بیروڕاچاوپێکەوتنگۆشەی م.فتحوڵڵا گولەنهەواڵ

فەتحوڵڵا گولەن و تیرۆر (ڕێپۆرتاژ)

ئەمەی خوارەوە بەشێکە لەو ڕێپۆرتاژەی م. فەتحوڵڵا گولەن، کە لە بەرواری ٢٢ ی ئازاری ٢٠٠٤ لەگەڵ نوریە ئاکمانی ڕۆژنامەنوس ئەنجامیداوە. ڕێپۆرتاژەکە لە ماوەی ١١ ڕۆژدا لە ڕۆژنامەی زەمان بڵاو کراوەتەوە و، ئەم بەشەی خوارەوە لە بەرواری ٢٢-٢٣ ی ئازاری ٢٠٠٤ بڵاوکراوەتەوە. دواتر ڕێپۆرتاژەکە کراوە بە کتێبێک و لە ژێر ناوی " فەتحوڵڵا گولەن لە ژیانی غوربەتدا" بڵاو کراوەتەوە.

ئیسلام و تیرۆر هەرگیز یەکناگرن

نوریە ئاکمان: ساڵانێکی زۆر چینی ئیسلامیەکان بە وتنەوەی ” ئیسلام و تیرۆر هەرگیز یەکناگرن” ڕاڤەی بابەتەکەیان دەکرد و هەڵدەستانە سەر پێ. بەڵام ڕووداوی ١١ ی ٩ لە ئەمەریکا ڕوویدا. دواتر لە زۆر وڵاتی دونیا کە لە نێوانیاندا تورکیاش بوونی هەیە، ڕووداوی تەقینەوە هاتە مەیدان. ئەوانەی ئەم کارانەیان دەکرد، کەسانێک بوون لە ناو کۆمەڵگاکانی ئێمەوە دەرچوو بوون. ئایا نەدەبوو پێش هەموو کەسێک خۆمان بەرامبەر ئەم جۆرە کارانە بوەستاینایەتەوە؟

گولەن: ئێوە ڕاست دەکەن، خەڵکانێکی زۆر نازانن ئیسلامیەت چیە، دەبوو موسوڵمانانی ڕاستەقینە بهاتنایەتە مەیدان و بیانوتایە” لە موسوڵمانێتی ڕاستەقینەدا کاری تیرۆر نیە”. چونکە لە ئاینی ئیسلامدا کوشتنی مرۆڤێک و کوفر هاوتای یەکتر کراوە. کەس ناتوانێت مرۆڤێک بکوژێت. تەنانەت لە کاتی شەڕدا ناتوانیت دەست بۆ کەسانی بێ تاوان بەریت. کەس مافی ئەوەی نیە لەم جۆرە بابەتانەدا فەتوا بدات. کەس ناتوانێت خۆیمان لێ بکات بە فەرماندەی کەسە خۆکوژەکان. هیچ کەسێک ناتوانێت بۆمب و تەقینەوە لە خۆی ببەستێت و، خۆی بکات بە ناو کەسانی بێ تاواندا. ئەم جۆرە کارانە لە هیچ کۆمەڵگایەکدا کە خاوەنی هەر جۆرە ئاینێک بن، دروست نیە ئەنجامی بدەیت. تەنانەت لە کاتی جەنگیشدا – کاتێک ناتوانیت پارێزگاری لە هاوسەنگی بکەیت و هاوسەنگی ڕاگرتن زۆر دژوار دەبێت- ڕێگە بە کوشتنی مرۆڤی بێ تاوان نەدراوە. ناتوانیت دەست بۆ منداڵ بەریت، فەرمان بە موسوڵمان کراوە کە دەست بۆ کەسێک نەبات لە کڵێسەکاندا پەرستشی خۆیان ئەنجام دەدەن. سەردەمانێک پێش ئێمە ئەمەیان وتتوە، خۆ ئێستا ئەمە کۆتایی نەهاتووە. حەزرەتی سەردارمان هەرچی وتبێت، لە دوای ئەو حەزرەتی ئەبوبەکریش هەمان شتی وتووە، حەزرەتی ئەبوبەکریش هەرچی وتبێت، لە دوای ئەو حەزرەتی عومەر هەمان شتی وتووە.

