بیروڕاهەواڵ

لەزیندانەوە بۆ سوڵتانی (قورئان پەروەردەکاری جیهانی مرۆڤەکانە)

عەبدوڵا ئایماز

 

گەر لە سورەتی یوسف ورد بینەوە ئەوا زۆر وانە و پەندی تێدایە بۆ ئێمەی مرۆڤ. ئەم سورەتە یەکێک لە قەشەنگترین چیرۆکە قورئانیەکانی تێدایە و بە خەوێکی حەزرەتی یوسف دەست پێ دەکات. لە خەوەکەیدا ١١ ئەستێرە و مانگ و ڕۆژ دەبینێت کە سوژدەی بۆ دەبەن. یەعقوبی باوکی بە چەشنی هەموو پێغەمبەرەکان سەلامی خودای لەسەر بێت، زۆر بە باشی دەزانێت ئەم خەوەی چ واتایەکی هەیە و، لەبەر ئەوەی زۆر بە باشی فیترەتی مرۆڤەکان و کوڕەکانی بە تایبەتتر دەزانی، وەک گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بە کوڕەکەی دەڵێت” کوڕم هەرگیز ئەم خەوە بۆ براکانت مەگێڕەوە”.

 

 لێرەدا ئەم ئاگادارکردنەوەی پێغەمبەر یەعقوب وانەیەکی گرنگی تێدایە، دەبێت خۆمان لە شتانێک بە دوور بگرین، کە مرۆڤەکان بەرەو حەسودی و غەرەز و کینە پاڵ پێوە بنێت. خۆ گەر ئیمکانیشمان هەبوو، ئەوا پێویستە لەو نیعمەتانەی خودا پێی بەخشیوین، بەشی خزم و دراوسێ و یاخود ئەوانەی لەگەڵماندا ملی ڕێگەیان گرتووە، بدەین.

 

لە درێژەی ئەم چیرۆکەدا براکانی یوسف، لە کاتێکدا دەیانزانی باوکیان پێغەمبەرێکی خودایە، لە نێو خۆیاندا وتیان” باوکمان یوسف و براکەی لە ئێمە زیاتر خۆش دەوێت، وا دیارە باوکمان لەم کارەیدا بە هەڵەدا چووە”.

ئیدی بە پشتبەستن بە ژمارەی زۆری خۆیان، پیلانێکیان بۆ دوورخستنەوەی یوسف لە باوکی داڕشت، کە تەنانەت کوشتنیشیان لەبەرچاو گرتبوو. بەڵام یەکێک لەوان پێشنیارێکی باشتری خستە بەردەمیان و پێی وتن گەر یوسف بخەنە بیرێکی ئاوی سەر ڕێگای هاتوچۆی کاروانەکان، ئەوا کەسانێکی نەناسراو هەڵیدەگرنەوە و لەگەڵ خۆیان دەیبەن بۆ شوێنێکی زۆر دوور، کە چیدی نەتوانێت بێتەوە.

نوسەری کتێبی “سایکۆلۆژی کۆمەڵگا” باسی یادەوەریەکی خۆی دەکات و دەڵێت:

ئەم ڕووداوەم بە چاوی خۆم بینیوە. لە پاریس عەرەبانچیەک دەبێت کە شتی کۆن دەفرۆشێت، لە ناو خەڵکدا قسەیەکی وەها بڵاو دەبێتەوە کە ئەم عەرەبانچیە نهێنی و نەخشەکانی دەوڵەتی فەرەنسای بە دەوڵەتانی دەرەوە فرۆشتووە. ئیدی کۆمەڵێکی زۆر لە خەڵک لە ژێر کاریگەری ئەو قسە دروستکراوانەی خۆیان، حەماس دەیانگرێت و بە هەموویان هەوڵی گەلەکۆمەکی کردن دەدەن لە دژی ئەو هاوڵاتیە. لە ڕاستیدا هیچ شتێکی شاراوەی نەدەفرۆشت، هەر ئەو شتانەی دەفرۆشتەوە کە خەڵک خۆیان پێیان فرۆشتبوو. یەکێک لە پارێزەرە بەناوبانگەکانی پاریس، کاتێک ئەم رووداوە دەبینێت، خۆی فڕێ دەداتە بەردەم هاوڵاتیەکان و ستایشیان دەکات سەبارەت بەو هەڵوێستە نیشتیمانپەروەرانەیان و پاشان دەڵێت:” ئیدی هیچ خەمتان نەبێت، ئەم خائینە ئێستا لە چنگی دادپەروەریدایە، ئێوە خەریکی کاری خۆتان بن، من سوپاسی ئێوە دەکەم، من ئێستا دەیبەم بۆ دادگا و سزایەکی شایستە بە خۆی، بەسەردا دەدەم”.

