بیروڕا

قەرزی وەفای یارمەتیدانی براکانمان

بەخامەی: جەمیل تۆکپنار

 

کاتێک تەماشای مێژووی ٥٠ ساڵی ڕابردووی بزاڤی خزمەت دەکەین، “پرۆژەیەکی چاکسازی” دەبینین کە سەرەتا تورکیا و دواتر تەواوی وڵاتانی جیهانی کردووەتە ئامانج. تەنانەت دەشتوانین بەوە بڵێین “خستنەگەڕی هەموو توانا دەزگا و دامەزراوەکانی لە پێناو دابینکردنی ئاشتی و برایەتی و خۆشگوزەرانی بۆ تەواوی مرۆڤایەتی”.

ئامانجی هەموو خوێندنگەکان، بەشە ناوخۆییەکان، زانکۆکان، ڕێکخراوەکان، دامەزراوەکان، دەزگا خێرخوازییەکان، و هەموو چالاکییە خێرخوازییەکانی دیکە بریتیی بوو لە “پێگەیاندنی مرۆڤ”.

ئەو پرۆژە وێرانکارییەی ماوەی پێنج ساڵە بە شێوەیەکی سیستەماتیکی و پلان بۆ داڕێژراو جێبەجێ دەکرێت، تەواوی خوێندنگە و زانکۆ و دامەزراوەکانمانی داگیر کرد و چالاکییەکانمانی قەدەغە کرد، بەڵام سوپاس بۆ خودا ئەو مرۆڤانەی پێمان گەیاندن هەتا ئێستا دەژین. بە واتایەکی تر باغ و باخچە وێران کرا، بەڵام میوەکان لە نێو کۆمەڵگادایە. مادەم ئامانجی هەموو هەوڵەکانمان بۆ پێگەیاندنی مرۆڤ بوون و ئەوانیش هەتا ئێستا دەژین، بەڵام لە ناو بێبەش کردن و ناڕەحەتییەکی نائاساییدا دەژین؛ بە دڵنیاییەوە گەورەترین ئەرکی سەرشانی ئەو کەسانەی کە خاوەن توانان و بارودۆخیان باشە بریتییە لە یارمەتیدانییان هەتا بە دەگەن بە ئاسوودەبوونێکی هەمیشەیی.

ئینشاالله ئەم بزاڤی خزمەتە تەواوی ئەو دامەزراوانەی کە وێران کراوە قات لەسەر قات بە شێوەیەکی جوانتر بنیاد دەنێتەوە. بەڵام ناتوانین هەمان ئەو مرۆڤە کوالیتی بەرزانەی کە ماوەی ٥٠ ساڵە پێمان گەیاندوون بە هەمان شێوە پێ بگەیەنینەوە. یارمەتیدانی ئەو مرۆڤانەی لە ماوەی ٥٠ ساڵدا بە یارمەتی و کۆمەک پێگەیەندران، لەگەڵ خانەوادەکانیان، وە بەدەمەوەچوون و پارێزگاری لێکردنیان خزمەتێکی هاوتایە لەگەڵ ئەو خزمەتەی ٥٠ ساڵە ئەنجام دەدرێت. جگە لەوە وەک ئەوەی یارمەتیدان پێداویستییەکی برایەتی و وەفا و پشتیوانی کردنی یەکترە، لە هەمان کاتدا مەرجێکی سەرەکییە بۆ هاوپەیمانی و سەرکەوتن.

ئێستا دەکرێت یەک بە هەزار بنوسرێت

لەم ڕۆژگارەی ئەمڕۆدا کە بزاڤی خزمەت ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشە و ناڕەحەتی گەورە بووەتەوە و خاوەندارێتی لە بزاڤی خزمەت لە ئێستادا وەک ئەوە وایە کراسێک لە ئاگر لەبەر بکەیت هێندە کارێکی سەختە، بۆیە لە ئێستادا یارمەتیدانی ستەملێکراوان و چەوساوەکان و بێبەشکراوەکان پاداشتێکی هێندە گەورەی هەیە و دەبێتە هۆی بەرز بوونەوە بۆ پلەیەکی وەها کە دەبێتە جێگرەوەی هەزار هێندەی ڕۆژگاری ڕابردوو. چونکە لە کاتێکدا یارمەتییەکان کەم بوونەتەوە و ستەم و پێداویستی گەیشتووەتە لوتکە هەوڵدان بۆ یارمەتیدانی خەڵکی کاری هەموو کەسێک نییە، بەڵکو کاری قارەمانەکانە.