هەمان شتیان وتووە، بۆیە کاتێک شوێنێکی وەک قوستەنتینیە فەتح دەکرێت، کە هەمیشە گێژەڵوکەی ئاژاوەی لێ نەبڕاوە، دەبێت بە ئیستەنبول. واتە نە ڕۆمەکان شتێکیان بەرامبەر ئەرمەنیەکان کردووە، نە ئەرمەنیەکان بەرامبەر ڕۆمەکان شتێکیان کردووە. هەروەها موسوڵمانەکانیش شتێکیان بەرامبەر ئەوان ئەنجام نەداوە. کاتێک ئیستەنبوڵ فەتح کرا، وێنەیەکی گەورەی فاتیحیان بە بەردەم تەلاری پاتریارکدا هەڵواسیبوو، خۆیان دروستیان کردبوو، کاتێک ئیستەنبولی فەتح کرد، پاتریاریکی بانگ کرد و کلیلی تەلاری پارتریاکخانەکەی پێدایەوە. ( فاتیح بە مەبەستی مۆڵەتدان بە کاری پاتریارکی ئەو کاتە، یاسایەکی دەرکرد کە دەیانتوانی بەو هۆیەوە بە ئازادانە پێداویستیەکانی بیروباوەڕی خۆیان ئەنجام بدەن).ئەوانیش هەمیشە بە ڕیزەوە یادیان کردۆتەوە. ڕێزی لە هەموو بیروبۆچوونە جیاوازەکان گرتووە، بەڵام لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا وەک چۆن لە هەموو بابەتێکدا کەموکوڕی هەیە، لە تێگەیشتنمان بۆ ئاینی ئیسلامیش کەموکورتی هەیە.

م. فەتحوڵڵا گولەن

بە داخەوە ئەمە دەڵێم: ئەمڕۆ لە جیهانی ئیسلامدا بێجگە چەند کۆلکە مەلایەک و موسوڵمانێکی ناحاڵی، ڕێگەیەکی تریان لەبەردەمدا نەماوە بۆ تێگەشتن لەم ئاینە. ئیسلام دینێکی حەقە، دەبێت بە ڕاستی لەسەری بڕۆیت، گەر بتەوێت لەسەر ئەم ڕێگەیە بەردەوام بیت، بە هیچ شێوەیەک گونجاو نیە ڕێگەی ناشەرعی بگریتە بەر. کاتێک ئامانجێکی ڕاست و دروستت هەڵبژراردبێت، دەبێت تەواوی ئەو ڕێگا و ئامرازانەی دەیگریتە بەر، بە هەمان شێوە ڕاست و دروست بن. هەر بۆیە لە ڕێگەی پیاوکوشتنەوە ناتوانیت بگەیتە بەهەشت. موسوڵمان ناتوانێت بڵێت ” با پیاو بکوژم هەتا بچمە بەهەشت”. لە ڕێگەی مرۆڤ کوژیەوە ناتوانیت ڕەزامەندی خودا بەدەست بهێنیت. یەکێک لە گرنگترین ئامانجەکانی کەسی موسوڵمان ئەوەیە ڕەزامەندی خودا بەدەستبهێنێت، دەبێت ئامانجی بەرزکردنەوەی ناوی خودا بێت لە هەموو جیهاندا.

نوریە ئاکمان: ئایا ئەمانە بەم شێوەیە بیر دەکەنەوە: جاران جەنگەکان لە مەیدانی جەنگ دەکران، بەڵام ئێستا هەموو شوێنێک وەک مەیدانی جەنگی لێهاتووە، هەر بەو هۆیەشەوە ئەمە بە جەنگ و جیهاد لە رێگەی خودادا تێگەشتوون؟ وا دەزانن لەم ڕێگەیەوە دەرگاکانی بەهەشتیان بۆ دەکرێتەوە؟

گولەن: یاساکانی ئیسلام ڕوون و ئاشکرایە، تاکەکان ناتوانن بڕیاری جەنگ دەربکەن. دەستە و جەماعەتێک ناتوانێت بڕیاری جەنگ بدات. جەنگ تەنیا لە ڕێگەی دەوڵەتەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت. هەتا سەرۆکی دەوڵەت و سوپایەک بڕیاری جەنگ نەدەن، کەس ناتوانێت لە خۆیەوە بڕیاری جەنگ هەڵگیرساندن بدات. گەر ئەمە وابێت، هەموو کەس لەلای خۆیەوە جەنگێک هەڵدەگیرسێنێت. هەموو کەسێک ٣ یان ٤ – بمبورن کە وا دەڵێم – کەسی نادان لە چواردەوری خۆی کۆ دەکاتەوە، ئیدی لە خۆیەوە بڕیاری جەنگ دەردەکات. هەندێکی تریش سێ یان چوارکەسێکی تر لە خۆی کۆ دەکاتەوە و بڕیاری جەنگێکی تر دەردەکات. بیر لە وڵاتێکی وەک تورکیا بکەنەوە. مرۆڤگەلێکی زۆری تێدایە، کە توانای بیرکردنەوەی ڕاست و دروستیان هەیە. لە نێوان ئەم جۆرە مرۆڤانەشدا چەندین بەرە هەیە، کە حەزیان بە هەندێک لایەنی ئەوی تر نیە. ئەمانەش دەتوانن هەریەکە و بەرەی خۆیان هانبدەن و جەنگ لە دژی بەرەکەی تر ڕابگەیەنن. بۆ نمونە مرۆڤی وا هەیە پشتگیری نەرمونیانی و لێبوردەیی دەکەن لەگەڵ هاوڵاتیانی مەسیحی، لەملاوە کەسانێک هەڵدەستن و دەڵێن ” ئەمانە یارمەتی مەسیحیەکان دەدەن، لاوازی دەخەنە ڕیزی موسوڵمانەکانەوە، دەبێت لە دژی ئەمانە جەنگ ڕابگەیەنین و بیانکوژین”. ئیدی ئەویش لای خۆیەوە جەنگێک ڕادەگەیەنێت. هەتا دەوڵەت جەنگ ڕانەگەیەنێت ناتوانیت بەشداری لە جەنگدا بکەیت. ئەمە کارێکی زۆر سادە نیە، تەنانەت گەر ئەم بڕیارە لەلایەن دەستەیەک زاناوە بڕیاری لەسەر بدرێت، کە وەک من بیر لە شتەکان دەکەنەوە و، خۆشیشم بوێن، هەر هەمان ڕاوبۆچوونم لەسەریان دەبێت و بە ڕاستی نازانم. چونکە ئەمە دژی ڕۆحی ئیسلامە. لە ئیسلامدا یاساکانی جەنگ و ئاشتی دیاری کراوە.

