بیروڕاهەواڵ

قارەمانێکی ئیسلام, سەڵاحەددینی ئەیووبی ژیاننامە

بە خامەی/ عەلی ئیحسان ئێر

ناوی ڕاستەقینەی ‘ئەبول موزەفەر’ە، مەلیکون ناسر سوڵتان یوسف سەڵاحەددین ئیبن ئەیووبە. کاتێک باوکی سوڵتان سەڵاحەددین، واتە؛ نەجمەددین ئەیووب دێتە ناوچەی عێراق لە سەدەی دازدەهەمدا، دوای ئەوەی دەچێتە ژێر خزمەتی زەنگییەکانەوە دەبێتە والی موسڵ، مامی سەڵاحەدینیش شێرکۆ؛ دەبێتە فەرماندەی سوپای زەنگییەکان. لەو مێژووانەدا کە ناوبانگی خێزانی ئەیووبییەکان لە بەرز بوونەوەدا دەبێت، سەڵاحەددین لە دایک دەبێت (١١٣٨ ز)، لە سەرەتای سەردەمی گەنجێتیدا دەچێتە خزمەتی نوورەددین زەنگییەوە.

    لە کاتی هێرشی خاچپەرستەکاندا بۆ سەر میسر، کاتێک فاتمییەکان داوای یارمەتی لە نوورەددین زەنگی دەکەن، لە کاتی پارێزگاری کردن لە قاهیرەدا سەڵاحەددینی ئەیووبی سەرنجەکان بۆ خۆی ڕا دەکێشێت. لە دوای مردنی وەزیری فاتمییەکان، مامی واتە شێرکۆ دەبێتە وەزیر لە میسر و سەڵاحەددینیش دەبێتە فەرماندە، دوای مردنی مامیشی سەڵاحەددین بەرز دەکرێتەوە بۆ پلەی وەزیری (١١٦٩ ز).

    دوای ماوەیەی کورت و لەگەڵ مردنی خەلیفەی فاتمییەکاندا لە ساڵی ( ١١٧١ ز)دا بە تەواوت دەبێتە حاکمی ئیدارەی میسر. هەر لەو ماوەیەدا بەردەوامی دەدات بە پەیوەندی و وابەستەیی بە نوورەددین زەنگییەوە کە لە ناوچەی سوریا بەردەوامی دەدا بە فەرمان ڕەوایەتی لە سوریا. سوڵتان سەڵاحەددین کە لەگەڵ بێزەنتینییەکاندا پەیوەندی باشی دروست دەکرد و هێرشی بۆ سەر باکوری ئەفریقا ڕێک دەخست، لە هەمان کاتدا هەر لەو کاتەی خەریکی دابین کردنی ئاسایش بوو لە دەوروبەری میسردا، سەرچاوەی دارایی بۆ ئەو هێرشانەی لە داهاتوودا ئەنجامی دەدان دابین دەکرد. لە ساڵی ١١٧٤دا کاتێک نوورەددین زەنگی وەفات دەکات، سوڵتان سەڵاحەددین دەوڵەتی ئەیووبی دادەمەزرێنێت و سەربەخۆیی خۆی ڕادەگەیەنێت.

    دوای ئەوەی سوڵتان سەڵاحەددین دەوڵەتی سەربەخۆ دروست دەکات، لە رووبەڕوو بوونەوەیەکی ١٠ ساڵیدا سەرکەوتوو دەبێت لە یەکخستنی میسر، سوریا و فەڵەستین و لە هەمان کاتدا ئاسایشی دەوڵەتەکەشی بەرقەرار دەکات. باتنییەکان کە دوو جار هەوڵی کوشتنی دەدەن، لە سوریادا زۆر لاوازیان دەکات و لە جووڵەیان دەخات. سوڵتان سەڵاحەددین فەرمان ڕەوای جوگرافیاییەک کە هەر لە یەمەنەوە تا مەڵاتیا و مەلازگرتە درێژ دەبێتەوە، کاتێک لەگەڵ سەلجوقییەکاندا لە پەیوەندی باشدا دەبێت لە بەهای پەیوەندییەکانی لەگەڵ خەیفەی عەباسییەکانیش کەم ناکاتەوە.

