بیروڕانوسەران

لەمپەری پێنجەم لەبەردەم شەوقی شاسوارانی خزمەتدا

 

 

 

شتێک بوو بە نەرییت، ئیدی چاک بێت یان خراپ بە زوویی بڵاو دەبێتەوە. منداڵێکی ناو دایەنگاکان، کاتێک دەست دەکات بە گریان، منداڵەکانی چواردەوریشی بە بێ هۆ دەست دەکەن بە گریان. لە ناو خوێندکارانی پۆلێکدا، کاتێک یەکێکیان باوێشک دەدات، هەموویان بە دوای ئەودا دەست دەکەن بە باوێشک دان. هەر بۆیە جوڵەی پاڵپێوەنەری باش لە سەرەتادا زۆر گرنگە. بە پێچەوانەوە نمونە خراپەکانی دوای پاڵپێوەنەری خراپ دێن، هەموویان لەو خراپتر دەردەچن.

مەلا حامید کە یەکێکە لە براگەرەکانمان لە شاری ڤان، بەم شێوەیە باسی یادەوەریەکی خۆی دەکرد لەگەڵ حەزرەتی ئوستاد بەدیعوزەمان سەعید نورسی:

گەر بزانیت تێکۆشان و جوڵە چەندە باش و گرنگە، گەر بزانیت لە ژیانی ئاخیرەتدا چەندە سوودی بۆت دەبێت، تەنیا یەک دەقەش لە شوێنی خۆت ناوەستیت.  بۆ نمونە هەندێک کەسی وا هەیە دەدەن بە لای کەسانێکدا کە بە داس و بێڵەکانی دەستیان خەریکی درەو و شەنکردنن، پێیان ”دەڵێن وەرن با پێکەوە جگەرەی بخۆین و تۆزێک قسە بکەین”، ئیدی بەو هۆیەوە لە کارەکەیان دووریان دەخەنەوە. هەندێک مرۆڤی ئیشکەر و تێکۆشەریش هەیە، کاتێک دەدەن بە لای کەسانێکی تەمبەڵدا، بە داس و بێڵەکانی دەستیان دەست دەکەن بە ئیش کردن و غیرەتیش دەدەنە بەر ئەو کەسە تەمبەڵانەی سەیریان دەکەن”.

ئەو مرۆڤە پڕ هیوا و بە عەشق و شەوقانەی دەستەواژەی ” دەڵێی مەکینەیان لێ بەستراوە” لە بارەوە بەکار دەهێنین، هەمیشە مرۆڤ و گروپگەلێکیان هەستاندۆتەوە و باڵیان پێگرتوون، کە توشی پەتای ڕەشبینی و تەمبەڵی بوون.

حەزرەتی ئوستاد بەدیعوزەمان  لە بابەتی “ڕەچەتەی عەوام” کە لە پەیامەکانی مونازەرەتدا ئاماژەی پێکردووە، باسی چۆنیەتی ئەو پەروەردەیە دەکات، کە پێویستە بە ناوچەی باشوری ڕۆژهەڵاتی تورکیا بدرێت و  زۆر مژاری بۆ گفتوگۆ ئاوەڵا کردووە. لەم شاکارەیدا کە لە ساڵی ١٩١١ بڵاویکردۆتەوە،لە پێش هەموو شتێکدا پڕۆژەیەکی تایبەتی بە چۆنیەتی پەروەردە تێدایە. لە ڕابردوودا کاتێک سەردانی سولەیمان دەمیرەلی ڕەحمەتیمان کرد، لە باسی ڕووداوەکاندا ئاماژەمان بەم پەیامەی ئوستاد کرد. ئەویش لە بەرامبەر ئەم پڕۆژەیەی مامۆستا و دەربڕینەکانی وتی “تێڕوانینەکانی سەدەی خۆی تێپەڕاندووە”،  زۆر بە ڕێز و تەقدیرەوە باسی مامۆستای کرد.

