هەواڵ

فێستیڤاڵی حەڤدەهەمینی کەلتور و زمان لە بەرلین بەڕێوە چوو فێستیڤاڵی حەڤدەهەمینی زمان و کەلتور(IFLC)، لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بەڕێوە چوو. فێستیڤاڵەکە لە ناوەندی


کەلتوری Fontane-Haus شاری بەرلین بەڕێوەبردرا و بەشداریەکی بەرچاوی لەسەر هەموو ئاستەکان تێدا بەدیکرا.
مارتین پاتزێڵت پەڕلەمانتاری پارتی CDU، بەتینا جەڕاش پەڕلەمانتاری پارتی سەوزەکانی ئەڵمانیا لە بازنەی بەرلین، سەڵاح محمد سەرۆکی کۆمیسیۆنی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤی ئەفەریقا، لە بەشداربووانی فێشتیڤاڵەکە بوون.

سەڵاح محمد کە بە سەرۆکایەتی ٢٢ کەس لە ئەندامانی کۆمیسۆنەکەیەوە بەشداری لە فێستیڤاڵەکە کرد، وتارێکی پێشکەش بە ئامادە بووان کرد و وتی” بەهۆی ئەم فێستیڤاڵە جوانەوە کە سازتان کردووە، ئەفەریقا لەم ئێوارەیەدا سڵاوتان لێدەکات. هەروەها پیرۆزبایتان لێدەکات. قسەکردن بە شێوەیەکی دوور و درێژ لەم ئێوارەیەدا کارێکی گونجاو نیە، بەڵام دەمەوێت ئاماژە بە دوو پەیامی خۆم بکەم.
یەکەم: منداڵانی بەشداربووی ئەم فێستیڤاڵە کە سەرۆکەکانی ئەمڕۆ و سبەینێن، دوو وانەی گرنگیان بە ئێمە بەخشی، ئەوەیان پشانداین کە دونیا چۆنی بە هەموو دین و کەلتور و زمانە جیاوازیەکانیەوە، جوانتر دەبێت.
دونیایەکی تریان پشانداین، بەڵام کام دونیا!؟ دونیایەک کەوا پڕ بێت لە هەموو ڕەنگەکان. دونیایەک کەوا تێیدا ڕێز لە یەکتری بگرین و بە لێبوردەییەوە مامەڵە لەگەڵ یەکتریدا بکەین، پاشان ئەوەیان پشانداین کە هەرکاتێک توانیمان بە جیاوازیەکانمانەوە لەگەڵ یەکتردا بژین، ئەوا دونیاش دەتوانێت لە نێو ئاشتی و ئاسودەییدا بژی”.