 

ڕووبەڕوو بوونەوەی لەگەڵ خاچ پەرستەکاندا

    سوڵتان سەڵاحەددین کە توانی بووی یەکێتییەک لە میسر، سوریاو باکوری عێراقدا دروست بکات، لەوە و دوا هەموو هەوڵەکانی لەسەر ڕووبەڕوو بوونەوەی خاچپەرستەکان چڕ دەکاتەوە. سوڵتان کە یەکەم جار بەرەو ‘مەرجول عیوون’ جووڵە دەکات، لەوێدا قەڵای ‘بیتول ئەحزان’ کە لەلایەن خاچپەرستەکانەوە داگیر کرا بوو فەتح دەکات و دیلەکانی ئەوێ ڕزگار دەکات.

    سەرەڕای ئەو سوڵح و ڕێککەوتنەی لەسەر داوای خاچپەرستەکان ئەنجام درابوو، کاتێک سوڵتان سەڵاحەددین هێرشی دووبارەی خاچپەرستەکان بۆسەر خاکی موسوڵمانەکان دەبینێت و هەواڵی هاتنی هێرشێکی نوێیان دەبیستێت، ڕووبەڕوویان دەوەستێتەوە. لەو شەڕەدا کە لەگەڵ سوارچاکەکانی پاشا گوو و ڕایمۆندا ڕووی دا و پاشە کشەیان کردبوو بۆ قەڵای هییت، زیان و گەڕانە دواوەیەکی گەورە دەگەیەنێت بە خاچپەرسەکان (٤ی تەمووزی ١١٨٧).

    سوڵتان سەڵاحەددین کە لە دوای ئەم هێرشەوە لە ناوچەی لوبناندا، پێش هەموویان بەیرووت، زۆرێک لە شارەکانی یەکە لە دوای یەک لە دەستی خاچ پەرستەکان دەرهێنا، چواردەوری قودسیشی دا. خاچپەرستەکان کە لە شەڕی هیتدا بەشێکی زۆر لە هێزەکەیان لەدەست دابوو، داوای پەنایان کرد. سوڵتان وەک فەرمان ڕەوایەکی لێبووردە کە خوێنی نەڕشت چووە ناو قودس و خاچ پەرستەکانی لە بەرامبەر فیدییەدا ئازاد دەکرد (٢ی تشرینی دووهەم ١١٨٧).

 

هێرشی سێهەمی خاچ پەرسەکان و سەڵاحەددینی ئەیووبی

    لە دوای فەتحی قودس دونیای کریستیانی ئەوروپا دەست دەکات بە جم و جۆڵ. ئەوروپاییەکان کە بە سوپایەکی پێک هاتوو لە سەربازانی ئەڵمانی، فەڕەنسی و ئینگلیزییەوە جووڵە دەکەن، دەست دەکەن بە هێرشی سێهەمی خاچپەرستەکان. هەرچەند خاچ پەرستەکان بۆ ماوەی دوو ساڵ گەمارۆی عەکا دەدەن، بەڵام هیچ سەرکەوتنێن بەدەست ناهێنن. لە کۆتایی جەنگەکەدا داواکارییەک بۆ ڕێک کەوتن پێشکەشی سەڵاحەددین دەکرێت و ئەویش پێی ڕازی دەبێت.

    بە پێی ڕێککەوتنەکە گێڕانەوەی بەشێکی دیلەکان و لە بەرامبەر دوو سەد هەزار دینار فیدییەدا موسوڵمانەکان شارەکەیان چۆڵ دەکرد. بەڵام پاشا ڕیچارد خیانەت لە رێککەوتنەکە دەکات و لەو موسوڵمانانەی لە دەرەوەی شارەکە دەیان گرێت سێ هەزار دانەیان لێ دەکوژێت. لەسەر ئەمە، سوڵتان سەڵاحەدین دووبارە بڕیاری ڕووبەڕوو بوونەوە دەدات لەگەڵ خاچپەرستەکاندا. هەرچەندە لەبەرامبەر سوپای زۆری دوژمناندا شەهیدێکی زۆر دەدرێت، بەڵام موسوڵمانان هەوڵ دەدەن دووبارە قودس تەسلیمی خاچپەرستەکان نەکەنەوە.