کاتێک خەڵکەکە بڵاوەیان لێکرد، پارێزەرەکە کابرای بردە دادگا و کاتێک دادوەرەکە گوێی لە قسەکانی پارێزەرەکە گرت، پاش ماوەیەک کابرای بێدەسەڵاتی ئازاد کرد.

لەم بەینەدا هاوڵاتیانیش هاتنەوە سەر خۆیان و ڕاستی بابەتەکەیان بۆ دەرکەوت کە چەندە بە هەڵەدا چووبوون.

خۆ گەر پارێزەرەکە خۆی فڕێ بدایەتە بەردەمی خەڵک و پێی بووتنایە ئەو کابرایە بێ گوناحە، ئەوا هەردووکیانیان پێکەوە دەکوشت، چونکە هاوڵاتیان لەو کاتەدا چوونەتە ژێر کاریگەری حەماسەت و باری سایکۆلۆژی دەستەجەمعی، لەوێدا کەس گوێ لە قسە ناگرێت و هەموویان بە فەرمانی کەسێکی هاوشێوەی خۆیان هەنگاو هەڵدەگرن.

هەر بۆیە براکانی یوسیفیش بە قسەی ئەو برایەیان کرد، کە ڕێگە چارە گونجاوەکەی خستە بەردەمیان و بڕیاری ئەوەیاندا یوسف بخەنە ناو بیرە ئاوەکەوە.

نوێژی خەوتنان بە گریانەوە هاتنەوە بۆ لای باوکیان، لە دەستیاندا کراسەکەی یوسف و تۆزێک خوێنی درۆی بەسەرەوە بوو. بە باوکیان وت ” کاتێک ئێمە خەریکی پێشبڕکێ بووین، گورگێک یوسفی خوارد”. قورئانی کەریم کراسە خوێناویەکە بە “بدم کذب” ناو دەبات؛ واتە خوێنێکی درۆینە.

ئەمەش لە ڕووی پزیشکی دادوەریەوە گرنگی خۆی هەیە. تاوانبارەکان بە هۆی پەشۆکاوی و هەڵەشەیی خۆیانەوە، هەمیشە سەرەداوێک لە دوای خۆیان بەجێدەهێڵن، کە تاوانەکەیان ئاشکرا بکات. ئەوان تەنیا کراسەکەی یوسفیان بە خوێناوی هێنابوو، وەک ئەوەی گورگەکە یوسفی لە کراسەکەی دەرهێنابێت و ئینجا خواردبێتی، هیچ جێگایەکی دەمی پێوە نەبوو، کاتێک کراسەکە هیچ جێگە دەم و دڕاویەکی پێوە دیار نەبوو، حەزرەتی یەعقوب کە خاوەنی بیرتیژیەکی تپێغەمبەرانە بوو، لە بەرامبەر ئەم قسەیەیان پێی وتن” نەخێر ئێوە فریوی نەفسی خۆتان خواردووە و هەر بۆیە ئەم کارەتان ئەنجامداوە”.

کاتێک گەشتە میسر، لە بازاڕی کۆیلەکان فرۆشتیان، ئەو کەسەی یوسفی کڕی بە هاوسەرەکەی وت ” باش ئاگات لێبێت، لە داهاتوودا یان سوودێکی دەبێت بۆمان، یاخود دەیکەین بە کوڕی خۆمان”. لێرەدا خودا حیکمەتی خۆی لە فڕێدانی یوسف بۆ بیری ئاو و فرۆشتنی وەک کۆیلە ئاشکرا دەکات و دەفەرموێت” ئێمە بەو شێوەیە ئەومان کرد بە خاوەنی  هێز و دەسەڵات. خودا هەمیشە ئیرادەی خۆی سەردەخات بەسەر ڕووداوەکاندا، بەڵام زۆرێک لە مرۆڤەکان ئەمە نازانن”. زۆرێک لەو ڕووداوانەی لە ڕواڵەتدا شەڕ و خراپەی تێدایە، خێری گەورە و لوتفی جەبری خودای تێدایە.

