ئەو جۆرە کەسانە کۆدەبێتەوە؟

قورئانی کەریمیش بە ئایەتێک وەڵامی ئەم جۆرە پرسیارانە دەداتەوە:

“گەر وایە یادی من بکەنەوە هەتا یادتان بکەم، سوپاسگوزاری من بن و لە سوپاسناپەزێران مەبن”.(بقرة، ١٥٢).

جەنابی حەق، چڕی یادکردنەوەی بەندەکەی لەلایەن خۆیەوە دەبەستێتەوە بە یادکردنەوەی خودی بەندەکەیەوە، لە بۆ تێگەشتن لەم ئایەتەش پێویستە بە باشی لە چۆنیەتی یادکردنەوە و سوپاسکردنی خودا تێبگەین و لە بەرامبەر ئەمەدا چۆنی لە یادکرانەوە لەلایەن خوداوە تێبگەین؟ پێویستە وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەینەوە و لە ژیانماندا جێبەجێیان بکەین. چونکە لەم قۆناغەی ئێستادا هێندە ئاتاجی ئەوەین کە یادی خودا بکەین هەتا یادمان بکاتەوە؛ مەپرسە…

 

یادی خودا لەلایەن بەندەکانیەوە ٣ جۆرە:

یەکەم: یادکردنەوە لە ڕێگەی زمانەوە: پاکوبێخەوشی دەربڕین بۆ خودا (تسبیح)، دوپاتکردنەوەی یەکتاپەرستی(تهلیل)، حەمد و سوپاسگوزاری، دەربڕینی بە گەورەزانین( تعظيم)، داوای لێخۆشبوون، نزا، زیکر و ویردەکان و خوێندنەوەی قورئان.

 

یادکردنەوە لە ڕێگەی ئەقڵ و دڵەوە: ئەویش بریتیە لە بیرکردنەوە لە جێدەرکەوتی درەوشانەوەی ناو و سیفاتەکانی الله لە دروستکراوەکانیدا، لە بەرامبەر بەڵا و موسیبەتەکاندا بیر لە دانست و تەقدیری خودایی بکەینەوە و  ئارامگری و پشتبەستن بە خۆی، ڕەزامەندی و خۆڕادەستکردنمان بە خۆی دەربڕین.

سێهەم: یادکردنەوە لە ڕێگەی لاشەوە:

بەکارهێنانی هەر ئەندامێکی لاشەمان بە گوێرەی ئامانجی دروستکردنیان و پاراستنیان لەو شتانەی لەسەریان حەرامکراوە و عیبادەتی تەواویان پێ ئەنجام بدەین.

نوێژ، ڕۆژوو، حەج و زەکات کە عیبادەتگەلێکی ڕێکخراون، لە ڕوانگە جیاوازەکانی خۆیانەوە یادکردنەوەی خودان. لە نێو هەموو ئەمانەدا نوێژ عیبادەتێکە کە بە زمان، لاشە، ئەقڵ، دڵ و ڕۆح ئەنجام دەدرێت و گەورەترین یادکردنەوەیە.

جگە لەوە یادکردنەوەی خودا و باسکردنی الله و دینەکەی بۆ مرۆڤەکان، بوونە هۆکاری ئەوەی بە درێژایی تەمەنیان یادی خودا بکەنەوە، خۆی لە خۆیدا یادکردنەوەی خودایە.

الله چۆنی یادی ئێمە دەکاتەوە؟

لە بەرامبەر یادکردنەوەی ئێمە بۆ ئەودا، یادکردنەوەی خوداش لە بۆ ئێمە زیاتر لە مەقامی ڕەحیمیەتدا دەبێت وەک لە مەقامی ڕەحمانیەت و لە مەقامی ئەحەدیەتدا دەبێت وەک لە مەقامی واحیدیەت.

هەرچەندە ناوەکانی ڕەحمان و ڕەحیمی خودا واتاکانیان لەیەکەوە نزیکە و بە واتای میهرەبانی و سۆز و بەزەیی دێت، بەڵام لە نێوانیاندا جیاوازی هەیە.