نوریە ئاکمان: گەر ئەمە  دژی ڕۆحی ئیسلامە، ئەی بۆ جیهانی ئیسلام بەو شیوەیەی ئێستایە؟

گولەن: بە ڕای من شوێنێک لە دونیادا نیە بە ناوی جیهانی ئیسلام، بەڵکو هەندێک جوغرافیا هەیە کە موسوڵمانانی تێدا دەژین. لە هەندێک شوێن ئەمە زۆرە و لە هەندێکی تر کەمتر، بەو شوێنانە دەڵێین “خاوەنی کەمێک کەلتوری موسوڵمانێتین”، هەندێک شوێن هەیە کە ئاینی ئیسلامیان بە گوێرەی بۆچوونی خۆیان سەرلەنوێ داڕشتۆتەوە، لێرەدا مەبەستم لەو کەسانە نیە، کە پەنایان بۆ ڕادیکالیزم و زێدەڕۆیی بردووە. مرۆڤ دەبێت هەمیشە باوەڕی تەواوی بەو شتانە هەبێت کە بە ڕاستی دەزانێت، ئەو شتانەی بە ڕاستیشی دەزانێت دەبێت بە جوانی جێبەجێی بکات. دەبێت خۆی بکاتە خاوەنی موسوڵمانێتی،  گەر باسی ئەو جوغرافیایە بکەین کە بە دونیای ئیسلام ناو دەبرێت، ئەوا ناتوانین بڵێین خاوەنی ئەم فەلسەفە و تێڕوانینەن لە ژیانیاندا. گەر بڵێین وەها دەژین، ئەوا بوختان بە دەمی موسوڵمانێتیەوە دەکەین، خۆ گەر بشڵێین لەو جوغرافیایانەدا بە هیچ شێوەیەک موسوڵمانێتیش نیە، ئەوا ئەم جارەش بوختان بە دەمی هەندێک لە مرۆڤەکانیەوە دەکەین.

من لە حاڵی ئێستادا ئەو ئەگەرە نابینم کە موسوڵمانانی ئەمڕۆ بتوانن لە هاوکێشە جیهانیەکاندا ڕۆڵێک ببینن. لە کاربەدەستانی وڵاتانی موسوڵماناندا ئەو توانستە بەدیناکەم. گەرچی لە ئێستادا شێوازێک لە ڕۆشنگەری دەبینین لە جیهانی ئیسلامدا، بەڵام هێشتا کۆمەڵگاکان زۆر نەزان و جاهیلن. دەتوانیت ئەمە لە کاتی بەجێگەیاندنی مەراسیمی حەجدا ببینیت، دەتوانیت ئەم جەهل و نەزانینە لە کۆنفڕانس و کۆبونەوەکانی ئەم وڵاتانەدا ببینیت، دەتوانیت لە تەلەڤیزیۆن و پەڕلەمانەکانیشیاندا بیبینیت، لە هەموو شوێنێک ئاست نزمیەکی زۆر بە دی دەکەیت. لەمڕۆدا توانای ئەوەیان نیە کێشەکانی جیهان چارەسەر بکەن. لەوە دەچێت لە داهاتوودا بتوانن ئەمە بکەن.

نوریە ئاکمان: واتە بە ڕای ئێوە پێویست وایە دەستەواژەی “جیهانی ئیسلام” بەکار نەهێنین؟

