بیروڕاگۆشەی م.فتحوڵڵا گولەنهەواڵ

لەتیفەى ڕەببانى (بەشی سێیەم)

بە خامەی م.فەتحوڵڵا گولەن

کەسانێکیان هەبوون بۆچوونیان لەسەر هەڵسووڕانى دڵ لەنێوان تەجەللییە جەلالى و جەمالییەکاندا بەم شێوەیە بووە: دڵ بریتییە لە لەتیفەیەکى نوورانى لەنێوان نەفس و ڕۆحى ئینساندا؛ لەلایەک بە وەرگرتنى شەپۆلە جۆراوجۆرەکانى  ئەنوارى ئیلاهى و ئەسڕاری ڕەببانى کە لاى پەروەردگارەوە دێن, وەکو کتێبێکى بەنرخى لێدێت بۆخوێندنەوەى ماهییەتى ئینسانى؛ لەلایەکى دیکەشەوە بە شکاندنى کاریگەرى (لمة الشیطانیة) واى لێدەکات نەتوانێت کارى خۆى ئەنجام بدات. ئەم لەتیفە پیرۆزە, کاتێک لە ئاسۆى خۆیدا ئەرکى تایبەتى خۆى ڕادەپەڕێنێت, ئەوکات هارمۆنیى ئەناتۆمیى مەعنەویى ئینسانیش هەمیشە “خوا” دەڵێت. بەپێچەوانەوە ئەگەر ئەم لەتیفە ڕەببانییە بەهۆى پزیسکى نەفس و شەیتان و هەوا و ئارەزووەوە تووشى لێدانى ناڕێک ببێت, لە ماهییەتى ئینسانیدا کاریگەرى خراپى دەردەکەوێت. حەزرەتى (طبیب القلوب) لەم بارەیەوە دەفەرمووێت: (أَلَا إِنَّ فِي الْجَسَدِ مُضْغَةً إِذَا صَلَحَتْ صَلَحَ الْجَسَدُ كُلُّهُ، وَإِذَا فَسَدَتْ فَسَدَ الْجَسَدُ كُلُّهُ) (واتە: لە جەستەى ئینساندا پارچە گۆشتێک هەیە, ئەگەر باش و تەندروست بێت جەستەش باش دەبێت؛ ئەگەر خراپ بێت و تێکبچێت جەستەش تێکدەچێت). بەمەش ئاماژە دەکات بۆ پەیوەندى ڕاستەوانەى نێوان ئەو لەتیفە ڕەببانییەى کە ناوى دڵە لەگەڵ باشى یان خراپى جەستەدا.

کۆنتڕۆڵکردنى پێکهاتەى ماددى و قووڵیى مەعنەوى ئەم لەتیفە ڕەببانییە زۆر گرنگە. لەم ڕووەوە پێویستە ئەوپەڕى هەستیارى لە بابەتى پاراستنى تەندروستییەکەیدا بنوێنرێت؛ لەبەرامبەر هێما و پزیسکە شەیتانییە نەفسانییەکانەوە لەلایەک ڕەچاوى تەواوەتى (حبل المتین) بکرێت و, لەلایەکى دیشەوە بەردەوامبوون لەسەر ئەم ڕەچاوکردنە. لەمەش زیاتر, پێویستە هاوڕێ لەگەڵ دوعا و نزا و لاڵانەوە و پاڕانەوەدا سەر هەمیشە لەبەرپێى دەرگانەى خوادا بێت. ڕەچەتەى (يَا مُقَلِّبَ الْقُلُوبِ، ثَبِّتْ قَلْبِي عَلَى دِينِكَ ) و نیازى (يَا مُصَرِّفَ الْقُلُوبِ، صَرِّفْ قُلُوبَنَا عَلَى طَاعَتِكَ)ى ئەو حەزرەتى پێغەمبەرەى کە هەمیشە دڵى بە خواوە پەیوەست بوو؛ دووپاتکردنەوەى چەندجارەیان لە ڕۆژێکدا, یەکێکە لەو لایەنە گرنگانەى کە پێویستە بکرێن بە ویردى سەرزاران.

