بیروڕاگۆشەی م.فتحوڵڵا گولەنهەواڵ

لەتیفەى ڕەببانى بەشی یەکەم

بە خامەی م.فەتحوڵڵا گولەن

لەتیفەى ڕەببانى لەپاڵ ئەوەدا کە نەزەرگاى خواییە, پەیک و بوڕاق و ئامڕازى نوورانیی گەیشتنە بە ئاسۆى مرۆڤێتى. لە ئاسۆى ئەوانەدا کە لە زمانى تێدەگەن ڕێبوارى بریتییە لە گەشتى ڕۆیشتن بەرەو (اشتیاق لقاء الله). بێگومان بابەتەکە ئاسۆى تەنگ و تەسکى ئێمە دەبەزێنێت؛ بەڵام ئەوەندە هەیە ڕەهاییەکى لەم جۆرە مەرج نییە بێدەنگیى ڕەهاش بسەپێنێت. بەستە و وتن تایبەتە بەوانەى لەم زمانە تێدەگەن؛ خۆ ئەگەر ئێمە تەنها گوزارشت لەو شتانە بکەین کە هەستیان پێ دەکەین یان لە دوورەوە بە تەماشاکردنى سێبەرەکانیان دڵى خۆمان بدەینەوە, ئومێدەوارین خوێنەرانى بەڕێزیش بە چاوى لێبوردەییەوە بۆ ئەم نووسراوەمان بڕوانن.
ئەو شتەى لەتیفەى ڕەببانى یان ئاوێنەى صەمەدانى پێدەوترێت بریتییە لە بەنرخترین لایەنى ئەو میکانیزمى ویژدانەى کە بە کرۆکى ئینسان دادەنرێت و لە ڕەهەندەکانى وەک عەقڵ و ئیرادە و هەست و شعوور پێکهاتووە و بریتییە لە بەخششێکى خوایى. هەروەک (سید کلام البشر)یش پێشتر ئاماژەى بۆ کردووە مەبەستمان لە فەرموودەى (أَلا وَإِنَّ فِي الْجَسَدِ مُضْغَةً إِذَا صَلَحَتْ صَلَحَ الْجَسَدُ كُلُّهُ, وَإِذَا فَسَدَتْ فَسَدَ الْجَسَدُ كُلُّهُ, أَلا وَهِيَ الْقَلْبُ)وە- , هەروەک بە ئەندازەیەکى زۆر لەشساغى و تەندروستیى مرۆڤ وابەستەى ئەم لەتیفە ناوازەیەیە, سەلامەتیى قووڵاییە باتینى و لەددوننییەکانى پەیوەستى ئەم ڕوکنە مەزنەیە کە لە دونیا و شتانى ناوى ئازاد بێت و, زمان و تەرجومانى تەوحیدى ئولوهییەت و تەوحیدى ڕبووبییەت بێت و, مزڕابێکى نوورانى وابێت کە بە ڕیتمەکانى ئاماژە بۆ ئەم دوو بازنە نوورانییە بکات. ئەو, لایەنێکى گرنگى هەیەجان و هەیمەنە کە لە ئیشتیاق بەرەو ئاسۆى غایەى خەیاڵدا دەسووتێت.. زمانحاڵى (فناء فى الله)یەکى وەهایە کە لە شەوقى ئەبەدییەت و زاتى ئەبەدى هەڵدەقرچێت.. ئەسپێکى کوحەیلانى وەهایە کە ماندووبوون ناناسێت؛ بە خۆبەکەمزانى و مەحوییەت مشتەریى گەشتکردنە بەرەو جیهانى غەیب.. عاشقى ویساڵ و شەیدایەکى “شەبى عەروس”ى وەهایە کە هەمیشە لەگەڵ خەون و خولیاى ئەبەدییەتدا هەڵدەستێت و دادەنیشێت و, بەدەم وتنى (هّلً مٌن مَّزٌيد)ەوە چاو لە ئەودیو و ئەودیوى ئەودیوەکان دەبڕێت.. شێت و دێوانەى مەعریفەت و خۆشەویستى و شەوقى دیدارى خوایە.. هەرچەندە حوکمڕانى ماددى و مەعنەویى جەستەیە, بەڵام بەندەى زنجیرلەمل و ئەڵقەلەگوێى ئەو دەرگایەیە کە عاشقى بووە.. هەمیشە بە ترپەترپەکانى, میکانیزمێکى موبارەک و بێدارکەرەوەیەکى فریونەدەرى وەهایە کە ئەم شتانە و چەندەها شتى تر یادى ئەو ئەمانەتپارێزە دەخاتەوە کە ئەمى لە سینەیدا هەڵگرتووە. شێتى ژیاندن و ژیاندنەوەیە؛ بەجۆرێک -لەسەر ڕاستەهێڵى کتێب و سوننەت و سەلەفى صاڵح- پەلەقاژە دەکات لە ڕێگەى موولوولەکانى مێتافیزیکەوە هەموو ئەو واریداتە ڕەببانییانەى کە لەسەرى نیشتوونەتەوە بگەیەنێت بە ڕەعیەتەکەى؛ بە چڵک و پیسى نەفس و هەوا پیس نابێت و, لەتیفەیەکى کوللى و گشتیى وەهایە کە هەمیشە تینووى گەشتکردنەوە بەرەو جیهانى غەیب. خۆ ئەگەر بوترێت لەڕووى ئاسۆوە هاوشانى دانیشتووانى (الملأ الأعلى)یە, بە زیادەڕەوى دانانرێت…