جیهانێکی لەو شێوەیە نیە. تەنیا موسوڵمانێتی لەسەر ئاستی تاکە کەسی هەیە. دەتوانین بڵێین هەندێک موسوڵمان هەیە لە هەندێک شوێنی دونیادا. پارچە پارچە و بەش بەش لێرە و لەوێ. من موسوڵمانێتیەکی ڕێک و پێک لە هیچ شوێنێکی دونیا نابینم، موسوڵمانگەلێک نابینم کە خۆیان دەستەیەک بن و پەیوەندیان لەگەڵ کەسانی دەرەوەی خۆشیان هەبێت، نابینم پێکەوە کێشەکانیان چارەسەر بکەن و بیر لە ڕاڤەی گەردوون بکەنەوە، گەردوون بە باشی بخوێننەوە و لە ڕێگەی قورئانەوە هەلاجی گەردوون بکەن، داهاتوو بخوێننەوە و پڕۆژەی بۆ دروست بکەن، دونیایەک کە موسوڵمانان نەتوانن بڕیار لە داهاتووی خۆیانی تێدا بدەن، من ناتوانم بە “جیهانی ئیسلام” ناوی بەرم. مادام دونیایەک بە ناوی “جیهانی ئیسلام نیە”، هەموو کەس لە ئاستی خۆیدا هەوڵی ئەنجامدانی شتێک دەدات. هەروەها دەتوانین بڵێین هەندێک کەس بە ناوی موسوڵمانێتیەوە، بە گوێرەی ڕاستیەکانی خۆیان هەوڵی ژیانێکی موسوڵمانانە دەدەن. ناتوانین بڵێین دونیایەک هەیە کە موسوڵمانان لەسەر مەنهەجێک ڕێکەوتوون و بە گوێرەی ڕای زۆرینە تاقیکراوەتەوە و، لەسەر زەمینەیەکی دروستی تێگەشتن لە قورئان دامەزرێنراوە و ، چەندین جار ئەزموونیان کردووە و، موسوڵمانان گەشتوونەتە جۆرێک لە تیڕوانین بۆ دونیای خۆیان. دەتوانین بڵێین لە هەموو کۆمەڵگاکانماندا جۆرێک لە کەلتوری موسوڵمانێتی حاکم و فەرمانڕەوایە.

نوریە ئاکمان: لەوە دەچێت هەر بەم شێوەیەش بوو بێت لە پێشتریش و بەم شێوەیەش بەردەوام دەبێت هەتا کۆتایی  ئەم دونیایە؟

گولەن: لە دوای سەدەی پێنجهەمی کۆچیەوە بەم شێوەیەیە. لە سەردەمی عەباسی و سەلجوقیەکانەوە بەم شێوەیەیە. لە دوای فەتحی ئیستەنبولەوە زیاتر وەهای لێ بەسەر هات. گەرچی ئەوە سەردەمێکە لای ئێمە شانازی پێوە دەکرێت. سەردەمەکانی دواتر دەرگا داخرا بە ڕووی هەموو ڕاڤەیەکی نوێ. کڵاوڕۆژنەی بیرکردنەوە بەرتەسک کرایەوە. ئەو فراوانیەی لە ڕۆحی ئیسلامدا هەیە بەرتەسک کرایەوە، لە جیهانی ئیسلامدا مرۆڤگەلێکی بێ ویژدان دەرکەوتن، مرۆڤگەلێکی کەم حەوسەڵە و بێ تەحەمول. مرۆڤگەلێک پەیا بوون کە کەسانی بێجگە خۆیان قبوڵ ناکەن. مرۆڤگەلێک کە ناتوانن ئامێز بۆ هەموو مرۆڤەکان بکەنەوە. مرۆڤگەلێک کە حیزب و دەستەی خۆیان وەک ئامرازێک بەسەر ئامانجە گەورەکەدا سەرخستووە. ئەم بەرتەسک بوونەوەیە لە تەککیە و خانەقاکاندا بە ڕوونی دەبینرێت. زۆر بە داخەوە لە مەدرەسە و خوێندنگە ئیسلامیەکانیشدا ئەمە بە دی دەکرێت. بێگومان پێویستە لە تەواوی ئەم بوارانەدا، نوێکاری ئەنجام بدرێت لەلایەن کەسە گەورەکانەوە.

نوریە ئاکمان: ئەوە ئاشکرا بووە کە قاعیدە باڵێکی لە تورکیاش هەیە، باسی لایەنە دینیەکەتان کرد، ئایا ئەمە چ واتایەکی تری هەیە؟