پشت بە عینایەتى خوایى و بەهۆى ئەم ڕێگا و شێوازانەوە دڵ بە فریوە شەیتانى و نەفسانییەکان تووشى ناڕێکیى لێدان نابێت؛ ئەگەر بەشێوەیەکى هەندەکیش تووشبوو, خێرا سیستەمە کردارى و گوفتارییەکانى دەخاتەگەڕ و, بەتەواوەتى دووچارى تێکچوون نابێت؛ ئەگەر لەرزەشى پێکەوتبێت, خۆى ڕادەپسکێنێت و دێتەوە هۆشى خۆى. ئەگینا ئەو سیستەمە گرنگە ئیفلیج دەبێت؛ کە لاى هەندێک بە هاوشێوەى ڕووخاندنى کەعبە ئەژمارکراوە. دۆستێکى خوا بەم جۆرە گوزارشت لەم خاڵە دەکات:

دِل‌ بدست‌ آور كه‌ حج‌ اكبر است 
از هزاران‌ كعبه‌ يك‌ دِل‌ بهتر است‌ 
کعبه بنیاد خلیل آذر است 
دِل نظر گاه خداء اکبر است

(واتە: بەدەستهێنانى دڵ حەجى ئەکبەرە, دڵێک لە هەزاران کەعبە باشترە, حەزرەتى ئیبراهیمى خەلیل کەعبەى دروستکردووە, بەڵام دڵ نەزەرگاى خواى گەورەیە).

لە بنەڕەتدا جەستەى ئینسان شوێنى دڵە؛ دڵیش مەجلا و مەزهەرى نهێنییە خواییەکانە. بە واتایەکى تر, دڵ ئاوێنەیە بۆ درەوشانەوەى خوا؛ زمانیش کە لەژێر ڕکێفى دڵى ماددیدایە, ئامڕازێکە بۆ دەربڕین. پاراستنى بەکارهێنانى ئەمانەش لەو ڕێگا و شێوازەدا کە لەپێناویدا بەدیهاتوون, بریتییە لە هۆکارێکى گرنگى ئەوەى کە لە عەقڵ و لۆجیک و داوەریى ژیریماندا هەمیشە خوا بوونى هەبێت.

مادەم خواى گەورە (إِنَّ اللهَ لَا يَنْظُرُ إِلَى صُوَرِكُمْ وَلَكِنْ يَنْظُرُ إِلَى قُلُوبِكُمْ ), کەواتە ئەو شتەى دەکەوێتە سەرشانمان ئەوەیە کە ئەو ئاوێنە مەزنە بە پاکوخاوێنى ڕابگرین و بەرەو ئەو ئاڕاستەى بکەین. کەوایە وەرن و هەمیشە وەک ئاوێنەیەک بریقەدار بن, با ئەسڕاڕ و ئەنوارە خواییەکان هەموو بوونتان دابپۆشن! لە دڵەوە هەمیشە ڕوو لە ئەو بکەن, تا ببنە خاوەنى لوتف و ڕووتێکردنە چاوەڕواننەکراوەکان! با لەگەڵ خۆشەویستى و سەوداى ئەودا بەیانى و ئێوارەتان لێبێت, هەتا بەیانى دونیا ڕۆحتان بەیانیى بەهەشت و, ئێوارەکانیشى ئێوارانى فیردەوس بن!

 

اَللَّهُمَ حَبِّبْ إِلَيْنَا الْإِيمَانَ وَزَيِّنْهُ فِي قُلُوبِنَا وَكَرِّهْ إِلَيْنَا الْكُفْرَ وَالْفُسُوقَ وَالْعِصْيَانَ وَاجْعَلْنَا مِن الرَّاشِدِينَ 
وَصَلِّ وَسَلِّمِ اللَّهُمَ عَلَى سَيِّدِنَا وَسَنَدِنَا وَشَفِيعِ ذُنُوبِنَا مُحَمَّدٍ وَعَلَى آلِهِ وَأَصْحَابِهِ الْبَرَرَةِ وَالْأَخْيَارِ

 

 

 

    

         

 

Show More
Back to top button