لە بنەڕەتەدا ئەوە یەکێکە لەو نهێنییانەی هاوەڵە بەڕێزەکانی پێغەمبەری (دروودی خوای لەسەر بێت) پێ گەورە بوون؛ سنگیان نابووە بەر هەموو ناڕەحەتییەک و بە گیان و ماڵی خۆیان بەرگرییان لە حەق دەکرد. خودای گەورە لە چەندین ئایەتی قورئانی پیرۆزدا ستایشی ئەو کەسانە دەکات کە گیان و ماڵی خۆیان لە ڕێگەی خودای گەورەدا بەخت دەکەن. ئەمەش دوو نمونە لەوانە:

” ئه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه‌، ده‌ستنیشانی بازرگانیه‌کتان بۆ بکه‌م، که له سزایه‌کی به ئێش ڕزگارتان بکات؟! سه‌ره‌تا باوه‌ڕهێنانتانه به خواو پێغه‌مبه‌ره‌که‌ی، ئینجا هه‌وڵ و تێکۆشانتانه له‌ڕێگه‌ی خوادا به به‌خشینی ماڵ و سامانتان، وه به‌خشینی خۆتان (واته‌: ماندووکردنی جه‌سته و بیروهۆشتان، تا به‌خت کردنیان له‌پێناوی خوادا) بێگومان ئه‌و کاره‌تان چاکتر و به‌فڕتره بۆتان ئه‌گه‌ر بزانن و تێبگه‌ن. ” (سورەتی صف – ئایەتی ١٠ و ١١)

“به‌ڕاستی خوا، گیان و ماڵی له ئیمانداران کڕیوه به‌وه‌ی که به‌هه‌شت بۆ ئه‌وانه‌و به‌شیانه (به‌ڕاستی په‌روه‌ردگارێکی به‌خشنده‌یه‌، هه‌ر خۆی به‌خشێنه‌ری گیان و ماڵ و سامانه‌، که‌چی ئاوا مامه‌ڵه ده‌کات له‌گه‌ڵ ئیماندارانداو نرخێکی نه‌بڕاوه‌، نرخێکی زۆر گه‌وره‌ی بۆ بڕیارداوه‌، کاتێک له پێناوی ئه‌ودا ده‌یبه‌خشن)” (سورەتی تەوبە – ئایەتی ١١١)

پلەوپایەی بەخشین لە کاتە سەختەکاندا

وا ئومێد دەکەم کە دەرگاکانی بەهەشت بە تەواوی کراونەتەوە، چونکە لە سەردەمێکی زۆر سەختداین. لە سەردەمیکدا دەژین کە هەمووان لە خزمەت هەڵدێن و ئەوانەش کە بە ڕاستگۆیی و خۆڕاگری ماونەتەوە ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی زۆر گەورە بوونەتەوە. بەڵێ ئەم سەردەمە سەختە دەرفەتێکی ئاڵتونییە بۆ ئەوەی کێبڕکێی یارمەتیدان و کاری خێری تێدا بکرێت. سبەی کاتێک هەمووان خەریکی خزمەت کردن بوون و بانگەوازی ئیمان و قورئان لە تەواوی دونیادا لە دڵەکاندا جێگیر بوو، ئەگەر هەموو سەروەتەکەشت ببەخشیت هاوتای ئەم یارمەتییەی ئەمڕۆ نییە.

پەروەردگارمان لەم ئایەتە پیرۆزەدا پلەوپایەی ئەو کەسانە دیاری دەکات کە لە کاتە سەختەکاندا دەبەخشن و یارمەتی خەڵکی دەدەن:

“جا ئیتر ئه‌وه‌چیتانه‌و بۆچی ماڵ و سامانتان نابه‌خشین له‌رێگه‌ی خوادا، خۆ هه‌رچی له‌ئاسمانه‌کان و زه‌ویدا هه‌یه بۆ خوا ده‌مێنێته‌وه‌، بێگومان چوونیه‌ک نین ئه‌وانه‌تان که‌پێش ڕزگاری مه‌ککه‌، یاخود پێش سه‌رکه‌وتن، ماڵ و سامانی به‌خشیووه‌و جه‌نگاوه‌، چونکه‌ئه‌وانه‌پله‌و پایه‌یان زۆر به‌رزتره‌له‌وانه‌ی که‌دوای ڕزگاری مه‌ککه‌و به‌ده‌ست هێنانی سه‌رکه‌وتن ماڵ و سامانیان به‌خشیووه و جه‌نگاون، به‌هه‌ردوولاشیان خوا به‌ڵێنی به‌هه‌شتی به‌خشیووه‌، بێگومان ئه‌و خوایه ئاگایه به‌کاروکرده‌وه‌تان” (سورەتی الحدید – ئایەتی ١٠)

چونکە فەتحی مەکە هێمایەکی گرنگە کە سەرکەوتنی موسوڵمانان و تێپەڕینی ڕۆژگارە سەختەکانی دەردەخست.