    لەو کاتەدا کە ڕیچارد دەبینێت ژمارەیەکی زۆری سەربازەکانی کوژراون و سوپاکەشی بە هیلاکا چووە، دووبارە داواکاری ڕێککەوتن پێش کەش دەکاتەوە. بە پێی ڕێککەوتنەکە کەنار ئاوی نێوان سور و یافا دەدرێت بە خاچپەرستەکان. سەڵاحەددین بەرگری لە هێرشی سێهەمی خاچپەرستەکان کرد کە وڵاتیان کاول دەکرد و دەسوتاند، ئەمجارە ڕێ نادات بە خاچپەرستان بێنە ناو قودسەوە. لەبەر ئەوەی لەو کاتەدا کە بەردەوامی دەدا بە ڕووبەڕوو بوونەوەکانی نەخۆش دەکەوێت و بەوهۆیەوە پشوو وەردەگرێت. لە ٢٢ی شوباتی ساڵی ١١٩٣دا، لە تەمەنی ٥٣ ساڵیدا کۆچی دوایی دەکات.

    پێش وەفات کردنی، کفنەکەی کە پێک هاتبوو لە پارچەیەک قوماش بە دارێکدا هەڵدەواسن و بۆ چەندین ڕۆژ بە شاردا دەیگێرن و پێیان دەڵێت بڵێن: ئەی خەڵکینە! سەڵاحەددین کە خاوەنی چەند وڵاتێکی گەورە و فراوانە تەنها ئەم کفنە دەبات لەگەڵ خۆی بۆ ناو گۆڕ. سوڵتان سەڵەحەددین کە وەک کەسایەتییەکی نموونەیی لەو کاتەوەی لە میسر بووە حاکمی ئیدارەی ئەوێ؛ هزرەکانی، ئامادەکارییەکانی و توانا مادییەکانی چڕ کردبوویەوە لە گێڕانەوەی ئەو زەویانەی خاچپەرستەکان داگیریان کردبوو لەگەڵ دووبارە گێڕانەوەی قودسدا، لە کاتی هێرش و ڕێکەوتنەکاندا هیچ کاتێک بۆ ساتێکیش بێت سوپاکەی جێ نەهێشتووە و تەنانەت وای لێ هاتبوو هەندێک جار بیری دەچوویەوە بۆ یەک دوو ڕۆژ نان بخوات. وەک داکێک کە جگەرگۆشەکەی بزر کردبێت و بچێتە هەر شوێنێک باسی بکات، ئەویش هەر کەسێک دەهاتە لای باسی قودسی لەگەڵدا دەکردەوە و تەنانەت زەردەخەنەش لەسەر ڕوخساری نەدەبینرا. سواڵتان سەڵاحەددین رۆژێكی هەینی کە لەوە تێدەگات وتار خوێنەکە لە باسی گەورەی و فەزلی زەردەخەنە کردن بە ڕووی مرۆڤەکاندا مەبەستی ئامۆژگاری ئەمە، دەچێتە لای و پێی دەڵێت: “مامۆستا ئەگەر قودس لە ژێر داگیرکاریدا بێت، من چۆن بتوانم پێ بکەنم”.