رەحمان کە لە هەمان کاتدا واتای ڕەزاق یاخود ڕۆزیبەخشیشی هەیە، جیاوازی ناکات لەوەی ڕۆزی بە بەندەکانی ببەخشێت، ئینجا ئیتر ئەو بەندەیە یادی بکات یاخود نا. ئەم ئیحسان و چاکە خوداییەش بەرامبەر تەواوی بەندەکانی یاسایەکی گشتیە.

ڕەحیمیش کە لە خۆیدا ناوی غفور یاخود لێبوردەشی هەڵگرتووە، ناوێکە لە ئاخیرەتدا بە تایبەت بەرامبەر ئیماندارەکان درەوشانەوەی دەرکەوتی دەبێت.

هەربۆیە یادکردنەوەی پەروەردگارمان لە بۆ ئێمەی باوەڕدار، لەسەر شێوازی ڕەحیمیەتی خودا دەبێت.

 

دەرکەوتنی نهێنی تاکێتی خودا لە نوری یەکتاپەرستیدا

واحیدیەتی خودا سیفاتێکە کەوا لە تەواوی دروستکراوەکانی خودادا دەردەکەوێت و ئەحەدیەتیش سیفاتی تاکێتی خودایە کەوا لە هەندێک لە بەندەکانیدا بە شێوەیەکی تایبەت درەوشانەوەی دەرکەوتی دەبێت.

بۆ نمونە ڕۆزیبەخشینی خودا بە هەریەک لە بەندەکانی لە ڕێگە زانراوەکانەوە بریتیە لە سیفاتی واحیدیەتی خودا. لەلایەکی ترەوە بەخشینی ڕۆزی بە پێغەمبەران لە ڕێگەی موعجیزەوە و بە ئەولیاکان لە ڕێگەی کەرامەتەوە، دەرکەوتی سیفاتی ئەحەدیەتە. موعجیزەکانی پێغەمبەرمان سەبارەت بە بەرەکەت و کەراماتی ئەولیا و کەسە چاکەکانیش وابەستەی ئەم سیفاتەیە.

کاتێک یادکردنەوەی خودا لەسەر شێوازی ڕەحیمیەت و ئەحەدیەت دەبێت لە دونیا و ئاخیرەتدا، ئەوا بەرامبەر کەسێک یاخود گروپێکی دیاریکراو، چاودێری دەراسا، بەخششی سوپریزانە، لوتفی زیادە و ئاسانکاری تایبەتمەند و هەماهەنگی جوانیان بە نسیب دەکات.

کاتێک یادی ئێمە بۆ خودا تەنیا لەم دونیادا قەتیس بووە، ئەوا یادی خودا هەم لە دونیا و هەم لە ئاخیرەتدایە و چەندین قاتی یادی ئێمەیە.

 

موعجیزە و کەراماتەکان دەرکەوتی سیفاتی ئەحەدیەتی خودایە

ئێستا دەتوانین ئەم ئایەتەی سەرەوە بەم شێوەیە لێکبدەینەوە:

” ئێوە لە ڕێگەی ئیمان، تەفەکور، داوای لێخۆشبوون، ئارامگرتن، پشتبەستن، تەسلیم بوون، مەمنونیەت، خۆشەویستی، تەسبیح کردن، تەهلیل، حەمد، شوکر، بە گەورەدانان، نزا، ئیخلاس، تەقوا، نوێژ، ڕۆژوو، حەج ، زەکات، گەیاندنی بانگەوازو خزمەتەوە یادم بکەنەوە با منیش لە دونیا و ئاخیرەتدا لە ڕێگەی لێخۆشبوون، ڕەزامەندی، بەخشش، چاکە، چاودێری، لوتف، سەرخستن و ئاسانکاریەوە یادتان بکەمەوە؛ هەروەها لە ڕێگەی سوپریز و یارمەتی زیادەوە بە شێوەیەکی دەراسا  و لە جوانیە سەرسوڕهێنەرەکاندا نقومتان بکەم”…

کەواتە یادکردنەوەی خودامان لە ڕێگەی جیاوازەوە بە شێوازێکی قوڵ و ناوازە، پێگەمان لەلای خودا زیاتر بەرز دەکاتەوە.