کاتێک ئەو ستەمکارییە تەواو دەبێت کە ئەمڕۆ بەرامبەرمان دەکرێت، ڕۆژانی خۆشگوزەرانی شوێنی ڕۆژە سەختەکان دەگرێتەوە. بە دڵنیاییەوە ئەو بەخشین و پشتیوانییەی ئەمڕۆ دەکرێت هێندە گرنگە کە لەگەڵ هیچ کاتێکی تردا بەراورد ناکرێت.

هێندەی لە دەستمان دێت نا، بەڵکو زیاتر لەوەی لەدەستمان دێت پێویستە یارمەتی براکانمان بدەین. پێویستە زۆر لە بارودۆخەکە بکەین و ئێمەش گیانمان ئازار بچێژێت. کاتێک دەبەخشین با ئێمەش هەست بە بەشێک لەو مەحرومییەتە بکەین. ئەگەر وا نەبێت برایەتیمان چ واتایەکی هەیە؟

مێژوو هەم ستەمکاران و هەم ئەو کەسانەی چاونەترسانە هاوار بۆ حەق دەکەن دەنوسێتەوە. جگە لەوەش ئەو قارەمانانە دەنوسێتەوە کە لە بەرامبەر ستەمکاراندا یارمەتی ستەملێکراوان دەدەن و بە دەمیانەوە دەچن و دەبنە دەرمان بۆ دەردەکانیان”

 

نمونەکانی یارمەتیدانی پڕ لە فیداکاری

ئەو کەسانەی یارمەتی چەوساوەکان و ستەملێکراوانی تورکیا دەدەن هەندێک شێوازی زۆر جوانیان هەیە. کاتێک ئەو نمونانە دەخوێنینەوە، دەبینین کە کۆمەڵێک ڕێگەی زۆر هەیە بۆ یارمەتیدان و کێ بە شیوەیەکی پاک و ڕاستگۆیانە نییەت بهێنێت بۆ ئەوەی یامەتی خەڵکی بدات، خودای گەورە هۆکار و ڕێگەی زۆر جوانی پێ دەبەخشێت.

بەشێک لەو برایانەمان کە یارمەتی چەوساوە و ستەملێکراوان دەدەن، خۆیان یەکێک لە ئەندامانی خانەوادەکەیان لە زینداندایە و خۆشیان لە دۆخێکی سەختدان لە ڕووی مادییەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوە واز لە یارمەتیدان ناهێنن و دەڵێن:

“بە هۆی ئەو یارمەتییانەوە کە پێشکەشی دەکەین ناکەوینە ناڕەحەتییەوە، بەڵکو تەواو بە پێچەوانەوە لە سایەی ئەوەدا ڕزقەکەمان بەرەکەتی تێ دەکەوێت و لە ژیانێکی ئارامتر و خۆشگوزەرانتردا دەژین.”

ئەوەش قارەمانێتییەکانی ڕاستەقینەی یارمەتیدانە کە ڕوویداوە…

مووچەی یەک ساڵم لە پێناو یارمەتیدان بۆ براکەم!

خاتوونێکی هاوڕێمان کە تازە دەستی بە ژیانی کارکردن کردبوو، بە دڵێکی پڕ لە سۆز و میهرەبانییەوە بەڵێنیدا تەواوی مووچەی ساڵی یەکەمی کارکردنی ببەخشێت بە چەوساوەکان و ستەملێکراوانی تورکیا و ئەو پارەی نارد. وا گومان نەبەن کە کەسێکی خاوەن سەروەت و سامانە. لە بارودۆخێکی هێندە سەختدایە کە لەچکێکی نوێ بە سەرییەوە نییە.

دەتوانی ئەم دەغیلەی پاشەکەوتەم بدەیت بە براکانم

لە مەجلیسێکی دۆستاندا مامۆستایەکمان دەربارەی یارمەتیدان و دەستگیرۆیی کەسانی تر قسەی بۆ دەکردین و هانی دەداین. لەوێدا منداڵێکی بچوک هەبوو کە گوێی لە مامۆستا دەگرت. ئەو منداڵە بە دەغیلەی پاشەکەوتەکەی خۆیەوە هات بۆ لای مامۆستا و پێی وت: “ئەمە دەغیلەی پاشەکەوتی منە. دەتوانی ئەو پارەیەی ناوی ببەخشیت بەو خوشک و برایانەمان کە لە تورکیا تووشی ناڕەحەتی بوون؟”

“خودایە تۆ تەنها پارێزگارمانیت!”