    حەزرەتی سەڵاحەددینی ئەییوبی، کەسایەتییەکی ناوازەی وەهایە کە لەبەرامبەر ئەوانەی حەقیان لە هێزدا دەبینی، ئەوانەی ژیانی جسمانیان کردبووە ئامانجی خۆیان، ئەوانەی کە چێژیان لە زوڵم و غەدر دەکرد و خۆیانیان بە نیوە خودا دەزانی ببووە ژیێنەرەوەی حەق و بەرزکەرەوەی بیری ئازادی و کۆتا پێهێنەری ئاهوناڵەی زوڵم لێکراوو و بەش خوراوان و پاڵ پشت و هەوار بۆ بێ دەسەڵات و لاوازان و لەو رێیەدا هەوڵ و کۆششی زۆری دا. سەڵاحەددینی ئەییوبی لە دوای کۆچ کردنی، ئەوەی لە دونیادا جێی دەهێڵێت تەنها ١ دیناری میسری و ٣٧ درهەمی ناسری بووە. سەڵاحەددین؛ ئەو پیاوەی چۆکی بە سوپاکان دادەدا و وڵاتانی ڕزگار دەکرد ئەوەندە هاوشێوەی خەڵک ژیاوە کە تەنانەت لە دوای وەفاتی ١ ماڵیشی جێ نەهێشتووە و هەمیشە بۆ خۆشنوود کردنی حەق تێکۆشاوە.

 

کەسایەتی نموونەیی

   

    سەڵاحەددینی ئەییوبی هاوشانی لێهاتنە کەسییەکان و توانا سیاسی و سەربازییەکانی کۆمەڵێک سیفاتی لە خۆیدا کۆ کردۆتەوە کە عەقڵەکان حەیران دەکات و  دەیکاتە کەسایەتییەکی نموونەیی. بێگومان لەسەر هەموو ئەو هۆکارانەوە کە ئەویان گەورە کردووە بوونی ‘هەستی لەخۆ پرسینەوەی’ جدی هەیە.

    کاتێک لە مێژووی شەڕ و سیاسەتی سوڵتان سەڵاحەددین دەڕوانین، دەردەکەوێت کە شێواز و پلانە جەنگییەکانی دارای بەرزییەکی بەرچاون. کاتێک سەربازەکانی سەڵاحەددین لە کاتی ڕووبەڕوو بوونەوەیان لەگەڵ پادشای قودسدا ئەو نابەرانبەرییەیان بینی لە هەردوو سوپاکەدا، ویستیان بگەڕێنەوە. لە نێویاندا تەنها سەڵاحەددین دەچێتە پێشەوە و دەڵێت: “مادام لە مردن دەترسین، بۆچی لە ماڵەکانماندا دانانیشین و لەگەڵ منداڵەکانماندا لە خۆشی و سەفادا نەژین؟ پاداشتمان لە سوڵتان وەرگرتووە و بووینەتە سەرباز. کاری ئێمە ئەوە نییە بەراوردی زۆری و کەمی سوپای دوژمنەکەمان بکەین، بەڵکو کارمان ئەوەیە بچینە بەرامبەریان”. ئەم هەڵس و کەوتەی سەڵاحەددین باری ڕۆحی سەربازەکانی گۆڕی و لەبەرامبەر ئەو بیرکردنەوەی پێشوویانەوە تووشی شەرمەزاری کردن. باوەڕی لە سەربازەکانیدا بۆ سەرکەوتن و پەک خستنی سوپایەکی پێنج ئەوەندەی ژمارەی خۆیان دروست کرد.

    سەڵاحەددینی ئەییوبی کە بە یەکەمین فەرماندە دادەنرێت بەرگری خاچپەرستەکانی تێک دەشکاند، بووە هۆکاری دروست بوونی گۆڕانکاری گەورەیە لە مێژووی دونیادا. تەنانەت لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکێکی لەم شێوەشدا هیچ لە دادپەروەری و میهرەبانی خۆی بە دوور نەگرتووە. هەر لەبەر ئەوەشە کە تا ئێستاش ناوی لە هەموو شوێنێکی دونیادا بە ڕێز و  لایەنگرییەوە یاد دەکرێتەوە. هەڵس و کەوتی بەرامبەر ‘فرانک’ییەکان لە کاتی ڕزگار کردنی قودسدا، تەنانەت لەلای مێژوو نووسە ئەوروپییەکانیش جێگای ڕێز بووە.

    کاتێک زنجیرەی سەرکەوتنەکانی زیادی دەکرد، “بێ ئەوەی بیەوێت” خۆی لە سەرۆکایەتی وڵاتدا بینییەوە (١١٦٥). لەم بارەیشیدا، هەر وەک چۆن پێشتریش بەو شێوەی کردبوو، ڕووی خۆی لە هەموو جۆرە ئارەزوویەکی مرۆڤی سووڕاند و خۆی خستە خزمەتی گەلەکەیەوە و لەم پێناوەشدا ئەوەی پێویست بێ ئەنجامی بدات کردی.