گولەن: یەکێک لەو مرۆڤانەی لەسەر زەویدا زۆر ڕقم لێیەتی ئوسامە بن لادنە، چونکە چوارچێوەی درەخشاوی ئیسلامی لەکەدار کردووە. سیمایەکی ناشرینی بۆ ئیسلام هێناوەتە ئاراوە. گەر بە تەواوی هێزمانەوە هەوڵی نۆژەنکردنەوەی ئەو وێرانکاریە بدەین کە ئەنجام دراوە، ئەوا چەندین ساڵمان دەوێت. دەبێت لە هەموو شوێنێک و پلاتفۆرمێک باسی ئەمە بکەین. کتێبگەلێکی زۆر بنوسین و بڵێین ئەمە موسوڵمانێتی نیە کە پشان دەدرێت. بن لادن کەسێکە هەواو ئارەزوی خۆی خستۆتە شوێنی لۆجیکی ئیسلام. کاری دڕندانە ئەنجام دەدات، پیاوەکانی چواردەوریشی بە هەمان شێوەن، گەر لە تورکیادا کەسانێک بە هەمان شێوە هەبن، ئەوان ئەوانیش لە کاری دڕدانەوە تێوەگلاون، ئێمە ئەم جۆرە تێڕوانینە بەر نەفرەت دەخەین. بەڵام ڕێگری لە بڵاو بوونەوەی ئەم جۆرە فکرە، لە رێگەی جیهانێکی ئیسلامی بە ڕواڵەت موسوڵمانەوە ناکرێت و پێشتریش ئاماژەم بەمە کرد. وڵاتگەلێک هەیە کە موسوڵمانی تێدا دەژی، نەک جیهانی ئیسلام، ئایا ئەم جۆرە کۆمەڵگایانە کەسانێک هەڵدەبژێرن بۆ فەرمانڕەوایی کە جیاواز بن لە خۆیان؟ ئایا چاکسازیان پێ دەکرێت؟ بۆ ئەوەی نەوەیەکی باش پێ بگەیەنین دەبێت کێشەی موسوڵمانان چارەسەر بکەین. مەبەستم تەنیا لە کێشەی تیرۆر نیە، ئەوە بەڵایەکی خودایەو بەسەرمان هاتووە، ماددە هۆشبەرەکان و جگەرەش هەمان بەڵای خودایین بەسەرمان هاتوون. دووبەرەکیش بەڵایەکی ترە. خۆ خۆری میلەتیش لە ناو خۆیاندا بەشێکی ترە لەو بەڵایانەی بەسەرمان هاتووە. چەوسانەوە لەلایەن  فەرمانڕەواکان و بەرگە گرتن لە ژێر پلیشانەوەی ئەو جۆرە فەرمانڕەوایانە بەڵایەکی ترە، وەک عاکیف دەڵێت لە هەموو شوێنێک زۆرداری و خۆسەپێنی و دیلێتی و سەرشۆڕی و بەڵای هەمەجۆر فەرمانڕەوایە…

ئەمانە هەمووی بەڵای خودان و پێش هەموو کەسێک بەرۆکی گەلی ئێمەیان گرتووە. ڕێگا ڕزگاری لەم دەردانەش ئەوەیە ببینە مرۆڤێکی ڕاست و دروست. دروستکردنی مرۆڤێکی ڕاست و دروستیش تەنیا لە ڕێگەی بەندایەتیکردنیەوە بۆ خودای تاکو تەنیا دروست دەبێت.

نوریە ئاکمان: ئەم مرۆڤانەی لایەنگری تیرۆرن لە ناو خانەوادەی موسوڵمان و لەبەرچاوی هەموومان گەورە بوون، ئێمە وامانزانی ئەوانە موسوڵمانن، ئەوانە بە چ قۆناغێکدا تێپەڕین وا بوونە تیرۆرست؟ ئایا هەموومان تاوانبار نین؟

گولەن: ئەمە تاوانی ئێمەیە، تاوانی ئەم گەلەیە. تاوانی ئەو پەروەردەیەیە کە بە گەنجانمانی دەدەین. موسوڵمانی ڕاستەقینە، کەسێک کە لە چوارچێوەی ئیسلام تێگەشتبێت بە تەواوەتی، ناتوانیت ئەوە بە بیریدا بهێنیت کە کەسێکی تیرۆرستی لێ دەردەچێت. کەسێک لە تیرۆرە تێوەگلابێت، ئەستەمە وەک کەسێکی موسوڵمان بمێنێتەوە. دین ڕێگەی بەوە نەداوە بۆ گەشتن بە ئامانجەکانت مرۆڤێک بکوژیت. بەڵام دەبێت لێرەدا بپرسین، ئایا ئێمە بۆ پێگەیاندنی گەنجەکانمان بە شێوەیەکی کامڵ، چ جۆرە پەروەردەیەکمان خستۆتە بەردەمیان؟ ئایا ئێمە چ پێکهاتەیەکی سەرەکی وەهامان خستۆتە بەردەمیان هەتا دەست و قۆڵیان ببەستێتەوە لەوەی نەچنە ناو تیرۆر؟ ئایا ئێمە ئەوانمان لە ژێر چ هەستێکی بەرپرسیارێتی پەروەردە کردووە، هەتا چاوەڕێی ئەوەیان لێ نەکەین کە ببن بە تیرۆرست؟  گەر ڕێگای ئەوەی مرۆڤەکان بە کاری تیرۆرستی هەڵنەستن ئەوە بێت بە ترسی خودا، ترسی ژیانی ئاخیرەت، ترسی پێشێلکردنی فەرمانەکانی دینەوە پەروەردە بکرێن، ئێمە لەم بابەتەدا بە هەستێکی بەرپرسانەی پێویست هەڵنەستاوین. تەنانەت ئێستاش هەندێک لەملاو لەولاوە هەوڵی پەرەپێدانی ئەم جۆرە کارانە دەدەن. ئێمە هەوڵی داخستنی ئەو کون کەلەبەرانە دەدەین کە هەوڵی دزە کردنیان لێوە دەدەن. دەڵێین با گەنجەکانمان نەڕۆنە سەر ئە جۆرە ڕێگایانە. هەندێک دەڵێن با کەلتور و ڕەوشت وانەیەک نەبێت لە خوێندنگەکاندا بخوێنرێت، دەڵێن با ئەو بابەتانە لە خوێندن و پەروەردەدا هەڵبگیرێت. ئێمە دەڵێین هەر شتێک پێویستی ژیان بێت، پێویستە لە خوێندنگەکاندا بخرێتە بەرچاوی خوێندکاران. تەنانەت دەبێت زانیاریان لەسەر چۆنیەتی پاراستنی تەندروستیشیان پێ بدرێت، من دەڵێم با پزیشکەکان بێنە خوێندنگاکان و ئەو وانەیە پێشکەش بە خوێندکارەکان بکەن. دەبێت سەبارەت بە ژیان و خێزان، لە خوێندنگەکاندا وانەیەکی باشیان پێ بدرێت. دەبێت سەبارەت بە پەیوەندی نێوان هاوسەرەکان، زانیاری باشیان پێبدرێت و بە باشی لەسەری بڕۆن، دەبێت بە باشی بابەتی پەروەردەکردنی منداڵیان پێ بدرێت، بابەتەکە تەنیا هەر هێندەش نیە. تورکیا لە دونیادا وەک وڵاتێکی موسوڵمان دەردەکەوێت، بەڵام بە دەستی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەرەوە دەناڵێنێت، بە هۆی قومارەوە دەناڵێنێت، بە هۆی ڕاو و ڕوت و دزیەوە دەناڵێنێت. وا دەبینم لە تورکیادا مرۆڤێک نەماوە دزی نەکات، هەر شوێنێک کە نەدەبوو دزی کردن پێی بگات، ئێستا پێی گەشتووە، بەڵام هەندێک شوێن هەیە دەستت پێی ناگات و دەشزانیت دزیکردن ڕووی تێکردووە، ناتوانیت لێپرسینەوەی لەگەڵدا ئەنجام بدەیت، ناتوانیت لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکەیت، هەر بۆیە پەردەپۆش دەکرێت و دەکرێت بە ژیر خۆڵەوە.