خۆ گەر وابزانین ئەوەی لەو پەیامەدا ئاماژەی پێکردووە شتانێکن بۆ ١٠٠ ساڵ لەمەوپێش دەبن و تەنیا بەسەر ناوچەی باشوری ڕۆژهەڵاتدا جێبەجێ دەبێت و مۆدەی بەسەر چووە، ئەوا لە هەڵەداین و قەدری پەیامەکانی مامۆستامان نەزانیوە.

ئەم ڕەچەتەی مامۆستا، سەبارەت بە تورکیا و جیهانی پەرێشانی ئیسلام و هەموو مرۆڤایەتی هەڵگری هەوێنی ڕزگاریە. زۆرێک لە کەسانی ئەکادیمیش کە نرخی شتەکان دەزانن، لە نوسینەکانیاندا     دوردونگ نەبوون لەوەی سەبارەت بە پەیامەکەی مامۆستا ئەم ڕاستیە بهێننە سەر زاریان.

بەڵێ لە شوێنێکدا کە بە دوای هۆکاری  کەوتنە ناو زیندانی تەمبەڵیەوە دەگەڕێین و لێپرسینەوە و بە دوا داچوونی بۆ دەکەین، ئوستاد باسی یەکە بە یەکەی ئەو لەمپەرانە دەکات، کە دێنە سەر ڕێگای شۆڕەسواران و لەسەر ئەسپی شەوقیانەوە تەختی زەویان دەکات.  ئوستاد تەمبەڵی بە یەکێک لە هۆکارەکانی کەوتنی ئەو شۆڕەسوارانە دادەنێت و پاشان دەڵێت:

تەمبەڵی بە هۆی تەمبەڵی کەسانی ترەوە هەلی بۆ دەڕەخسێت و هێرش دەکات و پشتی شەوقتان دەشکێنێت.  بناغەی ” ئەی ئەوانەی پشتتان بە خودا بەستووە، تەنیا پشت بە خودا ببەستن نە کەس و شتێکی تر” وەک قەڵایەکی قایم وەهایە و، بیکەنە پەناگای هیمەتت و تێکۆشانتان.

تەمبەڵی  تەوری خۆی دەدات لە هیممەت و تێکۆشانتان و، پشتی ئەسپی شەوقتان دەشکێنێت کە هیممەتتانی بەسەرەوەیە، بۆ ئەوەی هەستی هیممەتان دوور بێت لە دەردی تەمبەڵی، کە لە ڕێگەی نەریتی باوەوە بڵاو دەبێتەوە، پێویستە پەنا بۆ قەڵای تەوەکول و پشت بەستن بە خودا ببەن و لەو پەناگایە پارێزگاری لێبکەن.

لەبەرچی پێویستە پەنا بۆ ئەو قەڵا قایمە بەرین؟ چونکە ” ئەوەی باوەڕی ڕاستەقینەی بەدەست هێناوە، دەتوانێت بەرامبەر هەموو گەردون بوەستێت”.

باشە پەیوەندی بابەتەکە بە توکل و پشت بەستن بە خوداوە چیە؟

باوەڕ پێویستی بە یەکتاپەرستیە و، یەکتاپەرستی بە تەسلیم بوون و، تەسلیم بوونیش بە توکل و پشتبەستن بە خودا، پشت بەستن بە خوداش بەختەوەری دونیا و ئاخیرەت بە دوای خۆیدا دەهێنێت.