    سەڵاحەددین وەک چۆن سادە ژیانی کردبوو بە دەستووری ژیانی، تا کۆتایش بەردەوامی پێ دا و زۆربەی کاتەکانی تەرخان کردبوو بۆ ئەو زاتەی خاوەنی هەموو شتێکە. بوون بە گەورەترین سەرکردەی جەنگی لەگەڵ بوون بە گەورەترین سۆفیدا پێکەوە کۆکردبوویەوە.

    دیارترین ئەو سیفاتانەی سەڵاحەددینی ئەییوبیان گەیاندە سەرکەوتن و تەنانەت وایان لێکرد لای دوژمنەکانیشی خۆشەویست بێت بریتی بوون لە سنگ فراوانی، سەخاوەت مەندی، میهرەبانی و هەستە مرۆییەکانی. لە سایەی ئەوەی مرۆڤێکی تێگەیشتوو و سەخاوەت مەند بووە؛ مرۆڤەکانی چواردەوری بە خۆیەوە وابەستە دەکرد، هەستە مرۆییەکانیشی ڕێگر دەبوون لەوەی خوێنی بە ناحەق بڕێژرێ و بەژداری لە زووڵمدا بکات. بۆ نموونە؛ زیندانەکان کە تا ئەو کاتەش وەک شوێنێک بۆ زووڵم کردن بەکار دەهێنران، ئەو چاکسازی لە زیندانییەکاندا دەکرد و زیندانەکانی دەکردە خانەی زانستی و ئەوەی پیشان دا کە فەتح کردنی وڵاتان بە زووڵم و دوژمنایەتی نابێت بەڵکو بە ڕێی زانست و عیرفان دەبێت.

    ئەو سەڵاحەددینی ئەییوبییەی چووبێتە هەر شوێنێک دادپەروەری لەگەڵ خۆیدا بردووە، ئەو کەسانەی هەمیشە خۆشحاڵ دەکرد کە بە بەڕێوەبردنی ڕازی دەبوون. بۆ نموونە؛ دادپەروەری خۆی بە چوونە بەردەم دادوەر تەنانەت لەگەڵ کەسێکدا کە سکاڵای لێکردووە پیشان داوە و دۆست و دوژمنی خۆی حەیران کردووە. هەر لەبەر ئەوەیە کە کریستیانەکان و موسەووییەکان  بەڕێوەبردنی ئەمیان هەڵبژاردووە بەسەر بەڕێوەبردنی ‘فرانکلێر’دا هەرچەند هاوئایینیشیان بووە. ئەو نا موسوڵمانانەشی لەگەڵ ئەودا لە جەنگدا بوون، نەیانتوانیووە ڕێزیان بۆ وەفادارێتی بۆ پەیمانەکانی، میواندارێتی، میهرەبانی ئەو بەرامبەر ژن و منداڵ بشارنەوە.

    سەڵاحەددینی ئەییوبی کە ڕوانگەی زانست و کەلتورەوە خاوەنی توانایەکی ناوازە بووە، یەکێکە لەو کەسایەتییە ناوازانەی کە توانیوییەتی خاکێتی و ڕاستگۆیی و کەسایەتی حەز کردوو لە ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ زانست و عیرفاندا پێکەوە بگونجێنێت. لە سەردەمی ئەودا لە بوارەکانی ئەدەبیات، زمان، کۆمەڵناسی، زانستە ئەرێنییەکان  و زانستە ئایینییەکاندا کەسایەتی گەورە پێ بگەیەنێت. سوڵتان سەڵاحەددین زۆر گرنگی دەدا بە ئاخاوتن لەگەڵ زاناکاندا، لە گفتوگۆ زانستییەکانەوە چێژێکی زۆری وەردەگرت.