ناوبراو لە پەیامی دووهەمیشیدا وتی” سەبارەت بەو کەسانەی لەمڕۆدا لە ناو ناڕەحەتیدان، ئەوانەی لە ماڵ/ نیشتیمانی خۆیان دوورن، ئەوانەی ناتوانن بچنەوە بۆ ماڵ/ نیشتیمانی خۆیان، تکایە ئەوە بزانن کە ئەمە تەنیا تاقیکرنەوەیەکە نە زیاتر. ئەمە تاقیکردنەوەیەکە پێوانە و پشاندەری بەهێزی ئێوەیە، لە وابەستەبوونتان بەو مەفکورەیەی بە دوایدا دەڕۆن. بەیانی باشتر دەبێت. بەڵام هەتا ئەو کاتەی بەیانی دێت، با هەمیشە هەر بە هیواوە بژین و هیوای خۆمان لە دەست نەدەین. با هەمیشە هەر پاڵپشتی لە دیموکراسی، مافەکانی مرۆڤ و کەلتوری لێبوردەیی بکەین. چونکە دونیا بە لێبوردەیی و ڕێز و خۆشەویستیەوە جوانترە”.
وتەکانی سەڵاح بە شێوەیەکی زۆر گەرم و گوڕ لەلایەن بەشداربووانەوە چەپڵەرێزان کرا.
بەتینا جەڕاس پەڕلەمانتاری پارتی سەوزەکانی ئەڵمانیاش کە لە نێو سرود و ئاهەنگی منداڵەکاندا چووە سەر ستەیج، لە وتارەکەیدا وتی” ساڵانی ڕابردوو ئەم فێستیڤاڵە بە شێوەیەکی گەورەتر ئەنجام دەدرا. بەڵام لە ئێستادا ئەم فێستیڤاڵە لە تورکیا قەدەغە کراوە. هۆکاری ئەمەش ئەوەیە، کە لە حاڵی ئێستای تورکیادا، ئەو زەمینەیە لە دەستدراوە کە ڕێگە بە فرە کەلتوری و ئازادی بیروباوەڕەکان دەدات. کەسانێک هەن کە حەز بە بوونی ئەم شتانە ناکەن. باشە ئەم گەنجانە لێرە چییان کرد؟ هەریەکەیان هەستا و بەشێک لە دەوڵەمەندی کەلتوری خۆیان پێشکەش بە ئێمە کرد. بە جلوبەرگ، هەڵپەڕکێ و گۆرانیەکانیان، کەلتور و مێژووی خۆیان پشانی ئێمەدا. واتە دەمەوێت بڵێم: ئێمە وەکو مرۆڤەکان، چەندە جیاواز لە یەکتریش ببینرێین، لە هەمان کاتدا بە هەمان ڕادە لەیەکەوە نزیکین و لەیەک دەچین. هەروەها ئەم گەنجانە لەم ئێوارەیەدا، دونیایەکی جیاوازیان بە هەموو زمان، ڕەنگ، دینەوە پشانی ئێمەدا، واتە هەرچیەک سەبارەت بە ژیان باسی لێوە دەکەیت، لەم فێستیڤاڵەدا بەدیمان کرد. سوپاستان دەکەم”.
مارتن پاتزێڵت پەڕلەمانتاری پارتی CDU، لە وتارەکەیدا هەست و سۆزی خۆی سەبارەت بە فێستیڤاڵەکە دەربڕی و وتی” لەسەر ئاستی هەمو دونیا، چەندین ئازار و خەم و خەفەت بوونیان هەیە. هەروەها سەبارەت بە چارەسەرکردنیشیان، شتێکی ئەوتۆ ئەنجام نادرێت. بەڵام ئەو کاتەی لەگەڵ ئێوەدام و بە چاوەکانم ئێوە دەبینم، گەورە بوونی هیواکانم بەدی دەکەم. لەو باوەڕەدام هەموومان پێکەوە دەتوانین بەسەر ئەم ئازارانەدا سەرکەوین. هەموومان خوازیاری ئەوەین بە خۆشی و شادی بژین. لێرەشدا ئەم خۆزگە و هەستانە کراون بە هونەر و پشانمانی دەدەن. گوڵەکانی دونیا دەپشکوێن. من کاتێک ئەمانە دەبینم، دەگەمە ئەو باوەڕەی کە سەرەڕای هەموو خراپەکاریەکان، داهاتوویەکی جوانمان دەبێت”.

ئەو منداڵانەی لە سەرتاسەری دونیاوە هاتبوون، لە پێش دەستپێکردنی فێستیڤاڵەکەدا، لەلایەن زۆرێک لە پەڕلەمانتارانی پەڕلەمانی ئەڵمانیاوە، لە پەڕلەمانی ئەڵمانیا پێشوازیان لێکرا.
نازان بەرادەری یەکێک لە پەڕلەمانتارانی ئەڵمانیا کە بە ڕەچەڵەک تورکە، قسەی لەگەڵ یەکە بە یەکەی منداڵانی بەشداربوو لە فێستیڤاڵەکە کرد و وێنەی لەگەڵدا گرتن.
بەرادەری دوای ئەوەی گوێی لە سرودی یەکێک لە منداڵە بەشداربووەکان گرت، کە بەزمانی تورکی و زمانی ڕوسیای سپی پێشکەشی کرد، چاوەکانی پڕ بوون لە فرمێسک.
نازان بەرادەری بە تایبەت لە کاتی گوێبیست بوونی بۆ سرودی “یەمەن”، چیدی نەیتوانی بەر بە فرمێسکەکانی چاوی بگرێت.
بەرادەری لە بەشێکی قسەکانیدا وتی” هەتا ئێستا ئەمە خۆشترین ڕۆژی من بووە لە پەڕلەمان. زۆر سوپاسی ئێوە دەکەم، بە ڕاستی ئێوە کارێکی گرنگ ئەنجام دەدەن”.