تەواوی ئەمانە مرۆڤگەلێکن لە ناو ئێمەدا گەورە بوون. هەموویان منداڵەکانی ئێمەن. چۆنە هەندێک لەو منداڵانەمان وەک شەقاوەیان لێ دەرچووە؟ چۆنە هەندێک لەوان وەک نوێنەری توندوتیژی گەورە بوون؟ چۆن چۆنی هەندێکیان بەرامبەر بەها مرۆیەکان سەرکەشیان کردووە؟ لەبەرچی بوونە بۆمب و بەسەر سەری میلەتی خۆیاندا دەتەقێنەوە؟ ئەمانە هەمووی لە ناو ئێمەدا پێگەشتوون، کەواتە لە سیستەمی پەروەردەماندا کێشەیەک هەیە، کەواتە سیستەمەکە هەندێک لایەنی کەموکورتی هەیە و پێویستی بە چارەسەر هەیە. کەواتە لە سیستەمی ئێمەدا پەروەردەی مرۆڤ لە پێشینەی کارەکانماندا دانەنراوە. هەر بەم هۆیەشەوە لەم نێوەندەدا چەندین جیل و نەوەی ئێمە بە فیڕۆچوون و وەک چۆن هاتن ئاوەها ڕۆشتن. گەنجانێک کە ڕازی نین بە بەشی خۆیان و لە ڕووی مەعنەویەوە بێ بەش بوون، کەسانێک ٣ تا چوار عانەیان خستە گیرفانیان و، کەسانێکیش لەولاوە وەک ڕۆبۆتێک بەکاریان دەهێنن. یاخود دەرمان خواردیان کردن، ئێستا لە گۆڤارە و ڕۆژنامەکاندا باسیان لێوە دەکرێت، زۆرێک لە گەنجەکان دەرمانخواردوو دەکەن و بە ناوی ئامانج و بیرۆکەی باڵا خەڵکیان پێ دەکوژن. دەیانەوێت بەو هۆیەوە بگەن بە ئامانجەکانیان.