    کاتێک دەڕوانینە چالاکییە زانستییەکانی ئەو سەردەمە، دەبینین کە زانستی مێژوو بەرەو پێشچوونێکی گەورەی بەخۆیەوە بینیووە. هەر لەبەر ئەوەیە کە لە ئێستادا خاوەنی خەزێنەیەکی باشین لە زانستی ئەو سەردەمە. لەو سەردەمەدا ئەو پەرتووکانەش نووسران کە باس لە ڕووداوە سەربازی و سیاسییەکان، سیستمی ئابووری، ژیانی کەلتووری، هونەرەکانی سیاسەت و جەنگیش دەکەن.

    لە سایەی دووری ئەو لە هەموو جۆرەکانی خۆ پەرستی و غروورێک، تێگەشتنی زۆری لە نزیک و شوێنکەوتوانی و سنگ فراوانی و سەخاوەتمەندییەوە هەمیشە لە چواردەوری و خەڵکەوە خۆشەویستی و ڕێزی دەبینی. کاتێک خەزێنەی سوڵتانە فاتمییەکانی کەوت دەست کە بە ماوەی سەد و سی ساڵدا کۆیان کردبوویەوە، بێ ئەوەی یەک قوریشی لی هەڵگرێ بۆ خۆی دابەشی کرد بەسەر سەربازەکان و خەڵکەکەیدا و دڵی هەموویانی فەتح کردن.

    هەر لەسەر ئەم بابەتە؛ ڕووداوێکی تر لە کاتی فەتح کردنی شامدا ڕووی دا. دوای ئەوەی سەڵاحەدین شامی گرت، ئەو خەزێنانەی لە ناو قەڵای ناوەوەدا دۆزینییەوە، هەمووی وەک دیاری دابەش کرد بەسەر کەسانی فەرمانبەری نزیک لە خۆیدا و تەنها درهەمێکیشی بۆ خۆی هەڵنەگرت. عیمادەددین ئەلئەسفەهانی لە بارەی سەخاوەتمەندی ئەوەوە دەڵێت: “ئەو ئەسپەی سواری دەبوو یا دەیکردە دیاری بۆ کەسێک یاخود بەڵێنی دەدا بیبەخشێت. کاتێک دەچوو بۆ جەنگەکان ئەسپەکەی خۆی دەدا بە سەربازێک و خۆی داوای ئەسپی لە خەڵکی تر دەکرد. هەموو کەس ئەسپەکەی ئەویان بەکار دەهێنا و چاوەڕێ چاکەیان لێ دەکرد”.

    لە دوای کۆچ کردنی، ئەو ماڵ و سامانەی لە دوای خۆی بەجێی هێشت بریتی بوو لە ١ دیناری میسری و ٣٧ درهەمی ناسری. سەڵاحەددینی ئەییوبی کە سوپاکانی بەچۆکدا دەهێنا و وڵاتانی فەتح دەکرد، کاتێك وەفاتی کرد ئەوەندە وەک خەڵک دەژیا کە تەنانەت ماڵێکیشی لە دوای خۆی جێ نەهیشت و هەمیشە بە شوێن خۆشنوود کردنی خەڵکەوە بوو.

    ئەم چەند دێڕەی عەبدول لەتیف ئەلبەغدادی کە لە میانەی سەردانێکی ئەودا لە قودس نووسیوێتی جێگای سەرنج دانە:

“کاتێک گەیشتینە خزمەتی؛ فەرمان ڕەوایەکم بینی کە چاوەکانی پڕ کردبوو لە هەیبەت و دڵەکانیش لە خۆشەویستی. هاوڕێکانی هەوڵیان دەدا لەو بچن، لەگەڵ یەکدا لەسەر چاکە پێشبڕکێیان دەکرد. ئەو شەوەی گەشتمە لای، مەجلیسەکەیم بینی پڕ بوو لە زانا. ئەم زانایانە گفتوگۆیان لەسەر لقە جیا جیاکانی زانست بوو. بێجگە لە مردنی ئەو، نەمبینیووە خەڵک بۆ فەرمان ڕەوایەکی تر ئەوەندە دڵ تەنگ ببن”.

   

 

Show More
Back to top button