هەروەها مارتن پاتزێڵت یەکێکی تر بوو لەو پەڕلەمانتارانەی پێشوازیان لە منداڵەکان کرد، پاش ئەوەی گۆرانیەکانی لەگەڵدا وتنەوە، لە فێستیڤاڵەکەشدا بەشداری کرد و وتارێکی کورتی پێشکەش کرد.
پاشان هەریەک گریگۆریس ئەگلیدس پەڕلەمانتاری FDP و ئولا سمید پەڕلەمانتاری SPD، لە ئۆفیسی تایبەتی خۆیان لە پەڕلەمانی ئەڵمانیا، پێشوازیان لە منداڵەکان کرد.
ئەگلیدیس لە بەشێکی قسەکانیدا بە گرنگیەوە باسی لە ڕێکخستنی ئەو جۆرە فێستیڤاڵانە کرد و ئاماژەی بەوەدا کە ئەم جۆرە کارانە دەبنە هۆی ئەوەی ئەڵمانیا و وڵاتانی تری ئەوروپا، ببنە شوێنێکی گونجاوتر بۆ ژیان.

ئولا سمید یەکێکی تر لە پەڕلەمانتارەکان و وەزیری پێشووی کابینەی حکومەتی ئەڵمانیا، هەرچەندە یادی لە دایک بوونی پاش هەفتەیەکی ترە، بەڵام لەگەڵ منداڵەکاندا یادەکەی کردەوە و سوپاسی منداڵەکانی کرد کە بە هۆی یادی لە دایک بوونیەوە، گۆرانیان پێشکەش کرد.
منداڵەکان لە بەشێکی قسەکانیاندا پێیان وت” تۆ زۆر گەنج دیاریت بە گوێرەی تەمەنەکەت” و، ئەویش لە وەڵامدا وتی” ئەو کارە بکەن کە حەزتان لێیە، ئەمە وا دەکات بە گەنجی بمێننەوە”.
سمید لە بەشێکی تری قسەکانیدا وتی” بە نیسبەت ئاشتی و دیموکراسی دونیاوە، ئەم برایەتی و لێکنزیکبوونەوە ڕاستگۆیانەی ئێوە لە یەکتری، زۆر گرنگە. ئێمە وەک ئەڵمانیا، لە ڕابردوودا ئازاری زۆرمان چەشت و ئازاری کەسانی ترشیمان دا. بۆ ئەوەی ئەمە دووبارە نەبێتەوە، پێویستە بەردەوام لە پێناو دیموکراسیدا خەبات بکەین. دیموکراسیش هەر لە خۆیەوە فەراهەم نابێت، ئێوە بە هاتنتان بۆ ئەڵمانیا، جوانیەکی زیاترتان خستە سەر ئەم وڵاتە و سوپاسی هەمووتان دەکەم”.
کارل هەینز برونەر یەکێکی تر لە پەڕلەمانتارە سەردانکراوەکانی پەڕلەمان، بە سوعبەتەوە بە هەندێک لە منداڵە بەشداربووەکانی وت” من هیچ کاتێک ئەوەم بە خەیاڵدا نەهاتبوو، کە وەک ئێستا، ڕوسیا و ئۆکرانیا و ڕوسیای سپی، بێ ئەوەی لەگەڵ یەکدا شەڕ بکەن، لەسەر یەک مێز دابنیشن. بەڕاستی ئێوە سەرکەوتوو بوون لەوەی ئەم کارە ئەنجام بدەن”.

Show More
Back to top button