هەربۆیە سەردارمان کە تەمەنی لە زیکر و عیبادەتدا بردۆتە سەر، ئیحسانی هەزاران موعجیزەی لەگەڵدا کراوە و شەوی پێش جەنگی بەدر، هەتا بەیانی نوێژ و نزای کرد و هەرلەبەر ئەوەش بوو، کە خودا ٣ هەزار فریشتەی بۆ یارمەتیدانی نارد.

حەزرەتی هاجەریش کە لەلایەن حەزرەتی ئیبراهیمەوە لە بیابانێکی وشکوبرنگدا جێهێڵدرا، لەبەرئەوەی بەردەوام بوو لە یاد و پشتبەستن بە خودا، خودا یادی ئەوی بە ئەبەدی گێڕا. بە شێوەیەکە کە ڕۆشتن لەسەر ئەو شوێنەی ئەو تێیدا ڕایکردووە بە عیبادەت ئەنجام دەدرێت و ئەو ئاوی زەمزەمەی بەو بەخشرا، بۆتە ئاوێکی پاکی شیفابەخشی نەبڕاوە بۆ هەموو لایەک.

ڕزگاربوونی حەزرەتی ئیبراهیم لە ئاگر، ڕزگاربوونی حەزرەتی یونس لە سکی حوت، شیفابەخشیی بە حەزرەتی ئەیوب، هەموویان نهێنیەکان لە یادکردنەوەی خۆیدایە.

لە ڕاستیشدا خودا بەرامبەر حەزرەتی یونس دەفەرموێت:

بەڕاستی گەر ئەو لە تەسبیحکاران و یادکەرەوەکانی ئێمە نەبووایە، ئەوا هەتا ڕۆژی قیامەت لە سکی حوتەکەدا دەمایەوە.

 

ڕۆشتن لە لەندەنەوە بۆ کەعبە:

ڕووداوێکی ڕاستەقینە سەبارەت بەم بابەتە:

پارێزەر بەکر بەرک کە تەواوی ژیانی بۆ خزمەتی ئیمان و قورئان وەقف کردبوو، پێش چەند ساڵێک لە وەفاتی توشی نەخۆشی شێرپەنجە بوو.

لەو ساڵەی کە لە لەندەن چارەسەری پزیشکی بۆ دەکرا، ڕووداوێکی سەیر ڕوویدا. بە مەبەستی ئەنجامدانی نوێژی نیوەڕۆ هەڵدەستێت و زۆر ناڕەحەت دەبێت لە کاتی ئەنجامدانی دوو ڕکاتی نوێژەکەدا، کاتێک دەچێتە سوجدەی ڕکاتی سێهەمەوە، بە تەواوی هێزی لێدەبڕێت و ناتوانێت چیدی بەردەوام بێت، ئەویش زۆر بەم حاڵەی ناڕەحەت دەبێت و لە دڵی خۆیدا دەڵێت” خودایە دەمەوێت سوجدەت بۆ ببەم بەڵام هێزم تێدا نیە بۆ ئەو کارە، مەگەر بەکری بەندەی خۆت بە شایەنی سوجدەیەک نابینیت”. ئەم قسەیەی چەشنی  نزایەکی قبوڵکراوی لێدێت و ، لە پڕێکدا دەبینێت کەوا سەری لە مەڕمەرە ساردەکانی کەعبەدا داناوە و سوجدە دەبات. وەک باسکردنی نیعمەتێکی خودا ئەمەی بۆ ئێمەش گێڕایەوە.

کەواتە خودا وەڵامی پرسیارەکەی ئەوەی تەنیا بەوە نەدایەوە کە سوجدەی پێ ببات، بەڵکو لە هەمان کاتدا لە ڕێگەی میوانداریکردنیەوە لە کەعبەی ماڵی خۆی وەڵامی دایەوە. ئەمەش لوتفێکی پڕ واتا و تایبەتە کە شایەنی سوڵتانی هەموو سوڵتانەکانە.