ئەم مرۆڤانە وەک ڕۆبۆتیان لێ دەکرێت. دەتوانم بڵێم هەمان شت لە ڕووداوەکەی ئیستەنبوڵیشدا بەدیدەکرێت. خەڵک وا دەزانن ئەمانە مرۆڤگەلێکن ئەقڵیان لە سەریاندایە. وا دەزانن ئەمانە پەروەردەی مزگەوتن. لە ڕاستیدا زانیاریان لەسەر دین زۆر لاوازە. ئەمانە مامۆستایەک یاخود شێخێکیان هەیە دەڵێت “فڵان کەس بکوژن”، خۆ لە تورکیادا کەم نین ئەوانەی بە فەتوای ئەو جۆرە کەسانە کوژراون، فڵان کەس بە دەستی فڵان گروپ کوژرا، کەسانێکی تریش لە تۆڵەی ئەودا کەسێکی تریان کوشت. زۆرێک لەم گەلە لە ١٢ ی ئازاردا خوێنیان بە دەستی یەکتر ڕژێنرا. سوپا دواتر دەستی بەسەر بارودۆخەکەدا گرت. لە ١٢ ی ئەیلولیشدا هەمان شت ڕوویدایەوە، ئەم گەلە چەقۆیان لە یەک دەسوو، وایاندەزانی لە ڕێگەی کوشتنەوە دەگەن بە شوێنێک. تەواوی ئەوانەی بەشدار بوون لەو کارانە هەموویان تیرۆرست بوون، ئەم لا تیرۆرست بوو، لایەنی بەرامبەریش تیرۆرست بوو. بەڵام هەریەکەو ناوێکی لە خۆی نابوو، یەکێک دەیوت لە پێناو ئیسلامدا ئەم کارە دەکەم، ئەوەی بەرامبەریشی دەیوت لە پێناو خاک و نیشتیمان و گەلەکەم ئەم کارانە دەکەم. یەکێکی تر لەولاوە دەیوت ” من ئەمە لە دژی هێزە داگیرکارە ئیمپریالیستیەکان”  ئەنجام دەدەم. ئەوانە هەمووی قسەی سەر زارەکی بوون. لە قورئانی کەریمدا ئەمانە بە “لغو” واتە قسەی هیچ و پوچ ناو دەبات. ئەمانە لە ڕاستیدا هیچیان نرخ و بەهایەکیان نەبوو. بەڵام هەموو لایەک کوشتوبڕی خۆی ئەنجام دەدا، هەموو کەس لە پێناو “ئامانجێکی باڵا” کوشتاری ئەنجام دەدا، لە پێناو ئەو ئامانجە نەفرەتیەیان چەندین کەسیان کوشت. دەیانوت ” فڵان کەس پێویستە نەمێنێت”، ئیدی لە ڕوی لاشەوە ئەو کەسەیان لە ناو دەبرد، دواتر دەیانگرت بە کەسێکی ترەوە و دەیانوت “پێویستە فڵانی تریش لە ناو ببەین”، لەوە دەچێت کەسانێک هەمان شتیشیان سەبارەت بە ئێوە و ئێمە وتبێت، بەڵام چونکە فەتوایەکیان دەست نەکەوتووە لەبەر ئەوەی قەدەرمان مردنی تێدا نەبوو، هەتا ئێستا دەژین.

من خۆشم بە ئاشکرا شتێکم بە دەست گەشت کە تێیدا نوسرابوو “پێویستە بکوژرێم”، تەواوی ئەمانەی ڕوویدا کاری تیرۆرستی بوو. تەنیا موسوڵمانان نەبوون ئەوانەی ئەنجامیاندا، هەموو کەسێک بەم جۆرە کارانە هەڵدەستا. لەبەر ئەوەی هەموو کەس بە ئەنجامدانیان هەڵدەستا، ئەم کارانە وەک شتێکی سادە و ساکاریان لێکرد لەبەرچاوی خەڵک. هەموو کەسیان لەسەر بینینی ئەو جۆرە کارانە ڕاهێنا.

من هاوڕێیەکی زۆر خۆشەویستم هەبوو، دەرچووی خوێندنی زانستە ئسلامیەکان بوو، لە شوێنێکدا مارێکی کوشت، ماوەی یەک مانگ قسەم لەگەڵدا نەکرد.  پێم وت” ئەو مارەش مافی ژیانی هەیە لەم سروشتەدا، بە چ حەقێک کوشتت؟”.

ئێستا وەهایان لێکردووین کاتێک هەواڵی مەرگی ١٠ یان ٢٠ کەست دەبیستین، تەنیا سەیر دەکەین، گەر نەگەشتبێتە ئەو ژمارە زۆرانەی کە پێشتر لەسەر بیستنیان ڕاهاتبووین دەڵێین ” باشە زۆر نەمردووە!”، ئەم هەستە دڕندانەیان بە زۆرێک لە ئێمە قبوڵ کردووە. دەڵێین ” باشە بە مردنی ٢٠ تا ٣٠ کەس ڕزگارمان بوو”!، کۆمەڵگایان هێناوەتە ئەو ئاستە کە لە بەرامبەر مردنی هاوڵاتیانیدا وەها بڵێت.

ئەوەی دەیتوانی ڕێگە بەم کارەساتە بگرێت، پەروەردەیە. ئەوەی دەیتوانی ڕێگە بەمە بگرێت، ئەو یاسا و ڕێسایانە بوو کە دەبوو دەوڵەت دەریان بکات.

چارەی ئەم بابەتە فێرکردنی ڕاستیەکانە. دەبێت ئەوەیان فێر بکەین کە هەرگیز گونجاو نیە موسوڵمانێک ببێتە تیرۆرست و کاری تیرۆرستی ئەنجام بدات. لەبەرچی پێویستە ئەمە باس بکرێت؟

فَمَنْ يَعْمَلْ مِثْقَالَ ذَرَّةٍ خَيْرًا يَرَهُ (7) وَمَنْ يَعْمَلْ مِثْقَالَ ذَرَّةٍ شَرًّا يَرَهُ

(ئەوەی زەڕڕەیەک کاری خێر ئەنجام بدات، پاداشتەکەی وەردەگرێت، ئەوەی زەڕڕەیەک کاری خراپیش ئەنجام بدات سزاکەی وەردەگرێت) ئایەتی ٧-٨ لە سورەتی زلزال.

