هەواڵ

فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنوسانی ئەوروپا: با ڕۆژنامەنوسانی ڕۆژنامەی زەمان لە یاد نەکرێن

فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنوسانی ئەوروپا(EFJ)، سەبارەت بە ڕۆژنامەنوسە زیندانیەکانی ڕۆژنامەی زەمان لە ڕوونکردنەوەیەکدا وتی” پێویستە ڕۆژنامەنوسەکانی زەمان لە زینداندا لە یاد نەکرێن”.

حکومەتی تورکیا پێش ٢ ساڵ، لە بەرواری ٤ ی ئازاری ٢٠١٦ دەستی گرت بەسەر ڕۆژنامەی زەماندا و پاش ماوەیەک هەندێک لە ڕۆژنامەنوسەکانی دەستگیر کرد، کە هەتا ئێستا لە زینداندا ژیان بەسەر دەبەن.

فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنوسانی ئەوروپا کە ناوەندەکەیان لە بروکسلی پایتەختی بەلجیکایە، لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژە بە بەرواری ٤ ی ئازار دەکات کە تێیدا دەستگیرا بەسەر ڕۆژنامەکەدا و، باس لە مەغدور بوونی زۆرێک لە نوسەر و ڕۆژنامەنوسانی ڕۆژنامەکەش دەکات.

لە ڕوونکردنەوەکەدا ئاماژە بە چەند پێشێلکاریەکی کاربەدەستانی تورکیا کراوە وەک : مەحکوم کردنی فەوزی یازجی بەڕێوەبەری وێنەیی ڕۆژنامەکە بە زیندانی هەتا هەتایی و هێشتنەوەی لە ژووری تاکە کەسیدا، ڕەتکردنەوەی سکاڵای موستەفا ئوناڵ نوێنەری ڕۆژنامەکە لە ئەنقەرە، کە لە ماوەی ڕابردوودا سکاڵای لە دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا تۆمار کرد بوو، ڕێگە نەدان بە هیدایەت کەرەجا بەڕێوەبەری گشتی کەناڵەکانی سامانیۆڵو بەوەی لە مەراسیمی بە خاک سپاردنی باوکیدا بەشداری بکات، دواتر ڕێگە نەدان بەوەی کەرەجا پارێزەر بۆ خۆی بگرێت و زیندانیکردنی لە ژووری تاکە کەسیدا، هەروەها لە کۆتایشدا ئاماژە بە پێشلکردنی بڕیاری ئازادکردنی هەردوو خانمە ڕۆژنامەنوس بە ناوەکانی بوشرا ئێرداڵ و عائیشەنور پاریلداک کراوە، کە لەلایەن دادوەرەوە ئازاد کران و بڕیاری ئازادکردنەکەیان لەلایەن کاربەدەستانی تورکیاوە جێبەجێ نەکرا.

سەلچوق گولتاشلی نوێنەری پێشووی زەمان لە بروکسل، لە لێدوانێکدا بۆ ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە کاربەدەستانی تورکیا جیاکاری ناکەن لە نێوان ئەو ڕۆژنامەنوسانەی سەر بە بزاڤی خزمەت بوون، لەگەڵ ئەوانەی لە ڕۆژنامەکەدا کاریان کردووە  و، هەموویان پێکەوە سزا داوە.

گوڵتاشلی خۆشحاڵی خۆی بەرامبەر ئەوە دەربڕی کە ڕێکخراوەکانی یەکێتی ئەوروپا ئاماژە بە پێشێلکاریەکانی ئازادی ڕادەربڕین لە تورکیا دەکەن و،  پێشی وابوو پێویست بەوە دەکات ڕێکخراوەکان لە نێوان دەزگاکانی تورکیادا جیاکاری نەکەن.

گوڵتاشلی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە بڕیاری یەکێتی ئەوروپا کرد، کە لە بەرواری ٨ ی شوباتی ئەمساڵدا سەبارەت بە تورکیا دەریکرد و، لە هەمان کاتدا نیگەرانی خۆشی بەرامبەر ئاماژە نەدان بە ناوی ڕۆژنامەی زەمان دەربڕی.  

http://www.tr724.com/avrupali-gazeteciler-federasyonundan-4-mart-hatirlatmasi-zaman-calisanlari-unutulmasin/

Show More
Back to top button