هەروەها لە حەدیسێکی قودسیشیدا سەبارەت بە یادکردنەوەی خودا و یادکرانەوە لەلایەن خوداوە هاتووە:

هەرکەسێک دوژمنایەتی یەکێک لە دۆستەکانی من بکات، بێگومان منیش جەنگی لە دژ ڕادەگەیەنم، بەندەکانم لە ڕێگەی هیچ شتێکەوە ناتوانن نزیکایەتی لەگەڵ مندا پەیدا بکەن جگە لە ئەنجامدانی ئەو شتانەی لەسەرم فەرز کردوون. جگە لە فەرزەکانیش چەندین نافیلە هەیە کە بەندەکانم زیاتر و زیاتر لە من نزیک دەکەنەوە. لە کۆتایدا من ئەو بەندەیەمم خۆش دەوێت و کە خۆشیشم ویست دەبمە ئەو چاوەی پێی دەبینێت، ئەو گوێی کە پێیدەبیستێت و، ئەو دەستەی کە شتی پێدەگرێت و ئەو قاچەی کە پێی دەڕوات. ئیدی ئەو بەندەیە داوای هەرچیەک لە من بکات پێیدەبەخشم و هەرکاتێک پەنای بۆ من هێنا، دەیخەمە ژێر پارێزگاری پاسەوانە تایبەتەکانی خۆمەوە”.

ئەو مژدەیەشی لەم حەدیسەدا هاتووە، لە پاڵ ئەنجامدانی فەرزەکان بە ئەنجامدانی سونەتەکانیشەوە بەستراوەتەوە.

 

“پاڵپشتی دینی خودا بکەن”

گەر ئێمە خوازیاری ئەوە بین خودا کە بە لوتفە دەراساکانی یادمان بکاتەوە و پێگەمان لای ئەو بەرز بکەینەوە، پێویستە بە هەموو جۆرەکانی زیکر و یادکردنەوە، یادی ئەو بکەینەوە. خۆ گەر هەستمان بەوە کرد لەلایەن خوداوە یاد ناکرێینەوە، ئەوا پێویستە بە کوالیتی و بڕی ئەو زیکر و یادەدە بچینە کە ئەنجامی دەدەین و ئەم فەرمانەش بکەینە ڕێنیشاندەری خۆمان:

“ئەی ئەوانەی ئیمانتان هێناوە! گەر ئێوە گوێڕایەڵی الله بکەن و یارمەتی دینەکەی بدەن، ئەویش یارمەتی ئێوە دەدات و پێکانتان جێگیر دەکات”( محمد، ٧).

کەواتە دەبێت بە هەموو هێزمانەوە، لە هەموو هەلومەرجێکدا، بە هەر هۆکارێک بێت، بە هەموو ڕێگاکان یادی خودا بکەینەوە و خەریکی ڕاکە ڕاک بین لە پێناو خزمەت بە دینەکەیی و ئەو زوڵم و زۆرەی کە کراوین بە دوێنراوی، بێ ئەوەی بمانشڵەژێنێت خۆمان بەرەو کەناری سەلامەتی ڕزگار بکەین.

پێوانە و کات و بڕی ئەمە چەندەیە؟

ناتوانین ئەمە بزانین، ناتوانین پەروەردگارمان بخەینە ژێر لێکۆڵینەوە و تەنیا ئەوەمان لەسەرشانە کە گوێڕایەڵی بین و هیوامان بە ڕەحمەت و چاودێری ئەوەوە ببەستینەوە.

دەبێت ئەوەشمان لەبیر نەچێت کە ئامانج و ئایدیاڵی گەورە، باجدانی گەورەی لە دوایە.

گەر الله ی خاوەنی ڕەحمەتی بێ سنور ئەم قۆناغە بەم شێوەیە درێژ بکاتەوە، بێگومان لە ڕێگەی تێپەڕینی کاتەوە، دانستی زۆر و بەخشندەیی ناوازە و سەرکەوتنی زۆری خۆیمان بۆ دەردەخات.

ئێمەش هیوامان بە ڕەحمەتی پەروەردگارە و گوێڕایەڵی دانستی ئەو دەکەین و  ملکەچی   تەقدیری ئەو دەبین…

 

 

Show More
Back to top button