هەواڵ

“لەسەر ئەوەی دان بە بەڵگەیەکی ساختەدا نانێت، دەخرێتە ژووری تاکە کەسیەوە”

نوسینی: ئادەم یاڤوز ئاسڵان

فەوزی یازجی، بەڕێوبەری وێنەیی ڕۆژنامەی زەمان

دوای ئەوەی فەوزی یازجی ڕازی نابێت دان بە دروستی نامە ساختەکراوەکەی داواکاری گشتیدا بنێت، ناوبراو دەخرێتە ژووری تاکە کەسی زیندانەوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا عرفان فیدان داواکاری گشتی ئیستەنبول، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانەیدا ئەوەی ڕاگەیاند، کەوا نامەیەکی م.فەتحوڵڵا گولەنیان لەناو فلاش میموری فەوزی یازجی بەرێوەبەری بەشی وێنەیی ڕۆژنامەی زەماندا دۆزیوەتەوە.

بەڵام پاش چەند کاتژمێرێک ئەوە ئاشکرا بوو کە واژۆی سەر نامەکە بە بەرنامەی فۆتۆشۆپ ساختە کراوە و لە نامەیەکی تری گولەن، کە پێش ٣ ساڵ بۆ عەبدوڵا گوڵ سەرۆک کۆماری پێشووی تورکیا ناردبووی، وەرگیراوە.

پارێزەرەکانی گولەنیش هەبوونی نامەیەکی لەو جۆرەیان بە درۆ خستەوە.

نامە ساختەکەی کە گوایە گولەن بۆ داواکاری گشتی ناردووە
نامە ڕاستی و ئاشکراکەی کە گولەن پێش ٣ ساڵ بۆ عەبدوڵڵا گول، سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی تورکیای ناردبوو

فەوزی یازجی کە ماوەی ١٧ مانگە دەستگیر کراوە، تۆمەتبار کراوە بەوەی نامەیەکی لەو جۆرە لە ناو فلاش میمۆریەکەیدا دۆزراوەتەوە.

بەڵام یازجی سەرەڕای هەموو فشارەکان، ئەوەی ڕەتکردۆتەوە کە دان بە هەبوونی نامەیەکی لەو جۆرەدا بنێت.

ئادەم یاوز ئاسڵان کە لە ڕۆژی یەکەمی دەستپێکردنی دادگایی رەزا زەرابەوە ڕوماڵی ڕووداوەکانی ناو دادگا دەکات، لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تویتەر، چەند زانیاریەکی سەبارەت بە بارودۆخی یازجی بڵاو کردەوە.

ئاسڵان باسی لەوە کرد کە کاربەدەستانی تورکیا دەیانەوێت بە زۆر، هەبوونی نامەیەکی ساختەکراو بە بەرنامەی فۆتۆشۆپ، بە یازجی قبوڵ بکەن.

ئاسلان ئاماژەی بەوە کردووە کە یازجیان لە زینداندا خستۆتە ژووری تاکە کەسیەوە.

ئاسڵان دەڵێت” ئەوەی بە خۆی دەڵێت ڕۆژنامەنوس و مافناس، ناتوانێت بەرامبەر ئەم کردارە بارباریانە بێدەنگ بێت”.


ئاسڵان لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە چەند خاڵێک داوە:

یەکەم: لە دۆسیەی رەزا زەرابدا، کە نامەیەکی ساختەکراو بە بەرنامەی فۆتۆشۆپی م.فەتحوڵڵا گولەنیان پێشکەش بە دادگا کرد، شتی سەیر روو دەدات. ماوەی ١٧ مانگە فەوزی یازجیان دەستبەسەرکردووە و ئەم نامەیەیان نەدۆزیوەتەوە، بەڵام ئێستا دەیانەوێت بە زۆر هەبوونی نامەیەکی لەو جۆرەی پێ قبوڵ بکەن. کاتێک ملی بۆ داواکانیان نەداوە، خستوویانەتە ژووری تاکە کەسیەوە.

دووەم: لە ٩ ی ئەم مانگەدا یازجی دەبەن بۆ بنکەی پۆلیسی ڤەتەن و هەڕەشە لە کەسوکاری یازجیش دەکەن کە دان بە نامەکەدا بنێت. کاتێک بینییان یازجی نامەکە قبوڵ ناکات، هەڕەشەی ئەوەی لێ دەکەن کە ماوەی ٣٠ ڕۆژی تر بە دەستگیرکراوی دەیهیڵنەوە لە بنکەی پۆلیس.

سێهەم: لە ١٨ ی مانگ دەینێرنەوە بۆ زیندانی سلیڤری و لە ژوورێکی تاکە کەسی دایانناوە. سەرەڕای ئەوەی نەخۆشە هیچ دەرمانێکیان پێنەداوە و هەڕەشەی ئەوەیان لێکردووە کە گەر دان بە نامەکەدا نەنێت لەو ژوورە دەمێنێتەوە و هەڕەشەی کەسوکاریشیان لێکردووە.

چوارەم: ئەو نامە ساختەیەی بە بەرنامەی فۆتۆشۆپ ئامادەیان کردووە و بە بەهێزترین بەڵگە لە دژی بزاڤی خزمەت ناوی دەبەن، یازجی سەرەڕای هەموو ئەشکەنجەدانێک ڕەتی کردۆتەوە، هەرکەسێک بە خۆی بڵێت ڕۆژنامەنوس و مافناس، ناتوانێت بەرامبەر ئەم کارە بارباریانە بێدەنگ بێت.

 

سەرچاوە: ماڵپەڕی TR724

 

  

 

Show More
Back to top button