هەروەها قورئانی کەریم دەفەرموێت، ئەوەی مرۆڤێک بێ گوناح بکوژێت وەک ئەوە وەهایە هەموو مرۆڤایەتی کوشتبێت. ئیبنی عەباس باس لەوە دەکات ئەوەی مرۆڤێک بە ناحەق بکوژێت، هەتا هەتایە لە ئاگری دۆزەخدا دەمێنێتەوە. ئەمەش لە قورئاندا وەک سزای کافران دیاری کراوە. کەواتە کەسێکی بکوژ هەمان سزای کەسێکی کافری هەیە لە ئیسلامدا. واتە هەرکەسێک کە خودا و پێغەمبەری قبوڵ نیە(دەتوانین بڵێین ئەتەیست)، لە ژیانی ئاخیرەتدا هەمان حوکمی کەسی مرۆڤ کوژی بەسەردا دەدرێت. باشە گەر ئەمە بناغەی هزری ئیسلام بێت، دەبێت لە خوێندنگەکاندا ئەمە بە خوێندکاران بوترێتەوە، بەڵام وەک دەبینن ئەمەیان پێ ناوترتەوە.

نوریە ئاکمان: دوای ئەوەی ڕووداوی ١١ ی ئەیلول لە ئەمەریکا ڕوویدا، موسوڵمانان پەنایان بۆ تیۆری “دەسیسەی دەرەکی” برد، باشە هەموو کات “ئەوانی تر” تاوانبارن؟ هەمیشە دەڵێن دەسیسەی دەرەکی دەیەوێت ئێمە خراپ بکەن؟ موسوڵمانان بۆ کەلتوری ڕەخنە لە خۆگرتنیان تێدا نیە؟

گولەن: دەبێت ڕاستکردنەوەیەک بۆ ئەو قسەیە بکەین کە دەڵێت ” لە ناو موسوڵماناندا کەلتوری ڕەخنە لە خۆ گرتن نیە”.  لە ناو موسوڵمانێتیدا کەلتوری ڕەخنە لە خۆگرتن هەیە. هەرشتێک لە ڕێگەی وەحیەوە پشتڕاست نەکرابێتەوە، لە ناو موسوڵماناندا ڕەخنەی لێگیراوە.  من پێم وایە هێندەی لە ناو موسوڵماناندا ڕەخنە لە خۆ گرتن هەیە، لە هیچ شوێنێکی تر بوونی نیە. کەسێک وەک حەزرەتی عومەری کوڕی خەتاب کە خەلیفەی ئیسلام بوو، کاتێک لەسەر مینبەر وتاری دەدا، ژنێک هەڵدەستێتەوە و ڕەخنەی لێ دەگرێت، دەڵێت فڵان شت هەڵەیە ڕاستەکەی بە شێوەیەکی ترە. لە شوێنێکی تردا فەرماندەیەکی سوپا کارێکی هەڵە ئەنجام دەدات، سەربازێکی نەناسراو دێتە مەیدان و پێی دەڵێت” گەورەم ئەم کارەی ئێوە ئەنجامی دەدەن سەرپێچیە، گەر کارەکەتان ڕاست نەکەنەوە، فڵان و فیسار شتت لێ دەکەین”. هەروەها مناقەشە نێوان فوقەها و زانایانی کەلام هێندە فراوان و زانراوە لە ناو موسوڵماناندا، کە دەتوانیت چەندین کتێبی لەسەر بنوسیت.

لە موسوڵمانێتیدا هەموو کەس ڕەخنەی لە یەک گرتووە. ئەم ڕەخنانەش تا ڕادەیەکی زۆر بە خۆشحاڵیەوە پێشوازی لێکراوە. بۆ نمونە ئیمامی غەزالی کتێبێکی لەسەر قسەی ناڕێکی فەلسەفەچیەکان نووسیوە. دواتر یەکێکی تریش هەستاوە وەڵامی داوەتەوە. لەو کاتەشدا دەوڵەت بوونی هەبوو، دەیانتوانی سزای ئەو کەسە ڕەخنە گرانە بدەن. بەڵام هیچیان لێ نەکردوون و زۆر شێوازی ڕەخنەگرتن بوونی هەبووە. ٥٠ جۆری بیرکردنەوە بوونی هەبووە لەو سەردەمانەدا.

 

بەڵام بۆ ئەمڕۆ بوونی نیە؟

گولەن: ئێ کەواتە دەبێت ڕەخنە لە شیوازی تێڕوانین و خوێندنەوەی موسوڵمانانی ئەمڕۆ بگرین، کە بە هەڵە لێکدانەوە بۆ ئیسلام دەکەن. بۆیە پێویستە ڕەخنەکە ڕووی لە موسوڵمانانی ئەمڕۆ بێت، ئەو کاتە لە شوێنی خۆیدایە.

Show More
Back to top button