خاتوونێکی خوشکمان کە هاوسەرەکەی خراوەتە زیندانەوە، تووشی ناڕەحەتی بووە لە دابینکردنی بژێوی بۆ ماڵەکەی و دابینکردنی کرێی مانگانەی خانووەکەی. جگە لەوەش مرۆڤە بێویژدانەکانی چواردەوری بە وشە ناشرینەکانییان ناڕەحەتییەکی دیکە بۆ سەر ناڕەحەتییەکانی دیکەی زیاد دەکەن.

ئەو خاتوونە بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە بەردەوام دەپاڕێتەوە و دەڵێت: “خودایە، تۆ تەنها پارێزگارمانیت، لە موڵکی نەبڕاوەی خۆتدا خانوویەکی پڕ خێر و ئارامیمان پێ ببەخشە.”

برایەکمان کە ڕێک لەم ڕۆژانەدا لە دەرەوەی وڵاتە، بەسەر هاوڕێکانیدا دەگەڕا و پێی دەوتن کە خانووەکەی لە ئێستادا بەتاڵە و خێزانێک کە پێویستیان پێی بێت دەتوانن بێ بەرامبەر بەکاری بهێنن. دواتر ئەو هەواڵە دەگاتە ئەو خاتوونەی خوشکمان و لەگەڵ منداڵەکانی دەچنە لانە نوێکەیانەوە. لە ڕێگەی ئەو هۆکارەوە جارێکی تر لە دڵەکاندا دەنوسرێت برایەتی بە دابەشکردن جێبەجێ دەبێت.

لێبڕانی قارەمانەکانی سۆز و میهرەبانی بۆ یارمەتیدان

ئەو خانمانەی کە قارەمانی سۆز و میهرەبانیین بە هۆی ئەو لێبڕانە و ئەو چالاکییانەی ئەنجامی دەدەن لە هەر چواردەوری جیهان بۆ یارمەتیدانی چەوساوەکان و ستەملێکراوان شایانی هەموو ڕێز و تەقدیرێکەوە. ئەو خانمانە چەندین چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن لە ڕێگەی فرۆشتنی ئەو خواردنە تایبەتانە ئامادەی دەکەن بە مەبەستی دابینکردنی پۆشاک و خواردن و کەلوپەلی پێویست بۆ خاوەن پێویستییەکان. ئەو مامۆستایانەی لە ڕێگەی کڕینی ئەو خواردنانەوە پشتیوانی لەو هەڵمەتە دەکەن، ڕستەیەکی چەند جوان دەڵێن: “ئەو خواردنانەی لە پێناو یارمەتیدانی لێقەوماوان ئامادە دەکرێت تامێکی خۆشتر و جیاوازتریان هەیە. کاتێک ئەو خواردنانە دەخۆم هەستێکم هەیە کە پێناسە ناکرێت، لەو کاتەدا هەست بە لەزەتی پەرستش دەکەم.”

“ئەگەر پێویست بکات خانووەکەم دەفرۆشم لە پێناو یارمەتیدان”

بازرگانێک کە ساڵی ڕابردوو بەڵێنی بڕە پارەیەکی ئێجگار زۆریدا بۆ یارمەتیدانی لێقەوماوان نزای خێری هەمووانی وەرگرت. بەڵام ئەو پیاوە وەڵامێکی زۆر واتاداری هەموو ئەو کەسانەی دایەوە کە مەراقیان بوو بۆ ئەوەی بزانن ئەو پیاوە کە ئەو بڕە پارەیەی نییە چۆن دەتوانێت ئەو بەڵێنەی جێبەجێ بکات:

“خوشک و براکانمان چەوسێنراونەتەوە و لە بارودۆخێکی زۆر سەختدان. خودای گەورە یارمەتیمان دەدات، ئینشاالله ئەو بەڵێنە جێبەجێ دەکەم کە داومە. ئەگەر زۆر تووشی ناڕەحەتی ببم، خانووەکەم دەفرۆشم و ئەو بەڵێنی یارمەتییە جێبەجێ دەکەم.”

بەڵێ، ئەوە وەفا و برایەتی و فیداکارییە!