بۆ نمونە گەر زوڵم و زۆری ئەمەوی و عەباسیەکان نەبووایە، ئایا نەوەکانی سەردارمان و حەزرەتی عەلی، ناچار دەبوون وەک ئێستا بە چواردەوری دونیادا بڵاو ببنەوە و، دینی جوانی ئیسلام بە هەموو لایەک بگەیەنن؟ کەسیان حەزیان بەوە نەدەکرد شوێنی باوک و باپیریان بەجێبهێڵن، کە پیرۆزترینی شوێنەکانی سەر زەوییە. ئەمانە هەمووی بوونە هۆکاری ئەوەی هەلی گەیاندنی ئیسلام بە هەر شوێنێک خۆری لێ هەڵبێت و ئاوا بێت، بڕەخسێنن. گەر ئەمە ڕووینەدایە ڕوناکی نەدەگەشت بە شوێنە تاریکەکانی دونیا.

دواتر لە ئایەتی ٣٠ تا ٤٠ دەفەرموێت “کاتێک گەشتە تەمەنی کامڵێتی، زانست و داناییمان پێبەخشی”. دەبێت بزانین کە پیاوی زانست و پیاوی دانا دوو کەسی جیان، لە حەزرەتی یوسفدا هەردوو تایبەتمەندیەکە هەبوو.

زۆری پێنەچوو، خانمی ماڵەکەی، دەرگاکانی لەسەر داخست و پێی وت، دەی وەرە لێم نزیک ببەوە. یوسفیش لە وەڵامدا پێی وت” من پەنا بە خودا دەگرم، من زۆر چاکەی سەرداری خۆمم دیوە کە دەکاتە مێردی ئێوە. خودا ئەوانە سەرناخات کە زاڵم و خیانەتکارن”.

خودا هەموو پێغەمبەرانی بە شێوەیەکی مەعسوم دروست کردووە و پیسی و قێزەونی ئەو کارەشی بە یەقینی چاوەکانی پشانی حەزرەتی یوسف دا. چونکە ئەو پێغەمبەرێک بوو لە ژێر پارێزگاری خودادا بوو. لە بەرامبەریدا ژنێک هەبوو.

ئێستاش لە بەردەم گەنجانی زانکۆ و پەیمانگاکاندا شتی هاوشێوەی زۆر هەیە…

چی دەبێتە ڕێنیشاندەری ئەو گەنجانە هەتا لەو گوناحانە نزیک نەبنەوە؟ ئەوانیش پێویستیان بە ڕێنیشاندەرێکی خوداییە.

ئێمە لەسەر شانمانە ئیمانێکی تەحقیقی و ڕێنیشاندەرێکی ئیلاهی پشانی گەنجەکانمان بدەین، پێویستە فێری تەقوا و پارێزکاریان بکەین. بە پێچەوانە ناتوانین لە فیتنە و فەساد بە دووریان بگرین.

بۆ ئەمەش پێویستە سوودمەندیان بکەین لە نوری ئایەتی ٣٤ سورەتی نور و لە شوراکانی ئایەتی ٣٦ سورەتی نوردا بیانخەینە ژێر پاراستنەوە.

وەک چۆن لە سورەتی یونسدا خودا فەرمان بە حەزرەتی موسا و هارون دەکات و دەفەرموێت” ماڵەکانتان لە میسر ئامادە بکەن، ماڵەکانتان بکەن بە قیبلەی خودا”.

ماڵەکانمان دەبێت وەک شوێنی نوێژکردنی لێبێت و، یەکێک لە واتاکانی قیبلەش ئەوەیە شوێنێکی بەرچاو و رووگەی خەڵک بێت. دەىێت لە ڕووی ماددی و مەعنەویەوە شوێنی ڕووگەی خەڵک بێت، ئەگینا ناتوانین پارێزگاری لە نەوەی داهاتوومان بکەین.

http://www.shaber3.com/zindandan-sultanliga-haberi/1306244/

 

 

 

 

Show More
Back to top button