ئەم لەتیفەیە, هەتا لەسەر هێڵى (ما خلق له) و لە پێگەى بێهاوتاى گونجان لەگەڵ (ماهیة نفس الامر)دا بمێنێتەوە, هەمیشە دەتوانێت بەبێ لادان و لێتێکچوون دەروون و ئاسۆکان بخوێنێتەوە.. لە دەروونەکاندا تووشى بنبەست و لە ئاسۆکانیشدا دووچارى پەشێوى و شپرزەیى نابێت.. یەکێک لەمانەوە وەکو نامەیەک دەبینێت کە لاى خواوە هاتبێت, ماچى دەکات و دەیخاتە سەر سەرى؛ ئەوى دیکەشیان بەوێنەى پێڕستێکى کۆکەرەوەى ئەفسووناوى موتاڵادەکات و بەڕێزەوە سڵاوى لێدەکات. ئەم ئاسۆیە, ئاسۆى (أقرب القربین)ە و, لوتکەى چەشتنى حەقیقەتى (نَحْنُ أَقْرَبُ إِلَيْهِ مِنْ حَبْلِ الْوَرِيدِ)ە. خاوەنانى ئەم لوتکەیە لە خەونەکانیشیاندا گرفتارى ئەو بنبەستییە ترسناکە نابن و هەرگیز تووشى پەرێشانى و شپرزەیى نابن. ئەمانە کۆمەڵێک پاڵەوانى فریشتەئاساى وەهان کە لایەنە فریشتەییەکانیان پێشکەوتووە و, هەموو ساتێکى تەمەنیان لە پەلەقاژەکردن بەئاڕاستەى ژیان لەپێناو جیهانى غەیبدا بەسەردەبەن؛ تەنانەت بچووکترین لادانى ناو خەونەکانیشیان بە خلیسکانێکى جددى ئەژماردەکەن و, بەمەبەستى خێرا خاوێنبوونەوە بەرەو حەورزى تەوبە ڕادەکەن.
لەتیفەى ڕەببانى ئەم جۆرە کەسانە بە ویستى خۆیان و لە دەرەوەى ویستى خۆشیان هەمیشە ڕووەو “خاوەنماڵ”ە. لەم ڕووەوە و بۆئەوەى هەردەم بە پاکوخاوێنى بیهێڵنەوە, هەمیشە لەم پلوسک بۆ ئەو پلوسکى ئەوبە هەنگاودەنێن؛ لەپێناو پاکێتى و زیندوویەتیى دڵدا هەوڵێکى تاقەتپڕوکێن دەنوێنن. شەوان کە بەکاتى غەفڵەتى زۆرێک لە خەڵکى دادەنرێت, بریتییە لە دەمى زیندوویەتى و چالاکیى ئەوان و, کاتێکى نوورانیى وەهایە کە تێیدا خۆیان بۆ تەجەللییەکان مەڵاس دەدەن. لاى ئەوان ڕۆژەکان بریتین لە کۆمەڵێک پارچەى کاتیى وەها کە دەلاقەکانیان بە ڕووى پزیسکە جۆراوجۆرەکاندا کراوەن و, تیایاندا سوود و قازانج هاوشانى یەکن؛ هەرچى شەوانیشە بریتین لە خەڵوەتگاکانى دۆست. “ئیبراهیم حەققى” بۆ گوزارشتکردن لەمە دەڵێت:

ئەى دیدە چیتە لە خەو, بێداربە لە شەواندا
بکە سەیر و سەیرانى کەوکەبان لە شەواندا
چونکە بەڕۆژدا لەگەڵ ئەغیار دەبیت غافڵ
لابە غەفڵەت, لە دڵدار شەرمکە لە شەواندا
دڵ ماڵى خوایە پاکى کە لە ماسیوا
تا ڕەحمان دابەزێتە کۆشکەکەى لە شەواندا
باسەکە بەتەواوەتى بابەتى تەجەللى و مەجلایە؛ ئەگینا ئەو لە هەموو جۆرە گۆڕان و شکڵ و ڕەنگ و داگیرکردنى شوێن و کات پاک و بێگەردە.

Show More
Back to top button