یارمەتیی هاوڵاییەکی ئەڵمانی

هاوڵاتییەکی ئەڵمانی کە هەموو ئازار و ناڕەحەتییانەی بینی کە لە تورکیا ڕووبەڕووی هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت بووتەوە و ناحەقییان بەرامبەر دەکرێت و ئەوانیش ناچار بە ڕێگە ئاوییەکاندا بەرەو یۆنان و دواتر بەرەو وڵاتانی ئەوروپا هەڵبێن، بە کەسێکی ناسیاوی خۆی وت کە وەک هاوسۆزێکی بزاڤی خزمەت دەیناسی: “کەسانێک لە هاوڕێکانی ئێوە هەیە دەچنە یۆنان لەوێ یارمەتی ئەو کەسانە دەدەن کە خاوەنی پێداوێستین. من دەمەوێت لە ڕێگەی ناردنی پۆشاکەوە یارمەتی ئەو هاوڕێیانە بدەم. جگە لەوە ئەگەر من مانگانە ١٠٠ یۆرۆ بدەم بە تۆ دەتوانیت بیگەیەنیتە جێ؟”

بەڵێ، کەسانی دیکەش کە لە ڕێگەی دەماری مرۆڤایەتییانەوە هەست بە سۆز و میهرەبانی دەکەن بەشداربوون لەو هەڵمەتی یارمەتیدانەدا.

“ئێمە ناتوانین ئەم خواردنە بخۆین”

ئەمەش نمونەیەکی جوانی دیکەیە: گروپێکی ١٣ کەسی کە لە خانمان پێکهاتبوون بەردەوام بەشێک لە بژێوی خۆیانیان دەگرتەوە و دەیاننارد بۆ یارمەتیدانی کەسانی دیکە. ئەو خانمانە جگە لەوە لە کێبڕکێیەکی خوێندنەوەدا خەڵاتی خواردن دەبەنەوە، بەڵام نانەکەیان نەخوارد و پارەکەیان خستە زەرفی یارمەتییەوە و وتیان: “هەتا خوشک و براکانمان لەو بارودۆخەدا بن ئێمە ناتوانین ئەم خواردنە بخۆین”.

پارەی نەشتەرگەری بۆ یارمەتیدان

برایەکی گەنجمان نەشتەرگەری لووتی بۆ دەکرا. پێویست بوو هەزار دۆلار بدات بۆ خەرجییەکانی نەشتەرگەرییەکەی. دواتر بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەو دەزگایەی کاری تێدا دەکرد بەشێکی زۆری ئەو خەرجییەی دابین دەکرد. ئەم هاوڕێیەشمان هاوشێوەی ئەو مرۆڤانەی باشانەی دیکە کە هەر شتێکی زیادیان هەبێت دەیبەخشن، ئەو بڕە پارەیەی لە کۆمپانیاکە وەریگرتەوە، بە بێ دەستلێدان ناردی بۆ ئەو کەسانەی پێویستیان پێیەتی.

خۆی پێویستی بە یارمەتی هەیە، بەڵام یارمەتی کەسانی تر دەدات

برایەکی گەنجمان ئامادەکاری دەکرد بۆ ئەنجامدانی هاوسەرگیری. نە خۆی و نە هاوسەرەکەی پارەی پێویستیان نەبوو بۆ ئەنجامدانی ئاهەنگی هاوسەرگیری  و لانە درووست کردن. ئەو هاوڕێیەمان کە خاوەن دڵێکی هەستیاربوو، سەرەڕای هەموو ناڕەحەتییەکانی خۆی، هیچ دوانەدەکەوت لە یارمەتیدانی کەسانی دیکە. تەنانەت لە کاتێکدا کە باوکی لە زینداندایە و براکەی لە پێناو کارکردن ناچار بوو واز لە خوێندن بهێنێت.

هەموو ئەو هاوکاری و یارمەتییانەی کە ئەنجام دەدرێن، لە سەردەمێکی ستەمکاری لەم شێوەیەدا، گەورە بێت یان بچوک بێت، بە دڵنیاییەوە برینێک ساڕێژ دەکات. بەڵام ئەوەی گرنگە بریتیە لەوەی کە “نییەتی باوەڕدار لە کردەوەکەی گەورەترە”، پێویستە ئەو حیکمەتە لەیاد نەکەین و بەردەوام لە نێو ئەو نییەتەدا بین. وە هەندێک جار ئەو یارمەتییانەی بە لای ئێمەوە بچوکە و گرنگی پێ نادەین بە لای کەسانی دیکەوە زۆر گەورە و گرنگن، پێویستە بەردەوام ئەوەمان لە یاد بێت.

 

سەرچاوە: https://www.yeniailem.com/amp/kardeslerimize-vefa-borcu-muavenet/?__twitter_impression=true

Show More
Back to top button