کاتێک بەڵگەکانی گەردونمان بە پێوانەی زانست و لۆجیک و ویژدان خستە ژێر سەرنج و لێکۆڵینەوە، ناچار دەبین بەوەی باوەڕ بە بوونی پەروەردگار بهێنین. باوەڕێکی وەها لێکۆڵەرەوانە کە دڵ و ئەقڵی قەناعەت پێ هێناوە، لە هەمان کاتدا وای لێدەکات باوەڕی بە تاک و تەنهایی پەروەردگار هەبێت. واتە بە ناچاری یەکتاپەرستی هەڵدەبژێرین و هەموو خوداگەلێکی تری دروستکراو ڕەت دەکەینەوە. لە بەرامبەر خودایەکی تاک و تەنیا و  پەرستراوێک کە هەموو شتێک بە زانست و دانایی و دەسەڵاتی خۆی دروستکردووە و هێناوەتە بوون، خۆمان تەسلیم دەکەین و پشتی پێ دەبەستین،  ناچارین پشت بەو ببەستین و خۆمان بدەینە پاڵی، ناچارین کەوا پەنای بۆ ببەین، مەگەر بێجگە ئەو کەسێک هەیە خۆی بکات بە خاوەنمان و بمانپارێزێت؟

ئوستادیش لە وتەی بیست و سێهەمدا بەم شێوەیە باسی ئەم تایبەتمەندیە دەکات:

” باوەڕ هەم نور و ڕوناکیە، هەم هێزە. بەڵێ ئەوەی خاوەنی باوەڕی ڕاستەقینە بێت دەتوانێت بەرامبەر هەموو گەردون بوەستێتەوە و، بە هێزی باوەڕ و ئیمانی دەتوانێت لە دژی فشار و کاریگەری ڕووداوەکان ڕزگاری ببێت. هەمیشە دەڵێت “توکل علی الله” و،  لە کەشتی ژیاندا بەو پەڕی سەلامەتی و متمانەوە بەرەو شەپۆلی شاخئاسای ڕووداوەکان دەڕوات. تەواوی قورساییەکانی ژیانی ڕادەستی  قودرەتی جەنابی حەق دەکات، کە خاوەنی هێز و قودرەتی ڕەهایە. خۆ گەر توکل و پشتبەستنی بە خودا نەبێت، ئەوا قورسایەکانی ژیان لە جیاتی بەرزکردنەوە و باڵپێگرتی، بەرەو خواری خوارەوە ڕایدەکێشن و نوقمی ئەسفەلە سافیلینی دەکەن. کەواتە باوەڕ یەکتاپەرستی، یەکتاپەرستی تەسلیم بوون، تەسلیم بوون پشت بەستنی و توکل ی پێویستە و لەم ڕێگەوە بەختەوەری دونیا و ئاخیرەت بەدەست دێت”.

بەڵێ ئەوەی نهێنی ڕاستەقینەی توکل لە خۆیدا بچەسپێنێت، لەبەر ئەوەی خاوەنی باوەڕێکە کە دەتوانێت لە بەرامبەر هەموو گەردون بوەستێتەوە، تەنانەت گەر هەموو کەسانی چواردەوری کەوتبێتنە زیندانی تەمبەڵی و دەستەوسانیەوە، ئەو بە تەنیا دێتە مەیدان و،  وەک لۆکۆمۆتیڤ و هێزێکی پاڵپێوەنەر، کەسانی تەمبەڵی ناو ڤاگۆنی  زیندانەکان بە ئاگا دەهێنێتەوە و بەدوی خۆیان دەخات. ئا لەم کاتەشدا چاولێکەری و نەریت دەبێتە شتێکی باش. واتە پێویست بەوە ناکات بڵێیت من بە تاقی تەنیام و چیم پێ دەکرێت. بە پێچەوانەوە بە ‌هێزی پشتبەستن بە خودا، پەنا بە خودا دەگریت و دەست دەدەیتە تێکۆشان، پێویستە لە ڕێگەی ڕام بوون بە داناییەوە هەوڵی خزمەتکردن بدەیت. مەگەر حەزرەتی ئوستاد بە تاقی تەنیا وای نەکردووە؟

بێ ئەوەی گوێ بدات بە  ڕێڕەوی ڕووداوە سیاسیەکان، خزمەتێک بێگەرد و دڵسۆزانەی هێنایە کایە و وەک ئاوی ڕەوان ئاسانکاری بۆ دوای خۆشی ئەنجامدا…

Show More
Back to top button